هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە باش و خراپییانەوە، لە ئێستاو ڕابردوودا، نەک هەر دوژمنی سەرسەختی مرۆڤە سەرکێش و یاخیبووەکانی، بووینە، بەڵکو دوژمنی دارو بەردو، دۆڵ و شاخ و، مزگەوت و قوتابخانەو، ڕێگاو بان و، ئاژەڵ و تەیرو تواڵ و، هەموو جۆرە ژیان و ژیارێک لەم مەملەکەتەی کوردستاندا، بووینە. سەدام حوسێن، نە یەکەم کەس و نە دوا کەسی دوژمن بە ژیارو خاک و خۆڵ و زیندەگی ئەم مەملەکەتە بووەو دەبێت. ئەو؛ لەبەر ئەوەی لەبەر چاوان بووەو لە زیهن و یادەوەریی ئێمەماناندا، زۆر نزیک بووە، بۆیە ئەمڕۆ، لەلای نەوەی ئاڵتونی و زیوینی کورد، بۆتە سیمبوڵێک بۆ وێرانکردن و کوشتن و بڕین.
یەکێک لە کارە قێزەوەن و پڕ لە شەرمەزارییەکانی؛ سوتاندن و وێرانکردن و ڕوخاندنی زێتر لە چوار هەزارو پێنج سەد گوندی کوردستان بوو. (میرەکان)، یەکێک بوو لەم گوندە ئاوەدان و پڕ لە بزاوتە، لە ڕێکەوتی ٢١/٤/١٩٨٧ ، بەر شۆفەڵ و بلدۆزەری ڕژێم کەوت. لە ماوەی یەک دوو کاتژمێردا، بووە وێرانە خاک. ئەوەی ئەم ئامێرە بێ ڕەحمانە دەرەقەتی نەدەهاتن و زەفەرییان پێنەدەبرد، بە دینامێت، تەقێندرانەوە. (میرەکان)، سەر بە شارۆچکەی (قوشتەپە)ی دەڤەری هەولێرە، هەر بە قەدەر دوازدە کیلۆمەترێک، کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتییەوە. ئەو کاتەی کە وێران کرا، (٢٠-٢٥) خانەوادەیەکی تێدا دەژیا. مەکتەب و مزگەوت و بیری ئیرتیوازی هەبوو. یەکێک لە سیما دیارەکانی ئەم گوندە؛ کۆترە زۆرو بێ ئەژمارەکانی (سمایلە باشە)، بوو.
ئیسماعیل عەزیز عومەر، ناسراو بە سمایلە باشە، لە ساڵی ١٩٠٧، لە گوندی (دوکەڵە)ی سەر بە شارۆچکەی قوشتەپە لەدایک بووە. نەخوێندەوار بووە. ڕۆژێک نەچوویتە قوتابخانە و حوجرەکانی خوێندن. لە بەهاری تەمەنیدا، هاوسەرەکەی، کۆچی ئەبەدی دەکات و سمایل و دوو کچەکەی، بە تەنیا جێدەهێڵێت. سمایل، بڕیاری داوە دوای ئەو، لەگەڵ کەسی تر سەر نەکاتە سەر سەرین… تا کۆچی دواییشی کرد، وەفادارو پابەند بوو بە پەیمانەکەی. ناوبراو، دەروێشی شێخ سەعیدی دێلێژەیی، بوو، بەڵام دەروێشی عیبادەت و چاکەکاری و خزمەتکاری تەیرو تاڵ و گۆشەگیری، نەک دەروێشی دەست بە دەف و زەرگ وەشێن. ئەم کابرایە؛ سەرەڕای نەخوێندەوارییەکەی، شاعیرێکی میللی هەڵکەوتووی دەشتی هەولێر بوو. لەگەڵ شاعیرە میللییەکانی وەک سەعیدی سەلیم دۆڵەبەکرەیی و تەها مامەرو حەمەد مەندۆ، ناوی ئەویش هاتووە. لە دوای خۆی، کۆمەڵێک شیعری بە فەرهەنگی لادێنشینان، لە وەسف و ستایش و عەشقی خودایی و داشۆرین، بەجێهێشتووە. سیمایەکی تری بیرتیژیی و ناوازەیی ئەم مرۆڤە ئەوە بوو؛ کە شیعرێکی دادەنا، نەیدەنووسییەوەو لە بیریشی نەدەچۆوە… کە شیعرەکانی خۆی لە مەجلیسان، لەبەر دەخوێندەوە، دەبوایە تەسبێحیشی لەدەست بێت. سەرەڕای عەشقی خودایی و سۆفیگەریی و گۆشەنشینی، عەشقی کۆتر ڕاگرتنیش بوو. بە واتایەکی تر؛ (کۆتر)، یەکێک بووە لە مەعشوقەکانی. خزمەتی دەکردن. دانی بۆ پەیدا دەکردن. لە سەرمای زستان و کەڵبەی پشیلە و دەندوکی کوندەپەپۆ و دارلاستیکی منداڵە هارو هاجەکانی گوند، دەیپاراستن.
بەندە چەندین جار ڕێی بەم گوندە کەوتووە، ماڵ و باخچەو کۆترە زۆرو زەوەندەکانی مام سمایلی بینیووە. ناوهاتی، باخچەیەکی گەورەی لە قوڕو بەرد دروستکراوی لە ناو ماڵەکەی خۆی، لە پەڕگەی گوند، هەبوو. هەموو جۆرە دارێکی بێبەرو بەرداری، تێدا بوو.لەهەر چوار دەوری باخچەکە، دیوارێکی بە قەدەر بەژن و نیوێکی دەستە زەلام، دروست کردبوو. دیوارەکە، سوانەو بانیژەدار بوو. ڕێزاو ڕێزی بانیژەکە، بە چەندین قات، لیس (هێلانە)ی لە قوڕ و تەنەکەو تەختەدار، بۆ کۆترەکان دروست کردبوو… لە ناوەڕاستی باخچەکەشدا، بیرێکی بۆ ئاو هەڵکێشان، هەڵکەندبوو. بیرەکە زۆر قوڵ نەبوو، چونکە کەوتبووە دەم ڕوبارو بەست، هەر هەشت نۆ مەترێک دەبوو. کە دەچوویتە ناو باخچەکە، بە دەنگ و ئاوازی ورشەی گەڵاو دارو دەوەن و بوغە بوغی کۆترە تەمەن جۆربەجۆرەکان و زیکزیکەو دارکونکەرەو چۆلەکە پاساری، سەرسام دەبوویت. بەین نابەینیش، ڕەوە کۆترێک لە شەقەی باڵیان دەداو، لەسەر لیسەکانیان، هەڵدەفڕین. لە هەمان کاتدا؛ ڕەوێکی تر، لە باخچەکە نزیک دەبوونەوەو، هێواش هێواش، لەسەر لیسەکانیانەوە، دەنیشتنەوە… ڕەوە کۆترەکانی مام سمایل، ئاقاری گوندەکانیان ناسنەدەکرد. دەچوونە سەر خەرمانی گوندەکانی؛ ( گۆمەگڕو، کەردز، کەرزۆڕ،ئیلنجاغ، دۆڵەبەکرە، گەڕەشێخان، دووشیوان،کانی بزرە)… لەم گوندانەش دەگەڕانەوە لای بانیێی (خەلیل ئاوڕەحمان)و (کەندار زیندان)و (بەستێ شاقازی )و، لە دوا هەواریشیاندا، لەسەر ئاوی ڕووباری (میرەکان)، خۆیان زگئاو دەکرد، ئەوجا بە ڕەوێکی ئەنداز ئاسا، دەگەڕانەوە.(مام سمایل)، لەبارەی ژمارەو زۆربوونی کۆترەکانی، زۆر جاران دەیگوت؛ (… لە سەرەتاوە، تەنها کۆترێکی تەقڵەبازی ماڵی و کۆترێکی کێویم هەبوو…چونکە دەمپاراستن و سەرم نەدەبڕین، وردە وردە، زۆر بوون و هی تریشیان بەگەڵ کەوتن ، تا گەیشتنە ئەم ژمارە زۆرەی ئێستا کە خۆی لە زێتر لە دوو هەزار دەدات…). چەشن و توخمی هەرە زۆریان (کێوی) شینکەڵە بوون. ناوبراو بێ ئاگا لە دونیای مۆدێرن و شارستانییەت، بێ ئاگا لە بوونی چەندین ڕێکخراوی ژینگەو ئاژەڵ و تەیرو تاڵ دۆستی، ژینگەو تەیرو تاڵ دۆستێکی، کەم وێنە بووە… ئەگەر ئێستا لە دونیای جیهانگەرایی و شارستانیەتدا، چەندین ڕێکخراوی خاوەن پەیڕەو و پڕۆگرام و هەزاران ئەندام، لە خەمی پاراستن و گەشەکردنی ئەماندا بن، ئەوا ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە گوندێکی لاچەپی فەرامۆشکراوی کوردستان، (مام سمایل)ی نەخوێندەوار، بە تەنیا باڵ، بەقەدەر ڕێکخراوێکی (ڕێکخراو)، خزمەتی ژینگەو داروبارو سەوزایی و، پاراستنی کۆترو تەیرو تاڵی کردووە. ئەگەر لە کوردستاندا، ڕێکخراوێکی لەم جۆرە، بوونی هەبێت، دەبێت؛ مام سمایل ئەندامی فەخری ئەم ڕێکخراوە بێت…
مخابن، لەگەڵ تێکدانی گوندی میرەکان، باخچەو داڵان و کۆتربانەکەی (مام سمایل)یش، وێران بوو. کۆترەکان بێ لیس و لانە، سەرگەردان و پەرتەوازە بوون…ئەم جیهانە خۆش و بێ وەیەی مام سمایل، جارێکی تر دووبارە نەبۆوە. ئەو خەڵکانەی دوای تێکدانی (میرەکان)، جاروبار بە پارێزەوە، دەچوونەوە سەر دارو پەردووی کۆنە هەوار، دەیانگێڕاوەو دەیانگوت؛ ناوە ناوە، ڕەوە ڕەوە، کۆترەکان، لە ئاسمانی (میرەکان)دا، پەیدا دەبوون. بەسەر باخچەی ڕوخاو و، لیس و هێلانەی نغرۆ، پێچیان دەکردەوەو، وردە وردە لە قەناتی بیرە ئاوی چیمەنتۆ ڕێژکراو، نزیک دەبوونەوەو دەنیشتنەوە…. بە تێڕامانێکی لوغز ئاسا ، سەیری یەکیان دەکرد. کە دەیانبینی هەمان هەوارە، بەڵام هەمان بوار نییە، بە نابەدڵی، لە شەقەی باڵیان دەداو هاڕژنێکی سیحر ئامێزیان جێدەهێشت و بەرەو شوێن و هەواری نادیار، سەری خۆیان، هەڵدەگرت.
دوای تێکدانی گوندەکانی کوردستان، (مام سمایل)یش، لە گەڕەکی (باداوە)ی هەولێر، لە تاکە ژوورێکی ماڵی یەکێک لە کچەکانی، بە ئاهو حەسرەتی بینینی باخچەو کۆترەکانی، بێ ئومێدانە، ڕۆژە کەمەکانی ژیانی داهاتووی، هەژمار دەکرد. هەر کەسێک سەردانی بکردایە، گوێی لە ئاهی ساردی ئەو دەبوو. زۆر جاران، بێ ئومێدانە دەیگوت؛ ( دەبێت ئەم هەموو کۆترە نازدارو بەستەزمانانە، تەریوی چ مەملەکەتێک و قوژبنی دونیا بووبن ؟!! دەبێت بێ منییان پێوە دیار نەبێت و کێ دان و ئاویان بۆ پەیدا بکات، لە مشووری پاراستنیان بێت؟!). ڕاپەڕین ڕویدا. یەکەم کەس (مام سمایل) بوو چۆوە میرەکان و ئاوەدانی کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان، ژیانی دوور لە باخچەو کۆترو هیواو ئومێد… مخابن، هەر لە چاوەڕوانی و، بە حەسرەتی گەڕانەوەی کۆترەکانی، لە ڕێکەوتی ١/٢/١٩٩٢ دا، لە تەمەنی (٨٥) ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد. بەندە، یەکەم کەس بوو کە هەواڵی کۆچە خامۆشەکەی هەر لەم ڕۆژنامەیە (کوردستانی نوێ) ، ژمارە (٥١)، ڕۆژی ٢٥/٣/١٩٩٢ دا، بە ناوی (ماڵئاوایی سمایلە باشە)، بڵاو کردەوە. دوای ئەمەش وەک وەفایەک بۆ ئەو ڕۆژە ڕابردووانەی کە ئەوم تێدا ناسیوەو کۆمەڵێک یادەوەریم لەگەڵیدا هەبووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، ژییاننامەو بەشێک لە شیعرەکانی، بە ناوونیشآنی ( دەروازەیەک بۆ ناسینی سمایلە باشەی شاعیر)، لە دووتوێی کتێبۆڵکەیەکدا، چاپ کرد.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.