هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

 

لە یەکێك لەو پۆستانەی کە کەسێك لە فێیسبووك ( ناوی لای خۆم پارێزراوە) لە ١٤ی ئۆکتۆبەر دایناوە ، ڤیدیۆیەکی سەددام حوسێنە و لە پۆستەکەشدا نوسیویەتی ” تا چەند وایە ؟ سەددام سەرۆکی پێشووی عێراق : گەر ئەم مایکرۆفۆنەی بەر دەمم بنێرم بۆ گەلی کورد، سەرکردەکانیان پێش ئەوەی بگات بە گەل، دەیفرۆشن بە ئێران ”. ئەو ڤیدیۆیە لە ١٤ مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ١٤ نۆڤێمبەر ٢٠١٤، (١٣٢٣) کەس وەری گرتووە (شێریکردووە) و بڵاوی کردۆتەوە . (٤٧٤٩) لایکی بۆچوون ، (١٠٠٢) کۆممێنتیشی لەسەر نوسراون. ئەم ژمارە زۆرەی خەڵكی کورد ، جێگای پرسیاری گەورەن!

لە کۆی ئەو کۆممێنتانە ، (١٢٦) کەس زیاتر رەحمەتیان بۆ سەددام ناردوون ، کە دەکاتە ٪١٠ کۆی ئەوانەی کە کۆممێنتیان نوسیون ، وێڕای ئەوەی کە زۆرێك لەو کۆممێنتانەش دەیان لایکیان بۆ چووە . بێگومان ئەم رەحمەتانە بە زۆر شێوازی جیاواز نوسراون، هەیە فاتیحەی بۆ ڕەوانە کردووە ، هەیە خۆی قوربان کردووە ، هەیە ئایەتی شەهیدی بۆ نوسیوە . زۆرێك لەوانە هاندانن کە وێنەی لەماڵەوە هەڵواسن . یەکێك لەوانە نوسیویەتی زۆر پەشیمانین کە نەبوین بە پیاوی ئەو . یەکێك نوسیویەتی “ خوایە لەبەر خاتری سەددام لە من خۆش بیت ”. هەیانە بە عەرەبیەکی کرچ و کاڵ رەحمەتی بۆ ناردووە و بە پاڵەوانەی عێراق ناوی دەبەن. بێگومان تەنها ئەو کۆممێنتانەم وەرگرتوون کە وشەی رەحمەتیان بەکار هێناوە ، ئینجا بە شێوازی جیاوازی وەکو “ هەزار یا سەد هەزار رەحمەت ”. وێڕای درێژەی کۆممێنتەکان . ( تەواوی کۆممێنتەکان لای خۆم پارێزراون).

 لەگەڵ ئەوەش ڕێژەی لە ٪٩٠ زیاتر پێیان وایە سەددام ڕاست دەکات ، کە دەکاتە زیاتر لە نۆسەد کەس، زۆرێك لەو کۆممێنتانە بە شێوازی جیا نوسراون . هەیانە لەگەڵ کۆممێنتەکە کۆمەڵێك سوکایەتی بۆ سەرکردەکانی کورد نوسیون . یان نوسیویانە هەموو سەرکردە کوردەکان بە قوربانی سەدام بن ، ئەو پیاو بوو . هەیانە نوسیویانە ٪١٠٠، ڕاست دەکات ، هەیانە نوسیویانە لە ٪١٠٠٠ و تا ملیۆنیش چووە کە ڕاست دەکات . ڕێژەی هەرە زۆریان سوێندیان خواردووە کە ڕاست دەکات . یا نوسیویانە “ئەوبال بە ملم سەددام کوردی باش ناسیوە ”. هەشیانە جوێنی پیسی بەو کەسانە داوە کە ئەو قسانەی سەددام ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە ڕاست نین . لەکۆی ئەو هەزاران کەسە تەنها چەند کەسێك کە ڕێژەیان ناگاتە پێنج کەس باسی ئەنفالیان کردووە و نابێت لەبیر بکرێت . بەڵام لەهەمووی سەیر تر و مەرسیدار تر، جۆرێك لە کۆک بوون ( ئیجماع ) لەنێوان هەموو بەشداربووەکاندا لەسەر دزین و بەتاڵان بردنی ماڵ و سەروسامانی خەڵك لەلایەن بەرپرسەکانەوە ، هەیە . تاکە کەسێك نییە پێی وابێ ئەو بەرپرسانە دەستپاك و نیشتمان پەروەرن .

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا چ لەو کوردستانەدا دەگوزەرێت ؟ بۆ دەبێت نەوەی نوێ هێندە لەو تراژیدیایانە بێ ئاگا بێت کە بەسەر میللەتەکەیدا هاتوون ؟ لەوەش ترسناك تر بۆ ئەو نەوەیە و ڕێژەیەکی زۆری خەڵك جیاوازی لەنێوان دەستەڵاتێكی نیشتمانی، لەگەڵ دەستەڵاتێکی داگیرکەردا ناکات ؟ ئایا دزی و ناپاکی سەرکردە کوردەکان ئەوە دێنێت کە رەحمەت بۆ دیکتاتۆرێکی وەکو سەددام کە هەم سەرکردەی سیستم و دەوڵەتێکی داگیرکەر بوو، هەمیش بەرامبەر کورد جینۆساید و تاوانی جەنگ و هەزاران تاوانی هەمەجۆری ئەنجام داون؟ وەڵامی هەر یەکێك لەو پرسیارانە زۆر ئاو هەڵدەگرێت . لێرەشدا ئەستەمە بتوانم بە کورتی وەڵامەکەیان بنوسم ، وێڕای ئەوەش ژمارەکان بۆخۆیان دەیان پەیامی جیاوازیان پەنا داون و ئاماژەی ترسناکیان پێوە دیارە .

یەکەم: ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم ، هەڵبەت بەپێی ئەو ئامارانە ، سەرکردە و بەرپرسە کوردەکان و حیزبەکانیان لە سەنگەری ئەخلاقدا بە تەواوەتی هەڕەسیان هێناوە . هەر لە شەری ناوخۆ و نەهێشتنی هیچ حورمەت و هەیبەتێك بۆ خوێنی ڕۆڵەکانی کوردستان، تا خۆنەپاراستن بە هیچ جۆرێك لە دەستبردن بۆ سەروماڵی خەڵکی کوردستان ، هەر لە ئاودیوکردنی کەرەستەی هەمەجۆرەوە بۆ دەوڵەتانی دراوسێ، تا دەگاتە دەست بەسەرداگرتنی هەزاران دۆنمی زەوی و گەندەڵییەکی بێ سنوور لە تەواوی دام و دەزگاو دامەزراوەکانی ئەم هەرێمە . ئەم ناپاکییانە بەرامبەر خەڵکی کورد وای کردووە نەوەی نوێ هیچ جۆرە ئینتیمایەکی بۆ ئەو حیزب و سەرکردانە نەبێت. جگە لەوەش نەبوونی هیچ ئینتیمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و … هتد .

دووەم: دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەوە شکست بە دوای شکستی تۆمار کردوون. تەنانەت تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە پێناسەیەکی نیشتمانی بۆ کوردستان دروست بکەن و جۆرێك لە تەبابوون و کۆک بوون لەنێوان خۆیاندا لەسەر ئاستی سیمبۆڵە نیشتمانییەکاندا دروست بکەن. دیاریکردنی چوارچێوەی نیشتمانی کە هەمووان لەسەری کۆك بن . تاکە شتێك کە تا ئەمڕۆ کۆکبوونی لەسەر بوو سرودەکەی ئەی ڕەقیب بوو، ئەویش دەیان جار بێ حورمەتی پێ کراوە و خەڵكێکی زۆر بە سیمبۆڵێکی نەتەوەیی ناژمێرن. لەهەموو ئەوانەش ترسناك تر دابەشکردنی زمانی کوردی بەهەردوو زاراوە سەرەکییەکە ، لەبواری پەروەردەدا، لەنێوان هەردوو دوو دەڤەرەکەی بادینان و سۆران کە بەش بە حاڵی خۆم وەکو سکانداڵێك دەیبینم .

سێیەم: بەشێك لەو شکستە پەروەردەییە، نەك هەر جیانەکردنەوەی دەستەڵاتی نیشتمانی لەگەڵ داگیرکەر نییە، بەڵکو تاوانەکانی ئەو داگیرکەرەش نابینن و رەحمەتی بۆ دەنێرن . داگیرکەر لە ئاسایی ترین دۆخدا هەموو حورمەت و سەروەرییەك لە گەلی داگیرکراو دەسەنێتەوە و هیچ پانتاییەك نامێنێت پاوان بێت و تایبەت بێت بە نەتەوەی ژێر دەست. ئەو پرۆسە وێرانکارییەی کە عێراق لەئاست گەلی کوردستان پێڕەوی لێکرد هەر لە لەناوبردنی مرۆڤەکانەوە تا لەبار بردن و تێکدانی هەزاران لادێی کورد نشین، تێکدانی تەواوی ئەو کولتور و شوێنەوارانەی ناو خاكی کوردستان بە دەیان ئەرکیتێکتی جوانی سەردەمەکانی زوو. تێکدانی هەزاران باغ و کانیاو و کێڵگەی کشتوکاڵی و وشك کردنی هەموو سەرچاوە ئابوورییەکان. وێڕای دزینی نەوتی کەرکوک بۆ دەیان ساڵ و هەڵمەتی تەعریب و بەتاڵکردنەوەی ناوچە کوردییەکان لە خەڵكی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنەکانیانەوە .

چوارەم: سەیر لەوەدایە، ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی خۆیان بە دەست پاك و گەندەڵ کار دەزانن ، ڕۆژێك خەلك نەیبینون لەسەر ئەو دۆخە ترسناکە توڕە ببن و هەندیك ڕێوشوێنی جیاواز بگرنە بەر، لەپێناو سنوور دانانێك بۆ ئەو جڵەو بەربوونەی کە لەناو تەواوی کێڵگەکانی ژیانی خەڵکەوە دروست بووە. ئەمەی لەو ئامارەنەدا دەیبینین، تێکشکانی کەسایەتی کوردە بەهەموو پێوەرەکان، کەسایەتیەکی ون، باوەڕ بەخۆ نەبوو، ئاڵۆز و متمانە بە بێگانە، بێ هیوابوون و دیارنەبوونی هیچ ئاسۆیەكی گەش لە دید و بۆچونی تەواوی ئەو بەشداربووانەدا.

لەوانەیە ئەوەی شاردراوەیە و ئێمە نایــبـیـنـین زۆر ترسناك تر و سکانداڵ تر بێت!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت