هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌م ده‌كرێت وه‌ك هاوڵاتییه‌كی ئه‌م نیشتیمانه‌ و دانیشتووی زۆنی سه‌وز بپرسم، ڕۆژ قاتی بوو جگه‌ له‌ رێكه‌وتی 31 ی ئاب بۆ سه‌ردانكردنی بارزانی له‌سه‌ری ڕه‌ش.
له‌دووڕۆژی رابردوو له‌به‌ر ئه‌و سه‌ردانه‌ی تۆ و هه‌ڤاڵه‌كانت بۆ لای بارزانی، له‌ڕۆژێكدا ده‌یان پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی یه‌كێتی شه‌هیدبوون، هه‌ستایت چویت بۆ سه‌ری ڕه‌ش، ئه‌ی نه‌تپرسی ئه‌و رۆژه‌ یه‌كێكه‌ له‌رۆژه‌ شوومه‌كان، ئێوه‌و مانان خه‌باتان كرد تا زڕه‌ی زنجیری ده‌بابه‌ شه‌قامه‌كانی كوردستان ئیدی نه‌بینێته‌وه‌.
ئه‌و رۆژه‌ت بیرچووه‌ پۆستاڵ و خوده‌ی عه‌سكه‌ری شاره‌كه‌ی ڕێبازی پیسكرد و به‌قه‌ولی خۆت “تۆ 22 كۆپته‌رت بۆ هات”، ئه‌ی خوێنی شه‌هیدانت بۆ بیرچۆوه‌.
تۆ به‌حساب بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفی ناو یه‌كێتیت، ناكرێت مێژووی رۆژێكت بیربچێت ئاهـ و ناڵه‌ی ده‌یان دایكی جگه‌ر سووتاو گوێی ئاسمانی كه‌ڕ ده‌كرد. ناكرێت ئه‌وه‌ت بیربچێت ئه‌وه‌ی خه‌باتتان بۆ كرد به‌كونفه‌یه‌كونێك بۆ ده‌ڕپه‌ڕاندنی خۆتان و حزبه‌كه‌تان هاته‌وه‌ پایته‌خت.
كاكی كارگێر، من یه‌كێتی نیم و خۆشت زۆر باش ئه‌وه‌ ده‌زانی، به‌ڵام 31 ی ئاب له‌هزری یه‌كێتی و غه‌یره‌ یه‌كێتییه‌كان و تاڕاده‌یه‌ك پارتییه‌ هۆشیاره‌كان مێژوویه‌كی هێنده‌ قێزه‌ونه،‌ حه‌ق وایه‌ له‌و رۆژه‌دا پێكه‌نین قه‌ده‌غه‌ بكرێت و سه‌رتاپای كوردستان ماته‌م دایگرێت.
هێنانی ده‌بابه‌ی به‌عس بۆ هه‌ولێر، رۆیشتنی تۆ و هه‌ڤاڵه‌كانت بۆلای ئه‌ندازیاری هێنانی به‌عسییه‌كان و دروستكردنی مێژووی 31ی ئاب، زۆرباش ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ سیاسه‌تكردنی ئێوه‌ و مانان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژ بووه‌، ئه‌گه‌ر نا ساڵێك 365 رۆژه‌ با له‌ 363 رۆژه‌كه‌ی تر بچویتایه‌ و باوه‌ڕه‌م نه‌ده‌بوو كه‌س مته‌قی لێوه‌ بهاتایه‌.
كاك به‌ختیار ده‌ترسم كاتێك چوبێتن پیرۆزباییتان له‌بارزانی كردبێت بۆ هێنانی ده‌بابه‌ی به‌عس، غه‌مم لێنیشتووه‌ و واهه‌ستده‌كه‌م خوێنی شه‌هیدانتان فه‌رامۆشكردبێت، ئێ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌بووه‌، بۆ له‌م رۆژه‌دا چوویت، نه‌ده‌كرا ئه‌مرۆ بچویتایه‌.
بریا من یه‌كێتی بوومایه‌ تا بهاتمایه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و دژی ئه‌م ره‌فتاره‌تان خه‌ڵكم لێ كۆكردیتایه‌ته‌وه‌ و شه‌قامم و دایكی شه‌هیدانم زیاتر لێ پڕبكردیتایه‌، لێ داخم من یه‌كێتی نیم. یه‌كێتییه‌ك ئێوه‌ و مانان نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ هه‌ر نه‌بی به‌ئه‌ندام و لایه‌نگری.
داخی داخانم. گۆچانه‌كه‌ی تاڵه‌بانی ئێستا بێنازه‌. به‌سه‌رت قه‌سته‌م مام جه‌لال وا په‌ككه‌وته‌ی ناو جێگا و سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ نه‌بووایه‌ كه‌ستان زاتتان نه‌ده‌كرد به‌بێ پرسی تاڵه‌بانی بۆ شه‌كراو خواردنه‌وه‌یه‌كیش ڕوو له‌هه‌ولێر بكه‌ن، داخی داخانم… ده‌ردی گرانم بۆ ئه‌و یه‌كێتییه‌ی ته‌قله‌ی به‌فیل لێ ئه‌دا، ئێستا له‌سایه‌ی سه‌ری هه‌ندێكه‌وه‌ وای لێهاتووه‌ مێرووله‌ ته‌قله‌ی پێ لێده‌دات. وه‌ی له‌م بان و دوو هه‌وایه‌ ئاممان دایكه‌ ئاممان.
له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ت بیرده‌خه‌مه‌وه‌، سیاسه‌ت بریتیی نیه‌ له‌دووفاقی، بریتیی نیه‌ له‌ قسه‌كردن به‌هه‌وه‌س و داتاشینی قسه‌ و گوفتاری نوێ، سیاسه‌ت بریتییه‌ له‌حه‌كیمی و حیكمه‌تی چاره‌سه‌ر له‌پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان و چاره‌نووسسازه‌كان، نه‌ك دوێنێ قسه‌یه‌ك بكه‌یت و ئه‌مرۆ قسه‌یه‌كی تر و سبه‌ی ره‌وتی گوفتار بگۆڕیت.
بیرم چوو به‌بۆنه‌ی جه‌ژنه‌وه‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتت لێ پیرۆزبێت و به‌هیوام به‌خۆشی بیگوزه‌رێنیت.
بۆ زیاتر بیرهێنانه‌وه‌ت ئه‌مه‌ دووهه‌مین په‌یامه‌ له‌ته‌مه‌نم ئاڕاسته‌ی تۆی ده‌كه‌م. په‌یامی یه‌كه‌مم له‌سه‌ر كۆنفرانسه‌كه‌ی وڵاتی سوید بوو له‌ 27/1/2010… با زیاتر له‌سه‌ری نه‌ڕۆم ئه‌وه‌ش لینكی په‌یامه‌كه‌ی پێشوومه‌.

“مه‌لا به‌ختیار به‌یارمه‌تی خۆت”

   http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=70740&authorid=1023

 

 

 

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە