هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

پێشەکى:
ووزە و جیۆپۆڵەتیک، پەیوەندییەکى دانەبڕاویان لەگەڵ یەکتر هەیە، سەدەى بیستەم گەواهیدەرى ئەوەیە، ئەو هێزانەى لەدەرئەنجامى ناکۆکى و شەڕەکاندا، دەستیان گەیشتووە بە سەرچاوە و هێڵەکانى نەوت و غازى سروشتى، ئەوانە تام و بۆنى سەرکەوتنیان چەشتووە، ئەگەر کاریگەرى ووزە بە سەر جوگرافیاى سیاسیەوە ناوبنەین “جیۆپۆڵەتیکى ووزە”، ئەوا ” پیترۆپۆڵەتیک- Petropolitic” یش وەک چەمکێکى تازەى ناو پەیوەندییە ئابورییەکان، بریتی یە لەکاریگەریی پیترۆڵ بەسەر خودى سیاسەتەوە، پیترۆڵ لەدەیان شوێن هۆکارى هاوپەیمانێتیەو، لەدەیان شوێنیش مایەى جەنگ و هەڕەشەى گەورەیە، بۆیە نەوت و غازی سروشتى بەوەوە ناوەستن، تەنها بەهاى دۆلار و بازاڕ دەست نیشان بکەن، کاریگەرى گەورەش لە دروستکردنى هاوپەیمانێتیە سیاسیەکان دا ئەگێڕن و، ئەبێتە کەرەستەى دابەشکارییە هەرێمایەتییەکان بەسەر زلهێزەکان دا.
هەرێمى کوردستانى عێراق، لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس (2003) ەوە، لەلایەکەوە بازاڕێکى تازەى ووزەیە و، کۆمپانیا فرەڕەگەزە نێودەوڵەتیەکان (Multi National Company) بە لێشاو ڕووى تێدەکەن، لەلایەکى تریشەوە، بە پێی دەستور (عێراق) دەوڵەتێکى فیدراڵی یەو، بەرپرسیارێتى پەرەپێدانى سامانە سروشتییەکانى هەرێم بە پێی ماددەکانى (111 و 112 و 115 و 121) ى دەستورى عێراق کەوتۆتە دەستى ئەنجومەنى نەوت و غازى هەرێم، لەژێر ڕۆشنایی یاساى ژمارە (22ى ساڵى 2007) ى پەرلەمانى کوردستان کە لەهەمان ساڵدا کەوتۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە(1).
ساڵى (2017) یەو، کوردەکان لە عێراق وێڕاى گەندەڵى و بینا نە کردنى دامودەستگاى یاسایی و سیاسیی، هێشتا لە چوارچێوەى حکومەتى مەرکەزیی عێراق دا ئەژین، کە ئەم دەوڵەتە (114) ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى و ناوخۆیی لەسەرە(2) ، ناوچەکە بەگشتى لە ڕووى سەربازییەوە خەریکە قوتارى بێت لە جەنگى دژ بە “دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام”، بەڵام هێشتا لە عێراق دا (117000) سەت و حەڤدە هەزار چەکدارى میلیشیا هەن و، دابەشبون بە سەر (73) گروپ دا (3) . ئەم تەنگژانە لەکاتێکدان، کە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى و ناوچەى کەنداو بەتایبەتى، لە کەف و کوڵى خۆ- ڕێکخستنەوەدایە بۆ گێمێکى ترى ململانێ و ناکۆکى.
بۆیە: ئەم توێژینەوەیە، بە ئەرکى خۆى ئەزانێت لە چوارچێوەى میتۆدێکى زانستى و ناونیشانى بابەتەکەدا، بەدەم وێناکردن و خوێندنەوەى تەوەرەکانەوە، سۆراخى سێ پرسیارى ڕاستەقینە بکات:
یەکەم: گرێبەستە کانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاى ڕووس نەفت و ئەوانى تردا ڕوون بکاتەوەو، کاریگەرییان لەسەر بازاڕى ووزە دیارى بکات.
دووەم: وەرگەڕان و جیۆپۆڵەتیکى نوێی ووزە لە دەریاى ناوەڕاست، پشت کردنە دەریاى ناوەڕاست و ڕووکردنە دەریاى ڕەش لەلایەن تورکیاوە، وەرچەرخانەکان لە ناوچەى قەزوین، لە کوتلەى کەنداوى فارس، ئەمانە ئایندەى سیاسی و ئەمنى و ئابوریی هەرێمى کوردستانى عێراق بەرەو کوێ ئەبەن؟.
سێهەم: سیناریۆکانى بەردەم ئایندەى هەرێمى کوردستان چیین؟.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر جيۆپۆلەتيكى نوێی ووزە و گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەکان، کاریگەرییان بەسەر هەرێمی کوردستانەوە







هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە