ئەبوبەکر جاف : ئیسكانیەكان كێن؟

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سۆسیۆلۆژیای بێ – شوێن
بوردیۆ لە ئیسكان و سەهۆڵەكە !
شوێن پێكهێنەرێكی سەرەكی سیستەم و ڕێكخستنەكانە . شوێن هەمیشە شوێنێكی مۆنۆپۆڵكراوە لە لایەن ئیدۆلۆژیاو میكانیزمەكانییەوە . ئیدۆلۆژیا كە كەوتە نا شوێنەوە دەبێتە یۆتۆپیا . یۆتپیا هەمیشە وەك پەراوێزێك لە شوێندا حوزوری هەیە . كەواتە پەراوێزەكان بێ – شوێنن لەبەر ئەوەی ناچنە ناو پێناسەو مانا و ئاماژەكانی شوێنەوە . شوێن لە ناو سیستەمدایە , واتە لە ناو زماندایە . زمانی شوێن و شوێنی زمان مەحكومن بە مانا پڕكراوەكانی ( گەمەیەك ) كە ، هەیمەنەی هێزو دەسەڵاتەكان لێیەوە خۆیان بەرهەمدێنن و خۆیان بەرهەمدێنەوە . ئەوەی لەم گوتارە , لەم ماكینەی ( بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەیە ) دەچیتە دەرەوە , بونێكی ڕامكراوی نییە ، سرک و خزو لوس و ھەڵاتووە . دەستەمۆ نەكراوە , بونێكە یاسای هەڵاوێردەو ئیستیسنائی دەوێت . واتە نەسازرارو نەسازێنراو شازە ( بە ڕێساکان ) . ئەم شوێنە ( بێ – شوێنانە) كە ، لە دەرەوەی كایەی زمانەوانی گرامەرو سێنتاکسی باو زاڵدان . بۆ ئەوەی تۆ (تەنێكی غەریب ) بیت ، دەبێت لەو دیو خواست و خوازراوەكانی دەسەڵات و هێزەكانەوە ( بێ شوێنێكی بە شوێنكراو ) بدۆزیتەوە . ئەمەش پانتاییەكە بۆ دەرچوون لە سیستەم . لە گوتار , لە هێز و گەمەی هێزەكان .
ئیسكان , بڕێكی زۆر ىێ – شوێنە , خواردنەكانی ئیسكان , بە پێوە وەستانی ئیسكانیانە , هاتوچۆو ئەمسەرو ئەوسەری ئیسكانیانە , قاوەخانەو چاخانەكانی ئیسكان , ئەو ئەكتەرانەی لە ئیسكانن و ، خەیاڵی ئیسكانییەكان , لە دەرەوەی سیستەم و ڕەفتارێكی نەریت و ڕاهاتوی كولتوری ماڵ و دەزگاو ئۆفیسەكانە . زمان لە ئیسكاندا ناچێتەوە سەر زمانی لقێكی حزبی , مەڵبەندێكی حزبی , مەكۆیەك , زمان لە ( بێ شوێنێكی وەك ئیسكان و سەهۆڵەكەدا ) تەنیا دەچیتەوە سەر ( نایاسیی و نا ڕێسایی ) شوێن , یا ناو شوێن . واتە ڤێرتوێل . ئیسكان و سەهۆڵەكە پەراوێزی مومارەسەكردنی ( ڕاكردنن ) لە سیستەم و شوێنی بەسیستەمیكراو . تەنانەت زەمەنی ئیسكانی , زەمەنی سەهۆلەكە , ناچێتەوە سەر ئەو زەمەنە ( شەرعی و ڕۆتینی و ئیداری ) ـەی ئیۆفیس و شوێنەكانی وەك ئـۆرگانەکانی ناو گوتارو گۆتاری ئۆرگانەكان . ئیسكان لە نا زەمەندایە , وەقتی دەستپێكردنی گەڕان و سەردانییكردنەكان ( پاش ئێوارەو شەوە ) كەواتە , لێرەوە زەمەن لای ئـیسکانییەکان , سەر بە سولالەی زەمەنی رۆِژ نییە .! بەڵام شەوانی ئیسكان ناچێتەوە سەر شەوە ترادیسیۆنەكانی رابردومان . شەوان تا درەنگتر لە ئیسكاندا بمێنیتەوە زیاتر ئیسكاننشینیت . زوو ڕۆیشتەوەو زوو بە جێهێشتنی ئیسكان , ڕێك ئەو ئەكتەرانەمان بۆ دەردەخەن كە دەگەڕێنەوە ناو سیسیتەم . ناو خێزان , بیركردنەوە لەوەی سبەی زوتر هەڵسێت تا فریای دەوام بكەوێت .
ئیسكان و سەهۆڵەكە بە ڕەچەڵەك دەچنەوە سەر ڤێرتوێل تا ڕییال , واتە بوون لە ئیسكاندا ، بوون نییە لە مێژویەك كە مەحكوم و ناچارە بە سیستەم . هەمیشە لە ناو زەمەندا نا – زەمەنێك هەیە , لە شوێندا بێ – شوێنێك هەیە , پەراوێزبووە , ئەمانە شوێن و زەمەنە پەراوێزییەكانن . واتە جێگیر و بەردەوام و وەزیفی نین . بەڵكە ڕاگوزەرو كاتی و نەسازراون , لەم (پەراوێزانەدا ) بڕێك لە تەحقیكردنی خود , بڕێك لە خۆ ئەدا كردن , بوونی هەیە . بڕێکی باش لە ژیانی ھونەریانە ، لە سوبژێکتیڤاسیۆن . ئەو قسەوباسو خواسانەی لە ئیسكاندا دەكرێت لە دەرەوەی گوتارە , یا لە دەرەوەی گوتاری ڕەسمی ئیدۆلۆژییە . ئەو ئەكتەرە ( ئەریستۆكرات و نوخبە سیاسیە ) تەقلیدییەی لە ئیسكاندا هەڵناكەن و ناتوانن بێن . هەرگیز ناتوانن بێن و بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەكی كەمیش بوەستن , بیر لەوە دەكەنەوە كە ئەمان ( نایەنە ناو فەوزاو نا – سیستەم و نا- سیستەماتیزەکراوەوە ، نایەنە بێ – شوێنەوە . ئەگەر بیشیانەوێت بێت , ئەوا چەندین بەربەستی ( هابیتوسی و كایەبەندی ) بوونی هەیە ، كە ناچاریان دەكەن تەنانەت بیر لە ڕۆیشتنیش نەكەنەوە بۆ ئـیسکان ، تەنیا پیاسەیەکی سەرپێیی و ڕاگوزەریی ، کە زیاتر لە نیفاق و نمایشەوە نزیکە .
هیچ هێزێك بیرنەكاتەوە لە مۆنۆپۆلكردنی ئیسكان و سەھۆڵەکە چاڵەكەی كەلارو … شوێنە بێ – شوێنەكانی تر لە شارو شارۆچكەكاندا , ئەم ناشوێنە بە شوێنبوانە سەر بە زمان نین , یا هەر هیچ نەبێت سەر بە زمانی ڕێگە پێدراو شەرعی و ڕەسمی نین . ئیسكان درزیكه‌ ، هیلی هه‌لهاتنه ‌.. هیلی خۆ جیاكردنه‌وه‌یه ‌، سەرمایەو کاپیتاڵێکی جیاوازە بە تێگەیشتنە بوردۆییەکەی ، بڕێکی باد ڤێرتویلە .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
ئەبوبەکر جاف

About ئەبوبەکر جاف