هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەر کەسێک رۆژێک لە رۆژان کەسێکی دەزگای پاراستنی نەناسیبێت و لەنزیک ماڵی بارزانی کاری سیاسی نەکردبێت، نازانێت کە پیلانەکانی پارتی چەندە نانیشتمانی و دژ مرۆڤن کە بۆ پاراستنی هەیمەنەی مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی خەریکی چ جۆرە یاریەکن. کە لەم پێناوە:
یەکەم/ هەرکەسێک زیرەک و بەتوانابێت و خاوەن کەسایەتی بێت دەبێت بەکارێکی لابەلاوە سەرقاڵ بکرێت بۆ ئەوەی هەیمەنەی بارزانی و بنەماڵە زاڵ بێت.
دووەم/ لە پەنای لێدان لەو کەسانە، بە هێزی چەک و یاسا و راگەیاندن و ترس و تۆقاندن، کۆمەڵگای پێ چاوشکێن بکرێت.
بەدرێژایی باڵادەستی بنەماڵە لەناو حزبەکەی خۆیان و کوردستان، بەو سیاسەتە درێژەیان بە هەیمەنە مانەوەی خۆیان داوە. بەکردەوەش هەموو کۆمەڵگا و خەڵکی کوردستان بەقوربانی چەند کەسێکی بنەماڵە بارزانی دەکرێت و کەسە بەتواناکان بە کێشەی لابەلا سەرقاڵ دەکرێن و ناوە ناوەش بۆ چاوشکانی خەڵک کەسێک دەستگیر دەکرێت.
راستە ئەمانە ستراتیژن، بەڵام لە دەستگیرکردنی کەسەکان ئامانج و مەبەستی تایبەت بەکەسەکان هەن، بۆ نموونە دەستگیرکردنی مەسعود عەبدولخالق نووسەر و رۆژنامەنووس و خاوەن ئیمتیازی دەزگای ستاندار ئەم مەبەستانەیان هەبوو.

1/ رقێکی گەورەیان لەم رۆژنامەنووسە هەیە، چونکە خاوەن دەنگێکی بوێرو راستگۆیە.
2/ کاریگەری لەسەر هەولێر و هوشیارکردنەوەی خەڵک هەیە.
3/ مەبەستیانە ناوە ناوە بەسکاڵاو هەڕەشە و داخستنی دەزگاکەی سەرقاڵی بکەن، ئێستا کاتی هاتبوو.
4/ بەدەستگیری کردنی ناوبراو رای گشتی سەرقاڵ بکەن و خەڵک بترسینن، بۆ ئەوەی خەڵک ئەگەر خۆی کەس و کارەکەی دەسگیر نەکرێت، مەمنوون بێت.
5/ بۆ سەلماندنی هەیبەتی خۆیان لە پەنای هێزو یاسا.
6/ بۆ لەبیر بردنەوەی دەیان شکست و لەبیربردنەوەی برسی کردنی خەڵک.
7/ ناردنی پەیام بۆ شارەکانی تر کە وای وینا بکەن، ئەوان لە هەولێر چەند بەدەسەڵات و قودرەتن.
8/ نیشاندانی هەڕەشەکانیان بەکردار، بەتایبەت وەکو لەهەولیر دەردەکرێت.
9/ داخستنی دەزگای ستاندار و دەستگرتن بەسەر کەلوپەلەکانیدا، چونکە دەزگاکە سەرگەرمی ناوبراو بوون و پارتی و پاراستنیش دەخگاکەیان داخستووەو دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەیدا گرتووە.
10/ بۆ ئەوەی لەپەنای ئەو دەستگیرکردنە هەڵمەتێکی لە سایت و پەیجە بێ دایکەکانی دەزگای پاراستن و مەکتەبی نێچیرڤان بارزانی بکرێتەوە سەر و کەسایەتی رۆژنامەنووسی ناشیرین بکەن وای وێنا بکەن کە دژی ریفراندۆم و سەبەخۆیی کوردستانە.
11/ ئەمانەو چەندان هۆکار تر، کە سەرئەنجام مەترسی راستەقینەن لەسەر ژیان و کەرامەتی خەڵکی کوردستان گەر پاشەکشە لەدەنگی هەقبێژو ئازادیخوازانەی خۆمان بکەین.

ئەرکی هەموومانە بەرگری لە رۆژنامەنووس مەسعود عەبدولخالق بکەین و هاوسۆزی خۆی و قەڵەم و هەڵویستەکانی بین، چونکە دواجار ئەو رۆژنامەنووسە شەوو رۆژی خستۆتە سەریەک بۆ خزمەتی وڵات و بەها بەرزەکانی ژیان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت