هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

-1-

گوڵ که‌ماوه‌ی به‌سه‌رئه‌چێ

له‌شه‌رما وه‌ک زه‌ڕنه‌قووته‌

له‌جێی خۆیا

سیس ئه‌بێت و هه‌ڵئه‌کوڕمێ

نان ، که‌ماوه‌ی به‌سه‌ ئه‌چێ

خۆی ڕه‌ق ئه‌کاو که‌ڕوو ئه‌گرێ

نه‌با مناڵێکی برسی ده‌ستی باتێ

گیان که‌ماوه‌ی به‌سه‌رئه‌چێ

تاکو زووتر بیباته‌وه‌ به‌ره‌و لای خۆی

بۆنی ئه‌گاته‌ لوتی خوا

به‌ڕێز .. ئه‌ی مروه‌تی تۆ کوا

-2-

دڕک .. کاتێ

یه‌خه‌ی دڵدارێ به‌رئه‌دا

دوا دڵۆپی خوێن ڕژابێ

خه‌فه‌ت .. کاتێ

له‌سه‌ر سینه‌ دائه‌به‌زێ

دوا هه‌ناسه‌ی لێ بڕا بێ

قوڵپی گریان

کاتێ گه‌روو به‌جێ دێڵێ

سه‌دا ، نوزه‌ی تیا نه‌مابێ

پڵنگ .. کاتێ

که‌ڵبه‌ له‌گه‌ردنی نێچیر ئه‌کاته‌وه‌

له‌فڕینی مه‌لی روحی دڵنیابێ

ئه‌وا ئێمه‌یش ، چاومان ڕوا

به‌ڕێز .. ئه‌ی مروه‌تی تۆ کوا

-3-

من ده‌نگ ئه‌ده‌م

تۆ ده‌نگ ئه‌ده‌ی

ئه‌و ده‌نگ ئه‌دا

که‌چی دوایی

هه‌ر به‌نوکه‌ قه‌ڵه‌مێکی

کاک ته‌وافق

ده‌نگه‌کامان

هه‌ر هه‌موویان

به‌هی یارو نه‌یاره‌وه‌

به‌نه‌غمه‌ی سازو تاره‌وه‌

ده‌بنه‌ په‌پووله‌ پاییزه‌ی

ده‌م ڕشه‌با

ئیتر ئه‌ی گه‌ل

بۆ که‌ساسی

هه‌موو دنیا

له‌ئێمه‌وه‌ بۆیان ئه‌چێ

شازی مارکه‌ی

دیموکراسی

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت