به‌ندی عه‌لی : چەند کورتە هۆنراوەیەک ..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

(نابینا)

مه‌رج نیه دیده‌ ڕوونه‌کان

هه‌موو کاتێ

زه‌فه‌ر به‌دیداری مورغی ڕاستی به‌رن

ئه‌وه‌ هه‌ر نابیناکانن ، به‌دیده‌ی دڵ

به‌دیده‌ی میهری بێ ڕتووش

به‌دیده‌ی روحێکی په‌یوه‌ست

به‌به‌رامی گوڵه‌مێخه‌کی

باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی ویژدانه‌وه‌

له‌زه‌نگیانه‌ وورده‌کانی حه‌ق ئه‌ڕوانن

ئاخر زۆرجار

دیده جامێکی سوتاوه‌ ، به‌ئاخی دڵ

………………………

(خۆم ده‌زانم)

ڕۆژێ به‌ده‌ست گه‌مژه‌ترین

که‌سی دونیا ده‌کوژرێم و

ئه‌ژنۆی خامه‌که‌شم ده‌شکێ

ئاخر گوڵم ، ئه‌وه‌ ته‌نیا گه‌مژه‌کانن

به‌بیستنی ناوی عیشق و

ناوی شیعرو ناوی جوانی

فێیان لێدێ

………………..

(به‌هانه‌)

ئه‌وه‌ کریستاڵی وردوخاشی

عیزه‌تی نه‌فسه‌ ، گه‌ره‌کمه‌

به‌نرخی زه‌رفێکی نایلۆن کۆیکه‌مه‌وه‌

تف له‌سیمات ئه‌ی زه‌مانه‌

له‌م پاییزی ته‌مه‌نه‌دا

چیم لێ ده‌گری .. به‌ به‌هانه‌

پیاوێکی ڕیش چه‌رمووی نایلۆن فرۆش

له‌قه‌راخ شه‌قامێکی ئاپۆڕه‌یا

به‌شێوه‌زاری نیگا ، ئه‌مه‌ی درکاند

………………..

(نۆی چوار)

له‌ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا

لوتی دڕکێکی پیر شکاو

دوایین دڵۆپ له‌تێزابی

لاکی ئه‌هریمه‌نێ تکاو

پشتی مۆته‌که‌یه‌ک پساو

هێلکه‌ خه‌ونێ ، درزی تێبوو

وه‌لێ یاران .. هێنده‌ی نه‌برد

ده‌یان دڕک و

ئه‌هریمه‌ن و مۆته‌که‌ ، زان

جوجه‌ڵه‌ی نێو هێلکه‌ خه‌ونیش

به‌زگماکی .. فجوقی کرد

به‌ره‌و ئاسمان

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
بەندی عەلی

About بەندی عەلی