هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

من و سەدانی وەک من وەک چۆن هیچ هیوا و متمانەیەکمان بەم حزبانەو عەقلیەتی سیاسی و بەناو نوخبەی سیاسی نەماوە، چ بە مێژووی دوور و نزیکیان و قسەی بریقەدار و ژمارە و زانیاری درۆی شاخداریان، چ بە وەعدو پەیمانی پێش هەڵبژاردنیان، چ حزبە تەقلیدیەکان و چ ئەوانەی لە سێبەری ئەواندا هەڵتۆقین و لە ڕەحمی ئەوانەوە هاتنە ناوگۆرەپانی سیاسی و هەمووشیان بە یەک ئامانج و هەریەک بە شێوازێک بەربوونە گیانی ئەم میللەتە ، بەهەمان شێوەش زۆرێک لە ئێمە هیچ هیوایەکمان بە گۆڕانکاریەک نییە کە کە کۆمەڵێک لەم سەردەمەدا وادەزانن لە ڕێی نوسینی دوو دێر یاخود دوو نوسینی جنێو ئامێز و دوو لایڤی بێ ماناوە لە تۆڕێکی گریمانەیی وەک فەیس بووک کە هەندێک جار پێدەچێت درۆیەکی گەورە بێت و خۆمان باوەڕمان پێکردبێت و هیچی تر . بەتایبەت کاتێک کە بزانین بە درێژایی زیاد لەنیو سەدە و نەوە لە دوای نەوە چەواشە دەکرێین ، دەماغشۆر دەکرێین بە زانیاری هەڵە و بە جۆرەها چیرۆکی شێوێنراو تایبەت بە مێژووی هاوچەرخی سیاسی میللەتێک لە لایەن بەربژێرێکی سیاسی بێ ویژدان و بێ مۆراڵ و بێ پرنسیپ، نەوە لە دوای نەوە ڕاست و هەڵەمان لێ تێکەڵ بووە، قوربانی و جەلاد لێک جیاناکەینەوە ، ئێستاش بەتەواوی بۆمان ئاشکرا نەبوو کێ نیشتیمانی خۆشویست و کێ کردیە کاڵایەک و هەرزان فرۆشی کرد ، ئێستاش ژیانمان دۆزەخێکەو سەرمان لێ شێواوە . کەسیش خۆێ بەدوور نەزانێت لەم ناحاڵی بوون و سەرلێشێواویە پێدەچێت وەک سورێژەو پەتای ئەنفلۆنزا تووشی زۆرینەی رەهای ئەم میللەتە بووبێت.
زۆرێکیش لە نەوەی نوێمان کە تاکە سەرچاوەی مەعریفی و خۆ رۆشنبیر کردن و زانست و زانیاریان تەنها تۆرێکی هەڵخەڵەتێنەری پڕ وەهم و درۆ و نواندنی وەک فەیس بوک بێت هێندەی تر ئاسۆکەمان تەڵخ و تاریکتر دەکات .
پێدەچێت پێویستمان بە نیو سەدەی دیکە بێت .. بۆ زەمین لەرزەیەک تاوەکۆ بە ئاگا بێینەوە ، بۆ ڕاچڵەکینێک ، بۆ شۆڕشێکی راستەقینە ، بۆ سەرهەڵدانی نوخبەیەکی بێ لایەن و بوێر و ئازا (بە واتای ووشە) ، کۆمەڵێک مرۆڤی ئەکادیمی شارەزا تاوەکو مێژوو دووبارە بنوسنەوە ، تاوەکو بەردەباز دانێن بۆ نەوەی داهاتوو بۆ رۆیشتن لەسەر رێرەو و بناغەیەکی بتەو بۆ داهاتوویان ، تاوەکو ئەوانەی دوای ئێمە گیرۆدەی سەرلێشێواویەکەی ئێمە نەبن ، تاوەکو نەوەی داهاتوو قەتیس نەکرێت بە کۆمەڵێک حزب و بەناو سەرکردەو کاریزمای کارتۆنی . قۆناغێک کە کۆمەڵێک مرۆڤی حەکیم میللەت رزگار بکەن لە ناحاڵی بوون و بیگەیەنە کەنارێکی ئارام کە ئێمە و زەمەنی ئێمە و بەناو سەرکردەو حزبەکانی سەردەمی ئێمە نەیانتوانی ئەوکارە بکەن ، نەوەیەک پەروەردە بکەن کە پابەند بوون و ئینتیمایان هەبێت بۆ شتێک کە ناوی خاک و نیشتیمانە ، نەوەیەک کە ناخی ژەهراوی نەکرێت بە ڕق و کینە و بارگاوی نەکرابێت بە بیری تەسکی حزبایەتی .
کۆمەڵێک نوخبە لە رۆشنبیر و نوسەری راستەقینە و بیرمەند و خەمخۆر کە وەک چرا بن بۆ رووناک کردنەوەی ڕێگای تەسک و تاریکمان ، هیوایەک بن بۆ چارەسەر و چاکبوونەوە لە کۆمەڵێک دەردی کوشندە کە لەمرۆدا دەستمان ناکەوێت ، زەنگێک بن بۆ بێدار بوونەوە لەو کابوسەی کە ئێمە لە ئێستادا پێیدا تێپەر دەبین ، تاوەکو لانی کەم نەوەی دوای ئێمە پەی بەڕاستیەکان ببەن ، دوور لە فروفیشاڵ و درۆی دەزگای ڕاگەیاندنی حزب و قەڵەم فرۆشان و فرۆشتنەوەی گاڵتەجاڕیی شەرعیەتی شۆڕشگێری و شەرە جنێو و شەڕە ج …تی کۆلکە خوێندەوارە حزبیەکانی نێو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و خەڵکی کاسە لێس و ماستاوچی و بەرژەوەند خواز .. ئیدی ئەوکات زۆرێک لەوانەی کە نەوەکانی ئێستا بە قائدی زەرورەت و پێویستی قۆناغ و سەرکردەی خاوەن کاریزمای ماندونەناس و شۆڕش ـ گێریان دەزانن ، ڕووی راستەقینەو قێزەونیان دەردەکەوێت ، ئیدی ئەوکات ئەو قودسیەت و پیرۆزیەی بڕاوە بەباڵای هەندێک کەسایەتیدا کۆتایی پێدێت ، ئیدی وەک چۆن لە ووڵاتێکی وەک فەرەنسا و لەسەردەمی شۆرشی فەرەنسی و ساڵانیی دواییدا و دوای ئاشکرا بوونی هەندێک ڕاستی سەبارەت بە پێوەندی ژێر بە ژێری (میرابۆ ۱۷٤۹ ـ ۱۷۹۱) ی خەتیبی شۆرشی فەرەنسی لەگەڵ لویسی شانزە ، لاشەی ناوبراو دوای چوار ساڵ لە گۆرستانی پیاوە گەورەکان لە (پانسیۆن) دەردەهێنرێت و لە گۆرستانێکی گشتیدا دەنێژرێتەوە ، ئاخۆ دوای ئاشکرابوونی ڕاستیەکان گۆڕی چەند میرابۆی کورد هەڵتەکێنرێت و بە مردویی بەتۆمەتی ناپاکی لەگەڵ میللەت دادگایی بکرێنەوە ، ئاخۆ چەند کۆشک و تەلار و بارەگا بەدەردەکەی زیندانی بەدناوی (باستیل) بچێت …
لەوباوەڕەشدام گەلێک لە ئێوە گەر ئەمە بخوێننەوە بڵێن ئەمە خەونێکە .. بەڵێ هاوڕای ئەو بۆچوونەم ئەمە خەونە و دەکرێت بێتەدی ، لە کۆتاییدا ئەگەر مرۆڤ خەون نەبینێت دەشێت زیندوو نەبێت .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.