هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئاگرێکی گەورە لەم ناوە ئەگەڕێ، لە یەمەن حووسیەکان مووشەک ئاڕاستەی سعوودییە ئەکەن و سعودیەش بە مووشەکی پاترییوت زیانەکانی کەم ئەکاتەوەو ڕێگری ئەکا، ئەزمە لە قەتەر بەردەوامە، سعودییە لەبەردەم وەرچەرخانێکی نێوخۆیی گەورەدایە، قەیرانی کەنداو لە قەتەرەوە تەشەنەی کرد بۆ سعودییە. لوبنان خەریکە ئەبێتە جێی ئافات و ئاشوبێکی گەورە، حزبوڵڵا ش (۱٥۰ ) هەزار مووشەکی ئامادەکردووە، سعودییە ئیسرائیلی ڕاکێشاوەتە ناو شەڕێکی گەورەوە بۆ گەیشتن بە بنبەست لەسوریا؟. چونکە سوریا ئەڵقەی وەسڵی ئێرانە لەناوچەکە.
عێراق، شەو و ڕۆژ ئەمریکا و یوئین تیایدا خەریکی سڕینەوەی نەتەوایەتی و تایەفین تیایدا، ئێران هێڵی ووزەی کەرکوک و عێراقی گۆڕی، ڕووسیا بەخۆی کۆمپانیاکانیەوە بە هێزی سەربازییەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیەوە بوونی خۆی ئەسەلمێنێ تا ئەگاتە هەرێمی کوردستان بۆ کێبڕکێی ئەمریکا.
کەرکوک وەک خەزانەیەکی بەنزینی گەورە تا دێت ئاگرەکە لێی نزیک ئەبێتەوە، کوردستان تووشی داخرانێکی ئاسمانی و زەمینی و ئابوریی کراوەتەوە، نەک سەتا پەنجا کە لە دەست دراوە، ئەو سەتا پەنجایەشی ماوە ئێران بە بەشێک لە جوگرافیای خۆی ئەزانێ، مەعقول نییە ئەو لە یەمەن و لوبنان بێت، دەستەڵاتی تەواوی لە کەرکوک و هەولێر و سلێمانی نەبێت!.
کەچی یەکێتی و پارتی ئەیانەوێ سەرقاڵ مان بکەن بە شتی پڕو پووچەوە، فڵانە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی نەخوێنەوار و سەرکردەی سەربازی یەکێتی وای ووت و، فیسارە کادری پێش نە کەوتووی پارتی لوتبەرزی کاسە بەتاڵ وای ووت و. ئەوجا ئەو پارتی و یەکێتییە هەرچی نەشێت بەرانبەر نیشتیمان کردویانە، کەچی هەر واز لە نیشتیمان ناهێنن و، هێشتا خەریکی بە خائین کردنی یەکتر و، ئەم و ئەون!.

ئەزانی…..درەنگە… درەنگ….. !
ئەزانی زەمەنێکی زۆری ئەوێ، تا پارتییەک، یان سەرکردەیەکی لەمانەی ناو یەکێتی حاڵی بکەی ” جیهانبینی چییە؟”، ” زانست چییە”؟. ” بە چ تیۆرەیەک سەیری پرسەکانی ئێستای جیهان بکرێت “؟. هندستان شەشەمی ئابوریی جیهانە لە گەشەدا، بەریتانیاشی تێپەڕاند، جی دی پی (GDP) بە ڕێژەی 7.6٪ زیاد ئەکا، کەچی 56٪ ی خوێندکارە هندییەکان بەرەو ئەمریکا ئەچن بۆ خوێندن!.
ئیمڕۆکە، ڕۆژئاوا بە زانست و تیۆرە ڕۆژهەڵاتی فەتح کردووە، نەک شمشێر و چەلەحانێ.. بە هێز و هاوپەیمانێتی یش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆی ئەو ووزەیە ئەدات لە ناوچەکە هەیە، ئەوە شەش ساڵە شەڕی غازی سروشتی لە سوریاو قەتەر دەستی پێکردووە، وا گەیشتە عێراق و ئێرانیش، دەستەڵاتی خۆرئاوا ئەبێت لە هەموو تەنگەبەرەکانی وەک هورمز‌ و جەبەل طاریق و مەلەکە هەبێت. پێش جەنگی سارد ئۆپیک و حوکمڕانەکانی ڕۆژهەڵات لافیان لێ ئەدا کە خۆرئاوا نەوتی نییە ئەبێت کڕنووش بۆ شەرقییەکان ببا، دواتر ڕۆژئاوا نرخی و دیاریکردنی بەهای ئەو نەوت و غازەشی گرتە دەست و، خۆی نرخی لەسەر دائەنات، ئەمە وەک مارکێتینگ، ئێستا کاتێتی گۆڕانێکی جیۆپۆڵەتیکی لە ڕۆژهەڵات دا ڕوو بدات، بۆ دەست بەسەردا شکانی ئابوریی پێویستە کات گۆڕانکاری جیۆپۆڵەتیکی دەست پێ بکەن لە ناوچەکەدا.
جا بۆیە، تاقەتی ئەو ڕۆحیەتی نیشتیمان پەروەریەشم چوو، لە عەسرێکا کە پارتی و یەکێتی و هەندێ لە دەروێشە حاڵ لێ هاتووەکانیان ڕمڵی لەسەر لێ ئەدەن.، باشوایە تا ئێوە هەبن، کوردایەتیەکەم هەڵپەسێرم، زۆریش فشار بهێنن، ئێژم بابە گەردنتان ئازا بێت ئێو ڕوو سوور و من خیانەتکارەکەم!!. بەس سەبرێک بکەن ئەو مەڵۆیەی کە بۆ پێشخستنی نیشتیمان و تاکەکانی پێویست بو نە تانکرد و نەتاندا، هەموو خەرمانەکانتان بە زەبر و زۆر بە جارێ ئەکەوێتە دەست بەغداو ئیمپریالیزمی نوێ.!. من ئا لێرەدا کوردایەتیەکەم هەڵئەپەسێرم!. بۆستن… ئیتر لێرەدا هەموومان کورد نیین و، نەخێر نیشتیمانیش هی هەمووان نییەو، قەتیش هی هەمووان نەبووە. نیشتیمان هەرگیز هی دایکی شەهیدان نەبووە، هی ئەوانە نە بووە کە تۆزێک بیر ئەکەنەوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت