هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بێ مانایی

سیمای سه‌رده‌مێکی هیچ و

ده‌ستووری نیشتمانێکی

سیخناخه‌ له‌پیاوی بچوک

ئه‌وانه‌ی زۆر هه‌رزانترن

له‌نرخی کورسیه‌کانی ژێریان

…………………

له‌نیشتمانی کورسیه‌ بێزاره‌کانا

گه‌ر له‌کورسیه‌کان بپرسن

چه‌نێ رازین

له‌سه‌رنشینه‌کانی سه‌رتان

بێگومانم له‌وه‌ی هیچیان

نایه‌نه‌ ده‌نگ

ئه‌وانی هیلاک و دڵ ته‌نگ

ئاخر کورسیه‌کانی ئێره‌

نه‌جیڕه‌یه‌کیان لێوه‌ دێ

نه‌بیلبیله‌ی چاو شک ئه‌به‌ن

نه‌زارو گوێ

………………

کورسیه‌کی .. پان و پۆڕی

پڕ له‌نه‌خش و بریقه‌دار

له‌شوێنێکی بڵنده‌وه‌ ، به‌فیزه‌وه‌

سه‌یری کورسیه‌کانی تری

خوار خۆی ده‌کرد ، چیشی ده‌وت

کورسیه‌کانی تر به‌کۆمه‌ڵ

ئه‌یاندایه‌ به‌ر لێزمه‌ بارانی چه‌پڵه‌

وه‌لێ کاتێ گیانی سپارد

له‌زستانێکی سه‌رسه‌ختی ئایینده‌یا

ته‌وری میژوو پارچه‌ پارچه‌ی کردو کردی

به‌کۆته‌ڵه‌ داری کوره‌ی .. ته‌ویله‌یه‌ک

……………….

له‌بازنه‌ی به‌تاڵی ده‌هرا

عه‌یامێکه‌

دێن و به‌دوی یه‌کا ئه‌جمێن

جۆره‌ها دێوه‌زمه‌ی جیاواز

وه‌لێ هه‌موو .. بۆ عه‌رش برسی

باوه‌جو بای یه‌ک چاره‌نووس

یه‌ک به‌یه‌کیان هه‌ڵوه‌راند

ئای له‌چه‌رخی کورسی کورسی

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە