هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

زۆرم پێ سەیرە و تەعەجوب ئەمێنم ،لەسەر هەڵسوکەوت و رەفتارى هەندێک کەس، خۆیان بەگەورەترین رۆشنبیر ئەزانن، پێیان وایە بەئەندازەى ڕۆژنامەوان و میدیاکارانى کەناڵە جیهانیە بەناوبانگەکان، توانا و شارەزایى و لێهاتووى یان هەیە، هەر بەدووجار دەرکەوتن لەسەر شاشە و، خۆنواندن و خۆدەرخستن بەجلێکى جیاوازەوە خۆیان لێدەبێتە ئەستێرە و،ئەکەونە تەخوین و هێرش و پەلامار بۆ سەر خەڵکى.
من تێناگەم و سەرم خەریکە ئەئاوسێت، لەلایەک باسى ئازادیى بیر و رادەربڕین ئەکەن، باسى مافى تاکە کەس و، یەکسانى دەکەن. کەچى لێناگەڕێن و دیکتاتۆر ئاسا ئەیانەوێت شتێک کە بەدڵ و عەقڵ و هزر لەگەلێدا نین، ئەویش ( ریفراندۆم)ە سەرى بەلێى بۆ بلەقێنین. کە ئەو بۆخۆى گەورەترین دەستوەردانە لە ئازادى تاکەکانى کۆمەڵ و، پێشێلکردن و زەوتکردنى سەرەتاترین مافى ژیانە. بەدەر لەوەش ئەوانەى کە خەریکى ئەوکارەن و لێرەو لەوێ بە ناپاک و خیانەتکار و، چى و چى باسمان دەکەن، نوێنەرو دەمڕاست و ئەندامى حزبێکن کە چەمکى (دیموکراسى) کردۆتە دروشم ، جا گەر دیموکراسى ئەوها بێت هەى ماڵى نەوێرانم و هەش بەسەرم، ئەبێت دیکتاتۆرى رەنگ و ڕووخسارى چۆنبێت؟!
پێم سەیرە بەڕێزێک بەناوى (ئارینا حەمید) کە تازە سەرى لەهێلکە جوقاوە و، من تا ئەو قسەیەشى نەکرد، نەک هەرنەم دەزانى کە راگەیاندکارە، بگرە لام وابوو کە لەسەر ئەم زەمینە کەسێک نى یە بەو ناوە، کە دەڵێت (ئەوانەى دەنگ بەریفراندۆم نادەن قەرەجن) کە بەداخەوە ئەمجارەش بەداخەوە، ڕاگەیاندن و میدیاى کوردى ئاستى ئەوەندە دابەزیوە، ئەوەندە چروک و بێ بەها بووە، کە هەرچى هەڵدەستێت، هەرچى خزمێک یان کەسێک یان مێرد یان ناسیاوێکى هەبوو ئیدى بێ چەند و چوون وەک گازینۆ دەچنە ناوى، بەبێ ئەوەى بزانن ئەو کەسە، پاشخانى چى یە وچۆنە؟! سەنگ و بەها و قورسایى چەندە،؟ ئاستى ڕۆشنبیرى و هۆشیارى چەندە؟ تاچەند ئەتوانێت سوود و قازانج بەو کەناڵە بگەیەنێت، کە تاکە پێوەر بۆ زۆرێک لەکەناڵەکان تەنها وتەنها هەر لەش و لار و میکیاجى باش و جلو بەرگى تەسک ورەنگا و رەنگ یەکەم و دوا پێوەرە. ئەگەرنا لێهاتوویى و توانا و زیرەکى و رۆشنبیرى هیچ پێوەرنین بۆ ئەو کارە، بۆیە بەداخەوە کە دەبینین میدیاى کوردى ئەورۆکە لەنزمترین ئاستى دایە.
ئارینا خان ئێمە کە باوەڕمان بەریفراندۆم نى یە و پشتگیرى ناکەین، بەبێ ئەوەى جەنابت هیچ هۆکارێک بدۆزێتەوە یان بزانیت بۆچى و لەبەرچى دژ بەرین، یەکسەر دەمانکاتە قەرەج. راست ئەکات، ئێمە قەرەجین، مافى ژیانمان نى یە، لەبەر ئەوەى نەبووینەتە پێر و کۆیلەى حزب و، بەساز و ئاوازى ئەوان هەڵناپەرین و، هەروەها منیش بام لەشوێنى ئەو هەمان قسەم دەکرد، لەبەر ئەوەى بۆخۆى مووچەى باشى هەیە، نەبوونى و بێ کارەبایى و بێ ئاوى و ناخۆشى ژیان نازانێت، بۆیە ئەگەر بێت و ریفراندۆم سەرنەکەوێت، ئەوا لەو خێر و بێر و خۆشى و چەروى و دوگ و ناز و نیعمەتە دادەبڕێت، ئیدى تێناگەم گوناحى ئێمە چى یە، کە بیست و پێنج ساڵە بەدەست حزبەکەى ئاریناخان و زۆرێک لەحزبەکانى تر تاڵاوى میحنەت ئەچێژبن؟ تا ئێستاش ناوێرین بە ئازادى بدوێین، تا ئێستاش کە دەچینە هەولێر و دهۆک و دەڤەرى زەرد بەترس و گومانەوە دەڕۆین، تا ئێستاش بڕواو متمانەمان بە حکومەت و دەسەڵاتى کوردى و ئیدارەکەى نى یە، تا ئێستاش برینەکان و زامە کۆنەکانمان دەکولێنەوە خوێناویان لێدەچۆڕێت. تا ئێستاش بنەماڵەى شەهیدانمان، لەبەر نەبوونى و هەژارى سەر بەکۆشى دەیان نامەرددا دەکەن، تا ئەمڕۆش پێشمەرگە ئەوەى کە بەرگرى لەمن و لەئاریناو حکومەت و حزبەکەى دەکات، لەتاو قەرزارى و نەبوونى و هەژارى خۆى دەکوژێت، لەولاشەوە ئەو خانمە لەژوورى میکیاج و لەچێشتخانە چەوڕ و پڕ لەخواردنەکەى کەناڵى (کەى 24 ) لەتێرى قسە دەکات. رەنگبێت لەپاى ئەو باسە چەندین دەستخۆشى و خەڵاتشى وەرگرتبێت.
لەکۆتایدا بە ئارینا خان دەڵێم: مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە، دەسەڵاتێک نەتوانێت بچوکترین خزمەت بەمیللەت بکات، سادەترین ژیانیان بۆدابین بکات کە هەرچى داهات و دەستمایە هەیە لەبەردەستیا بووە، حکومەتێک بەدووساڵ پێى ئەغزبێت بەرمیلێک نەوت بدات بەخەڵکە رەش و روتەکەى، پێى تاوان بێت بیرێک لەحاڵى خانەشین و کەم درامەت بکاتەوە، وەک سواڵ ساڵانە موچەیان باتێ. لەخەمى هیچ شتێکى میللەتدا نەبێت، هەموومان بکاتە قوربانى کورسى یەک، ئەبێت من چ دڵم بەخۆى و ریفراندۆم وسەربەخۆییەکەى خۆش بێت؟ زۆریشم پێ ناخۆشە کە سوکایەتى و بێ رێزى بە قەرەج دەکات، لەبەر ئەوەى قەرەج چ ئایندە و چ ئێستا هیچ زیان و خراپە و ئازارێکیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەبووە، نەبیستراوە ونەبیراوە کە قەرەجێک ناپاکى، وڵات فرۆشى، سەرشۆڕى کردبێت، تەماشاى تەواوى مێژوو بکە، یەک قەرەج نابینیت ناوى لەلیستى ناپاکیدا بێت، یان ئازارى هاوماڵەکەى خۆى دابێت. بریا هەموومان قەرەج باین، ویژدان و هەست و شعور و بیرکردنەوەمان وەک قەرەج بوایە.
 http://kurdmedia.co/details.aspx?=hewal&jmare=12237&Jor=1

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت