هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

زۆربەی کۆمەڵگاکان بەقۆناغی شۆڕش و ڕزگاربوندا ڕۆیشتون، لەم قۆناغەدا شۆڕشگێڕەکان دژی دوژمن وەستاون و خەباتی چەکدارییان ئەنجامداوە بۆ ڕزگاری، زۆربەی شۆڕشگێڕەکانی دونیا لە قۆناغی شۆڕشگێریدا سەرکردەی خۆشەویست و جوان بون لای گەلەکەیان، بەڵام قۆناغی دوای شۆڕش قۆناغی مەترسیدارە بۆ زۆربەی شۆڕشگێڕەکان، شۆڕش بەمانا سۆسیۆلۆژییەکەی کەبریتیە لە گۆڕانکاری گەورە لە بونیادی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەرەو گۆڕانکاری گەورە بردوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە وەستاوە و بەرەو قۆناغی پێش شۆڕش گەڕاوەتەوە، دروستبونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لەلایەن شۆڕشگێڕەکان ئەگەرێکی کراوەیە بۆ هەمو شۆڕشەکانی جیهان، جیهان نمونەی زۆری شۆڕشگێرە دیکتاتۆرەکانی بەخۆوە بینیوە.
جۆرج ئۆڕوێڵ لە ڕێگەی ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان ) وێنای شۆڕش و دوای شۆڕش و دیکتاتۆریمان بۆدەکات لە زمانی ئاژەڵانەوە، ڕۆمانەکە لە زمانی ئاژەڵانەوە وێنای شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ی ڕوسیامان بۆ دەکات، فکرەی ڕۆمانەکە بۆ گشت شۆڕشەکانی دونیا دەگونجێت بێتەدی، سەرەتا ئاژەڵەکان بەناوی چەندین خەون و ئومێدی ژیانێکی باشترو ڕزگاربون شۆڕش دەکەن، دواتر بەرازەکان دەبنە دیکتاتۆری مەزراکەو دەست بەسەر هەمو شتێدا دەگرن و سیستەمێکی دیکتاتۆری ترسناک دروستدەکەن، لەناوبەرازەکانیش ناکۆکی دروستدەبێت لەپێناو دەسەڵاتدا، بەگشتی لەمەزرای ئاژەڵاندا سیستەمێکی ستەمکار دروست دەبێت و ئاژەڵەکانی تر خۆزگە بۆ پێش شۆڕش دەخوازن، شۆڕشگێرەکانی دوێنی دەبنە دێکتاتۆر و ئومێدکوژی ئەمڕۆ، خولانەوەیە لە دەوری بازنەیەک لە دیکتاتۆرییەوە بۆ شۆڕش و لە شۆڕشەوە بۆ دیکتاتۆرەکانی شۆڕش، ئەگەری دیکتاتۆری بۆ شۆڕشگێرەکان ئەگەرێکی کراوەیە، وەک ڤیدڵ کاستڕۆ لە کوبا و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاو ستالین، ئەمانە هەمو خەونەکانی شۆڕشیان کردە کابوس بۆ گەلەکەیان و بە ملیۆنان مرۆڤیان کردە قوربانی ئایدۆلۆجیاکانیان، بونە ستایلێکی ناشیرین بۆ دونیا و شۆڕشگێڕو دیکتاتۆریان کردە دو هاوڕێ.
نەوەی شاخ لەهەرێمی کوردستان ئەوانەن لە شەستەکانەوە تا ڕاپەڕین لە شاخ بون و لە خەباتی چەکداریدا بەشداربون، نەوەی شاخ نەوەیەکی ویستراو بون لە قۆناغی شۆڕشداو پێویست بون، هەمو جوانیەکانی نەوەی شاخ کوتای دێت کاتێک دوای ڕاپەڕین دێنەناو شارو کۆنتڕۆڵی حکومەت و دامودەزگاکان دەکەن، تێکەڵی پارە دەبن و هەمو ئومێدەکان دەکوژن، وەک هۆشیمنە شۆڕشگێڕی ڤێتنام گوتی بۆ ئەوەی شۆرش بەرەو گەندەڵی و ناشیرینی بچێت ئەوا شۆڕشگێڕەکانی پڕبکە لەپارەو غەرقیان بکە، واتا دەسەڵات و پارە تاقیگەیەکن بۆ شۆڕشگێرەکان کەتیایدا زۆربەیان چۆکدادەدەن و بەرەو پارەو پۆست پەرستی دەڕۆن و بنەماکانی شۆڕش لە بیردەکەن و ئامادەی شەڕی ناوخۆشن، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات دوای ڕاپەڕین لەلایەن شۆڕشگێرەکانەوە هەڵەیەکی ترسناک بو، وەک نەوشیروان مستەفا لەدوای ڕاپەڕین دەڵێت دەبێت سەرکردەکانی شاخ کۆنتڕۆڵی دەزگاکانی دەوڵەت و شار نەکەن بەڵکو دەبێت کەسانی تەکنۆکڕات ئەم کارانە بگرنەدەست، بەڵام دوای ڕاپەڕین نەوەی شاخ کۆنتڕۆڵی دەزگاکان دەکات و بەرژەوەندی ماددی سەرهەڵدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لەسەر پارەو داهاتی گومرگەکان، لەم کاتەدا ئومێدەکانی شۆڕش کۆتاییان دێت و شەڕی براکوژی شەرعیەتی پێدەدرێت لەلایەن شۆڕشگێڕەکانی دوێنێوە، دواتر دەست بردن بۆ خیانەتی نیشتمانی و دروستکردنی دو ئیدارەی و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێزنەگرتن لە دیموکراسی و دواتر برسیکردن و گەیشتنە قۆناغی مەترسیداری ئەمڕۆ، زۆرینەی نەوەی شاخ لەدوای ڕاپەڕینەوە خەونەکانی شۆڕشیان کردە کابوس، دوای چارەگە سەدەیەک بۆ نەوەی شاخ بەدەسەڵات و پارەوە ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە، وێرانی ئەمڕۆ بەرهەمی عەقڵیەتی شۆڕشگێرەکانە، ئەزمونی چارەگە سەدەیەکی نەوەی شاخ بەم ستایلە وێرانی و تاڵانیە شایانی تێپەڕاندنە، سەرسپیکردن بەدیار ئەم ستایلە کلاسیکەوە دەبێت کۆتای بێت.
کوڕو کچەکانی نەوەی شاخ لەزۆر پۆستدا بونیان هەیە، نەوەی شار گەیشتونەتە بەشێکی جومگەکانی دەسەڵات وەک سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر یوسف، بەڵام عەقڵیەتی نەوەی شاخ ئێستاش بڕیاردەرە، نەوەی شار لەشار یان دەرەوەی هەرێم پێگەیشتون، بەشێکی نەوەی شار هێشتا لەژێر کولتوری نەوەی شاخدایەو ناتوانێت بڕیار بدات، نێچیرڤان بارزانی وەک نەوەی شار تا ئێستاش لەژێر کاریگەری نەوەی شاخدایەوە خۆی بڕیاردەرنیە، زۆربەی حیزبەکانیش تا ئەمڕۆ ململانێی نەوەی شاخ و شاریان تێدایە، بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا گیری خواردوە بەدەست نەوەی شاخ، گۆڕان بزوتنەوەیەکی ئازاو بوێرە بەڵام ئێستا خاوبونەوەیەک لە بزوتنەوەکەدا هەیە،نەوەی شاریش ململانێی نەوەی شاخی ناو بزوتنەوەکە دەکات، تا لە بڕیارە کلاسیک و نەرمەکانی ڕزگاری ببێت و ببێتەوە بزوتنەوە کاریگەرەکەی جاران، نەوشیروان مستەفا وەک نەوەی شاخ تێڕوانینەکانی جیاواز بو بۆ حکومڕانی و گرتنەدەستی تەواوی دەسەڵات لەلایەن نەوەی شاخ و بەمەترسی دەزانی، ئەمڕۆ کوڕو کچەکانی نەوەی شاخ لەدەسەڵات و حیزبەکاندا بەمیرات پۆستەکانیان وەرگرتوە، جێگەی ئومێد نین چونکە تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە لە کولتوری نەوەی شاخ بۆ حکومڕانی ڕزگاریان ببێت، هەموان داهاتی هەرێم دەخۆن بەناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە.
پێویستە هێزی تازەو بوێر سەرهەڵبدات و ئەم ستایلە کلاسیکە تێپەڕێنێت، چونکە بەناوی شۆڕشگێڕیەوە کۆنتڕۆڵی یاسا و هێزی سەربازی و داهات کراوە، ئەم ستایلە ناشیرینە دوای ئەزمونی چارەگە سەدەیەک دەبێت تێپەڕێنرێت، چونکە فەشەلیان هێناوە لە خۆشکردنی ژیانی خەڵک، برسیکردن و لاوازبوونی ئیرادەی سیاسی و ستەمکاری سیاسی بەرهەمی چارەگە سەدەیەکی حکومڕانی نەوەی شاخە، تا ئەمڕۆش تارماییە خراپەکانی نەوەی شاخ بونیان هەیە وەک خۆسەپاندنی سیاسی و گەندەڵی و ڕێزنەگرتنی بنەماکانی دیموکڕاسی و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و عاشقی کورسی وپۆست و خێڵ پەرستی و ناوچەگەرێتی و ..هتد، کارەساتە تا ئەمڕۆش بەشێکی خەڵک متمانە بەم هێزانە دەکات!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت