هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەگەر جیۆپۆڵەتیک زانستى لێکۆڵینەوە بێت لە کاریگەریی جوگرافیا بەسەر سیاسەتەوە، ئەوا هایدرۆپۆڵەتیکیش بەدواداچوونە بۆ کاریگەریی ئاو (H2O) لەسەر سیاسەت..”دکتۆر ئیسماعیل سیراج الدین”جێگرى بانکى دەولى و پسپۆر لە زانکۆى هارڤاردى ئەمریکى لایوایە” زۆربەى جەنگەکانى سەدەى (20) لەسەر نەوت بووە، زۆربەى جەنگەکانى سەدەى (21) یش لەسەر ئاو ئەبن “… ئاو نهێنى ژیانە لە سەر زەوى، مرۆڤ بە بێ نەوت و غاز ئەژى، بەڵام بێ ئاو ناتوانێت ژیان بەرێتە سەر، هەرکاتێک بونى کەم بۆیەوە،ئەوسا زیاتر هەست بە پێداویستى و نرخى ئاو ئەکەین.
ئاو، پێکهاتەیەکى کیمیاوییە، لە دوو گەریلە هایدرۆجین (H) و گەردیلەیەک ئۆکسجین (O) پێکدێت. زانایان ئاماژە بەوە ئەکەن کە بنچینەى ژیان لەسەر هەموو هەسارەکان ئاوە،(71%) ى ڕووى زەوى بە ئاو داپۆشراوە، هەموو شتێکى زیندوو پێویستی بە ئاوە،بە جۆرێک پەیکەر و ڕێکخەرى ژیانە: جەستەى مرۆڤ (60%) ى ئاوە،لە ناو ئاژەڵاندا فیل بەڕێژەى (70%) و، لە ڕووەکیشدا پەتاتە (80%) و تەماتە (95%) ى لە ئاو پێکهاتووە و …. تاد . مرۆڤێکى ئاسایی ئەتوانێت تەنها (7) ڕۆژ بێ ئاو بژى. ئەگەر کەسێک (20%) ى ئاوى لەشى لەدەستبدات،یەکسەر ئەمرێت. هەر مرۆڤێک بۆ خواردنەوە ڕۆژانە پێویستى بە (2،4) لیتر ئاوە (1) .
لە ووڵاتە پێشکەوتوەکان، بۆ هەر تاکێک لە شوێنەکەى خۆى ڕۆژانە بڕى (380) لیتر ئاو دابین کراوە،ئەگەر تەنها (1) خولەک کەسێک لەژێر دووشى حەمامدا بێت (19) لیترى پێویستە. بۆ شۆردنى جلوبەرگ و کەلوپەلى کەسێک، بەلاى کەمى (154) لیتر ئاو دانراوە. ئینجا ئاو بۆ بوارەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازیی و خواردنەوەو ئاژەڵداریی و… تاد. گرنگى بێ پایانى هەیە. لەبەر گرنگیەکەى هەموو ووڵاتێک سیاسەت و یاساى ئاویی هەیە، ڕێککەوتننامەى ئاویی و دەریاوانى نێو-دەوڵەتى هەیە.
ئێمە لە لێکۆڵینەوە باسەکانى پێشووماندا، گوتمان هەنووکە (80%) ى ووزە لە جیهاندا پشت بە (نەوت و غاز) ئەبەستێت، نزیکەى سەت ساڵە نەوت و غاز ڕیزبەندى یەکەمى گرتووە لە بازاڕەکانى جیهاندا، بۆ نمونە تا دێت جیهان زیاتر پێویستى بە غازى شلە، ساڵى (2012) جیهان (240) ملیۆن تەن غازى شلى سەرفکردووە، پێشبینى کراوە ساڵى (2030) ئاستى بەکاربردن (استهلاک) ى ئەم غازە بگاتە (550) ملیۆن تەن لە جیهاندا، واتە پێداویستى و ڕێژەکە دوو کەڕەت زیاتر ئەکات.. لەبەر ئەم گرنگیەش ووڵاتانى دونیا سیاسەتى سەربازیی و هەواڵگریی و دەرەکییان لەسەر بنەماى بیرکردنەوەیە لە ووزە یەکى زیاتر. هێشتا جیهان شەڕى بۆڕییە نەوتى و غازییەکانى تەواو نەکردووە.. قەیرانى ئاو یش لەناوچەکەدا نیشانەکانى بە زەقى دەرخستووە.
لێرەوە، لێکۆڵینەوە لە کەیسى (ئاو) ئەکەین، کە بە ئاشکرا لەناوچەکەدا، ململانێیەک لەسەر (ئاو) هەیە، ڕاستەوخۆش کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئارامى ئەبێت، بەتایبەت کەمبونەوەى سەرچاوەکانى ئاو لە زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە، بۆیە ئاو بۆتە بابەتێک لە ڕەهەندەکانى ئاسایشى نیشتمانى و سیاسەتى دەرەوەو بەرقەراربونى ئارامى لەناوەوە. کارێک کە تورکیا لێرەدا پێی هەڵساوە، بەکارهێنانى ئاوە وەک کارتێک بۆ فشارى سیاسیی لەسەر ناوچەکە و بەدیاریکراویش (سوریاو عێراق)، چونکە تورکیا شوێنى هەڵقوڵانى هەردوو ڕووبارى دیجلەو فوراتە (هەردوکیان لەشاخەکانى تۆرۆس و لە ئەنادۆڵەوە هەڵدەقوڵێن) و بە عێراق و سوریادا تێ ئەپەڕن (2).

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر مەترسیەکانى قەیرانى ئاو لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست (ڕەهەندو لێکەوتەکانى)

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت