هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

[بۆ یەکەم جار دەقی تەواوی چاوپێکەوتنەکە لە رەهێلپۆست بلاودەبێتەوە]

لە ٢٥ مانگی رابردوو، رۆژنامەنووسیكی بەرێزی رۆژنامەی ئاوینە پێوەندی پێوە کردم بۆ جاوپێکەوتنێک دەربارەی پرسی سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و دەستوورو ئەگەری خۆ کاندیدکردنەوەم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. پرسیارەکانی بە نووسین بۆ ناردم و هەر بە نووسین لە ماوەی رۆژێکدا وەلامم دایەوە. لەو کاتەوە چەندی جار پێوەندیم کرد تا بزانم چاوپێکەوتنەکە چی بە سەر هاتووە؟ دوایی لە لایەن ئەو برادەرەی چاوپێکەوتنەکەی کرد ئاگادارکرام کە بلاونەبۆتەوەو رەنگە بلاویش نەبیتەوە؟ ئەو هیچ هۆکارێکی بۆ بلاونەکردنەوەی نەبینی ئەوە نەبێت کە رەنگە لە بەر باسی ‘کۆیلایەتی مووچە و کۆیلایەتی بوردجە ‘ بێت لە وەلامی پرسیارێکدا. دوای ئەوە چەند جار بە ئیمەیل پێوەندیم بە رۆژانامەکەو بەرێز سەرنووسەرەکەیەوە کردو هیچ وەلامێکیان نەدامەوە. چێگای سەرسورمان نییە و ئەوە یەکەمجار نییە بابەتەکانی من ئاوایان بەسەردێت، بەلام جێی داخ و نیگەرانییە کە رۆژنامەگەری کوردیی ئاوا بکەوێتە ژێر رکێفی دەسەلاتەوەو هێشتا کەسانێک هەبن باوەر بەوە بکەن میدیای ئازاد و سەربەخۆ لە هەرێمی بەربەرستاندا هەیە. لە خوارەوە تەنیا وەلامی دوو پرسیار بلاو دەکەمەوە دوایی وەلامەکانی تریش .

* ئاوێنە: ئایا بەڕێزتان لەکەل ئەوەدان سیستەمى سەرۆکایەتى هەریم بەرلەمانى بیت یاخود سەرۆکایەتى ؟ وە بۆجى ؟

براگیان ئەمانە تاکەی دەڵینەوە؟ ئەمانە بابەتی کاتکوشتن و میللەت هەلەخەلەتاندن ولاپەڕەی رۆژنامە پڕکردنەوەو شاشەی تەلەفزیۆن قەڵەباڵغ کردنن. یەک سسیتم هەیە هەموو بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە پێی رازین. دەمێکە ئەو سسیتمەم دەستنیشان کردووە. بۆتە سسیستمی [ستاتسکۆ] واتە باری باو، ئەمری واقیع. ئەویش سیستمی کۆیلایەتی یە و لە سەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزراوە:

کۆیلایەتی مووچە و کۆیلایەتی بودجە

١. کۆیلایەتی مووچە: واتە خاک [ سامان، سەرچاوەی سروشتی، بودجە،کار، بازار] ملکی بنەمالەو حیزبەو خەلک رەعیەتن، کڕێگرتەو مووچەخۆری ئەو دەسەڵاتەن. دەبێ ئەوە قبوڵکەن کە کۆیلەی دەسەلاتی بنەمالەیی حیزبین. خۆیان ببنە چاودێرو رەقیب بە سەر خۆیانەوەو لە خەت لانەدەن تا نانیان نەبڕدرێ یان بەشیان لە گەندەڵی کەم نە بێتەوە. زۆر لەو توێژەی پێیان دەلێن رۆشنبیر لە پێشەوەی جوانپۆشکردن و پرۆپاگەندەکردنن بۆ دەسەلاتی بنەمالەیی حیزبیی . کۆیلایەتی [بیر] زۆر لە کۆیلایەتی[ جەستە ] کاریگەرترە . کۆیلەکانی ئەمریکا بە جەستە لە لایەن دەسەلاتێکی زۆر بەهێزتر لە خۆیان کۆیلەکرابوون بەلام بییر ئازاد بوون. رۆحیان هەمیشە لە ئاسۆ فراوانەکانی خەون و ئاواتی ئازادیدا دەفڕی تا مارتن لۆثەرکینگ و ئۆباما و ملیۆنان ئازادیخوازیان دروست کرد. لای ئێمە تەنانەت خەونی سەربەخۆیی و نەتەوەیی و ولاتێکی ئازادیش گاڵتەی پێدەکرێ و کۆیلەکانی بیر هەڵدەپەڕن. کۆیلەکانی بیر لای ئێمە بە روالەت جەستەیان ئازادە[ کە وا نییە] بەلام رۆحیان هەمیشە لە زیندانی درۆلەگەڵ خۆ کردندا دیلە. بە دیلی دەژین. بە دیلی و کۆیلەییش دەمردن هەر چەند بخۆن و بخۆنەوەو درۆ بکەن و گیرفانیان پڕ بێت.

٢ کۆیلایەتی بودجە : بە کۆیلەکردنی سەرانی حیزبەکانە لە لایەن دەسەلاتی بنەمالەییەوە لە رێگەی بودجەو بەخشیشی تایبەتی و خانەنشینییەوە. بۆیە هێندە سەرۆکی هەرێم و برازاکەی پییان خٶشە لەگەل سەرانی حیزبەکان دانیشن یان هەموو میکانیزمێکی سسیتم و دەسەلات ‘ئەنجومەنی سیاسی حیزبەکان ‘ بێت ، لە سەر شێوەی جەبهەی وەتەنی دیمۆکراتی سەددام و بەشار ئەسەد، چونکە دەزانن ئەوانە دەمێکە بەشێکن لە سسیتمی کۆیلایەتی بودجەو برابەشی گەندەڵییەکان و ناتوانن فزە بکەن.

جا ولاتێک ئەمە حالی بێت، ٢٠ سالە دەستووری نەبێت و دەسەلاتەکەی بێشەرمانەش شەوو رۆژ باس لە خۆبەستنەوە بە دەستوری عێراقەوە بکات، پەرلەمانی فشە بێت، ئۆپۆزیسیۆنی فشەتر، رٶشنبیری کۆیلەی بیرو مووچە بیت، سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی چ دەگۆرێت؟ تا ئەم سسیتمە هەلنەوەشێتەوە و کوردستان نەدرێتەوە بە خەلکەکەی دەستوور بۆ کوێ دابنێین؟ جزیرەی واق واق.

ئێستا هەرێم لە ناو گیرفانی چند کەسێک دایە، کە سەفەریان کرد بۆ دەرەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەن ، کە بەیانیان لە خەو هەستان لەگەڵ نانی بەیانیدا لە سەر یەک مێز دەیخۆن، کە بەرپرسێکی تورک هات، وەک بەرخی سەربڕاو پاککراوو سوورکراوە لەبەر دەمیا دایدەنێن؟ ئیدی سەرۆکایەتی چی و پەرلەمانیی چی؟ وەک برای ئازیزم مام رۆستەم فەرموویەتی: بڕۆ بۆ حەلاوی باس کە.

* ئاوێنە: بوچى بارتى دیموکراتى کوردستان بە تەنها ریکرى کورینى سیستەمى سەروکایەتى هەریم بو بەرلەمانى دەکات ؟ وە ئایا ئەو هەولانەى دەدرین لەو بیناوەدا لە لایەن لایەنەکانى تر جون دەبینى ؟

پارتی رێگرە چونکە دەتوانێت رێگر بێت لە هەموو شتێک و لە بەر کۆیلایەتی بودجە کە لە سەرەوە باسکرا، کەس نەجووڵێت. ئەگینا ئەوە عەرز و ئەوە گەز. ئێستا زۆرینە داوای هەموارکردنەوەی دەستوورو سسیتمی پەرلەمانی دەکات؟ فەرموون تەنیا جارێک درۆ مەکەن و جددی بن و راست بن لەگەڵ خواو خەلک و خۆتان: بۆیکۆتی پەرلەمان بکەن تا بارزانی و پارتی ئەمە قبوڵ دەکات.

میکانیزمی دایەلۆگ یان مێژووی بیست ساڵ درۆ

* ئاوێنە: هەولەکانى ئیستاى دەسەلات ( پارتى ، یەکیتى ) بو رازى کردنى ئوبوزسیون و کفتوکوکانیان لە بیناو جاکسازى جون دەبینى ؟

زۆر زۆر عەزیمە. موعجیزەیە. گەورەترین و ئیجابیترین و جددیترین ئەنجام کە تا ئێستا دەرکەوتبێت لە دانێشتنەکەیاندا بوو لەگەڵ برادەرانی گۆڕان، ئەمەش تەبیعییە مادام گۆڕان گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە. هەردوو نوێنەری دەسەلات کاک نێچیر و کاک بەرهەم باسی میکانیزمیان کرد، راستیی ئەمە یەکەم جارە بەم هەموو حەماس و جددیەتەوە باسی جددی بوون لە دۆزینەوەی میکانیزم بۆ دەستپێکردنی وتووێژ بکەن! د. بەرهەم فەرمووی: “كۆبوونه‌وه‌ كه‌مان له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان زۆر جددی، زۆر كارابوو، باسمان له‌ [میكانیزم] ه‌كانی‌ ئه‌و[ وتووێژ]و [دیالۆگ] ه‌ نیشتمانیانه‌ كرد]. کاک نێچیر بەخشندەتریش بوو، هەموو پرسەکانی وەک ئاوێنە بۆ راگرتین: فەرمووی: [ “رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ [میكانیزمێك] دابنێین بۆ ئه‌نجامدانی‌ [وتوێژ]ی زیاتر له‌سه‌ر هه‌مو [پرس]ه‌كان‌و بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا وه‌ڵاممان بدرێته‌وه‌ كه‌ [میكانیزم]ه‌ كه‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه‌ ئه‌و[ میكانیزم]ه‌ش دیاریكرا، [وتوێژ] ده‌ست پێده‌كه‌ین!!]] ئەمە گەورەترین داهێنانی ٢٠ سالەی دەسەلاتە. بۆ ئەوەی گفتۆگۆی جددی بکەی پێویستیت بە میکانیزمە بۆ گفتوگۆ لە بەر ئەوە دەبی لە پێشەوە بە جددی گفتوگۆ دەربارەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دەستپیکردنی گفتوگۆی جددی بکەیت. ئیدی چۆن دلمان نەفڕێت کە ئەمجارە هەموو شتێک جددیەو چاکسازی لە دەسەلات دەبارێت. کێش دەلێت کاک نێچیر دکتۆرا فەخرییەکەی قابیل نییە.

ئەنفالستان چاکسازییەو بڕایەوە

ئاوێنە: بیت وایە دەسەلاتى سیاسى کوردستان لە ئیستادا مەیلى جاکسازى هەیە ، یاخود لە کاتى تەنکزە و مەترسیەکاندا ئەو بابەتانە دەوروزینى ؟

برادەران وا دیارە بیرەوەریتان کورتە. هەر دوای راپەرینی شوبات، بەرێز سەرۆکی هەرێم وەرەقەیەکی چکسازی لە ٢٤ خال پێشکەش کرد، ٧ خالی بەخشندەتر لە ١٧ خالەکەی پەرلەمان ، ٤ مانگیشی دانا کە چاسکازی نەبێت واز دێنێت. پرۆسەکە تەواو . چاکسازیی کرا. وەک لە بیرم بێت: ئەنجامێکی گرنگی یەکێک لە راپۆرتەکانی ئەنجامدانی چاکسازی سەرۆک ئەوە بوو کە ئێستا ئیمە خۆمان خۆمان ئەنفال دەکەین. ئیدی برایەوە: ئەنفالی ژن، ئەنگالی گەنج، ئەنفالی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆمالێ، ئەنفالی داوو دەرمان و خورادنی ئێکپایر، ئەنفالی جاددە، ئەنفالی زمان و زانکۆکان، ئەنفالی عە‌قل، ئەنفالی ئەخلاق، ئەنفالی کەلتوورو مۆسیقا، ئەنفالی منالەکانی ئەنفال، ئەنفالی بازارو کارو کاسبی، ئەنفالی تریاک و مەرگی سپی، ئەنفالی ئەنفال، ئیدی ئەنفالستان وەک بەرهەمی پرۆسەی ٢٠ سالەی دەسەلات و چاکسازییەکانی قبوڵکراوە. هەر ئەوەندەش دەکرێ.

سەرۆکەکان دەوری کۆیلایەتین پێیان دراوە دوای ئەوەی ویژدان و کەسێتیی دەمرێت

* ئاوێنە: بە نیازنیت جەنابتان لە داهاتوودا خوتان بو سەروکایەتى هەریم یان وەرکرتنى هەر بوستیکى ترى حکومى ببالیون ؟ وە ئایا دواى خوبالاوتنتان بو سەروکایەتى هەریم هیج ریکرى و فشاریکتان لە لایەن بارتى یان هەر لایەنیکى تر رووبەروو نەکرایەوە ؟

پرسەکە قووولە. ئەوی ئێوە لاتان سەرۆک و سەرۆکایەتی یە، هەمووی دەورە. شەریکەکان لە رۆژاوا کە بۆشایی کارێکیان دەبێت و بیانەوێ کەسیک دامەزرێنن ئەو کارە بکات، بە دوو جۆر دەیکەن: ١. ئاگاداری و زانیاری دەربارەی کارەکە لە رۆژنامەکان بلاو دکەنەوە، ئەرکەکانی وەزیفەکە و توانست و شارەزایی وئەزموون و کەسێتی کەسی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دیاری دەکەن، داو ادەکەن هەرکەسێ لە خۆی راببینێت زانیاری دەربارەی خۆی و [سی.ڤی] بنێرێت ئەوسا چەند کەسێ کورتلیست دەکەن و چاوپێکەوتنیان لەگەل دەکەن و بە کۆدەنگیی یان رای زۆربەی لێژنەیەکی بێلایەن باشترین هەڵدەبژێرن بە بێ ئەوەی پێشتر ناسیبێتیان. ئەمە ڕیبازی باوەو پێی دەوترێ: یەکسانی دەرفەت. جۆری دووەم کە شەریکە گەورەکان یان بۆ پۆستە زلەکان دەکرێت پێێ دەوترێ: راوەسەر [هێدهانتینگ] واتە: لەو خەلکە ناسراوو شارەزایانەی کە هەن بۆ خۆیان کەسێک دیاری دەکەن لە پشتەوە کارەکەی دەدەنێ چونکە دەیانەوێ کەسێ هەلبژێرن دڵنیا بن دەتوانێت ئەو دەورە ببنێت کە ئەوان دەیانەوێت. دنیای ئەمرۆ گوندێکی بچووکە مەکینەیەکی زلی دەسەلاتی سەرمایەداری: چەک و تکنۆلۆجیاو نەوت بەرێوەی دەبا کە ئاگای لە عەرش و قورش هەیەو هەموو شتێکی کۆنترۆل کردووە. ئەوان کەسانی تاقیکراوەی وایان دەوێت کە ببنە کۆیلەی ئەوان و میللەت بکەنە کۆیلەی خۆیان. من چەند جار کۆنسولی ئەمریکی و بەریتانیم بینین و لە تەزویرەکان و ناهەقییەکان ئاگادارم کردن، کە گەرامەوە بە جددی دەربارەی گەندەڵیی و نەوت و کۆنتراکتەکان نامەم بۆ نووسین تا ئێستاش خۆیان لەو مەسەلانە دەدزنەوەو زۆریان پێناخٶشە باینهاروژێنم.

کاچ ٢٢: جوغزی بەتاڵی کورد لە نێوان خەلک و دەسەلاتدا

دیارە گەر میللەت و تاکی هوشیارت هەبێت دەتوانی شتەکان بگۆڕێت. بەلام وەک بە ئینگلیزی دەلێن ئەمەش [کاچ ٢٢ ] یە. واتە تا شتیک نەکەی شتەکەی تر نابێت: تا حکومەتێکی مەەدنی دیمۆکراتی راستەقینەت نەبێت کە یەکسانی و ماف و ئازادی و رێزیی ژیان و کەرامەت بۆ هاولاتیان دابین کات، تاکی هۆشیارو ئازاد دروست نابێت، تا تاکی ئازادو کۆمەلگای هوشیاریش نەبێت سەرکردەی رۆشنبیرو دڵسۆزو حکومەتی مەدەنی دیمۆکراتیت بۆ دروست نابێت. لای ئیمە وەک وتم سسیستمەکە کۆیلایەتییە. سەرانی کوردیش کۆیلەی خەلکی ترن. ئەمە لە قازانجی هەموو لایەکە: کورد نەبێت، بۆیە گەر جاری یەکەم سەرکەوتنی منیان پەک خست ئەم جارە شتەکان خراپتر بوون.

بەداخەوە لەبەر باری تەندروستیم لە کوردستان نەمامەوە

بەلام، لەگەل ئەوەشدا بەراستی گەر تەنیا بۆ کامپەین و دەرخستنی راستیی و بەرنامەی بەدیلێش بێت حەزم دەکرد خۆم کاندید بکەمەوە بەلام راستییکەی باری تەندروستیم باش نییە. من ٢٠١١ ئەم کاتە بۆ خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوە گەڕامەوە کوردستان کە بمێنمەوە، سێ کاری رەسمیم هەبوون هەر سێکیانم واز لێ ‌هینا. بەلام کە گەڕامەوە لەندەن تا کارەکانی ئەوێم ببڕێنمەوە و بە یەکجاری بگەرێمەوە بۆ کوردستان، هەستم کرد باری تەندروستیم ئاسایی نییە، لەو کاتەوە بەلای کەمەوە هەر دوو مانگ جارێک مەوعیدی دکتۆرو خەستەخانەم هەیە ، تەنانەت ئامۆژگاریش کراوم کە بە نووسین و بابەتی ناخٶشیشەوە خۆم خەریک نەکەم. ئەمە هۆی سەرەکی ئەوەیە کە لە کوردستان نیم و نامەوێ کارێ بکەم سەدی سەد دلنیا نەبم بۆم ئەنجام دەدرێت. بەلام لەگەڵ ئەمەشدا چیم بۆ بکرێت بۆ نەتەوەکەم درێغی ناکەم. گەر سەرۆکایەتی نەمێنێت و ببیتە پەرلەمانیی و ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندی خەلکدا و بنبڕیی گەندەڵیی هەنگاو نەهاوێت ئەوا رەنگە لیستێکی سەربەخۆ بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دروست بکەم.

بەشداریم لە هەڵبژاردنی پێشوودا وەک درەختێک وابوو هەواو ئاوو هەتاوی لێ قەدەغەکرابێت  .

بۆ فشاری جاری پێشووش بۆ ئێوە نازانن؟ یەکەم چاوپیکەوتنم لەگەل رۆژنامەی بارزان بوو. وتـم : من بۆ پشتگیری پرۆسەی دیمۆکراتی گەراومەوە، منیش دەرچـم سەرکەوتنەکە هەر هی کاک مەسعودە چونکە ئەو داوای کردووە خەلک سەرۆک هەلبژێڕیت. کەچی پێش رازیبوونی کۆمیسیۆن رۆژنامەی پاراستن (هەولیر) کەوتە شکاند ن و سوکایەتیپێکردن . منیان بە پیاوی تورکیا و تورکمانەکان دانا [ سەیرکە ئێستا چۆن شتەکان هەلگەڕاونەوە]، ئەمجار بە بەعسی، ئەمجا هەزاران پۆستەری منیان لەگەڵ ئەو خوشکەی کەی ئێن ئێن بلاوکردەوە گوایە ئەوە کەمال میراودەلی یە لە لەندەن و هەموو رۆژێ دەموچاوی هەلدەگرێت، ئەمەیان لە رۆژنامەی (هەولێر) یش بلاوکردەوە. ئەوسا کامپەینیكی فراوان کە کەمال میراودەلی شێتەو نەخۆشی دەروونی هەیەو عەقلی تێكچووە، ئەمە بە رەسمی لەلایەن راوێژکاری سەرۆک هەرێم ەوە راگەیەندرا. وەکی تریش راستە من بە ئازادی دەگەرام، بەلام هەموو رێگەیەکیان لێم گرتبوو: هیچ تەلەفزیۆنێک نەبوو چاوپێکەوتن بکات، هێچ هەوالێکی گەڕان و وتارەکانی من بلاو نەدەکرایەوە، تەنانەت هۆلیان بۆ کۆبوونەوەش نە دەدامێ، وەک درەختێک کە نەتوانی هەڵیکێشیت بەلام ڕێگای ئاودان و هەتاوو هەوای لێ بگریت، من ئاوا کەمپەینم کرد. بەلام ، باوەڕبەخۆو نەترس، سەرم بەرزبوو لە ئاسمان بۆیە نەیاندەتوانی هەوای پاک و هەتاوی ئازادیم لێ بگرن، رەگیشم قووڵ لە ناو خۆشەویستی خاک و خەڵکدا بوو بۆیە نەیاندەتوانی هێزی گەشەسەندنم لێ بستێنن. من بە سەربەرزیی غەدرم لێکرا، ئەوان بە تەزویرو سەرشۆڕیی بردیانەوە .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.