هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

غەدرێکی زۆرمان لێ کرابو، بە کارئاسانی کردن و نەسیحەت کردنی کاک “جەلالی سام ئاغا” چووین بۆ لای جەنابی “مام جەلال”. دوای هەندێ قسە، مام ووتی: ئێستا تۆ چیتەوێ؟”، ووتم: وەڵا ئێمە ئەمانەوێ خزمەت بەم نیشتیمانەو بە یەکێتی بکەین”. برادەرانی سەرکردایەتی و قیادەکە بە گشتی حەز بەم جرتوفرتەمان ناکەن و، ناهێڵن. ” کاک سەعدی پیرەش دانیشتبو. پرۆژەکەشم ماوە. بەهەرحاڵ ئیتر ئاقارەکەی ئێستا ئەوەیە کە ئەیبینن، ئەو زەمان وا باوبو، ئەیانوت “ئەمانە مەجموعەیە مناڵن تازە دەسیان قەڵەمی گرتوەو ڕاست و چەپ پیایدا ئەهێنن و……”.
بە هەمان شێوە، ئێمە ئەمانەوێ، پرۆسەی ڕیفراندۆم سەربکەوێ، دەوڵەتێکی سەرکەوتوو چێ بکرێت، تەتەڵەی هەموو لایەنە گرنگەکانی ئەم دەوڵەتە بکەین، برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگە نادەن. مەسەلەن چۆن؟.
ئێمە ئەمانەوێ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بزانین، هی ناوچە داگیرکراوەکان بزانین، نزیکەی (1.750) یەک ملێۆن و حەوتسەدو پەنجا هەزار عەرەب لە ناو دەوڵەتە کوردییەکەمان دا باس بکەین، ئەمانەوێ مەترسییەکانی میدیاو سۆشیال میدیا لەسەر تاک و کۆمەڵی کوردیی دەست نیشان بکەین، چارەسەرییەکانی بخەینە ڕوو، کەچی (پ، د، ک) بۆ خۆی ئەبێتە عاملی ئەو مەترسییە، ئەمانەوێ بزانین ئایندەی ناکۆکیەکانی ئێران و تورکیا لەسەر نەوتی کەرکوک چۆن ئەبێت و، سیناریۆکانی دەست نیشان بکەین، کەچی تەپوتۆز مان لێ ئەکەن. !.
دەوڵەتێکی کوردیی، بێ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، بێ ئاشتەوایی سیاسیی دروست نابێ، هەر ئەوە نییە گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان ئاڵا هەڵگری دروشمەکە بن لەگەڵ پارتی، گومان لەوە نییە بزوتنەوەی گۆڕان قیادەکەشی لەگەڵ ڕیفراندۆم بێت قاعیدەکەی لەگەڵی نییە، یەکێتی و کۆمەڵ و چارەکێکی یەکگرتووش بە هەمان شێوە.
لەساڵی (2014) هەموو حزبە کوردییەکان یەک لیست و هەڵوێست بوون لە کەرکوک، لە هەشتی بەیانییەوە بۆ حەوتی ئێوارە تەزویرمان کرد، ئینجا کورد توانی لە کەرکوک (٥۳٪) دەنگەکان بەدەست بێنێت، کە خەڵک ئەوکاتە زۆر لە ئەدای ئیداری شارەکەش ڕازی بون. ئێستا کورد و عەرەبی سووننە هەشت بەشەش کورسی پەرلەمانیان هەیە. ئێران و عێراق بە تەواوی قەناعەت لایانوایە ڕیفراندۆم پرۆژەی تورکیایە، بۆیە خێرا کەوتونەتە ڕاکێشانی بۆڕی نەوت و غازی کەرکوک بەرەو کەنداوی فارس، جگەلەوەی تا دێت گەمارۆی ئەمنی و سەربازیی سەر کەرکوکیش زیاتر ئەبێت. زۆر شتی دیکەش.
بۆیە، ئێمە حەز ئەکەین (وەکو حەز) ڕیفراندۆم سەربکەوێ لە کاتی خۆیدا، دەوڵەتێکیش چێ بکرێت، کە ئینتەردسپلینەریانە تاوتوێی هەر لایەکی کرابێت، لەوەش زیاتر دەیان لێکۆڵینەوەی وورد و چڕ لای ئێمە هەن، کە ئاماژەی نەک سەرنەکەوتن، بەڵکو مەترسیی قووڵ و بیر لێ نە کراوە ی لێ ئەکرێت، ئێمە وەک گوناحێک بڵاومان نەکردۆتەوە، تا خزمەتێکی نا شایستە نەبێ بەملاولا.
هیوادام، نەفەسەکانی خزمەت کردنی ڕاستەقینە بۆ نیشتیمان بناسین. چیتر کەس نەیەژێ ئەمە سوودەکانی دەوڵەتەو ئەگەر سەربەخۆ بین واو وا چاکەو، با ژێر دەستە نەبین و….. تا دوایی. ئۆکەی ئەگەر (پ، د، ک) ئەیەوێ ژێر دەستە نەبین با لێگەڕێ کاری ڕاستەقینە بۆ پرۆسەی ڕێفراندۆم بکرێ، بە جۆرێ ڕیشەکانی کوردبون سەر پێ بخەین و کورد بکەینەوە خاوەنی خۆی. لەناو کۆمەڵێک کوڕوکاڵ دا، هەمووی ئەیوت بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم، یەکێک ئەیوت “نەخێر” کە ئەقڵ تەصەوری ناکات، ئەویش دامەزرێنەری کاژیک ” کامیل ژیر” بو، کە نیو سەدە زیاترە لە سیایەت و نەتەوەچێتی دا قاڵ ئەبێتەوە.
بۆیە، ” نەخێر، بۆ ئەو جۆرە ڕیفراندۆمەو، بەڵێ بۆ دواخستنی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت