هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

چاكسازخوازی یه‌كێ له‌ گرنگترین تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی مرۆڤه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگای خۆی به‌ دوور له‌ توندوتیژی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نوێ و باشتری ببات. چاكسازی هێزی نه‌پساوی ڕووناكیه‌ كه‌ له‌ به‌رانبه‌رتاریكیدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و ئه‌و هێزه‌ دڕنده‌یه،‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی پاوانخوازی و قۆرخ كاری ئه‌دات، سه‌ركۆنه‌ ده‌كات. هێزی تاریكی و دكتاتۆرانه‌، هه‌موو تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا ده‌كاته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌موو بایه‌خاكانی ناو كۆمه‌لگا پێشێل ده‌كات.
به‌ كار هێنانی توندوتیژی و سه‌ركوت كردن یه‌كێ له‌و رێگایانه‌یه‌ كه‌ بۆ به‌رده‌وامی ده‌سه‌لاتی خۆی به‌كاریدێنێت. به‌لام هێزی رووناكی، ئه‌و هێزه‌ چاكسازخوازه‌یه‌ كه‌ به‌دوور له‌ توندوتیژی و به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ و به‌رده‌وامی ، ده‌یه‌وێت لاری و ناڕاستیه‌كان چاك بكاته‌وه‌ و په‌یوه‌ندیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا بۆ گه‌شه‌و و داهێنان و به‌ره‌و پێش چوونێكی زیاتر رێك ده‌خاته‌وه‌. هه‌روه‌ها هێزی تاریكی كوت و زنجیر ده‌كات و دووباره‌ ‌رێگای به‌خته‌وه‌ری نیشان ده‌دات. چاكسازخواز باوەڕی وایه،‌ كه‌ چاكسازی پرۆسه‌یه‌كه‌، كه‌ به‌ پیكه‌وه‌بوون و هاوڕایی و كۆده‌نگی هه‌موو كۆمه‌ڵگا به‌دی ده‌كرێت، بۆیه‌ باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ گه‌ل و جه‌ماوه‌ر به‌ ئه‌وپه‌ڕی هیواو ئۆمێده‌وه‌ ده‌بێت به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن. ئه‌ركی سه‌ركی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی هیواو ئۆمێده‌ بۆ جه‌ماوه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌ بۆ گۆڕه‌پانی سیاسی.
دكتاتۆرو تاریكی هه‌میشه‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر په‌راوێز ده‌خات، بۆیه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای دكتاتۆریدا، جه‌ماوه‌ر بێ هیوا ده‌بێت و هه‌میشه‌ مه‌ودایه‌كی فراوان له‌ نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌لاتدا بوونی هه‌یه‌. بزووتنه‌وه‌ی رووناكی و چاكسازخوازی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هیواوئۆمێد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر،هه‌وڵ ئه‌دات كه‌ كه‌لێن ومه‌ودای نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر به‌ به‌شداری پێكردنی گه‌ل و جه‌ماوه‌ر له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا پڕ بكرێته‌وه. له‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌دا خه‌ڵك ،ده‌سه‌ڵات به‌ موڵكی خۆی ده‌زانێت، بۆیه‌ خۆشه‌ویستی بۆ وڵات و نیشتمانه‌كه‌ی فراوان ده‌بێت و هه‌وڵی پاراستنی ئه‌دات.‌
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ هه‌موو كه‌مو كوڕیه‌كانیه‌وه‌، وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ چاكسازخوازه‌كانی تر، توانی هیواو ئۆمێد بگه‌رێنیته‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌رێك كه‌ ته‌واو بێ هیوا بوبو. جه‌ماوه‌ری له‌ خه‌ونی بێ هیوایی خۆی ڕاچڵه‌كاند و جارێكی ترگه‌ڕاندیه‌وه‌ بۆ شه‌قام و گۆڕه‌پانی سیاسی. له‌ مێژووی خه‌باتی مه‌ده‌نی خۆیدا هه‌وڵی داوه‌ كه‌ ئه‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا دروست بوبو، كه‌م بكاته‌وه‌ و وای كرد كه‌ مۆمی هیوا و ئۆمێد له‌ دڵی هه‌ر تاكێكی كوردا هه‌ڵبگرسێت. له‌م سۆنگه‌وه‌ ئه‌ركی ئه‌مڕۆی ئه‌م ڕه‌وته‌ چاكسازخوازه‌، له‌ هه‌موو كاتێ گرنگترو هه‌ستیارتره‌. بۆیه‌ باشتر وایه‌ كه‌ گۆڕان به‌ داڕشتنی به‌رنامه‌ و پرۆژه‌یه‌كی نوێ و به‌رده‌وام له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌، ئاودێری نه‌مامی هیوا و ئومێدی جه‌ماوه‌ر بێت و كۆڵنه‌ده‌رانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ر ریفۆرم و چاكسازی، به‌ میتۆدی هێمنانه‌ و به‌دوور له‌ هه‌رجۆره‌ توندوتیژو ئه‌ده‌بیاتێكی نالۆژیكی و نازانستیانه‌. گه‌ر وه‌ها بوون، دڵنیاین كه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی رووناكی له‌ كۆمه‌ڵگای خۆمان به‌دی ده‌كرێت چوون مێژوو ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت