هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەوەتەی سۆشیال مێدیا و كەناڵەكانی دیكەی گەیاندن لە باشووری كوردستاندا بەرفرە بوون و، دەروازە بۆ ڕەخنەگرتن و ئاڕاستەكردنی سكاڵا و گازندە، گەیاندنی پەیام و داخوازی، ویست و خواستی خەڵك ئاوەڵا بووە، ژمارەیەك لە (مێدیا و ئەهلی سۆشیال مێدیا، قەڵەمبەدەست و دەستەبژێر)، لە پێچەوانەكردنەوەی هاوكێشەكان و پیشاندانی (تەنیا) دیوێكی ڕووداوەكاندا، درێخییان نەكردووە.
ڕەنگە ئەو كرانەوەی مێدیایە بە گشتی بە ڕووی رۆژنامەوان و هاووڵاتیاندا، لێكەوتەی ئەرێنی و نەرێنییشی هەبووبن، چونكە لە لایەك رۆژنامەنووس و پەیامنێرانی دەستكراوەتر كردووە لە دەستكەوتن و گواستنەوەی زانیاری، لە لایەكەی تریشەوە هەر كەسێكی ئاسایی لە ماڵەكەی خۆیدا، فرسەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە بە مۆبایل و لاپتۆپەكەی، پەیامی خۆی بگەیەنێت و ئەوەی لە بن بەڕەیە، بیهێنێتە سەر بەڕە.
ئەگەر لە دەلاقەیەكی دیكەشەوە لێی بڕوانین، بەشێك لەو مێدیاكار، خاوەن هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەستەبژێرە ڕۆشنهزرە، عەقڵییەتێكیان بەرهەم هێناوە كە توێژی گەنجان و لاوان، جگە لە بیروباوەڕ، ئایدۆلۆژیا و دنیابینیی خۆیان، هەموو ڕا و بۆچوونێكی دیكەی جیاواز، ڕەت بكەنەوە.
ئاخر هەر ئەو جۆرە عەقڵییەتەشە وا دەكات، نەوەی نوێ فێری سڕینەوەی یەكدی، بوغزاندنی ئەوانی تر و سووكسەرنجدانی بەرامبەر بن و، هەمدیسان ئەو نەریتە نەخوازراوە بە وەرگرەكان بفرۆشنەوە.
بە داخەوە دەبێ بڵێین، بەشێك لە نوخبە و كەسانی ڕووناكبیریش، لە هێنانەكایەی ئەو دۆخەدا، پشكی شێریان بەردەكەوێت، چونكە بەشێكی زۆری گەنجان و، دروستتریش هەندێك لە خوێندەوارەكانیان بە لاڕێدا بردووە، فریویان داون و لەبری ئاڕاستەكردنی ڕەخنە، لەجیاتی پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینە و واقیعی كۆمەڵگا (بە خراپ و چاكەوە لە هەموو ڕووەكانەوە)، لەسەر جنێوفرۆشتن، ناوزڕاندن و لەكەداركردنی ئەوانە ڕایانهێناون، كە بەلایانەوە تاكە گرفت ئەوەیە، (لە سەدا سەد) وەك خۆیان بیر ناكەنەوە.
بۆیە، لە جێی خۆیدایە بڵێین، ئەو فۆڕمەی كاركردنی بەشێكی مێدیاكان، ئەهلی قەڵەم و بەكارهێنەرانی سۆشیال مێدیا، (لە كاتێكدا كە هەمووان ئەرك و بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە)، جگە لەوەی دەرچوونە لە ئیتیك، مۆڕاڵ و پرەنسیپە باوەكانی (دەربڕین بە واتا گشتییەكەی)، بەزاندن و لادانە لە ئەتەكێتی نووسین بە تایبەتی و پەخش و وەشاندنی دەزگا “ڕاگەیاندنەكان” بە تایبەتتر.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە