خەباتی ئینسان بە درێژایی مێژوو لە هەر شوێنێکی دنیادا بە پلەی یەک دژ بە دەسەڵاتدارێتی سیاسی هەژمونگەر ” کە تەواوی کایەکان شوێنکەوتە و ژێرهەژمونی دەسەڵاتدارێتی سیاسین” بەسەر کۆی ژیاندا و دواتریش و بەشێوەیەکی لاوەکی دژ بە ئایدیای باو و باڵادەستی ئایدۆلۆژی و دینی و کۆمەڵایەتی بووە لە پێناو باشترکردنی ژیان و فراوانترکردنی ئەگەرەکانی گەشەکردنی زیاتری ژیاری و وجودیی خۆیدا.
دینامیکیەتی ژیان لەهەر کۆمەڵگایەکی سەر ئەم هەسارەیەدا، کە دەڵێێن دینامیکیەتی ژیان لەهەر کۆمەڵگایەکدا خۆبەخۆ مانای دینامیکیەتی ژیانی ئینسان دەگرێتەوە، وایکردووە هەمیشە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری و نوێبونەوە کراوەتربن” نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دەتوانین بڵێین حەتمیش بن”. لێرەوە هەر چەقبەستنێک یان داگەڕانێک بەرەودوا دژ بە ڕەوتی دینامیکیەتی ژیان بووە، ئیتر ئەمە خۆی بووەتە زەمینەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی، یاخیبوون و شۆڕشەکان.

سەدەی بیست … کاپیتالیزم
ئاشکرایە سەدەی بیست، سەدەی خێرا گەشەکردنی کاپیتالیزمە “هەڵبەت دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە کاپیتالیزم بەرئەنجامی ڕەوتی بەرەوپێشەوەچونی مێژووی ئینسانە” وەک سیستمێکی لەدایکبوی نێو هەناوی مۆدێرنیتی. خۆرئاوا کە زادگەی مۆدێرنیتی و بەها گەردونیە بنەماییە ئینسانیەکانە، بەهەمان شێوەش زادگەی سەرهەڵدانی کاپیتالیزمە وەک سیستمێکی ئابوری سیاسی کە دواترلەبەرئەنجامی بڵاوبونەوەی تەکنیک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و دەزگا کۆمەڵایەتیە مۆدێرنەکانەوە بە سەرانسەری جیهاندا لەسەدەی بیستدا سەرمایەداری بوو بە سیستمێکی جیهانداگر و لە نزیکەی دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیست و ئەم سەرەتایەی سەدەی بیستویەکیشدا دەرکەوتن و پەرەگرتنی نیۆلیبراڵیزم و باڵادەستبونی بەسەر سیاسەت و ئابوری جیهاندا. سیستمی ئابوری سەرمایەداری بەنێو هەموو کۆمەڵگاکانی دنیادا بڵاوبووەوە بێئەوەی نۆڕم و بەها گەردوونیە ئینسانیەکانی بەرهەمهاتووی مۆدێرنیتی و جێگیربووی نێو سیستمی سەرمایەداری خۆراوایی لەگەڵ خۆیدا بگوازێتەوە.

دۆخی ئێستای جیهان
ئەگەر نیگایەک لە دۆخی ئێستای سیاسەت و ئابوری جیهان بکەین، دەبینین کە جەنگ و نائارامی نزیکەی تەواوی دنیای گرتۆتەوە، هاوشانی داکەوتنی بەشی زۆرینەی ئینسان لە کۆمەڵگاکاندا بەرەو بێبەشی و دەستڕانەگەیشتن بە هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی و بارودۆخی ژیانێکی هاوچەرخانە و هەژاربونی بەشێکی گەورەتری مرۆڤ لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا بەڕاددەی بێبەشبون لە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕووت. بەتەنیشت ئەمەشەوە فراوانتر بوون و گەورەتربوونی هەرڕۆژەی گاپی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی سیاسی “کە گروپ و بازنەیەکی زۆر بچوک و بەرتەسکی هەر کۆمەڵگایەک پێکدەهێنن” لەلایەک و سەرجەمی خەڵك لەلایەکی تر لە هەر کۆمەڵگایەکدا. دیسانەوە بە ووردبونەوە لە شوناسی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی سیاسەت ئاڕاستە دەکەن و نەخشە و هێڵی پەیوەندی و ململانێکان دەکێشن، بە ئاسانی تێدەگەین کە لەهەر کاتێکی ڕابردوو زیاتر بەها ئینسانیە گەردونیەکان و ماف و ئازادیە تاکی و بەکۆمەڵەکان لە تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا لە ژێر هەڕەشە و پێشێلکاریدان ئەمەش بەهۆکاری هەرچی زیاتر باڵادەستبونی بزوتنەوە شۆڤێنیست و ڕەیسیستەکان و هێزە پۆپۆلیستە دینی و ناسیۆنالیستەکانەوە.

چ ڕێگەیەک!
لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ئەم ڕۆژگارانە، شاهیدی هەڵکشانی رۆژبەڕۆژ زیاتری هێزە ڕاستڕەو و ئیکستریمستەکانین، هەروەک چۆن لە خۆرهەڵات بڵاوبونەوەی پەتای مەزهەبی و دینی گەیشتوتە ئاستێکی ترسناک و هاوتەریب لەگەڵ جەنگە نەژادی و ئیتنیکیەکان. ئایا هیچ ڕێگەیەکی دی نیە و تەنها ڕێگەچارە بەسەرا خۆهەڵدانە بۆ نێو ئەو زەلکاوی ململانێ توندەی فەندەمێنتالیزمی دینی و ناسیۆنالیزم خولقاندویانە؟ ئایا بۆ ئەو دۆخەی ئەم ناوچەیەی خۆمان “کوردستان بە وڵاتانی دەوروبەریەوە” و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بە گشتی تێیکەوتوە و هەر ڕۆژ توندبونەوەی زیاتری مڵملانێی مەزهەبگەرایی و ناسیۆنالیستی پەڕگیر و شۆڤێنیزم و ڕەیسیزم چ ڕێگەیەکی دەربازبون و چ پەناگایەکی فیکریی ئینسانی هەیە و چ بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەتوانێ وەڵامدەرەوەیەکی جدی بێت؟

مارکسیزم وەک بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی کۆلێکتیڤ
لەسەدەی بیستدا لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا و تایبەتتریش ئەوروپیەکاندا لەبەرامبەر شەپۆلی نازیزم و فاشیزم و ناسیۆنالیزمی پەڕگیر، ڕەوتی چەپ و مارکسیزم وەک وەڵامدەرەوەیەک شانۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوکاتەی کۆمەڵگاکانی ڕەنگکردبوو. مارکسیزم و چەپگەرایی وەک فەلسەفەیەکی ئینسانی و لەسەروی دین و نەتەوە و ئیتنیکەوە، هەم ڕەخنە و ناڕەزایەتیەکی قوڵ لە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و ململانێ توندەکان و دابەشکاریە کێشەدارەکان و هەم ئەڵەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ لە ئاست کاپیتالیزمدایە.
بەشێکی زۆر لە قوتابخانە فەلسەفیەکان و فەیەلسوفانی سەدەی بیست یان ژێرکاریگەری مارکسیزم بوون وەک کۆمەڵناسان و فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفانی فەڕەنسی، جا یان لە بەشێکی ژیانیاندا لەگەڵ هێزە مارکسیستەکاندا ئەکتیڤیست بوون یان لایەنگری ناڕەزایەتیە جەماوەری و بزوتنەوە چەپگەراکان بوون. بۆیە ئەم دۆخەی ئێستا ئەم ناوچەیەی خۆمان و جیهان بەگشتی پیایدا تێپەڕدەبێت، تەنها بە ڕێگەی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی مارکسیستی و دروستبوونی بەرەی فراوانی جەماوەری چەپگەرا ئەگەری تێپەڕاندنی هەیە. هەڵبەت کە دەڵێین بەرەی فراوانی جەماوەری چەپ، مەبەست لە دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێکی چەپگەرای فراوانی جەماوەریە، کە ئەم بیرکردنەوە کۆلێکتیڤە مارکسیستیە ڕێگەبگرێت لە هەڵکشانی هەرچی زیاتری ڕەوتە شۆڤێنی و ڕەیسیستی و بزوتنەوە دینی و ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستە توندڕەوەکان. وە هەروەها ئەگەری ئەوەش بێنێتە بەردەم کۆمەڵگا کە کاپیتالیزم بە گشتی و دەسەڵاتدارێتیە سیاسیەکان بەتایبەتی ناچاربکەن بە ڕیفۆرمی ئابوری و گەڕاندنەوەی هەلومەرجێکی باشتری ژیان بۆ ئینسانەکان. واتا ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت بیڵێین بیرکردنەوەیەکی مارکسیستی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی چەپگەرا گەرەنتی هەم پاشەکشەکردنی هێزە دینی و ناسیۆنالیستە پەڕگیر و شۆڤێنیستەکانە، هەم باشتر بوونی هەلومەرجی ئابوری و دۆخی ژیانی کۆمەڵگایە بۆ ژیانێکی هاوچەرخانە و مرۆڤانەتر. ئەمە بۆ ئەم ناوچەیە و جیهانیش بە گشتی ڕاستە. بۆیە ئێستا دۆخی کوردستان و ئەم ناوچەیە کە بەشێکن لە دۆخی جیهانی هەم وەک پێویستیەک، هەم وەک ئەگەرێکی بەهێز لە بەردەمی مارکس و مارکسیزمدایە.