هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

قەتەر ئەو وڵاتەیە کە کەناڵى جەزیرەى تێدا دەمەزراو لەسەر دەستى دەستەیەکى زۆر شارەزاو پرۆفیشنال لە ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانى جیهانى عەرەبى کە مۆدێلێکى نوێ بوو لەناو میدیاى عەرەبیدا کە ڕاو بیرو بۆچوونى جیاواز و دژبەیەک پیشانى بینەرانى عەرەب بدات و باسى کێشەو ململانێکانى وڵاتانى عەرەبى بکات جگە لە قەتەر.
لە لایەکى ترەوە هاوڵاتیانى قەتەر خاوەنى بەرزترین داهاتى ساڵانەن کە بۆهەرتاکێک نزیکەى 130 هەزار دۆلارى ئەمریکیە و خاوەنى زیاتر لە 30 هەزار ملیاردێرە کە بە پلەى دووەم دێت لە سەر ئاستى جیهان، خاوەنى باشترین سیستمى خوێندن و فێرکردنە لەسەر ئاستى عەرەبى یەکەمەو لە سەرئاستى جیهان چوارم، لە ڕووى تەندرووستیەوە لە پلەى یەکەم دێت لە جیهانى عەرەبدا و شەشەم لە سەرئاستى جیهان و هەموو هاوڵاتیەکى قەتەرى لە دەرەوەى وڵاتیش بەخۆڕایى چارەسەریان بۆ دەکرێت واتە لە سەر حسابى حکومەت.
ئەمانەو زۆر دەستکەوت و ئیمتیازاتى تر کە هاوڵاتیانى قەتەر لێ ى سوودمەندن تەنانەت لە هەموو باج و خەراجێکى حکومى بەخشراون و ئاوو کارەبا بە خۆڕاییە.
قەتەر وڵاتێکى بچکۆلە بە ڕووبەر کەم سەر بە ژمارەى دانیشتووان و لاواز لە بوارى تەکنۆلۆجیاو پیشەسازى سەربازى، بۆ یە ناچارە، کە بە دواى هاوپەیمانى سەربازى و بازرگانى و دبلۆماسى گەورەدا بگەڕێت لەسەر ئاستى تەرازووى هاوکێشە جیهانى ناوچەییەکان بۆ پاراستنى خۆى و بەرژەوەندییەکانى. بۆیە هەر لەهەمان فۆرمدایە کە بنکەى عێدید کە بنکە هێزەکانى ناوەندى ئەمریکا لە ناوچەکە لەقەتەرەو بنکەى هێزى شاهانەى ئاسمانى بەریتانیاش هەر لەوێیە و جگە لە بەشێک لەهێزى دەریایى ئەمریکاش.
لە ئێستاشدا میسرو هەندێک لە وڵاتانى کەنداو هەموو پەیوەندییەکانیان لە گەڵ قەتەر بچڕاند ئەمە وەکو ڕاگەیاندنى باریى جەنگە لە گەڵ ئەو وڵاتەدا و باس لە وەدەکرێت ئەمریکا بنکەى عێدید بگوێزێتەوە و لە دواى سەردانەکەى ترامپ بۆ عەرەبستانى سعوودیە دواى ئەو لێداوانەى بەناو کاربەدەستانى قەتەر بڵاوکرانەوەو وترا هاککەران نووسیویانە ئەوان بێئاگان لێ ى، بەڵام وادیارە ڕووداوەکان بە ئاکارێکى تر دەڕۆن و، هەر بۆیە ئەم پێشهاتانە جۆرێک لە ترس و بیمى بڵاوکردەوە لەناو هاوڵاتیانى قەتەر و لە ڕووى ئابووریشەوە ئەو وڵاتە تووشى زیانێکى گەورە بوو بە هۆى دابەزینى نرخى پشک و کاغەزە داراییەکانى قەتەر کە باس لە بڕى 7 ملیار دۆلار زیاتر دەکرێت.

هۆى چیە ئەم سزا توندەى قەتەر؟
بیانوو پاساوى ئەو وڵاتانە ئەوەیە بۆ ئەم هەنگاوەیان دژبە قەتەر کە تۆمەتبارى دەکەن بە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەیان و کۆمەک و هاوکارییەکانى قەتەر بۆ ئیخوان مسلمین و کەناڵى جەزیرەو تاقم و گروهە تیرۆریستیەکان و پەیوەندییە توندو تۆڵەکانى لە گەڵ ئێران.
هەر بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەى هەڵوێست و ڕۆڵى قەتەر لە ناوچەکەدا، پێمباشە هەڵوێست و بۆچوونى هەندێک لە کاراکتەرەکانى ناوچەکە لەسەر قەتەر باس بکەم لەوانە ئیسرائیل کەلە زارى یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانى پێشووى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە کە دەڵێت: قەتەر یاریزانێکى زۆر ئاڵۆزو جێ مشتومڕە کە کە کۆمەک و هاوکارى یارو نەیارەکانى دەوڵەتى ئیسرائیل دەکات .
تورکیاش لە زارى سەرۆکۆمارەکەیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتى: ئەم سزایانە دژ بە قەتەر دروست نین و لە جێگەى خۆیدا نیە. لەهەمانکاتدا ڕۆژنامەى یەنى شەفەق ى تورکى نزیک لە ئەردۆگان ڕۆژى سێ شەمەى ڕابردوو لە وتارێکدا نووسیویەتى: ئەم قەیرانەى بۆ قەتەر خوڵقێنراوە ئامانج لێ ى تورکیایە هەروەها زیاتر دەڕوا لەسەرى و دەڵێت: ئەمە لێدانى تورکیایە لە ڕێگەى قەتەرەوە کە مەبەستیانە کێشەو قەیرانى دارایى قورسى بۆ بخوڵقێنن و تاک و تەریکى بکەنەوە، لە هەمان کاتدا تورکیا بوونى محمد دحلان ى فەلەستینى لە ئیمارات بە هەڕەشە بۆسەر خۆى دەزانێت بە یەکێک لە نەخشە داڕێژەرانى کودەتاکەى 15 تەمووزى ساڵى ڕابردووى دەزانێت.
بەڵام ئەوەى ڕاستى بێت ئەم لێدوانانەى ئەردۆگان و ڕۆژنامەکانى نزیک لەخۆى ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە کە قەتەرو تورکیا خاڵى هاوبەشى کۆمەکى گرووهە تیرۆریستیەکان کۆیان دەکاتەوە.
بەڵام ڕاى وڵاتانى ترى کەنداو عەرەبستان و ئیمارات و بەحرین و میسریش هەمان ئەو بۆچوونانە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە.
ماوەتەوە بڵێین لەکاتى گواستنەوەى بنکە عێدیدى ئەمریکا لە قەتەر دوور نیە بەریتانیا کە لە یەکێتى ئەوروپا پاشەکشەى کردووە ئەو بۆشاییەى ئەمریکا بۆ قەتەر پڕ بکاتەوە لە هەمان کاتدا فەرەنساش کە گلەییان هەیە دەربارەى لێدوانەکانى ترامپ کە وتبووى ئەوروپیەکان ئیلتزامە داراییەکانیان بەرامبەر بە پەیمانى ناتۆ بە جێ نەهێناوە دوور نیە ئەوانیش فەرەنسییەکان پێگەى خۆیان لە قەتەر بەهێزبکەن.







هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت