هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌وه‌ی وای كرد كاك نه‌وشیروان مسته‌فا ناوازه‌و كاریزما بێت، ته‌نها خه‌باته‌ سیاسی و نووسینه‌ ئه‌كادیمی و ئه‌ده‌بی و سیاسیه‌كانی نه‌بوون، به‌ڵكو ئەوەی ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ ناوازه‌بوون و كاریزمابوونی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌دا هه‌بوو, بریتی بوو له‌و زوهدو خاكه‌ڕایی و خۆنه‌ویستیه‌ی كه‌ له‌ ڕه‌فتارو گوفتاره‌كانیدا ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه‌.
ئه‌و به‌ كرده‌وه‌ سۆفیه‌كی زاهیدو ڕۆحانیه‌كی ڕیازه‌تكێش بوو، ئه‌و به‌سه‌ر حه‌زو ئارا‌زوو شه‌هوه‌ته جه‌سته‌یی و مادیه‌كانیدا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد.
سه‌رنجڕاكێشی ئه‌و له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌ده‌گرت، كه‌ ئه‌و له‌ شه‌ڕه‌ ده‌ره‌كیه‌كاندا به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیدا به‌ده‌ستی ده‌هێنا، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی دانسقه‌بوون و سه‌رنجڕاكێشی ئه‌و، له‌سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر شه‌یتانه‌كه‌ی ناخ و ده‌رووندا به‌رجه‌سته‌ ده‌بوو.
به‌هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك ئێمه‌ شه‌یتانه‌كه‌ی ناخمان ببه‌زێنین و به‌سه‌ر هه‌واو هه‌وه‌س و ئاره‌زووه‌ جه‌سته‌یی و مادیه‌كانماندا زاڵ و باڵاده‌ست بین به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ له‌ ڕۆحی نه‌وشیروان مسته‌فا نزیك ده‌بینه‌وه‌و، به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌بینه‌ مرۆڤی باش و ناوازه‌و سه‌رنجڕاكێش و خۆشه‌ویست.
ناكرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت و مومكین نیه‌ ئێمه‌ به‌ باوكه‌ڕۆو گریان و لوشكه‌لوشك، خۆمان به‌ خۆشه‌ویست و نزیكی نه‌وشیروان مسته‌فا بزانین و گریان و شیوه‌ن بكه‌ینه‌ پاساوو نیشانده‌ری خه‌مخۆری و خۆشه‌ویستیمان بۆ ئه‌و زاته‌، ئێمه‌ كاتێك به‌ ڕاستی خه‌مخۆری نه‌وشیروان مسته‌فا دەبین كاتێك ڕۆحمان ئاوێزانی ڕۆحی به‌رزو موته‌عالای ئه‌و ده‌بێت كه‌ وه‌كو ئه‌و بێ فیزو بێ ده‌ماروخۆنه‌ویست و خاكه‌ڕاو بێ شه‌هوه‌ت و مرۆڤدۆست و بێ ته‌ماح و جوامێر بین.
مایه‌ی پێكه‌نینه‌ له‌ لایه‌ك ته‌ماحی پۆست و پله‌و ده‌سه‌ڵات و ئافره‌ت و پاره،‌ به‌ ته‌واوی ناخ و ده‌روونمانی داگیر كردبێت، له‌ لایه‌كی تر به‌ گریان شیوه‌ن و باوكه‌ڕۆكانمان بانگه‌شه‌ی خۆشه‌ویستی و دڵسۆزی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فاو ڕێبازه‌كه‌ی بكه‌ینه‌ پاساوی پاكی و بێگه‌ردیمان.
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ڕۆحت ئاوێزانی ڕۆحی نه‌وشیروان مسته‌فا بکەیت، گه‌ر به‌ ڕاستی ئه‌وت خۆش ده‌وێت، چیتر مه‌گری، چیتر وێنه‌ی فرمێسك و قوڕپێوانت بۆ نیشاندانی وه‌لاو نیازپاكیت بۆ ئه‌و زاته‌ مه‌كه‌ره‌ چه‌كی ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكی. بڕۆره‌وه‌ فه‌رمانگه‌كه‌ت، خوێندنگاكه‌ت، نه‌خۆشخانه‌كه‌ت، كارگه‌و كۆمپانیاو شوێنی كاره‌كه‌ت، خۆنه‌ویستانه‌، دڵسۆزانه‌، خاكه‌ڕایانه‌، بێفیزانه‌، بێ ته‌ماحانه‌، كاره‌كانت ئه‌نجام بده‌.
ڕێزی ژنه‌كه‌ت، مێرده‌كه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ت، به‌رده‌سته‌كانت، هاوڕێكانت، منداڵه‌كانت، دایك و باوكت، هاونیشتمانیه‌كانت، موراجیعه‌كانت بگره‌ تۆ نه‌وشیروان مسته‌فایت.
پۆز به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا لێمه‌ده‌ له‌ خوارته‌وه‌ن و كڕنوش بۆ ئه‌وانه‌ مه‌به‌ له‌سه‌روته‌وه‌ن تۆ نه‌وشیروان مسته‌فایت.
پۆست و پله‌و ده‌سه‌ڵات و پاره‌ بكه‌ره‌ قوربانی ڕاستی و حه‌قیقه‌ت تۆ نه‌وشیروان مسته‌فایت.
ته‌ماح له‌ ژن و خوشك و كچی خه‌ڵكی مه‌كه‌و ژنان و كچان وه‌كو خوشك و دایكی خۆت سه‌یركه‌ تۆ نه‌وشیروان مسته‌فایت.
سه‌ر ڕاست به‌، قسه‌ی حه‌ق بكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێناویدا ته‌نانه‌ت پۆست و كاره‌كه‌یشت له‌ده‌ست بده‌ی، دووڕوو مه‌به‌، درۆ مه‌كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی و ناو له‌مه‌ش بنێیت سیاسه‌ت، فێڵبازو ده‌ستپیس و داوێن پیس مه‌به‌، به‌ دڵنیایی تۆ نه‌وشیروان مسته‌فایت.
ئاوا به‌م جۆره‌ تۆ دڵسۆزی نه‌وشیروان مسته‌فایت، نه‌ك به‌ باوكه‌ڕۆو قوڕپێوان و فرمێسك ڕشتن و ناوچاو گرژ كردن.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە