هاوکارییەکەت ئەمەیە: کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو، ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە.

١

لەو مانگەدا بۆتە دیاردە چ روپەڕی رۆژنامەکان و چ چالاکی دیکەی هەمەجۆر بەیادی بەدناوی کارەساتی ئەنفال زیاتر ئەو قۆناخە خوێناویەی مێژوەکەمان باس بکرێ. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ بیخەمە بەرچاو دوو رەهەندی قانونی و دیینییە کەڕەنگبێ ببێتە مژارێک بۆ تاوتویکردن .

هەنوکە زۆر باس لەوەدەکرێ کە ئەو کەسانەی دەستیان لە  تاوانی ئەنفالەکاندا هەبووە بە موستەشار و مەفرەزە تایبەتیەکان و کەسانی دیکەش بەگوێرەی قانون بگیرێن، ناوەکانیان لەسەر روپەڕی رۆژنامەماکان بڵاودەکرێنەوە.  ئاماژە بە بڕیاری دادگای ئەنفال و نوێنەری داواکاری گشتی ئەملاوئەولا دەکرێ کەچی لەڕاستیدا بەکردەوە دادگایەکی وەک ئەوەی ئەنفال بۆ ناوبراوان نەهاتۆکایە، ئەمەش توڕەیی خەمخۆرانی زیاتر کردووە.

ئەوەی راستی بی خودی بڕیارەکانی دادگای ئەنفال بڕیارگەلێک نەبوون دەرەقەتی تاوانی جینۆساید بن، چونکە بەگوێرەی قانونێک پێواژۆکەی راییکرد کەتەنها تاوانەکە بەرۆکی چەند کەسانێکی تایبەتی گرتەوە. لەبەرئەوەی قانونەکە تخونی کەسی قانونی نەکەوت( وەک دەوڵەت، حکومەت، وەزارەتێێکی دیارکراو، حزب، دەزگایەکی دیارکراو) بۆیە رەهەندی جینۆسایدانەی لەخۆداونکرد، ‌هەرچەندە لەسەر کاغەزیش  وەک ناهێنان تاوانەکەی پێوێناکردبێ.

ئەوەی من مەبەستمە رەگەزی ئیرادە و ئەنقەست بوونە لەتاوانی جینۆسایددا چونکە چەقی بازنەیە. واتە دەبێ بیرۆکەیەک لەپشتی قڕکردنی بەکۆمەڵەوە هەبێ، بیرۆکەکەش وادەخوازێ رێکخراوبێ. بەواتایەکی دیکە ئەنفال کەتاوانێکی جینۆسایدە بەتەنها بەوکەسانەی کە دادگاییکران نەکراوە؛ بەڵکو پانتاییەکی فراوانتری لە سیستمی سیاسی و دامەزراوە حزبی و حکومییەکانی رژێمی بەعسی گرتەوە. کەچی قانون و دادگاکە تەنها بەرۆکی چەند کەسێکی گرت ئەویش بەسیفەتی کەسایەتی خۆیان نەوەک ئەرک و فەرمانڕەواییان. بەمە بەرای من غەدرێکی زۆر لە پرسی ئەنفال و پاشماوەکەی و کراو کێسەکەشی  نەبردە بوارێکی بەرفراوان کە بەقەد سەنگی تاوانەکە قوڕس بێ.

ئیدی هەر لەڕوانگەی ئەو سەرەداوەی سەروو داوای دادگاییکردنی هەرکەسێکی دیکە لەپرسی ئەنفال بکرێ، هەقە سەرەتا دەسکاری خودی قانونەکە بکرێ، یان بەگوێرەی قانونێکی دیکەوە بێ. بێگومان ئەمەش بۆ ئەوەی بە تەنها کەسی سروشتی نەگرێتەوە.

ئەمە لەسەرێک لەسەرێکی دیکەشەوە کاتێ تاوانی جینۆساید بەگوێرەی ماددەی سێهەمی رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکە لێکبدەینەوە ئەوا دەبێ توخمی ئیرادە و مکوڕبوونی پێشوەخت بەسەر کردەی تاوانباراندا زاڵ بێ کە بەتەمای چین وچیان لەبن کڵیشەدایە.

 لێرەوە لەباسی ئەنفالدا  تاوانەکە لەڕوی ئەوانەی پێیهەڵساون (بەرامبەر بە قوربانیان وەک نەتەوەو خاک ) دوو روی هەیە: یەکەمیان دەسەڵاتدارانی بەغدای ئەوکات، بێگومان حوکم بەدەست عەڕەبە سوننە بەعسیەکانەوە بوو. گەر بازنەکە بە پرسی نەتەوەیی و زمانەوە گرێبندەین ئەوا دەبێ بڵێین دەسەڵاتدارە عەڕبە بەعسییەکان یان بەعسیە عەڕەبەکان. روی دووهەمیش هەمو جاش و کرێگرتەکان کە کورد بوون.

ئەوەی گومانی تێدانەبێ سەبارەت بەیەکەمیان مەبەست، قڕکردنی کورد بوو، واتە ئیرادە و مەبەست بۆ کارێکی نەخشەبۆکێشراو و بیرۆکەیەکی رەگەزپەرستانەی دەگەڕایەوە، ئەمەش دەقاودەق وەک لە ماددەی سێهەمی رێکەوتنامەی نەهێشتن و سزادانی تاوانی قرکردنی بەکۆمەڵ بوو. بەڵام پرسی قانونی لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەمان پێودانگیش بۆ موستەشارو مەفرەخاسە و رەفیق حزبیەکانی دیکە کەسەر بە نەتەوەی  قوربانیە ئەنفالکراوەکان بوون، دەستدەدا؟. بێگومان هەویری دەمەتەقێیەکی وا، ئاوی زۆر هەڵدەگرێ. بەڵام ئەوەی وەک رۆژی روناک رۆشنە گەر وەسفی تاوانەکە  لەسەر ئەوان بشگۆڕێ وەلێ سزا و جۆری سزایەکە ناگۆڕێ چونکە هاوبەشن لەتاوانەکەدا. رەنگبێ تەنها وێناکردنە قانونیەکە بگۆڕدرێ لە جینۆسایدەوە بۆ تاوانی دژە مرۆڤایەتی یاخود تاوانی بەئەنقەست کوشتن.

ئەم پرسە هەقە ئاوڕێکی جدیی لێبدرێتەوە و قانونزان و رۆشنبیران زیاتر تاوتوێی بکەن، بۆئەوەی بانەکەی تەسک بکرێتەوە، تاوانباران لێی قوتارنەبن.

ئەوەی لایەنێکی دیکە کە تێهەڵکێشە لەپرسی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال و زۆر جاریش باسکراوە، لێبوردنە گشتییەکەی بەرەی کوردستانییە لەسەروبەندی راپەڕینە مەزنەکەنەدا. بەرسڤە قانونیەکە بۆ ئەمە رەنگبێ ئەوەندە زەحمەت نەبێ، هەرهیچ نەبێ لەرویی تیێۆریەوە، چونکە لێبوردنەکە گشتی بووە، بۆ تاوانێکی دیاریکراو پێشتر روداو نەبووە، بەڵکو چەترێک بووە بۆ کۆدەنگییەکی نەتەوەییی دژی دەسەڵاتدارانی بێگانە، هەروەها بۆ ئەوە بووە کە ئەو بەکرێگیراوییە هەنوکەییە(مەبەسەت سەروبەندی راپەڕینە) ببوردرێ. بەڵام لەهەموو قانونەکانی دنیادا وەک سەرەتایەکی عەدالەت چەسپێن دەگوترێ ئەوانەی دەستیان بەخوێێن سورە ، نابێ لەبازنەی سزا دەربچن.

سەرباری ئەوەش هەقە ئاماژە بە رێکەتنامەیەکی نێودەڵەتی ساڵی ١٩٦٨ی نەتەوە یەکگرتوووەکان بدرێ کەپێ لەسەر پرسی دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانەکانی جەنگ، دژە مرۆڤایەتی و و جینۆساید دادەگرێ؛ بەوەی بەسەرداتێپەڕینی زەمەن کار لەوەناکا تاوانباران وەک بەرزەکی بانان لێیدەرچن. رێکەوتننامەکە سێ هۆکاری سەرەکی دەهێنێتەوە بەوەی کە تاوانە ناوبراوەکان تاوانی کوشندەن، تاوانگەلێکن سزادان بۆ ئەوەیە تاکو جارێکی دیکە دووبارە نەبنەوە، هەروەها مشورخواردن وترسی مرۆڤایەتی بۆ دوووبارەنەبوونەوەیان… خۆ نمونەی جوەکانیش زۆر زەق و زیندووە کەپاش  ٢٠ساڵ دوای ئەدۆلف ئایخمان کەوتن و لە ئامریکای لاتین دۆزیانەوەو هێنایان و لە ئیسڕائیل دادگایان بۆ هەڵخست.(بۆ وردەکاری بابەتەکە بڕوانە کتێبی وەرگێڕدراوی نهێنییەکانی مۆساد).

بێگومان دامەزراندنی دادگایەک بۆ ئەنفال کەهەمو توخمەکانی پەیڕەوکردنی رێکەوتنامەی ١٩٤٨ی نێودەوڵەتی بۆ رێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید لەخۆبگرێ، زەمینەیەکی لەباری دەوێ و لەسەروی هەموشیەوە ئیرادە و دەسەڵاتێکی باڵا کەمکوڕ بێ لەسەر گەیاندنی پەیامی سزادانەکە. ئەمەیان تائێستا بەدادگای ئەنفالی عیراقیشەوە نەهاتۆتە دی. بۆیە دەکرێ بەتایبەتیش بۆ سزادانی تێوەگلاوانی نێوخۆ( هاوکارانی دامودەزگاکانی رژێمی بەعس) هەنگاوێکی دیکە وەک سەرەتا بگیرێتەبەر کە رەنگبێ ئاسانتر بێ.

ئەوە ئاشکرایە بەگوێرەی قانون هیچ کەس بەتاوانبار داناندرێ تا دادگا ساخی نەکاتەوە کە تاوانبارە و حوکمی بەسەردا نەدا. ئەمە سەرەتایترین بنەمای دادوەرییە. ئەوەی دەربارەی کێیسی ئەنفال بەتایبەتیش تێووگلاوانی نێوخۆیە، تائێستا نەک هەر نەچوونەتە دادگا بەڵکو ژمارە و شوێنیشیان دەقاودەق دیارنیە ج جای حوکمی دادگا. ئەوانە تائێستا لەبەردەم رای خەڵک تاوانبارن نەوەک دادگا؛ هەروەها لەبەردەم ویژدانی خۆشیان (ئەگەر ویژدانیان  نوزەی تێدا مابێ).

سەبارەت بەکێشەی هاوشێوە و نزیک لە ئەنفال، لە جیهانی هاوچەرخماندا روداوگەل هەبوون. ئەوان هەندێ جار رێوشوێنی لۆژیکیانەیان گرتۆتە بەرو چارەسەریشیان کردووە. بۆنمونە ئەو جۆرە کێشانە لەجیهاندا بەپێی دەڵەتان تا هەنوکە ٢٢ کێسی و لەوجۆرە هەبوون کە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەسەر ئاستی باڵا بەڵام زیاتر سیاسی و کۆمەڵایەتیانە(تائەندازەیەکی زۆریش تێ‌هەڵکێشی قانونی) بەمەبەستی گەیشتنە دەرەنجامی دادوەرییەکی گشتی (نەتەوەیی) نەوەک تەنها تایبەتی، ٢٢ لیژنە بەناوی جیاجیا پێکهاتوون. کاری ئەو لیژنانە زیاتر چارەسەرکردنی ئەو جۆرە کارەسات و قەیرانە نەتەوەییانە بوون کە هەندێکیشیان زادەی قەیرانی شەڕی ناوخۆ بوون.

من دەمەوێ لێرەدا تەنها ئاماژە بەیەک وڵات و دەرەنجامی یەک لیژنە بکەم، کەدەکرێ  بەرچاومان رۆشنبکاتەوە ئەویش “لیژنەی راستی و ئاشتبوونەوەی” کۆماری باشوری ئافریقایە.

دوای سەرکەوتنی رەشپێستەکان و ئازادکرانی نیلسۆن ماندێلا و هەڵبژارنی دیموکراتیانە؛  بۆ لەگۆڕنانی تراژیدیای رژێمی ئەپارتاید(جیاکردنەوەی رەگەزی) کۆمسیۆنێکیان دروستکرد؛ مەرجی سزا و لێبوردن لەتاوانبارانیان پەیوەندیدارکرد بە ددانان و باسکردنی راستیەکان وەک خۆیو تۆبەکردن؛ ئەمەش لەسەرێکەوە بۆ ئەوەی مافخوراوان و گەل لە گۆشە تاریکەکان بێ ئاگا نەبن، دووهەمیش بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکە بێتە بەڵگەنامەیەکی نەتەوەیی و جارێکی دیکە ئەو جۆرە خۆفرۆشتن و تاوانانە ئەنجام نەدرێنەوە.

تۆ بڵێی هەوڵدان بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتمەندی ئاوا بۆ پرسی ئەنفال سودمەند نەبێ؟

هاوکارییەکەت ئەمەیە: کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو، ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە.