هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە مانگى حوزەیرانى 2014 کاتێک دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ، شارى موسڵ و دواترپارێزگاکانى ئەنبارو سەلاحەدین و بەشێک لە دیالەیان داگیرکرد و ڕێکەوتنامەى سایکس_ بیکۆیان دڕان و قوولەکانى سەرسنوورى عێراق و سووریایان ڕمان لە مزگەوتى نورى شارى موسڵ ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى دەوڵەتەکە یان جاڕى خەلافەتى ئیسلامى دا بە گوێ ى هەموو جیهاندا، من ئەوکات لەوتارێکدا لەژێر ناونیشانى داعش بەر دەرگاى ماڵەکانمان پێشبینى ئەوەم کردبوو کە پەلاماریى هەرێم دەدەن بەهەرحاڵ.
بیرمانە ئەو کات ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیا و زۆرێکى تر لە وڵاتان هاوپەیمانێتیەکى گەورەو قەبەیان پێکهێنا کە دواتر بوو بە شەست دەوڵەت بۆ بەگژاچوونەى ئەو دەوڵەتە تیرۆریستە کە تەڕو وشکیان بە یەکەوە سووتان کە ئێستا قەبارەى زیانەکانى ئەو دەوڵەتە لە عێراق و سوریا بە زیاتر لە 500 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەڵێ ئێستا کە دوا پێگەى داعش لە عێراق و شام لە لایەن هێزەکانى عێراق و سوریا لەناوبراو و پێشتریش پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکانى هەرێم وەدەرى نان.
پێشمەرگەکانى کوردستان ڕۆڵێکى کاراو بەرچاویان گێڕا لە پرۆسەى بەرەنگاربوونەوەو بەگژاچوونەوەى ئەو بزوتنەوە توندئاژوو تاریکپەرستەدا بە گەواهى هەموو بەرپرسەباڵاکانى ئەمریکاو ئەوروپا کە سەردانى کوردستانیان کرد لەماوەى ئەو شەڕەدا، قوربانى گەورەشیاندا لەو پێناوەدا، بەڵام لە ئێستادا ئەوەى کۆتایى شەڕى تیرۆر و داعش و سەرکەوتن ڕادەگەیەنێت و بروسکەو موژدە دەبەخشێتەوە پیرۆزبایى لە خۆیان و گەلانى موسڵمانى ناوچەکە دەکەن نەهاوپەیمانێتى نێو دەوڵەتى و نە برێت مەکگۆرکى نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکایە بۆ هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بۆ شەڕى داعش، چ دنیاییەکى سەیرە!
ئەگەر کورد ئەمە جارى یەکەمى نییە ئەوەى لە مەیدانەکانى جەنگ و ململانێ ى پێشمەرگایەتى بە دەستى هێناوەبە خوێن و ماڵ سەرکردایەتیە بەناو سیاسیەکەى لەسەر مێزى گفتوگۆ و دان و سان و سات و سەوداى هەڵەو بێ بنەماو نەخوێندنەوەى واقیع و پەیوەندیی و بەرژەوندییەکانى وڵاتانى ئیقلیمى و دەولى بە شێوەیەکى زانستى و وردبینانە بە فیڕۆى داوە ئەمجارەش هەل و فورسەتى زێڕین مێژوویى سەدساڵەیان بە با داو لێ ى دانیشتن.
ئەى خێرە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشى لە کۆتایى ئەم جەنگە دژواروو سەختە و پڕ کێشەدا بە دەستى بەتاڵ خەریکە بچنە دەرەوە؟

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت