هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

بەهاری عەرەبی و قەیرانی سوریا یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەوەبو کە دەمامکی سەرمایەداری و داگیرکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە خوارەوە، ئێمە جگە لە ڕیالیزم و لیبرالیزم چەندین تیۆری دیکەمان لەبەردەستە بۆ باشتر خوێندنەوەی ئەم دونیایە، هەرچەندی تر هەبن ناتوانین لەو راستیە لابدەین، کە خۆرئاوا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە، بەدیاریکراوی لە دوای سایکس پیکۆ 1916 و پەیمانی بەلفۆڕ 1917 ەوە هۆکاری سەرەکی ئەوەن کە سەت ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بە خۆیەوە نەدیوە، مێژووی هەژمون و بەرپرسیارێتی ئێران لە عێراق و سوریا سەت ساڵ نییە، بەڵکو ئەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕووخانی سەددام حوسەین لە 2003 و لە سوریاش لە دوای 2011 .
ویلایەتە یەکگرتوەکان 3-4 تریلیۆن دۆلاری لە جەنگی عێراق و ئەفغانستان دا سەرف کرد، بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو پارەیەی لە جەنگی عێراق دا سەرف کرا ئەتوانرا ئاوی شیرینی بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی پێ دابین بکرێت، کە لە (2017) ەدا زیاتر لە 1.2 یەک ملیار و دووسەت ملێۆن کەس سەرچاوی بەکارهێنانی ئاو یان گونجاو نییە. ئەبوو ئیدارەی ئەمریکا کە خۆیان بە خواوەندی ئەم گەردوونە ناساندووە تەکبیرێک لە گەرمبوونی گۆی زەوی یان پیسبوونی ژینگەو نایەکسان دابەشبوونی سامان بکردایە. ئایا جیهان دارستانێکەو ئەبێت تەنها یەک چین و یەک پێڕ تیایدا ڕاو بکەن و هەرچیان بەرچاو کەوت پەلاماری بدەن؟! بێگومان 11ی سێپتەمبەری 2001 و پاشان قەیرانی داخرانی دارایی ئەمریکا لە 2008 و ئینجا هەڕەشەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا وەڵامی ئەمەیان داوەتەوە، کێشەی زیاتر لە (7) ملیۆن پەناهەندە لە ئەوروپاو ئەمریکا نیشانی ئەدا ئیمپریالیزم دەستێکی خراپی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەشاندووە٬ نعۆم چۆمسکی ئەمە ناو ئەنات «چەکووش وەشاندن». بەرئەنجامی ئەو هەموو چوکووش وەشاندنەی ئەمریکا وە فەڕەنساو بەریتانیا لە عێراق و لیبیا و سوریا یەکسانە بە توندوتیژی لەناو ئەمریکاو ئەوروپا، یەکسانە بەوەی کە دەبێت لەبەردەم چارەسەرکردنی ئەخلاقیانەو مێژووییانەی چارەنووسی دەیان ملیۆن کۆچبەرو پەناهەندەدا بوەستنەوە.
ئەوەی هەیە لە عێراق ئەوەیە هۆشیاری بەرەو هەڵکشان ئەچێت، پلەی گەرما لە نێوان 50 بۆ 55 دایە کەچی کارەبا نییە، ئاو نییە، حکومەت نییە، لە وڵاتێکدا کە دامەزرێنەری ئۆپیک ەو ڕۆژانە نزیکەی 3.7 سێ ملێۆن و حەوت سەت هەزار بەرمیل نەوت هەناردە ئەکرێت، بێگومان بەرئەنجامەکەی هەر ڕاپەڕینی جەماوەری ئەبێت.
ئێران، مێژووییەکی قووڵی لە ناوچەکەدا هەیە، جوگرافیایەکی سەرنجڕاکێشی درک پێ نە کراویشی هەیە، بۆ نمونە تازە لە نیوەی دووەمی 2018 ەدا میدیای ئەمریکی و سعودی ناوی گەرووی هورمز دێنن و پێیان وایە ئێران ئەتوانێ پێ بخاتە سەر شادەمارێکی گەورەیان، لە کاتێکدا ئێران لە دیسەمبەری 2016 ەوە گەرووی هورمزی کۆنترۆڵکردووە، ئەو کاتە ئەیانوت ئێران ئەمەی بۆ ناچێتە سەر، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەترسن ئێران ئەم رێرەوە دابخات، کە 40٪ ی ووزەی جیهان و تەواوی کاڵا بازرگانییەکانی باشوری ئاسیا بەوێدا تێپەڕ دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، ئێران ووڵاتێکی خاوەن ناسنامەیە، فەرهەنگی هەیە، ئەگەر شیعەگەرێتی فەرهەنگ نەبوایە هیچ کات لە عێراق خۆپیشاندانی ملیۆنی لە عێراق دا نە ئەکرا هەروەک موقتەدا سەدر کردی. جگە لەوە ئێران یەدەگێکی زۆری نەوتی هەیە، بڕیارەکانی کاریگەری لە سەر نرخی نەوت هەیە، ئەم ووڵاتە خاوەنی دووەمین یەدەگی غازی سروشتییە لە جیهاندا کە 18٪ ی پێک دێنێت.
ئیمڕۆکە جەنەراڵ قاسمی سولەیمانی بە بێ پاسپۆرت وە بە بێ مۆڵەتی شۆفێری لە تاران ئۆتۆمبیلەکەی هەڵ ئەکات هەتا جۆلان ناوەستێ، ئەچێتە دیمەشق، سەنعا و عەدەن، لوبنان، دێتە بەحرەین، ئینجا بەغدا و کەرکوک…کەواتە ئێران نەک هەر سەرکەوتووە، بەڵکو لە هیچ سەردەمێکدا وەکو ئەم چرکە ساتە ئێران سەرکەوتوو نەبووە، ئێران نە لە سەردەمی سەفەوی نە لە زەمانی قاجار نە لە سەروەختی حکومڕانی شا دا وەک سەردەمی ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
ئەوە واقیعێکە ئەبێت دانی پێدا بنرێت ئێران سەرکەتو بووە لە جموجووڵەکانی دەرەوەی خۆی بۆ پاراستنی ناوەوەی خۆی، وێڕای قەیرانەکانی ناوخۆییەکانی، کە ئەمە بابەتێکە لە باشوری ئەوروپاش هەیە، ئەمریکا ڕێبەرایەتی جیهان و سەرمایەگوزاری گوزاری جیهان ئەکا کەچی قەرزاری چین و میراتگرانی سیستەمی کۆمۆنیزمە.
بەرپرسیارێتی ئەوەی کە زیاتر لە یەک سەدە یە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایشی تیا نییە بە پلەی ئیمتیاز ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپریالیزم، بە تایبەت ڕۆڵی ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی کەنداو. ئێستاش کە بە سێگۆشەیەک لە هاوپەیمانێتی ئەمریکا لەناوچەکە خواست بۆ لە قاڵبدانی سیاسەتەکانی ئێران و ڕووخانی چوارچێوە سیاسییەکەی هەیە، ئەبێت ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە دۆناڵد ترامپ لە لوتکەی سیاسەتی ئەمریکی دا کەسێکە نایەوێ پارە خەرج بکات لە ململانێکاندا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.