هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

وەرگێران و ئامادەكردن: عوسمان عومەر

بەڕاى بەندە، هەر كەسێك مێژوو بخوێنێتەوە تووشى بێهیوایی نابێت.

نازانم، داخۆ ئەم ڕایەم لاى چەند كەس پەسند بێت؟

مەبەستم لێرەدا ئەوەيە كە بە خوێندنەوەی، زۆر پەندی سەيروسەمەری تێدا دەبينرێت. لە ڕووداوەكاندا گەلێك سەركەوتن و ژێر كەوتنى تێدادەخوێنرێتەوە، پەند و عیبرەتى زۆر باشی لێوەردەگیرێت.

بەڵام، ئایا لە ڕۆژگارى ئەمرۆماندا چەند لە سەركردەكان و دەسەڵاتداران سوودیان لە پەندەكانى مێژوو وەرگرتووە؟

بالول وەك دەڵێن: شێتێكى عاقڵ بووە، واتە دركى بە ستەم و زۆردارى ئەو ڕۆژگارەى تێێدا ژیاوە كردووە و، بۆ زیاتر ناسینى كەسایەتى بالول و زۆرینەشمان پەند و بەسەهات و كارەكانى دەماودەم بۆمان گێردراوەتەوە یا بیستوومانە، هەندێكك جار بە بالولە شێت و هەندێك جاریش بە بالولى دانا ناوبراوە.

بالول كەسێكى لەخواترس و بیرى فراوان بووە و وەك دەڵێن هەندێكجار حەكیمانە چارەسەرى بۆ كێشەكان دۆزیوەتەوە. بەهۆى شێتیەكەیەوە ویستوویەتى پەیامێك بگەیەنێتە گوێی دەسەڵاتە ستەمكارەكەى هارونە ڕەشید. دەتوانين بڵێين كە بەشێوازێكی تەنز ئامێزانە پەیامەكانى دەربڕیوە.

جا بابزانین بالول كێیە؟

چ ساڵێك لەدایك بووە؟ كەى وەفاتى كردووە؟

بالول ناوى تەواوى ئەبو وەهەب بن عومەر الصیرفى الكوفى، واتە لە كوفە لە دایك بووە. بەلام سەرچاوە مێژوویەكان ساڵى لە دایك بونیان دەستنیشان نەكردووە و لەبەغدا كۆچى دوایی كردووە بەپێى هەندێك سەرچاوە 197 هیجرى بەرامبەر 810 زاینى و هەندێك سەرچاوەش سالى 190 یا 192 لە قەلەمى داوە، وەك دەوترێ براى شیرى خەلیفە هارونە ڕەشیدەو، لەسەردەمى ئەو ژیاوە و، قوتابى ئیمام جەعفەرى سادق بووە. بە فتواى ئەو گوایە، خۆى بەشێت لەقەلەم داوە. لەو سەردەمەدا پلانى زۆر هەبووە، دژى زانایانى ئیسلام، زۆریان لێكوژراوە. بەپێى هەندێك ڕیوایەتى ئیسلامى، ئیمام جەعفەرى سادق پلانى لەسەر بووە. بۆیە بە قوتایبەكانى وتوە كە ڕابكەن تەنيا پیتى (ج )ى بەكار هێناوە، هەندێككیان بە جەبەل واتە شاخ تێگەیشتون تەنيا بالول بە جنون واتە شێتى تێگەیشتوە. بالول لە گۆرستانى كۆنى كەرخ لەبەغدا نێژراوە. بەپێى هەندێك سەرچاوە شێتیەتى بالول ماوە ماوە بووە، زۆربەى كاتەكانى تر لەسەرخۆ هێمن بووە و. شێتیەتیەكەى بەپێی بارودۆخى ڕۆژگار بووە بۆ خۆگوجاندن.

هەندێك لە بەسەرهاتەكانى بالول

بەسەرهاتەكانى بالول زۆرن و زۆرجاریش بەچەند جۆرێك گێڕدراونەتەوە. زۆرجار لەم كات و سەردەمەى ئیستامان وتراوە ساڵ ساڵى چیە؟ ساڵى كۆتایی قەیرانەكانە.

* دەگێڕنەوە جارێك لە شەقامەكانى بەغدا بالول دەگەڕا بازرگانێك توشى هات و بازرگان بە بالولى دەڵێت: بالولى دانا….ئەمەوێت ڕاوێژێكت پێبكەم و بڵێم؛

ئەمساڵ ساڵی چییە؟

بالول لە وەڵامدا دەڵێت؛ لەنێو ئەم هەموو عاقڵ و زیرەكەى دونیادا هاتووى لەمنى شێت دەپرسى؟

بازرگان؛ ئاخر من تۆم بە عاقل داناوە دەمەوێت ئەو پارەیەى هەمە كەمێك زیادى بكەم و شتێك بكڕم و هەڵيگرم تا كاتى خۆى دیێت.

بالول دایە قاقاى پێكەنین؛ گەر دەتەوێت قازانجى زۆر بكەى ئەمساڵ ساڵى خەڵووز و ئاسن دەبێت.

بازرگان زۆر سوپاسی كردوو بالول ڕۆیشت بازرگان كەوتە بیركردنەوە لەقسەكەى بالول و دەستى كرد بەكڕینى خەلووز و ئاسنێكى زۆر و لەكۆگاكان قایمى كرد تا واى لێهات لە بازاردا كەمبووە و نەما. ئینجا دەستى كرد بە فرۆشتنى بە نرخى بەرزتر. بۆیە قازانجێكى زۆرى دەستكەوت لەخۆى گۆڕدرا تووشى غرورى بوو.

ڕۆژێكیان بالول بەلاى بازرگانەكەدا تێپەریى، بازرگان بانگى كرد، ئەمجارەیان بە بالولى وت: ها بالولە شێت بەرابواردن و لەخۆبایی بوونەوە ئەمساڵ ساڵى چییە؟ وتى: ساڵى سیر و پیازە. بۆیە بازرگان هەرچى پەیداى كردبوو دایەوە بەسیر و پیاز و لە كۆگاكان هەڵیگرتن بە نیازى قازانجێكى ترى زۆرتر بكات. دواى چەند مانگ مانەوەى سیر و پیازەكە لە كۆگاكەى خەریكبوو دەرزى بۆیە بەنیوە قیمەت دەستىكرد بەفرۆشتنى و تووشى زيان بوو. زۆر گەڕا و سووڕا تاكو بالولى دۆزیيەوە و بەگیروگازى هێنا، بالول پێيوت: كە بەعاقلانە ڕاوێژت پێكردم، منیش عاقلانە وەڵامم دایتەوە. كە بە شێتى ڕاوێژت پێكردم، منیش شێتانە وەڵامم دایتەوە. ئەوكاتە بازرگان تێدەگات و پەنجەى خۆى دەگەزێت.

* ڕۆژێك هارونە ڕەشید لە بالول دەپرسێت گەورەترین نیعمەتى خوا چییە؟

لە وەڵامدا بالول دەڵێت: ژیریە، ئەگەرخوا بیەوێت نیعمەتێك لە بەندەكانى خۆى بسێنێتەوە دەبێت ژیری بێت، چونكە ژیرى هۆكاریى هەموو شتێكە.

جا ئيتر خوا ئەو نیعمەتەى بە من نەداوە.

* دەگێرنەوە ڕۆژیك هارونە ڕەشید بالول لەگەڵ خۆى دەیبا بۆ ڕاو. هارونە ڕەشید تیرێك لە ئاسكێك دەگرێت بەڵام نایپێكێت. بالول دەڵێت: ئافەرین.

هارونە ڕەشید زۆر لێى توڕە دەبێت و پێيدەڵێت؛ ئەڵێی گاڵتەم پێدەكەيت؟

بالول دەڵێت: قوربان ئافەرینەكەم بۆ ئاسكەكە بوو كە ڕايكرد نەك بۆ تۆ.

 

بالول و مێشك خوێندنەوە

ڕۆژێكیان خەلیفە هارونە ڕەشید پێشنوێژى دەكرد و، بالولیش لە جەماعەتەكەدا دەبێت لە گەرمەى نوێژەكەدا بالول هاوارى لێــبەرز دەبێتەوە، دەڵێت: ئاشبەتاڵ و دێتە دەرەوە و پێلاوەكانى لەپێدەكات و دەروات. هارونە ڕەشید لەو ڕەفتارەی بالول زۆر بێزار دەبێت. دەچێتە لاى دایكى بالول و گلەیی دەكات، كە دایكى بالول لێىدەپرسێت بۆچى لە ڕووی خەلیفەدا وا بەم ڕەفتارە هەستايت. بالول دەڵێت: دایە هارون لە كاتى نوێژەكەدا خەیاڵى ڕۆیشتبوو بیرى لە دروستكردنى ئاشێك دەكردەوە، بەڵام باراشى لێ نەبوو. من زانیم كە خەیاڵى بۆ كوێ ڕۆیشتوە بە ئاگام هێنایەوە.

 

زوبەیدە و بالول

ڕۆژێك زوبەیدەى ژنى هارونە ڕەشید بالولى دى لەگەڵ منداڵان یارى دەكات و، بە بەرد خانووچكە دروست دەكات. زوبەیدە لێى دەپرسێ ئەوە خەریكى چیت بالول؟ لە وەڵامدا دەڵێت: خانوویەك دروست دەكەم.

زوبەیدە؛ ناى فرۆشى؟

بالول؛ بەڵــــێ بەچەند؟

بالول لەخۆیەوە نرخێك دەڵێت.

زوبەیدە فەرماندەكات پارەكەى بدەنێ.

كە ئەوان ڕۆیشتن بالول پارەكەى بەسەر فەقیر و نەدارەكاندا دابەشكرد.

بۆ شەوێ هارونە ڕەشید خەوێك دەبینێ چۆتە بەهەشتەوە گەیشتە ماڵێك نەیانهێشت بچێتە ژوورەوە پێیانـوت، ئەوە خانوى زوبەیدەیە. بۆ بەیانييەكەى خەوەكەى بۆ زوبەیدە گێڕايەوە، زوبەیدەيش بەسەرهاتەكەى خۆى و بالولى بۆ گێڕايەوە. هارونە ڕەشید كاتێك بینى دیسان بالول خەریكى خانووچكە دروستكردنە. هارون پێيگوت: نایفرۆشى؟.

ئەويش وتی بەلێ دەیفرۆشم، بەڵام نرخێكى زۆر بەرزى وای لێداواكرد كە هارونە ڕەشید لە تواناى كرینيدا نەبێت. هارونە ڕەشید گوتى: خۆ تۆ بە زوبەیدەت زۆر بە كەمتر لەوە فرۆشتوە. بالول پێكەنى و گوتى: چونکە ئەو خوانووەكەی هێشتا بە تەواوی بەيديبوو….كڕی، بەڵام تۆ بەچاوی خۆت دیوتە ئینجا دەیكری، لەبەرئەوە لە نێوان ئەو دوو مامەلەیە جیاوازیەكى زۆر هەیە.

 

* بالول و ڕەخنە لەدەسەڵات

ڕۆژێكیان بالول وەك مناڵ سوارى دارێك بووبوو وەك ئەسپ غارى پێدەكرد. هەر وا بەغار خۆى كرد بە ماڵى هارونە ڕەشید. چوو لەسەر تەختى هارون دانیشت و پاسەوان و پارێزەران و دەستەكەى هارونە ڕەشید گرتیان و ئەوەندەیان كوتا هەتا خوا دەڵێت بە س.

بالول بەدەنگى بەرز دەگریا و هاوارى دەكرد كاتێك هارونە ڕەشید گەیشتە شوێنى خۆى و پرسى ئەوە بۆچى بالول وا بەكوڵ دەگرى؟

چى دەوێت تا بۆى جێبەجێ بكەم؟

دارو دەستەكەى وتیان: يا ئەميری ئيمانداران، وا بەو شێوە هاتووە لەسەرتەختى دەسەڵاتی تۆ دانیشتوە، بۆیە ئیمە كوتاومەو لامانداوە. هارونە ڕەشید چوو بەلایەوە دڵنەوایی كرد و ئاشتى كردەوە و، تكاى لێكرد نەگریەت. بالول بە خەليفەی وت: خۆمن بۆ لێدانەكە ناگریم، من تۆزێك لەسەر تەختەكەى تۆ دانیشتم ئاوایان لێكردم، ئەى چۆنە تۆ ماوەیەكى دوورودرێژە لەسەر ئەم تەختە دانیشتوى!؟

 

* بالول و دادپەروەرى

ڕۆژیكیان هارونە ڕەشید بە کەشتييەك گەشتێكى دەكات و لەو گەشتە بالولیشى لەگەڵ خۆی دەبات. لەسەر پشتى كەشتیەكە بالول چوو باوەشى بە دارە بەياخی كەشتييەکەدا كرد، وەك ئەوەى قسەى لەگەڵ دارە بەياخەکەدا بكات. خەليفە دەچێت بەلایەوەو لێیدەپرسێت؛ ئەوە قسە لەگەڵ خۆتدا دەكەيت؟

بالول دەڵێت: نا وەلڵا، بەڵكو قسەم لەگەڵ دارە بەياخەکەدا دەكرد و پێمگوت تەنيا تۆ ڕاست و دادپەروەرى لەم جێگایەدا.

 

*  بالول و شەراب

زۆرجار  هارونە ڕەشید بۆ پاداشت و دڵنەوایی، هەندێكجار بۆ پرس بانگى بالولى دەكرد. یەكێك لەو جارانە لە بالول دەپرسێت ترێ هیچ خەوشێكى هەیە بیخۆیت؟. بالول؛ نەخێر. ئينجا لێيدەپرسێت؛ئەى ئاو، نەخێر.

خەليفە؛ ئەى ئەگەر تێكەڵت كردن و كەمێك بمێنێتەوە،

بەلول؛ ئەگەر مانەوەكەى كەم بێ ئەوا عەیبى نییە.

بەوە هارونە ڕەشید دەیویست بالول شەراب و مەى بۆ ڕەوا بكات.

جارێك بالول لە هارونە ڕەشيدى پرسى، ئایا گەر خۆڵت بەركەوێت ئازارى هەیە؟ هارون ڕەشيد؛ نەخێر

بالول؛ ئەى ئەگەر خۆڵەكە تەربكرێت؟

هارون ڕەشيد؛ نەخێر بالول.

بالول؛ ئەى ئەگەر بوو بەقووڕ و ڕەق بوو و تیانگرتىت؟

هارون؛ بێگومان سەریشت دەشكێنێت.

بالول؛ تێكەڵكردنى ئاو و خۆڵ پاش ڕەقبونى سەرى مرۆڤ بشكێنێت، كەواتە تێكەڵكردنى ئاو و ترێش بە مانەوەى شتێك دروستدەبێت جگە لە فەساد و شەڕ و ئاژاوە چ سودێكى لێوەردەگیرێت!؟

 

* پەند و ئامۆژكاریەكى بالول

ڕۆژێك هارونە ڕەشید بالولى بەرچاوكەوت بەسەر ئەسپە دارینەیەكەوە یارى دەكرد لەگەل منداڵان. هارون بانگى كردوو داواى ئامۆژگاریەكى لێكرد.

بالول؛ سەیركردن و سەرنجدانى كۆشكەكانى ڕابوردووى كەسەكان و گۆڕەكانى ئێستایان نموونەیەكى گەورەن. ئەوەندە بەسە بۆ كەسێكى خاوەن ژیرى وەك ئەوان لە ناز و نیعمەت و گەورەیی خۆیان و دەست و پێوەندیان لەم كۆشكانە دەژیان. بەڵام ئێستا هەموویان لە باوەشى خۆڵى ڕەشدان و هاودەمى مار و مێرون لەم گۆڕەدا، بەهەزاران ئاخ و حەسرەتەوە خەوتون.

بالول كەمێك ئەسپەكەی جووڵاندەوە و گوتى: دووركەونەوە با ئەسپەكەم جووتەتان لێ نەدا.

 

* ڕۆژیك بالول لاى هارونە ڕەشید دەبێت، لێی دەپرسێت و دەڵێت:

ئەگەر لە بیابانێكى وشكوبرنگى بێ ئاو بوویت. تینوویەتى زۆرى بۆ هێنایت، خەریك بوو لە تینوێتیدا دەخنكایت و دەمرديت، بۆ بەدەستهێنانى چۆڕێك ئاو، چیت دەكرد؟

خەليفە دەڵێت: 100 درهەمى ئاڵتونيم دەبەخشی نەوەی تينوێتيم بشكێنێت.

بالول؛ ئەى ئەگەر خاوەنى ئاوەكە ڕازى نەبوو بەوەندە.

خەليفە؛ نیوەى دەسەڵاتەكەمى دەدەمێ.

بالول؛ ئەى ئەگەر ئێستا زانیت نەخۆشیيەكى قورس و سەختت هەیە و چارەسەرى نییە، چى دەكەیت؟

خەليفە؛ نیوەكەى ترى دەبەخشم.

لێرەدا بالول دەڵێت: كەواتە ئەى خەلیفە ئەم دەسەڵاتەى تۆ بەندە بە چۆڕێك ئاو و چارەسەرى نەخۆشیيەكەتەوە، كەواتە با خۆت لێنەگۆرێت.

خەلیفە پێيدەڵێت؛ ئەى شێت قسەى ژیرانە دەكەیت …!

 

* ڕۆژێكیان لە بالول/يان پرسى نهێنى تەمەن لەچى دایە ؟

بالول؛ لە زمان دایە.

وتیان چۆن؟

وتی: هەرچەندە زمانى مرۆڤ كورت بێت تەمەنى درێژ دەبێت، ئەوەى زمانى درێژ بێت تەمەنى كورت دەبێت.

 

* ڕۆژێك بالول لە گۆرستانێك دانیشتبوو خەلیفە بەوێدا تێدەپەڕێت.

لێيدەپرسێت بۆچى ناگەڕێیتەوە بۆ شار.

بالول؛ ئەوانەى لە شارن دواڕۆژ بۆ كوێ دەچن؟

خەلیفە؛ بێگومان دێن بۆ ئێرە.

بالول؛ كەواتە ئێرە شارە.

خەلیفە پێيدەڵێت؛ ئەى شێت قسەى ژیرانە دەكەیت.

بالول لێی دێتە وەڵام؛ ئەگەر شێت بوومایە ژیانم بۆ پاشایەتى دەگوڕييەوە هەروەك چۆن تۆ كردوتە.!؟

>>>>>>>>>>>>>>>>> 

تێبنى: لە چەند سەچاوەیەكی ئەنتەرنێت و نوادر بهلول وەرگیراون.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت