هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی راگوزەردایەو سەرئەنجامی ئەو دۆخە راگوزەرەش بەتەواوی دیارنین، بەڵام ئەوەی کەدیارەو جێگای مەترسییە ئەو هەموو چەکەیە کە بەئاشکراو بە شاراوەیی لەدەستی بارزانی دایە. لە کاتێکیشدا کە بارزانی ئەگەرچی لەهەڕەمی دەسەڵات و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام بەکردوە نەک نەیتوانی هێزی پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکان یەک بخات، بەڵکو لەناو حزبەکەی خۆشی چەندان هێزی پێشمەرگەو چەکدار هەن، ولائیان بۆ بەرپەسەکانیان هەیە.
لە بارزانی باوکەوە بۆ بارزانی کوڕ، هاوشێوەی رژێمەکانی ناوچەکە، نەک متمانەی بە کوڕە هەژارەکانی نیشتمان و فیداکاران نەبووە، بەڵکو هێزی تایبەت بەخۆیان هەبووە، کە ئەرکیان تەنها پاراستنی خۆیان نەبووە بەتەنها، بەڵکو لەکێشە ناوخۆییەکانیان گلاندوون، کە زۆرجار ئەو کێشانە کوشتاری گەورەو بچوکی لێکەوتۆتەوە، ئەوەتا لە عوبێدوڵڵای کوڕە گەورەی مەلا مستەفا کە بەفەرمانی باوکی بەزەبری چەک دووبەرکیان لەکوردستان دروست کردوو، تا وەجهی بارزانی برای و مەنسور بارزانی کوڕی دەستیان لە پاکتاوی دەنگە نارازییەکانی ناوخۆی پارتی نەپاراستووە، هەمووش لە سایەی ئەو بیرکردنەوەیەی کە ماڵی بارزانی هێڵی سوورن و نابێت کەس بێ فەرمانیان بکات.
نەبوونی چوارچێوەیەکی نیشتمانی و یاسایی بۆ رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کە بارزانی دەیتوانی هەر هیچ نەبێت لە شەڕی داعشدا بیکات، فتیلی ئاشوبێکی گەورەیە هەر درێژدەبێتەوەو پڕوشە ئاگرێک بۆ تەقینەوەی بەسە. بێ متمانی بە هێزێکی رێکنەخراو هەر لەدڵی خەڵکی کوردستاندا نییە بەتەنها، بەڵکو لە دڵی سەرکردەکانیشدا هەیە و بەردەوامیشە، کار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی رۆژ بە رۆژ، بەسەرپەرشتی رەوان بارزانی برای هێزەکانی زیاد و گەورە بکات، چونکە رووداوەکانی دوای کۆنگرەی 13 پارتی دەریخست، هەروەک چۆن گاردە تایبەتییەکانی پارتی دەستیان چووە پاساوانەکانی ئەندام مەکتەب سیاسییەکانی حزبەکەیان، هەمان چارەنووسیش چاوەروانی نێچیرڤان بارزانی دەکرد ئەگەر نەرمی نەنواندبایەو ماوەیەک خۆی نەشاردبایەوە.
هۆکاری هەرە سەرەکییەکانی ترسی حزبە سیاسییەکان لە بارزانی ئەوەیە، کە دەزانن گەر مەترسییەکی دیموکراسی لەسەر کورسییەکەی دروست بوو، ئامادەی جوڵاندنی هێزە، هەر بۆیە زۆربەی حزبەکان بۆ بەرژەوەندییەکی بچوک لە 7ی ئەم مانگە بەیعەتیان بە بارزانی داو واژۆی ریفراندۆمێکیان بۆ کرد، کە جگە لەسودی شەخسی بارزانی هیچ سودێکی بۆ کوردساتن نییەو مەبەستە هەرە سەرەکییەکە مانەوەیەتی لە کورسییەکەی بۆ ماوەیەکی نەزانراو.
راستە شانازییەک کە کورد هەمیشە بەرۆڵەکانی کردویەتی ئازایەتی پێشمەرگە بووە، بەرامبەر دوژمنان. بە جۆرێک نموونەگەلی زۆر هەن بەسەدان ژن بۆ کوڕو هاوسەرو براکانیان نەگریاون، تەنها بەو هۆکارەی کەسەکانیان پێشمەرگەی کوردستان بوون. بەڵام نموونەکانی رووداوەکانی 17 ی شوباتی 2011 و 12 ئۆکتۆبەری 2015 بەسن داوا بکەین کە کاتی رێکخستنی ئەو شانازیانە بۆ سوپایەکی نیشتمانی هاتوون، نەک تاکە کەسێک 10 هەزار پێشمەرگەی هەبیت.
گۆران و کۆمەڵ وەکو حزب و سەدان هەزار خەڵکی کوردستان کە ناڕزاین لە ریفراندۆم، دەکرێت بەمەرجی سوپایەکی نیشتمانی و دروستکردنی پایەکانی دەوڵەت و سەروەر بوونی یاسا و هەر کردارێکی دەولەتدارانە ئامادەی جونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بە بەڵێ بن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت