هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هه‌موو شه‌وێ

حه‌ز ئه‌که‌م له‌ژیر بالیفی

پێڵوی دییه‌مدا بخه‌وی

گوڵم ، نه‌با خوا نه‌کرده‌

وه‌به‌ر تیری نه‌زه‌رێکی

به‌دکار که‌وی

ئاخر گوڵم .. تۆ که‌ده‌نوی

ده‌ڵێی بووکی ئه‌فسوناویی

ده‌ریای شه‌وی

……………………

نیوه‌ی زیاتری ته‌مه‌نم

به‌دیار دارئه‌رخه‌وانێکه‌وه‌

به‌سه‌ربردو

ده‌ترسم گوڵ نه‌گرێ هه‌تا

نه‌بێ به‌چه‌تری گۆڕه‌که‌م

………………………

به‌ڵێنی کۆمه‌ڵی حۆریی

به‌ژن به‌رزی نه‌وار بێژو

جۆگه‌ هه‌نگوین و شه‌رابی

ته‌هوورم پێ مه‌ده‌ ، لالۆ

من به‌پێکی لێوی ئاڵی

حه‌بیبه‌ تاقانه‌که‌ی خۆم

قومێ ماچی کامه‌رانی

مه‌ستم .. ده‌کا

…………………..

له‌سه‌ر لێوی

گڕکانێکی جه‌هه‌نه‌مدا

شاعیرێکی یاخی له‌خوا

له‌دوای نۆشینی چه‌ند پێكێ

له‌باده‌ی گڕ

له‌سه‌ر کاغه‌زێکی سوتاو

ئه‌مه‌ی نووسی

ئه‌ی میهره‌بان

تۆ له‌دنیای زینده‌گیدا

کووره‌ی دڵمت پڕ له‌پشکۆی

بێدادی کرد

بۆیه‌ ئێستا له‌هه‌ڕه‌شه‌ی

چاوی سووری

ده‌رگاوانه‌که‌ی جه‌هه‌نه‌م

باکم .. نیه‌

……………………..

دیسان ده‌نگی

زه‌نگی جه‌نگ دێ

دیسان بۆنی ژه‌نگ و بارووت

دیسان ژیان ڕه‌نگه‌ ببێ

به‌گه‌له‌ری گۆڕستانێ

سیخناخ به‌نیگاری تابووت

منیش له‌خه‌می ئه‌وه‌دام

ئاخۆ ده‌بێ بۆ ئه‌م جاره‌

ئه‌م دره‌خته‌ی به‌ختی ئێمه‌

چه‌ند گوڵی گه‌نج بۆ گوێی مردن

دیسان بکاته‌وه‌ به‌گواره‌

……………………….

تا ئه‌و ده‌مه‌ی ، بێ ته‌ته‌رێ

جورئه‌تی هه‌نگاوێ نه‌که‌ی

تا ئه‌و ده‌مه‌ی

موحتاجی ماچی ده‌ستێکی

ئه‌فسانه‌ بی

تا ئه‌و ده‌مه‌ی

که‌سێبه‌ری گیانێکی که‌ی

دڵنیابه‌ .. که‌هه‌ر کۆیله‌ی

……………………..

ئێمه‌ی کوڕانی ئاده‌م

ئه‌وه‌ خودی حه‌وا بوو

فێری یاخی بوونی کردین

له‌بڕیاره‌ مه‌زاجیه‌کانی خودا

ئاخر له‌به‌رچی ده‌بووایه‌

تامی سێوی عیشق نه‌که‌ین

که‌خۆشترین تامی دنیا

تامی عیشق و تامی سێوه

………………………

که‌ته‌نیایی رۆژویه‌کی

به‌زۆر سه‌پێنراوه‌ ، گوڵم

زوو بیشکێنه‌

نه‌ئه‌جری هه‌یه‌و نه‌سه‌واب

گوێ به‌ کێوی عومریش مه‌ده‌

له‌کوێی ئه‌و دای

له‌ئاوێنه‌ی چاوی عیشقا

ئه‌وه‌ی زه‌فه‌ر

به‌پێوانه‌ی جوانی نابات

گاپێڵه‌کانی ته‌مه‌نه‌و

دۆندی به‌فر پۆشی پیری

…………………..

ڕاوچیه‌کان

بۆیه‌ په‌ڕه‌نده‌کان ده‌کوژن

تاکو چیتر

خه‌ون به‌فڕینه‌وه‌ نه‌بینن

ئاخر گوڵم

تۆش پڕی له‌خه‌ونی یاخی

…………………

چه‌ند قه‌شه‌نگه‌

ئه‌م جیهانه‌

له‌دره‌ختی شه‌وکانی

گه‌ڵای خه‌ون هه‌ڵده‌وه‌رێ و

له‌ته‌وێڵی ڕۆژه‌کانی

شه‌ونمی شه‌رم و بێزاری

……………………

زۆر دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر

له‌هاوکێشه‌ی زینده‌گیدا

ژن ده‌ربکه‌ن

ئه‌نجامه‌که‌ی .. سفر ده‌کات

…………………..

غروور ، ئافاتێکه‌ مه‌زن

غروور ، ده‌ردێکه‌ بێ ده‌رمان

ئه‌وه‌ی جارێ دوچاری بێ

به‌سته‌زمانه‌ .. لانه‌ وێران

 

به‌ڵای گه‌وره‌ش له‌وه‌دایه‌

نێچیره‌که‌ی ، بێ ئاگابێ

له‌خۆی وابێ .. وێنه‌ی نابێ

ئه‌گه‌ر چی پووشی ده‌م بابێ

………………………

ملوانکه‌یه‌

له‌فرمێسکه‌کانی مه‌سیح

بۆ گه‌ردنی مریه‌می دایک

سڵاوێکی بۆندار به‌بۆی گوڵه‌کانی

ئینجانه‌که‌ی مه‌کسیم گۆرکی

ئه‌ویش بۆ .. دایک

نامه‌یه‌کی عوزرخوایی له‌خوداوه‌

بۆ دایکێکی چاو له‌ڕێگای

سه‌حرای عه‌ده‌م

له‌گه‌ڵ نه‌خشی ماچێکی من

له‌سه‌ر سه‌رپۆشه‌که‌ی دایکم

ده‌که‌م به‌دیاری جوانترین

رۆژی دنیا .. رۆژی دایکان

……………………

په‌نجه‌ره‌کانی ته‌نیایی هه‌وا بڕن

له‌پشتیانه‌وه‌ مه‌ڕوانه‌ سه‌مای ژیان

له‌فیلمه‌ بێده‌نگه‌کانی

شارلی شاپلن ده‌چن ، به‌ڵام

تراژیدی

ته‌مه‌ن باڵه‌خانه‌یه‌کی به‌رز نیه‌

له‌دوا نهۆمیه‌وه‌ سه‌یری

شه‌پۆلی ئاپۆڕه‌ بکه‌ی

ده‌نا دنیات

هه‌ر وه‌ک شاره‌ مێرووله‌یه‌ک

دێته‌ به‌رچاو

په‌نجه‌ره‌کانی ته‌نیایی ، ئاوه‌ڵاکه‌

نه‌با بێده‌نگی به‌مه‌رگی

پێش فڕینی گیان له‌جه‌سته‌ت

ئاشناکا

2013

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە