هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەوەى مایەى نیگەرانى و قایل بوون نیە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردووى شەڕى تیرۆرو ململانێ ئتنیکى و تائیفیەکانى ناوچەکەدا کە کورد فاکتەرى ئەکتیف و گەشى مرۆڤایەتى بوو تێیدا چ لە باشوورو چ لە ڕوژئاوا بە گەواهى زۆرێک لە کاربەدەستانى ئەمریکاو ئەوروپا کەچى ئەردۆگانى سوڵتانى نوێ ى عوسمانى بێ دوودڵى سڵەمینەوە بە موناسەبەو بێ موناسەبە شەڕڤانان و گەریلاکانى کورد بە تیرۆریست ناو دەبات و دەخوازێت کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتیش وا بڵێن و دڵى ئەو شاد بکەن.
هەر بۆیە لە مانگى ڕابردوو پێگەو بنکەکانى شەڕڤانان و پێشمەرگەى لە چیاى شنگال و چیاى قەرەچووغ ى لە ڕۆژئاواى کوردستان کردە ئامانج و قوربانیش هەبوو لە کاتێکدا ئەو پێگانە بەرەى دواوەى شەڕى تیرۆر و دەوڵەتى ئیسلامى داعش بوون.
بەڵێ ئەمانە لە کاتێکدا ڕوویاندا کە بەبەرچاوى هەموو جیهانەوە ئەردۆگان و ئاکەپە لە ماوەى ڕابردووى ئەو جەنگەدا تورکیایان کردە ڕێڕەوێکى ئارام و ئاسان بۆ کۆکردنەوەى هەموو تیرۆریستان لە هەموو کون و قوژبنێکى دنیاوەو ڕەوانەکردنیان بۆ عێراق و سوریا کە لە ڕاپۆرتێکى تازەى ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست دا هاتووە کەباس لە کۆمەک و هاریکارییەکانى ئەردۆگانى سەرۆک کۆمارى تورکیا دەکات بۆ داعش و گروهە تیرۆریستیەکانى تر لە سوریا و عێراق و هەروەها باس لە بازرگانى نەوت وگرێبەستى چەورو پڕ لە قازانجى خەیاڵى خۆى و خانەوادەکەى دەکات و هەروەها ڕاپۆرتێکى تریش لە سەنتەرى بەگژاچوونەوەى تیرۆرى ئەکادیمیاى سەربازى ئەمریکا ئاماژەى بە ئەوە داوە ئەردۆگان کارئاسانى کردووە بۆ ئەوەى 25 هەزار تیرۆریستى بێگانە پەیوەست بن بە ریزەکانى دەوڵەتى ئیسلامیەوە لە هەمان کاتدا ڕێنمایى بە هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش وهەواڵگرى تورکیا داوە کە هیچ ڕێگرى و کێشەیەکیان بۆ نەخوڵقێنن تەنانەت هەندێک جار کارمەندەکانى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا هاوڕێ و ڕابەرى یان بوون تا شوێنى مەبەست.
لەلایەکى ترەوە ڕاپۆرتەکە باسى کۆمەک و هاوکارى هەندێک لە یەکینەکانى هەواڵگرى تورکیا دەکات کە چەک و تەقەمەنى یان داوە بە گروپە تیرۆریستیەکان بە داعش و ئەلقاعیدەشەو ئەمەش کاتێک ئاشکرا بوو کە سێ بارهەڵگرى گەورە بە چەک و تەقەمەنی و چارەسەرى پزیشکى و داودەرمان لە شارى ئەزەنە لە سنوورى باشوورى تورکیا دەستیان بە سەردا گیرا.
لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى ( CAR) کە ڕێکخراوێکى توێژینەوەیە یەکێتى ئەوروپا پشتیوانى دارایى دەکات لە چەکى کلاسیکى کە چۆن گەیووەتە دەستى داعش و ناوچەکانى ململانێ لەمانگى دیسەمبەرى ساڵى 2016 دا ،تورکیایان بە گەورەترین پشت و پەناو یارمەتیدەرى داعش داناوەو کە چەک و تەقەمەنى و خۆراک و داودەرمانیان بۆ دابین دەکات و گەورترین ڕایەڵەى پەیوەندى بازرگانى یان لە وڵاتەدا دروست کردووە بۆ عێراق و شام .
جگە لەوەش دەرگاى هەموو نەخۆشخانەو ناوەندە فریاگوزارییە تەندروستیەکانى تورکیا ئاوەڵابووە بۆ ئەندامانى داعش و قاعیدەو گروپە تیرۆریستیەکانى تر بە بێ بەرامبەر وەکو احمد یایلا نووسەرى وتارەکە باسى دەکات کە خۆى لە ساڵى 2013 کە بەڕێوەبەرى بەشى بەگژاچوونەوەى تیرۆر بووە لە ئاسایشى باشوورى تورکیا دواتر دەستى لەکارکێشاوەتەوە.
لێکۆڵینەوەیەکى سەنتەرى (pew) ئەمریکى کە لە ساڵى 2015 ئەنجامیداوە گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەى کە 7 ملیۆن هاوڵاتى تورکیا هاوسۆزو لایەنگرى لە ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش ) دەکەن.

ئەکرێت بپرسین هەموو ئەمانە ئاکامى چین؟
هەروەکو زۆرێک لە ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوانان و نووسەرانى ئاگادارى کاروبارى تورکیا ئاماژەى بۆ دەکەن وتارو هەڵوێستە ئایینى و مەزهەبیەکانى ئەردۆگان وپارتى داد و گەش (( ئاکەپەیە )) کە هەمووى هاندانە بۆ تووند ئاژۆییى ئاینى و ئتنیکى هەروەکو بینیمان لە ساڵى ڕابردوو چۆن پۆلیسێکى تورکى پەلامارى باڵوێزى ڕوسیاى دا لە ئەنقەرەو کوشتى لەبەرچاوى کامێراکان سەرەڕاى ئەوەى گروهە توندە ڕەوکان هەروەکو دەڵێن چوار قوتابخانەیان هەیە لە ئەنقەرەى پایتەخت و خاوەنى چەندین خێوەتگەو بنکەو بارەگاى ڕاهێنان کە پێشتر دەزگا ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان ئاشکرایانکرد پێش ئەوەى ئەردۆگان هەموویان دابخات .
هەموو ئەو یارمەتى کۆمەکانە وایان لە ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش ) کرد کە ببێتە هێزێک سڵ لە هیچ شتێک نەکات و جۆرەها شێوازو ڕێگاى نوێ دابهێنێت بۆ کوشتن و بڕین و سووتاندنى خەڵک و دیل بە زیندوییەتى لە عێراق و شام کە بێگومان ئۆباڵى هەموو ئەوانە لە ملى ئەو پشتیوانانەیە .
ماوەتەوە بڵێین لە دواى شکستى سەردانەکەى ئەردۆگان بۆ ئەمریکا و بەشدارینەکردنى لە کۆبوونەوەى سەرۆکى ئەمریکا ترامپ لە عەرەبستانى سعوودیە لە گەڵ زۆرێک لە سەرکردەى وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبى ئەردۆگان بەرەو کوێ دەبات ئایا بەرەو هاوپەیمانیەتییەکى ترى ئیسلامى لە گەڵ ئێران ناڕوات کە بەراییەکەى وەدەرکەوت لە کاتى پیرۆزبایى کردنى لە حسن رۆحانى وەکو سەرۆکى دووبارە هەڵبژێراوى ئێران؟

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت