هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

كردنەوەی كافتریایەك لەلایەن بەرپرسانی پارتی لەكەركوك رەخنەی توند لە ئاستی بەشداربوانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و یەكێك لەئەندامانی پارتی دەڵێت “باشتر وایە بەرپرسی لقی 3ی پارتی، خەمێك لەوە بخوات كە وردە وردە كادیرانی پارتی لە كەركووك حزبەكەیان جێدەهێڵن “.
ئەمڕۆ ، هەریەك لە محەمەد كەمال بەرپرسی لقی 3ی پارتی لەكەركووك وشاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی و عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەكان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارتی كافتریایەكیان لە گەڕەكی شۆراو لە شاری كەركووك كردەوە .
ئەوەش رەخنەی توندی لە ئاست بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەتایبەت كەركووكییەكانی بە دوای خۆیدا هێنا .
ئەو بەشداربوانەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باس لەوەدەكەن، “لەو بارودۆخەی شاری كەركووك لەرووی سیاسی و ئابووریی و تەناهییەوە تێیكەوتووە ، بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە بەرپرسانی گەورەی حزبێكی دیار سەرقاڵی كردنەوەی كافتریای نێرگەلەكێشان بن “.
رەخنەكان ئەندام و كادیرانی پارتیشی لە شاری كەركووك گرتووەتەوە و ئەوان لە پەیج و ئەكاونتەكانی خۆیاندا رەخنەی ئەوە دەگرن، لەكاتێكدا رۆژانە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك شەڕ و پێكدادانە لەگەڵ تیرۆریستان و كردەی تیرۆریستی لە شارەكە ئەنجام دەدرێت، ناكرێت بەرپرسانی حزبێك لە ئاستی حزب و پەرلەمان خۆیان بە بابەتێكی وەك كردنەوەی كافتریا خەریك بكەن .
یەكێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەكاونتەكەی خۆی نووسیویەتی، ” باشتر وایە بەرپرسی لقی 3ی پارتی ، خەمێك لەوە بخوات كە وردە وردە كادیرانی پارتی لە كەركووك حزبەكەیان جێدەهێڵن، ئەوانیش لێرە خەریكی كردنەوەی كافتریای نێرگەلەكێشانن “.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كافتریایەی ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی پارتی لە شاری كەركووك شریتی كردنەوەی بڕدرا، خاوەندارێتییەكەی بۆ كادیرێكی ناوچەی 4ی سەر بە لقی 3ی پارتی لە شاری كەركووك بەناوی (ش. س) دەگەڕێتەوە .

س – م 

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت