هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

شتێکی چاوەروان نەکراو نەبوو، کە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم، هیچ کاردانەوەو نارەزایی بەرامبەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر چیای شەنگال دەرنەبڕن. ناچمە سەر ئەو هۆکارانەی کە هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئێستادا بەیەکەوە پەیوەست دەکات و تا ئەو جێگایەی نەتوانرێت نارەزایی لەسەر کارەساتێکی ئەوەندە گەورە دەرببڕێت. هەقیشم بە پرۆتۆکۆلە ئەمنی و هەوڵگری و سەربازییەکانی تورکیا و هەرێمەوە نییە. تەنها ئەوەندە نەبێت، دەگەڕێمەوە بۆ چەند هۆکارێکی گرنگ کە بەهۆیانەوە، هەرێمی کوردستان بەشی پارتی، کە دەسەڵاتە سیادییەکانی لەدەستە، کەوتە ئەجندای تورکی، ئەمەش هۆکاری رازی بوون بەهەر ئەجندایەکی تورکیە.

سەرەتای بەهاری 2007 بە هۆی لێدوانێکی مەسعود بارزانی بۆ کەناڵی العربیە، کاتێک لەسەر پرسی ریفڕاندۆم لەسەر کەرکوک و ناوچەکانی مادەی 140 ی دەستوور، کاتێک پێشکەشکارەکە ئەو پرسیارەی لێکرد، کە لە کاردانەوەی دەوڵەتی تورکیا ناترسن؟! بارزانی بە لەخۆباییەوە وتی، “گەر تورکیا دەست بخاتە کاروباری کەرکوک، ئێمەش دەست دەخەینە، دیاربەکر و 30 ملیۆن کوردی تورکیا دژیان دەجوڵێنین”.
ئەو لێدوانە بە خێرایی کاردانەوەی تورکیا و ئاک پارتی فەرمانڕەوا و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و مەجلسی ئەمنی نیشتمانی تورکیای لێکەوەتەوە، بەجۆرێک لە سەرەتای نیسان و دواتریش، تورکەکان هێندە بەتوندی کەوتنە وەڵامدانەوە، لەلایەک ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گول، لەلایەکی تریش عەسکەر، هەڕەشەی هێرشی زەمینیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرد، کارگەیشتە ئەوەی هێزێکی زۆری تورکی بە دەبابە و چەکی گەورە گەیشتنە ئیبراهیم خەلیل، تورکەکان گەیاندیانە ئەوەی هەڕەشەی دابەزاندنی کۆماندۆ لە سەریی رەش و کوشتنی بارزانی و خانەوادەکەی بکەن، هەر ئەوەندەشنا، ئەگەریی بەردانەوەی بەنداوی سەر زێی گەورەیان دەکرد، کە دەیان وت هەرێمی کوردستان بەتەوای دەخەینە ژێر ئاو.
دوای ئەوە بارزانی کەوتە هەڕەشەی زیاتر و هێزێکی زۆری زێڕەڤانی و پێشمەرگەی بردە نزیک ئیبراهیم خەلیل، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ توانا و هێزی سوپای تورکیا بەراورد نەدەکرا، تەنانەت ئەگەر خوانەکردە شەڕ روویدابایە، ئەو پێشمەرگانە کە هەموویان کوڕە هەژاربوون، نەک گاردە تایبەتییەکانی بارزانی! دەکەوتنە ژێر زنجیری دەبابەکان و دەشێلدران. لە هامان کاتیشدا خۆپیشاندانێکی ملیۆنی لە هەولێرەوە بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عەنکاوە رێکخرا. ئەم دوو کاردانەوەی بارزانی و لێدوانە توندەکانی دواتری، بوونە توڕەیەکی زۆری ئەردۆگان و عەبدوڵڵا گول و بڕیاری دابەزاندنی کۆماندۆیان لەسەری رەش خستە رۆژەڤەوە.
کاتێک بارزانی زانی سەرانی تورک لەمەدا جدین، خۆی و کاکەکانی خانەوادەی پەنایان برد بۆ واشنتۆن و کۆندا لیزا رایس، بەڵام واشنتۆن گوێ پێ نەدان، ناچار هەموو ئاراستەی داواکانیان وەرچەرخاند بۆ سەفارەتی ئەمریکا لە بەغداو ئەوەش دادی نەدان، چونکە وەڵامەکانیان خەمساردانەبوون و بارزانیش لە ئاستی جدیەتی هەڕەشەکانی ئەردۆگان دڵنیابوو، هەر بۆیە لەچەند رۆژێکدا خانەوادەی بارزانی لەسەری رەش و هەولێریش، دەستیان کرد بەچۆڵکردنی کوردستان . ئەو کات باس لە ئەوە دەکرا خانەوادەی بارزانی خەریکی خۆدەرباز کردن و گواستنەوەی زێڕو پارە و کەلوپەلی بەنرخەکانیانن.
بارزانی بەجۆرێک تووشی هەراسانی بوو، پەنای برد بۆ رۆژنامە و راگەیاندنەکانی ئەمریکاو لە ئەوێوە داوای هاوکاری ئەمریکای دەکرد و دەیوست خۆی بە زوڵم لێکراو بناسێنێت، کاتێکیش رۆژنامەنووسان پێیان دەوت بۆچی لەجیاتی دژایەتی تورکیا، بۆ دژایەتی پەکەکە لەگەڵ تورک هاوپەیمانی پێکناهێنن؟، بارزانی بەڕاشکاوی دەیویت تورکەکان چیان لێمان دەوێت، کە لە پێناو ئەوندا (3000) هەزار پێشمەرگەی لەشەڕ لەگەڵ پەکەکەدا کردۆتە قوربانی؟!.
مێژووی ئەم قۆناغەو مانەوەی بارزانی بەتەنها و مەترسی دابەزاندنی کۆماندۆی تورکی لە سەری رەش و هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر خودی بارزانی و خانەوادەکەی، بوونە هۆی ئەوەی کورد دەستبەرداری مادەی 140 و کەرکوک ببێت، کە بریار بوو کۆتایی ساڵی 2007 ریفراندۆم بکرێت.
لەدوای هەڕەشەکانی بەهاری 2007ەوە ناوچەی ژێر دەسەڵات و نفوزی بارزانی لە ژێر هەیمەنە و ئەجندای تورکیادایە، نەک هەمامەنگی ئەمنی و عەسکەری و هەوڵگری لەنێوان هەرێم و تورکیادا هەیە، بەڵکو تورکەکان وەکو حەوشەی پشتی خانووی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەولێر دەکەن و سودمەندی سەرەکی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکیشن. لەبەر ئەم هۆکارانەش نە لە ئێستا چاوەروانی هەڵوێستی بارزانی دژ بە تورکیا بکەن، نە لەداهاتووش چاوتان لەوەبێت هەڵوێستێکی لەسەر هەر پێشێلکارییەکی تورکیا ببین. تەنها لەیەک حاڵەتدا نەبێت، مەگەر بەیاننامەکە لە ئەنقەرە بگاتە هەولێر و مەبەستەکەش تەنها بۆ ئیستهلاکی ناوخۆی کوردستان بێت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە