هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەگەڵ ئەوەی هیچ ئومێدێکم لەسەر سیاسەت و ستراتیج و فیگەرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵنەچنیوە و بگرە بە لەمپەرێکی گەورەم زانیوە بۆ ڕسکان و فۆڕمیولە بوونی بزووتنەوەی سیاسی و هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێ “ئەمە لە وتارێکیتردا ڕوونی دەکەمەوە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دانی پێدا دەنێم هەم هەندێ کاراکتەری سیاسی “هەرچەندە زۆر کەمیش بن” لە نێو هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا وایانکردووە بزووتنەوەکە تا ڕاددەیەک لە نزیک خەڵکەوە بێت و بۆ هەندێ قۆناغ هەندێ خەم و ئامانجی خەڵک لەخۆی بگرێت، هەم تا ڕاددەیەک توانای وەستانەوە بەڕووی دەسەڵاتە میلیتاریستی و ئۆلیگارشیەکەی پارتی و یەکێتی هەبێت.
ئەوەی دەمەوێت ئێستا بیڵێم قسەکردن نیە لەسەر سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان، بکەرەکانی و ئامانج و ڕابردووەکەی، بەڵکو قسەیەکی کورت کە دەمەوێ بیکەم لەبارەی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوەیە.
هەڵبەت ئەوە دەزانم کە کارنامە و سیاسەت و پڕاکتیزەی سیاسی، هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتەنها بە بکەرەکانی و بڕیاردەرانیەوە نەبەستراوەتەوە. هەروەک چۆن شوناسی بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەنها لە بەرنامە و پڕۆگرامی سیاسی و دروشم و شیعاراتدیشدا کورتناکرێتەوە. شوناس و چییەتی هەر هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی شاندادەداتە سەر سێ تەوەر و سێ پایەی سەرەکی و بنەڕەتی، کە ئەوانیش:
1- پڕۆگرام و بەرنامەی سیاسی: بۆچون و باوەڕە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کلتوری و فەرهەنگیەکانی ئەو هێزە یان ئەو بزووتنەوەیە کە وەک مۆدێلێکی جیاواز لە کۆی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دی، پێشنیاری دەکات بۆ بەردەمی خەڵک و کۆمەڵگا. هەڵبەت ئەمەیە کە ڕەنگڕێژی گوتاری سیاسی و میدیایی و تەنانەت دروشمەکانیشی دەکات.
2- بکەرەکان: لە نێو هەر هێز و بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت و فەرهەنگی و کلتوریشدا، وە بە گوێرەی نزیکەی هەموو کۆمەڵگاکان و بە نزیکەی هەموو سەردەمێکیش، ڕێبەر و بڕیاربەدەستانی هەر هێزێک ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبووە و فاکتەرێکی بەهێز بووە لە دیاریکردنی شوناس و چییەتی ئەو هێزە و پێگەی، بە گوێرەی پلەبەندی نەوەکانی “جێنێرەیشن” کۆمەڵگایەک و هەروەها دیاریکردنی ئاڕاستەی ئەو هێزە و هەڵوێستەکانی. هەروەها دیسانەوە دەسەڵاتداران و ڕوخسارە دیارەکانی هەر هێزێک ڕاددەی پابەندیی و ناپابەندیی هێزەکە تا ڕاددەیەک دیاریدەکەن بە بنەماکانی دروستبوونی و ئامانج و ستراتیجەکانیەوە.
3- پڕاکتیزەی سیاسی: شوناس و چییەتی هەر هێزێک بە تەنها لە بکەران و بنەما تیۆریەکانیەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەو هەڵوێستە سیاسیانەیەوە، لەو کار و کردەوە ڕۆژانەییانەوە خۆی مانیفێست دەکات کە بە گشتی ئەو هێزە لە نێو کۆمەڵگادا بەرجەستە دەکەن، هەم بە تایبەتی و دیاریکراوی هەڵوێست و کار و کردەوەی بکەر و فیگەرەکانی چ لەسەر ئاستی فەزای گشتی و لە پەیوەند بە خەڵک و ژیانی ئاساییەوە، چ لە پەیوەند بە هێزەکانی ترەوە، هەروەها چ لە بەرخوردی بکەر و فیگەر و هەڵسوڕاوانی ئەو هێزەوە بە کایە جیاوازەکانەوە لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتدا.

هەڵبژاردن وەک دەروازەیەک بۆ پاشەکشە یان نوێبوونەوە
ئەوەی لە پەیوەند بە هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەمەوێ بیڵێم تەنها لەسەر ئاستی خاڵی دووەمە “واتا بکەرەکان”. لای هەموان ئاشکرایە بەشێکی زۆر لە بکەر و ڕێبەرە سیاسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوانە پێکیان دەهێنا کە پێشتر لە نێو یەکێتیدا بوون و لە ئاستی بڕیار و سەرکردایەتیدا بوون “چ پێشتر لە نێو یەکێتیدا و چ دواتریش لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان”. ئێستا لە قۆناغی دوای نەوشیروان موستەفادا “هەڵبەت لە قۆناغی نەوشیروان موستەفادا، کەسێتیی بەهێز و هەژموونی سیاسیی نەوشیروان موستەفا ڕێگر بوو لە هەر ململانێ و کێبڕکێیەکی سیاسیی نێوخۆیی لە نێو بزووتنەوەی گۆڕاندا” لە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بزووتنەوەی گۆڕان قۆناغێکی هەستیاری خۆی دەژی، کە ئەویش پڕۆسەی دیاریکردنی شوناسی ئەم هێزەیە ” لەسەر ئاستی بکەر و بڕیاربەدەستانی – واتا خاڵی دووەمی سەرەوە”، بەوەی ئایا ئەم بزووتنەوەیە بڕیار دەدات ڕوخسارێکی تەقلیدی و شانداداو لەسەر تەمەن و ڕابردووی سیاسی و ڕەوایەتی شۆڕشگێڕی و خەبات بۆ خۆی دابنێ، یان بڕایار دەدات کە ڕوخسارێکی سیاسیی ئەکادیمی و دانیشگاییانەی نوێ بۆ خۆی دابنێ کە پشتئەستوور نەبێ بە ڕەوایەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی چەکداریی شاخ ” کە لە دوای ڕاپەڕینەوە بیانوویەکی هەرە گەورە و بەهێزی مۆنۆپۆڵلکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و ئیداری کۆمەڵگای ئێمە بووە بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەکی زۆر بچوک و بازنەیەکی بەرتەسک”. لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی جڤاتی گشتی و جێگرەکەی بە قازانجی ئەو نەوە خوێنەوارە دانیشگاییە نوێیە نەبوو کە ئیمکانی شوناسێکی نوێ و مۆدێرن دەدات بە بزووتنەوەکە. هەروەها ئەوەش کە لە ململانێ و کێبڕکێی ڕێکخەری گشتیدا ئەوە نەوە نوێیە غائب بوو، تەنها دوو فیگەر کە پێشتر لە م.س یەکێتیدا بوون و دواتریش یەکێکیان پاشەکشەی لە پرۆسەکە کرد دەبێتە خاڵێک کە لە خزمەتی بەخشینی ڕوخسارێکی نوێ نیە بە بزووتنەوەکە. ئەوەی ماوەتەوە کێبڕکێی کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکەیە بۆ دیاریکردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن کە لێرەدایە کێبڕکێی نێوان ئەو دوو نەوەیە.
بەبڕوای من بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسیی جیاواز لە حزبە تەقلیدی و خۆژیێن لەسەر ڕابردووەکان، ببینین پێویستە دەنگدەرانی نێو بزووتنەوەکە بە هوشیاریەکی سیاسیی کەمێک ئاست بەرزتر لە هۆشیاری سیاسیانەی تەقلیدی و جێگرتوو لە نێو کایەی سیاسی کوردستاندا، دەنگی خۆیان ببەخشن بە ڕوخسارێکی سیاسی نوێ بۆ بزوتنەوەکە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە