هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

سازدانی: به‌ناز عه‌لی

بێگومان داعش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و ناوچه‌كه‌، ئه‌م مه‌ترسییه‌ ته‌نها له‌ ده‌ره‌وه‌ نایه‌ت، به‌ڵكو له‌ناوخۆشه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت. كۆمه‌ڵگای كوردیش یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی  كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو داعش تیایدا سه‌ریهه‌لداوه‌ و، هه‌زاران كه‌سی به‌ داعش به‌خشیوه‌. له‌م روانگه‌یه‌وه‌، داعش مه‌ترسییه‌كی جدییه‌ له‌سه‌ر ئازادی و ماف و مه‌ده‌نیه‌ت له‌ كوردستاندا. له‌ ماوه‌ی رابردوودا،  توێژه‌ر و مامۆستای زانكۆ  ئومێد محەمەد  ناسراو بە ئومێد قه‌ره‌داخی، ده‌ستیكردوه‌ به‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی گرنگ و به‌ربڵاو له‌ باره‌ی داعشه‌كانی كوردستانه‌وه‌، به‌ گرنگمانزانی له‌ باره‌ی  توێژینه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بیدوێنین .

 پرسیار: توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی داعشه‌وه‌ توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ باره‌ی یه‌كێك له‌  حه‌ساسترین و مه‌ترسیدارترین بابه‌ته‌كان، چۆن بوو ئه‌م بابه‌تان بۆ توێژینه‌وه‌ هه‌ڵبژارد؟

 ئومێد قه‌ره‌داخی: بێگومان بایه‌خی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌وه‌دایه‌ كه‌ یارمه‌تیمان ئه‌دات به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و بابه‌تی  له‌ دیارده‌یه‌كی دیاریكراو تێبگه‌ین،  ئامانج و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش  تێگه‌یشتنی زانستیه‌ له‌ باره‌ی داعشه‌ كورده‌كانه‌وه‌، هه‌وڵدانه‌ تا بتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ داعشه‌ كورده‌كان كێن؟ ته‌مه‌نیان چۆنه‌؟ ئاستی هۆشیاری و خوێنده‌وارییان  به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌؟  گرنگترین فاكته‌ره‌كانی بوون به‌  داعش چییه‌ له‌ كوردستان؟ ئه‌مانه‌ و زۆر پرسی تری دیكه‌  ئه‌كرێت له‌ رێگای توێژینه‌وه‌وه‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، من زۆر به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ كاری  توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ به‌ دواندنی راسته‌وخۆی خودی داعشه‌كان خۆیان، تا له‌ زاری خۆیانه‌وه‌ لییان تێبگه‌ین.

پرسیار: ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتوه‌ ئه‌كرێت پێمان بڵێی داعشه‌ كورده‌كان كێن؟

 ئومێد قه‌ره‌داخی: داعشه‌ كورده‌كان  بێگومان مرۆڤی كوردن، له‌ نێو هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی كوردستاندا چوونه‌ته‌ نێو داعشه‌وه‌ یان بون به‌ به‌شێك له‌ داعش، ئه‌وان هه‌ڵگری ئایدۆلۆجيای سه‌له‌فییه‌تی جیهادین و كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر كوفر و ئیماندا دابه‌ش ئه‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵات ماده‌م شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێناكات،  كوفره‌ و جیهادكردن‌ له‌سه‌ر مسوڵمانان واجبه‌. هه‌تاوه‌كو له‌ رێگای جیهاده‌وه‌  ده‌سه‌ڵاتێك بسه‌پێنن  كه‌ شه‌ریعه‌ت جێبه‌جێ بكات.

داعشه‌ كورده‌كان به‌ پێی ئه‌و  ئه‌نجامانه‌ی كه‌ له‌  چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ی مندایه‌ ، 82.1% داعشه‌كانی كورد نه‌خوێنده‌وار بوون، هه‌ڵگرانی بروانامه‌ی به‌كالۆریس ته‌نها 3.5 ئه‌ندامانی داعش بوون له‌ چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌دا  و رێژه‌ی 0.7 هه‌ڵگری ماسته‌ر بوون،  هه‌روه‌ها رێژه‌ی 26.4%   پێش بوون به‌ داعش پیشه‌یان كرێكار بوون، هه‌روه‌ها رێژه‌ی 25% ئینتیما داعشه‌كان پێش به‌داعشبونیان سه‌له‌فی بوون، ئه‌مانه‌ داتایانه‌ ئاماژه‌ی روون به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌ده‌ین له‌باره‌ی بوون و ناسنامه‌ی داعشه‌ كورده‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێن: كه‌ داعشه‌ كورده‌كان هۆكارێكی به‌هێزیی بونیان بریتیه‌ له‌ نه‌خوێنده‌واری، هه‌روه‌ها هه‌ژاری و  كه‌می ئاستی داهات، هه‌تا ئاستی خوێنده‌واریی به‌رزتر بێت و جۆری ژیان و كار باشتر بێت ئه‌گه‌ری بوون به‌داعش له‌ناو ئه‌و گروپانه‌دا كه‌متر ئه‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌له‌فیه‌تیش رۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ بوون به‌داعشدا و هزری سه‌له‌فییه‌ت كۆمه‌كێكی گه‌وره‌ ئه‌كات  به‌ هزر و ئه‌ندێشه‌ی داعش.

 پرسیار: به‌ ته‌سه‌وریی تۆ گرنگترین هۆكاره‌كانی بوون به‌ داعش له‌ كوردستاندا چییه‌؟

 ئومێد قه‌ره‌داخی:  له‌ راستێدا كۆمه‌ڵێك هۆكاری گرنگ له‌ پشت بوون به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌ ئه‌توانین به‌ خاڵ ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین:

فاكته‌ری یه‌كه‌م: هه‌ژاریی و  بێكاریی و نزمی ئاستی داهات، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كان بۆ به‌داعشبوون، به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی رێژه‌ی بوون به‌داعش له‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا  زور به‌رزه‌ كه‌ ئاستی داهات تیایدا نزمه‌، كه‌ هه‌ژاری و بێكاری تیایدا بڵاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  له‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ خۆشگوزه‌رانیدان، له‌ كار و چالاكی ئابووری باش و ئاستبه‌رزداندا، زۆر به‌كه‌می دیارده‌ی به‌داعشبوون تیایدا ده‌ر ئه‌كه‌وێت.

فاكته‌ری دووه‌م: بریتیه‌ كاریگه‌ر له‌ گه‌شه‌پێدانی هزری و ئه‌ندێشه‌ی سه‌له‌فییه‌ت و رادیكالیزمی  ئیسلامییه‌، كه‌ له‌ رێگای ره‌وت و گرووپه‌ سه‌له‌فی و ئیسلامیسته‌كانه‌وه‌ خۆی ئه‌خزێنێته‌ ناو هۆشیاری ئیسلامییه‌وه‌، خۆی وه‌ك به‌شێكی گرنگی ئایینی و میكانیزمی تێگه‌یشتن له‌ ئایین ئه‌خاته‌ روو، ئه‌م تێرمه‌ سه‌له‌فییه‌ حه‌قیقه‌تی ئایین له‌سه‌ر خۆی تاپۆ ئه‌كات، جه‌وهه‌ریی ئه‌م تێزه‌ سه‌له‌فییه‌ بریتییه‌ له‌ پۆلینكردنی دنیا به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا، به‌سه‌ر هه‌ق و باتڵدا، به‌سه‌ر كوفر و ئیماندا، به‌سه‌ر ره‌وشت و بێ ره‌وشتیدا، بێگومان هه‌ق و ئیمان و ره‌وشتیش هه‌ر خودی سه‌له‌فیه‌ت نه‌ك كه‌سی تر و ره‌وتی تر و ئاراسته‌ی تر، ئیدی ئه‌م ئاراسته‌ فیكر ی و هۆشیارییه‌ له‌ ئایین،  ئه‌بێته‌ هۆی  ئاماده‌كردنی باشترین زه‌مینه‌ بۆ گه‌شه‌ی داعش، بۆ باوه‌رهێنانی گه‌نجه‌كانی سه‌له‌فییه‌ت به‌ داعش، به‌ پێی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی من 25% ئه‌وانه‌ی  بوون به‌ داعش پێشتر سه‌له‌فی بوون، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی یه‌كجار روونه‌ له‌ كاریگه‌ری سه‌له‌فییه‌ت بۆ به‌داعشبوون، بۆ به‌خشینی هاوڵاتیانی كورد به‌ داعش.

فاكته‌ری سێیه‌میش بریتیه‌ له‌ داخراویی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته‌ ئاستی شارستانیبون و كرانه‌وه‌ی ژیان و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌تا ئاستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی  نزم بێت ، داخراو بێت، كه‌متر رێگا به‌ كرانه‌وه‌ و تێكه‌ڵبوونی ره‌گه‌زیی بدرێت ئه‌وا زیاتر زه‌مینه‌ بۆ قبوڵكردنی فیكر و ئه‌ندێشه‌ی داعش خۆش ئه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاتر دیموكراتیزه‌ بكرێن، زیاتر بواری ئازادی تاكه‌كه‌سی و ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌بێت، ئه‌وا كه‌متر داعش  گه‌شه‌ ئه‌كات، كه‌متر بیری داعشی قبوڵ ئه‌كرێت. من له‌ میانه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌م له‌گه‌ڵ داعش، به‌ روونی تێبینی ئه‌وه‌م كردوه‌ كه‌ داعشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رهه‌می ژینگه‌ی  كۆمه‌ڵایه‌تی داخراون، به‌رهه‌می بیری  خێلگه‌ری و به‌رهه‌می په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركوتكرا و پر له‌ ترس و شه‌رمن.  هه‌موو ئه‌مانه‌ تێكرا وا ئه‌كه‌ن كه‌ فكری داعش گه‌شه‌ بكات.

 پرسیار: به‌رای ئێوه‌ گرنگترین چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ كوردستاندا؟

 ئومێد قه‌ره‌داخی: به‌ رای من  پێویسته‌ له‌ دوو ئاستی سه‌ره‌كیدا كار بكرێت:..

 ئاستی یه‌كه‌م: رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی سامانی نیشتیمانیدا، ئه‌مه‌ وا ئه‌كات كێشه‌ی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ژاره‌كان چاره‌سه‌ر ببێت و بوارێكی ئه‌وتۆ نه‌مێنێت بۆ گه‌شه‌ی داعش كه‌ به‌رده‌وام سوود له‌ هه‌ژاری و نه‌بوونی كار و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری وه‌ر ئه‌گرێت.

ئاستی دوه‌م: پێویسته‌ به‌ توندی رووبه‌رووی هزر و ئه‌ندێشه‌ی داعش ببینه‌وه‌، له‌ رێگا كتێب و نوسین وگوتاره‌وه‌، له‌ رێگای  بیری عه‌قلانی و دیموكراسییه‌وه‌  بیری سه‌له‌فییه‌ت و توندره‌وی ئایینی نه‌هێلرێت و بواری گه‌شه‌كردنی پێنه‌درێت، به‌م دوو رێگه‌یه‌ ئه‌توانین هه‌نگاو بنێیین.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە