هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە بیرمانە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ دەى گووت عەرەبستانى سعودیە دادوەرانە هەڵسووکەوت لە گەڵ ئەمریکادا ناکات لە بەرئەوەى ئەمریکا خەرجى و توانایەکى دارایى زۆر بەکاردەبات لە پاراستنى ئاسایشى عەرەبستانى سعودیە، بۆیە خوازیار بوو ئەرکەکانى بەجێبهێنێت لەبەرامبەر ئەو بارە قورسەى کە ئەمریکا چووەتە ژێرى بۆ پاراستنى سەروماڵى عەرەبستان بەرامبەر هەڕەشەى نەیارەکانى.
بە تایبەتى کە لە سەردەمى ئۆبامادا کۆنگریس یاساى جاستا یان دەرکرد بۆ داواى قەرەبوو سزا لە تەقینەوەکانى 11 سپتەمبەرى 2001 لە ئەمریکا چونکە 14 کەس لە ئەنجامدەرانى کردەوە تیرۆریستیەکە، کە 19 کەس بوون و سعوودى بوون، بەڵام ئۆباما یاساکەى واژۆ نەکرد.
بەڵام ئەوەى بینرا ترامپ ى کاتى بانگەشەى هەڵبژاردن ترامپ ى ئێستاى سەرۆک و نیشتەجێ ى کۆشکى سپى نیە چونکە وا یەکەم سەردانى بۆ دەرەوەى وڵاتەکەى بۆ عەرەبستانى سعوودیەیە بە پێچەوانەى ئەو لێدوانانەى کە پێشووتر دابووى چاوەڕوانى بەریەککەوتن وململانێ ى لێدەکرا؟، کەچى بینیمان گەورەترین کۆبوونەوەو کەڕنەڤاڵى بۆ ڕێکخرا نەک هەر لە گەڵ پاشاى عەرەبستان بەڵکو لە گەڵ سەرکردەکانى کەنداو و زۆر وڵاتى عەرەبى و ئیسلامى ترى گرنگ.
بەڵام دەکرێت بپرسین سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر چیدا ئەم هەڵگەڕانەوە گەورەى لە هەڵوێستەکانى دا کردووە بەرامبەر بە عەرەبستانى سعوودیە؟
ئەوەى کە دەرئەنجام بە دەست دەکەوێت لە دواى گەڕان و شرۆڤە بە سەرچاوە کانى هەواڵ و لێکۆڵینەوەکانى سیاسەتدا ئەوەیە کە ئەمریکا خوازیارە کۆمەڵێک داخوازى و دەستکەوتى چەورو گرنگ بە دەستبهێنێت لە سعوودیە، کە بوارەکانى گەشەپێدان وەبەرهێنانە بە پشتیوانى عەرەبستان کە ژێرخانى ئەو وڵاتە نوێ بکاتەوەو ملیۆنان هەلى کار دابین بکات بۆ هاوڵاتیانى ئەمریکى کە بێکارن ئێستا ئەمەش لە ڕێگاى تەرخانکردنى زیاتر لە 40 ملیار دۆلارى ئەمریکى لەلایەن حکومەتى سعوودیەوە بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانى ناوخۆى ئەمریکا سەرەڕاى گرێبەستى 100 ملیار دۆلارى کڕینى چەک و هەروەها باس لە گرێبەستێکى تر دەکرێت بە بەهاى زیاتر لە 200 ملیار دۆلار لە ماوەى دەساڵى داهاتوودا کە ئەمەش گوژمەیەکى باشى پارەیە بۆ گەنجینەى ئەمریکا، جگە لەوەى ترامپ دەتوانێت لە ئیماراتى عەرەبى وڵاتەکانى ترى کەنداو داهاتى زیاترى دەست بکەوێت.
لایەنێکى ترى گرنگ کە ترامپ کارى لە سەر دەکات لەم سەردان و بادانەوەدا ئەوەیە کاراکردنەوەو گێڕانەوەى ڕۆڵى ئەمریکایەلە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکەدا کە ئیدارەى پێشوو لە دووساڵى ڕابردوودا زۆر پاشەکشەى کردبوو و بوارى بۆ ڕوسیا وڵاتانى تر چۆڵ کرد بوو ڕۆڵ بگێڕن، ترامپ بەڵێنى دابوو شکۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەمریکا ئەمەش بە پارەو تواناى دارایى دەکرێت چاودێرانى دۆخى ناوچەکە لەو بڕوایەدان ئەمریکا بە نیازى ئەوەیە تێچووى هەر دەستوەردانێک لە ڕووداوەکانى ناوچەکەو شەڕى تیرۆر بخاتە ئەستۆى سعوودیە.
ئەمانەو جگە لە بووژانەوەى پیشەسازى چەک و بەرگرى کەمکردنەوەى ڕۆڵى دامەزراوە ئایینى و مەزهەبیەکان لە سعوودیەو بە گەڕخستنەوەى پرۆسەى ئاشتى عەرەب و ئیسرائیل و ئاسایى کردنەوە ى پەیوەندى نێوان وڵاتانى عەرەبى و ئیسرائیل.
هەروەکو ئاشکرایە سیاسەت و دان وسان ئاڵوگۆڕى بەرژەوەندىیە دەبێت وەڵامى ئەوەش بدۆزینەوە دەبێت عەرەبستانى سعوودیە لەبەرامبەر ئەم هەموو( دان ) ەدا چ بسەنێت؟
بەکورتى ئەوەمان دەست دەکەوێت بۆ ئەو وەڵامى ئەو پرسیارە کە پڕچەککردن و هاریکارى سەربازییە لە گەڵ ئەمریکا کە سەرچاوەى گرنگى چەک و تەقەمەنیى بۆ سعوودیە و ڕاهێنان و ئامادەکارییە کانى سوپاکەى پشت بە ئەمریکا دەبەستێت، فاکتەرێکى تر پاراستن و پشتیوانى سعوودیە لە کۆڕو کۆمەڵى نێودەوڵەتى لەلایەن ئەمریکاوە کە خاوەنى مافى ڤیتۆیە لە هەر لێپێچینەوەو سزایەکى نێودەوڵەتى.
خاڵێکى ترى گرنگ کە عەرەبستان زۆر پێویستى پێیەتى پشتیوانى سیاسەت و بۆچوونەکانیەتى لە قەیرانەکانى یەمەن و سوریا جگە لە زامنکردنى پشتیوانى بۆ جێنیشینى جێنشینى شا (محمد ى کوڕى شا سەلمان ) کە جێگەى باوکى بگرێتەوە لە داهاتوودا.
لەوانە گرنگتر و ستراتیجى تر بۆ عەرەبستانى سعوودى بەرگرتن لە فراوانبوونى هەژموونى ئێران بۆ وڵاتانى ناوچەکە کە ئەمە خاڵى هاوبەشى نێوان ئەمریکاو عەرەبستانە کە بووە هۆى زیاتر نزیک بوونەوەى ئەو دوو وڵاتە لە یەکتر و لە کاتێکدا لە ماوەى ڕابردوودا عەرەبستان لە هەوڵى ئەوەدا بووە خۆى وەکو پێشڕەوى وڵاتانى ئیسلامى پیشان بدات و کارى جدى بۆ کردووە .

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت