هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئیمانوێڵ کانت باوکی فەلسەفەی مۆدێرن لایوایە بەرهەمی ئەقڵی بەشەریەت ئەزمونەکەیەتی، جا عەرەبەکان بەرئەنجامی ئەزموونی دوورو درێژ و تینوێتی بیابان وتویانە ” من يضحك آخيرا يضحك كثيرٱ، من يضحك كثيرا يبكي آخيرا”، ئەوەی لە کۆتاییدا پێ بکەنێت زۆر پێ ئەکەنێت، ئەوەشی زۆر پێبکەنێت لە کۆتاییدا ئەبێت بگری”.
شکسپیر لە شاکارەکەیدا لە کۆتایی سەدەی شانزە “Much Ado with out nothing” واتە جرت و چەقەنەی زۆر بەبێ ئەوەی هیچ لە ئارادا بێت، زۆر کۆمیدی باسی جڕوجانەوەرەکانی سەدەی بیست و یەک ئەکا.
دەستەواژەی پێ کەنین و گریان لەسەرەتاو کۆتاییدا پەیوەستە بە دۆخی میللەتەکەمان وەکو کورد، پەیوەستە بە یەکتربڕینی سیستەمی هەرێمایەتی و جیهانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک کەسێک و کەسێکی تر، حیزبێک و حیزبێکی تر، ئەوانەی خەیاڵدانی خۆیان گەورەکردووە بە پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ شارێک ئەفرۆشن دووان لە هەڵبژاردنا بە تەزویر وەرئەگرن، ئەوانە بابەتی شیکاریی نیین و بە کەڵکی تاقیگە نایەن، تۆ سەیرکە، ئەزانی وەک چی وایە، عارەبانەیەکی زۆر گەورە هەیە ئاماژەیە بە سیستەمی ئاڵۆزی جیهانی و هەرێمایەتی، ئەم عارەبانە زۆر گەورەیە بەستراوە بە چەند گوێدرێژێکەوە بۆ ئەوەی ڕای بکێشن، گوێدرێژەکان ئاماژەن بۆ سۆپەر پاوەر (ئەمریکا، چین، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) هەروەها بانکی جیهانی و وەکیل و موەکیلەکان لە ڕیژنەکان، ئینجا چەند مێشێک هەن دێن و ئەچن جار جار ئەنوسێن بە گونی گوێدرێژەکانەوەو ئەنوسێن بە کلکیەوە، ئەم (مێش) انە خۆیان لێ بووە بە گوێدرێژەکان وا ئەزانن ئەوان عارەبانەکە ڕائەکێشێن و، ئیتر زیکە زیک ئەکەن و باڵ با ئەدەن و هەڕەشە ئەکەن و هەتا دوایی، ها کورە تۆ چیت !.

بەرهەم ساڵەح: سیاسیەکی ڕووسور و براوە
ئێمە ووتمان، ئیتر با قۆناخی چاڵدێران کۆتایی پێ بێت لە کوردستان و، کورد ڕەگی خۆی لە ناوخۆیدا بێت و، نەچینە تورکیاو ئێران و هەر شوێنێکی تر بۆ شکاندنی ملی براکانمان وەک پاشا کوێرە شانازی لەسەر جەستەی یەکتر بکەین، ئەمە نەک لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بەڵکو هاوارو دەستەو دامێنێکە بۆ پارتی بە ڕێبەرایەتی بەڕێز بارزانی و یەکێتی کە پێنج ساڵە نازانم کێ ڕێبەریانە تا دوو قسەی برایانەی لەگەڵ بکەم.
وەڵڵا کاکە پارتی چۆن چوو (31 ی ئابی 1996) ی کرد حکومەتی بەعسی دوژمنی هێنا بۆ بەهێزبوون و مانەوەی خۆی، لە (16 ی ئۆکتۆبەری 2017) یەکێتی بۆ لێدان لە هەژمونی پارتی و لێدان لەشادەماری ئابوری ئەوحیزبە چوو ئێران و عێراقی هێنا کەرکوکیان داوە دەسەوەو زۆری نەبرد گشت کوردستانیش بگرن !! جا ئەمە وا ئەبێت؟. ئەبێ وا دابنیشن و ئەمانە ئاوها بکەن؟.
دکتۆر بەرهەم ساڵەح، پیاوی کردارەکان، مرۆڤێکی لێ وەشاوە، ڕابردوویەکی پاک و بێ خیانەت، سیاسیەکی بوێر و ژیر، دیپلۆماتێکی ناسراوی جیهانی، دۆستی شارو دێهات و گەنج و پیرو پەککەوتە، هاتە مەیدان و، گەڕەک بەگەرەک، شار بە شاری کوردستان و کەرکوکی تەی کردو، داوای لە هەر کەسێ کرد دەنگی پێ بدەن، بێنە پێشەوە لە پرۆژەکەی، ئایا ئەمەی بەرهەم ساڵەح کردی زۆر زۆر شەرەفمەندانە تر نەبو؟؟! ئەی ئەوەی ئێمە پاڵپشتیمان لە پرۆژەکەی کرد وەک کەسانی بێلایەن زۆر ڕووسورانە تر نەبو لەوەی بچین بە دەستی ئەم و ئەوی بێگانە تەزویر بکەین و، هەرکەسیش قسەی کرد بە دۆشکەو بی کەی سی تەقەی لێ بکەین ؟.
ئەم دۆخە وا ناچێتە سەر …
دزینی دەنگ و ڕەنگە کۆتا جۆری دزین بێت لە لایەن دەستەڵاتدارانەوە، ئیتر تەواوی بەها سیاسی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانییەکان کەوتن، دکتۆر بەرهەم ساڵەح ئەیتوانی بچێت ژێر بەژێر لەگەڵ ئێران و ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسڕائیل و ڕووسیاو تیمە هاککەرەکانی جیهان ڕێک بکەوێت، ئەیتوانی هیچ نەکاو پارە ڕەوانەی کۆریای باشور بکاو دەنگی زۆر زۆر بە دەست بهێنێ، ئەیتوانی هێزی زۆری چەکدار و چاوترسێن لە دەوری خۆی گرد بکاتەوە، هات و هات ڕووی لە جگەرسوتاو و کەسوکاری ئەنفال و فەرمانبەری مووچە بڕاو و کاسبکاری ڕەنج و بازوو کردو داوای لێکردن با پێکەوە خەمێک بۆ ووڵاتەکەمان بخۆین.
ئیمڕۆکە لە عێراق بە پێی ڕاپۆرتێکی مەلەکیەتی بەریتانی بێت (30٪ ) ی خەڵک دەنگیان داوە، بە پێی کۆمسیۆنی بەناو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی (24) ملیۆن و (333) هەزار دەنگدەر نزیکەی (10) دە ملیۆن کەس دەنگیان داوە، لە هەرێمی کوردستان (50٪) ی خەڵک نەچووە بۆ دەنگدان، ئەوەشی چووە دەنگەکەیان دزیووە!!. (16ی ئۆکتۆبەر) بۆ ئەوە بو دەستەڵاتی پارتی بشکێنن، (12 ی ئایار) یش بۆ ئەوە بو شکۆی سیاسی بەرهەم ساڵەح بشکێنن و بنەماڵەگەرێتی لە حیزب و حکومەتا بەرپا بکەن، هەردوو خیانەتەکەش لەسەر حیساب و جەستەی خاک و تاکی میللەت کراوە.
ڕەوتی حیکمە ئەنجامەکەی قبوڵ نییە، لیستی فەتح و هادی عامری ڕەتی ئەکەنەوە، پارێزگاری کەرکوک و تورکمانەکان ڕەتی ئەکەنەوە (هاکا تورکیاش هاتە سەر خەت) لە کوردستان بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتی ئەکاتەوە، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە ڕێبەرایەتی بەرهەم ساڵەح ئامانجی گەورە بووە کە لێی بدرێ لەم هەڵبژاردنە ئەوە ئەنجامەکە ڕەت ئەکەنەوە، ئیتر ئیسلامیەکان و شیوعیەکان و سۆشیالیستەکان ئەنجامەکەی ڕەت ئەکەنەوە.
بە بڕوای ئێمە ئەگەر ئەم ئەنجامە بچێتە سەر، لە پێنجوێنەوە تا دووز ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، ڕەنگە پارێزگارێک لە یەکێتی نێشتیمانی کوردستان دابنەن، تەنانەت مەلەفی ئیداری و سیاسی و ئەمنی کەرکوکیش بدەن بە یەکێتی، وە ڕێگە نەدەن پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لە بارەگای حیزبی هیچی تر بباتەوە کەرکوک، ئینجا هێزه ئیقلیمیەکان کۆمەڵێ ئەجێندەی تر هەیە جێ بەجێی بکەن بەم هێزە کوردییانە.
لە کۆتاییدا ئەوانە پێ ئەکەنن که لەگەمەی تێوە گلاوی مێشەکان تێگەیشتوون و پانتاییە سیاسییەکان درک ئەکەن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.