هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

دروستبوونی حزب له‌ناو هه‌رێمی كوردستان، هێنده‌ی هه‌ڵگرتنی په‌رداخێك ئاو بۆ خواردنه‌وه‌ ئاسان نیه‌، چونكه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌وه‌ راهاتووه‌ له‌هاتنی تازه‌ كۆنه‌ به‌خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش سروشتێكی دوو ره‌هه‌ندییه‌:
یه‌كه‌م: یه‌كێتی و پارتی به‌پله‌ی یه‌ك شكۆی حزبییان له‌به‌ر چاوی میلله‌ت خست و هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانیان له‌سه‌رو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌له‌وه‌ بوو.
دووهه‌م: دروستكردنی كه‌سایه‌تی له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ به‌ لێدان و جنێو و هێرشی سۆشیال میدیا و ده‌ست بردن بۆ شتی تایبه‌ت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌كاریزما كردنی كه‌سانێك ره‌نگ بێت خۆیان ئه‌وه‌یان به‌خه‌یاڵ دا نه‌هاتبێت به‌و شێوه‌یه‌ ببن به‌كه‌سێكی سیاسیی و ناوبانگیان هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌مێژووی دروستبوونی كه‌سانێك بده‌ینه‌وه‌ و ته‌ماشایه‌كی خه‌رمانی بێ پیتی عه‌قڵه‌ تیجارییه‌كەیان بدەینەوە‌، ئه‌و ڕاستییه‌ روونده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای مێژووی شۆڕشی كوردیدا تاوه‌كوو ئێستا كه‌سانێك هاتوونه‌ته‌ كایه‌ی سیاسییه‌وه‌ نه‌ عه‌قڵێكی تیجارییان بووه‌، نه‌ كاریزمایه‌كی سیاسیی بوون، لێ سه‌قه‌تی سیاسیی كورد له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ ئه‌مانه‌ كراون به‌ شۆڕه‌سواری مه‌یدانێك نه‌ ئه‌و ئه‌سپه‌یان له‌ژێردا بووه‌ تاوی بده‌ن، نه‌ خۆیان بوونه‌ته‌ هه‌وێنێك تا ئه‌شهه‌دوویه‌ك به‌باڵایاندا بوترێت.
ئێستا سه‌رده‌م سه‌رده‌می دروستكردنی حزبه‌، حزبێك هه‌موو جۆره‌ ره‌نگ و رووخسار و عه‌قڵێكی تیا جێ ده‌بێته‌وه‌، له‌رووه‌ دوور له‌زانستییه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای بكرێت جگه‌ له‌هاوشێوه‌ی زه‌ڵاته‌، ناوێكی زیاتر له‌م حزبانه‌ نادۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ عه‌قڵی تیجاری و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی وه‌ها تێكه‌ڵ و ترشێنراوه‌ به‌سه‌ر یه‌كدا مه‌گه‌ر خالق بتوانێت جیایان بكاته‌وه‌.
كورد میلله‌تێكی نه‌گبه‌ت و چاره‌نووس سیایه‌، ئه‌گه‌ر نا له‌دوای ده‌یان سه‌ركرده‌و كاریزمای ساڵ به‌دوای ساڵ، له‌دوای ئه‌و هه‌موو خوێن و كۆششه‌ به‌رده‌وامه‌ بێ ئه‌نجامه‌ی، ئێستا كه‌سانێك بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌یان مژده‌ به‌خشی هه‌لی كار و چاككردنی مووچه‌ و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌كه‌ ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر بڕیار به‌ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی من بم، له‌به‌یانی زووترنیه‌ ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مان و حكوومه‌تیان راده‌ست ده‌كه‌م و ده‌ڵێم “فه‌رموون كه‌س ده‌ستی نه‌گرتوون به‌ده‌ر له‌ده‌نگدان و فریودانی هزری گه‌نجه‌ خێر له‌خۆ نه‌دیووه‌كان چیتان له‌ده‌ست دێت بیكه‌ن”، به‌ڵام پرسیاره‌ جدییه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ : كه‌سێك له‌هه‌م و غه‌می گیرفانی خۆی زیاتر بیرنه‌كاته‌وه‌، چاره‌سه‌ری چۆن پێده‌كرێت.
كاك نه‌وشیروانی ره‌حمه‌تی كاریزمایه‌كی سه‌ركێش و داهێنه‌ری ووشه‌ی “نا” بوو به‌رووی ده‌سه‌ڵاتدا، پیاوێك بوو هه‌نگاوێكی بێ بیركردنه‌وه‌ نه‌ده‌نا، ئایا چی كرد؟، نه‌یتوانی به‌ر به‌ گه‌نده‌ڵی بگرێت، نه‌یتوانی ئه‌م هه‌موو زوڵمه‌ی له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت رایبگرێت. دواجار خه‌فه‌تی ئه‌م هه‌موو نا عه‌داله‌تییه‌ شێرپه‌نجه‌ی سی به‌دواوه‌ بوو.
ناكرێت كه‌س به‌راورد به‌نه‌وشیروان مسته‌فا بكرێت له‌رووی هه‌نگاونان بۆ پرۆسه‌ی چاكسازی و هه‌ژار ژیانی. كه‌سێك بیه‌وێت چاكسازی له‌خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ده‌بێت وه‌كوو خه‌ڵك بژی، نه‌ك هاوئاوازی فه‌یسبووك و لایك و كۆمێنت بتخاته‌ سه‌ر رێی خۆ به‌كاریزما زانین.
ده‌بێت كه‌سانێك ئه‌وه‌یان بیربێت، سیاسه‌ت و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هێنده‌ بچووك نیه‌ به‌تایبه‌ت له‌گۆڕه‌پانێكی وه‌ك هه‌رێم، كه‌ چاوه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌یه‌ و جوڵه‌ سیاسییه‌كان له‌ده‌باشان و سه‌ری ره‌شه‌وه‌ ده‌كرێن نه‌ك له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌وه‌، سیاسه‌توانیش فێروونی زمان و دروستكردنی كه‌ناڵ و ڤیڵا نیه‌. ده‌بێت وه‌كوو تاڵه‌بانی سیاسه‌ت بكه‌یت و وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا بژیت و وه‌ك بازرانی بێده‌نگ بیت. ئه‌و كاته‌ ده‌كرێت هه‌نگاو بنێیت به‌ره‌و گۆمه‌ مه‌نگه‌كه‌.
دواجاریش عه‌قڵی تیجاری و حزبی زه‌ڵاته‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نها چوار ساڵ به‌لایه‌نی زۆره‌وه‌ بڕده‌كات و ده‌كرێت به‌ دووكانێكی دیكه‌ی سیاسیی. وه‌ك میلله‌ت كه‌می له‌م دووكان و كۆمپانیا سیاسییانه‌ هه‌بێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.