هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

سەرۆک:
ئێستا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی لەئەستۆی تۆدایە !
چارەنووسی هەموو کورد خراوەتە توورەکەو لەبەر هەوێڵی تۆدایە ،
بڕیارو دەسەڵات و بوون و نەبوونی دەوڵەت و بشێوی و ئاشتی لەئەستۆی تۆدایە !
هەژاری و ڕەوشی خراپی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەئەستۆی تۆدایە !
دابڕان و قۆرخ کردن و گەندەڵی و دووئیدارەیی و چەند زۆنیی لەئەستۆی تۆدایە !
هەرچی خراپە هەیە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا هەمووی لەئەنجامی دەسەڵاتەکەی تۆدایە !
هەرچی دەکرێ ، دەبرێ ، دەخورێ ، لەم لا ، لەولا ، هەمووی لەژێر دەسەڵاتی تۆدایە !
بۆیە ئەم پەیامەت پێڕا ئەگەیەنم :
تۆ هیوای دەیان ساڵەی خۆت و خانەوادەو حیزبەکەت هێنایە دی !
تۆو دەورو دایەرەی تۆ لەکەشکەلانی فەلەکدا دەژین لەگەڵ هۆقەباز و ماستاو چیەکانی باڵ و شانەکانی ئەملا و ئەولا دا،
خەڵکی بەشمەینەتیش پێویست ناکات گوزەرانیان بنوسم بۆت، چونکە خۆت زۆرباش دەزانیت چۆنە حاڵیان؟
بۆیە پێم سەیرە کە تۆ خۆت تاکە دەسەڵاتیت و خۆت سازدەری هەموو قەیرانەکانیت و بەویستی خۆت لەپێناو خۆت و ناوی بەرزان و بەرزانیدا هەرچی تائێستا بۆت کراوە کردوتە تا بوویت بە تاکە بڕیاردەر و تاکو تەنها دەسەڵاتدار بەسەر هەموو دامو دەزگاکانی ئەم هەرێمەوە.
هەر هەمووی ئێستا بەیەک فووی تۆ ئەحیا دەبێتەوە ئەگەر ڕاست ئەکەیت !
دەنا سیناریۆی کۆبوونەوەو پرسو ڕا کردن بەلایەن و کەسانی ئینتیهازی، لەسووکایەتیکردن بەواقیعی مەسەلەکە بەولاوە هیچیتر نیە،
زۆر شەرمە کە بۆ کێشەکان تۆ بڕیاری لیژنە پێکهێان دەدەیت!
تۆ خۆت العیاذ بالله لەڕاستیدا بوویت بە ( کن فیکون ) و هەموو شتەکان لای خۆتە، ئیتر بۆ خۆڵ ئەکەیتە چاومانەوە.
توخوا عەیب نیە بڵێی لیژنە بۆ چاکسازی یان بۆ کێشەی هاووڵاتیان و نیشتیمانەکەت دادەنێیت؟
ئاخر ئەوە جەسووری و بڕیاری مەردانەو کتوپڕی و ئەخلاقیانەی دەوێ؟
یان ڕابواردن بەمیزاجی گەلونیشتیمان لەژێر ناوی لیژنەو لێپێچینەوەدا،
کە مێژووتان پڕە لە لیژنەو لیژنەسازی و تائێستاش نەمانبینی لیژنەیەک تاکە ئەنجامێکی هەبێت!
ئێستاش پاش ئەم مێژووە دوورو درێژە خوێناوی و لەیەکتر هەڵجیسکاندنە لێرەوە پێت ڕائەگەیەنم کە کاتی مەرگی بەڕێزتان نزیک بۆتەوە،
جا پێش ئەوەی مردن شەوێک بتخنکێنێ !
تۆ خولیاکانی سەری خۆت بخنکێنەو بەڕاستی وەرە سەر مینبەری شەرەف و نامووسی کوردو کوردستان و خۆت لەهەموو بڕیارە نەگریس و پیسەکانی پێشوو پاک بکەرەوەو ببەرەوە بەو عەبدە خاکیەی خودا کەلەنزیکترین کاتدا دەتخەنە تابووت و دەتنێنەوە خاک، جا با بە خاکی و پاکی بمریت و ڕوو سیای لای ڕۆژی جەزا نەبیت.
قەرزاری هەنسکی منداڵە شەهیدو بێنازی باوکو براکان نەبیت !
لێپرسراوی تۆمەتی بڕیاردانی هیچ شەڕو گەمەیەکی نەگریسی ناوخۆو بەرپرسیاری خوێنی بەهەدەر دراوی هەزاران کوڕو کاڵی جوان و خێرلەخۆنەدیوی کوردستان نەبیت!
بەرپرسیاری قڕو قاتی و بەهەدەردان و لادانی دەیان و بگرە زیاتریش ملیارە دۆلاری سەرخاکو ژێر خاکی خەڵکی وڵات نەبیت!
هەر ئێستا بێرە گۆ!
هەر ئێستا چونکە مردنت نزیکە !
با بەنامەردی و بێویژدانی و بێ ئەمەکو بێ نمەکی نەمریت !
بڵێ:
بڕیارم دا کورد هەموو یەکن وەکو کوڕەکانم!
زۆنی سەوزو نیلی و زەردو سورو سپی تەواو!
حکومەت چیتر حکومەتی من و بنەماڵەی ئێمەو ئەولا نیە!
پێشمەرگە پێشمەرگەی کوردو کوردستانە هی حیزب و کەسو لایەن نیە!
سامانی نەوتو غازو ئاو و کارەبا هی گەلە هی باوکی من و ئەم و ئەو نیە!
پاشەکەوتی موچە چیتر نامێنێ و لەئەمڕۆوە دابین بکرێت!
دادگاو پەرلەمانودامودەزگا یاساییەکان شەرعین و دەبێ لەئەمڕۆوە لەخزمەتی گەلو نیشتیمان و دادپەروەری و یەکسانیدا بن،
بڵێ بەو پەڕی لێبووردنەوە داوای لێبوردن لەخوێنی سەرجەم شەهیدانی کوردو کوردستان ئەکەم،
بڵێ داوای لێبوردن لەتاک بەتاکی کورد ئەکەم
لەو هەموو قەیرانەی بۆمان دروستکردن،
لەو هەموو کێشمەکێشە ناشەریفانەی ڕوویدا لەنێوان ئێمەو هێزەکانی تردا.
بڵێ:
بەو سیفەتەی کە من ئێستا تاکە دەسەڵاتدارو تاکە کەسی بڕیاردەری یەکلاکەرەوەی سەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و ئابوری کوردستانم ،
بڕیارم دا کە هەموو شتێک لەئەمڕۆوە بەبێ دواکەوتن هەموو دامو دەزگاکان لەژێرچنگی حیزب ولایەنەکان دەربهێنرێن و بکرێنە دامودەزگای شەرعی نیشتیمانی ،
چاکسازی لەئێستاوە لەخانوو موڵکو کۆشکو بانقەکانی خۆمەوە هەمووی ئێستا ئەخەمەوە سەر دەوڵەت.
بڵێ :
ماوەی سەرۆکایەتیم لەبەر ئەودۆخە هەستیارە بوو درێژ کردەوە، ئێستا بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی چیتر من خۆم هەڵنابژێرمەوە، باکوڕە ئەنفالو کوڕە شەهیدێک بێتە جێگەکەی من،
ئێمە بۆ ئەم گەلەمان کرد، نەک بۆ کۆشکو تەلارو ملیارە دۆلارو کەشخەیی و قۆرخبازی!
بەمشێوەیە بئاخڤە جەنابی سەرۆک!
ئەگەر ئەڵێی من سەرۆکی کوردستانم!
چونکە سەرۆک بڕیاری مەردانە ئەدات!
بڕیاری یەکلاکەرەوە ئەدات.
ئەگەر دوای ئەم وتارەت هەر کوردێک بڵێ نەخێر بۆ سەربەخۆیی، ئەوا زۆڵەو فڕی بەکوردەوە نیە،
هەرچەند من پێموایە ئەو ناڕازییەی هەیە لەسەر ڕیفراندۆم ، لەسەر ئەدای بێبنەماو نادروستی ئێوەی دەسەڵاتدارە نەک دژی ڕیفراندۆم ، چونکە خەڵک شکی لێتانەو دەزانن کە بۆ مەرامی کەسی و حیزبیە وەکو کارەکانی پێشووتان ، مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات،
ئەگەر ناشیرینیی 26 ساڵی دەسەڵات نەبوایە، یەک کوردیش دژی ڕیفراندۆم نەدەبوو ، هەرچەند ئێستاش نیە، بەڵام دژەکان دژی ئێوەو بڕیارو کردارەکانتانە،
کە لەئاست ئەو هەموو قوربانیدان و خۆبەخت کردنەدا نیە!
دەنا هەر کوردێک حەز بە سەربەخۆیی خۆیی و خاکی نەکات،
ئەوە هەر کورد نیە.
جا بۆیە سەرۆک ! داوات لێدەکەم
بەسەرۆکی بمرە نەک بە خەجاڵەتی !
ئاخر تۆ سبەی دەڕۆیتە بەر دیوانی خودا !
لەو هەموو تۆڵەو سزاو ناڵەی بێکەسانە چۆن قوتار دەبی ؟
ئەی خاکت بەسەر کە لێرە دەیکەن بەسەرتاو لەوێش ئاگر دەدەنە ژێرت !
ئاخر توخوا سەرۆکایەتی یەک ئەمە بێ؟
بۆ چیتە ؟
هەتا کەی بەخەبەر نایەیت ؟
ئەگەر من دۆسیەیەکم لەوێ هەبێ ؟
تۆ هەزار ،
ئەگەر من گوناهێکم کردبێ ؟
تۆ بێ شومار ،
ئەگەر من نەفسێکم کوێر کردبێ ؟
تۆ بێ ئامار !
ئەگەر من دەسەڵاتم نەبووبێ ؟
خۆ جەنابت دەسەڵاتدار !
ئەگەر من توانام نەبووبێ ؟
خۆ جەنابت ملیار دار ،
ئەگەر من هێزم نەبووبێ ؟
خۆ جەنابت سەد هەزار !
لەهەموو شت هەتە بە ملیۆن و بەملیار ،
چیتر ناینۆشی ئەی سەرۆکی قوماندار !
ئەڕۆی ئۆغر ئەکەی نایەیتەوە بەیەکجا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت