هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە دوای دووەم جەنگی جیهانیەوە، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە سەر هەڵدانی چەند.
تیۆرەیەک، بە تایبەتی دوای جەنگی سارد، وەکو تیۆری ” چەسپاندنی ئاشتی بە ڕێگای بەکارهێنانی هێز” لەسەردەمی بووشی کوڕ، هەروەها ” فەوزای خەللاق” یان فەوزای دروستکەر، پێشوتر لە چرکەساتەکانی کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی دا ” پرەنسیپی ترومان” هەبو، کە تیایدا هاری ترومان هەڕەشەی لەناوبردن و ووردوخاشکردنی هەموو ئەوانەی کرد کە دوژمنی ویلایەتەیەکگرتوەکانن و، بەربەستن لەبەردەم بەها ئەمریکیەکاندا. لەسەردەمی هنری کیسنجەر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکادا و، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە، سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەتوانین ناوبنەین” سنورەکانی خوێن” کە تیایدا دابەشکردنی ئەم ووڵاتانە لەسەربنەمای خوێن و خێڵ و تایەفەو مەزهەب دەستنیشانکراوە، ئەنجامەکەشی هەر ئەوە ئەبێت. کەواتە بنەمای نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان هەیەو، لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی کەرەستەو ئامانجەکان لەیەک ئەچن.

کەرەستەی یەکەم: پۆلێن کردنی پرسە ستراتیجیەکان

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان، سێ ڕەهەندی هەیە:
یەک: جەنگی عەرەب- ئیسرائیل. ئیسرائیل لە ڕووی سیاسیەوە بەشێکە لە ستراتیجی ئەمریکا، لە ڕووی کەلتورییەوە بەشێکە لە ئەوروپا، لە ڕووی ئیتنی و مێژووییشەوە بەشێکن لە خۆیان.
دووەم: کەنداوی عەرەبی، بە تایبەتی سعودییەو قەتەر، کەنداو دووجار گرنگە بۆ ئەمریکیەکان و بەریتانیەکان، جارێکیان لەبەر ئەوەی هێزێکی وەک ئێران کۆنترۆڵی نەکات، کە ئەمە ڕاستەوخۆ بەیەکداکێشانی ئێران و ئەمریکایە، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی دەستبەسەراگرتنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە” ئەمەیان وەک جیۆپۆڵەتیک”، وەکو “بازاڕ” یش جارێکی تر کەنداوی عەرەبی بازاڕی بۆرسەو کۆبونەوەی پارەکانی نەوت و غازی سروشتیە، واتە کەنداوی عەرەبی لەڕووی بازاڕی ووزە و ترانسفێرکردنی بۆ دراو و سووڕانەوەی دراوەکان، بەشێکە لە ستراتیژی ئەمریکا. واتە هەر هێرشێ بۆ کەنداو لەلایەن ئێرانەوە ڕاستەوخۆ نەک ململانێ و ناکۆکی بەڵکو ئەگەری لێ ئەکەوێتەوە، بۆیە ترامپ لە سعودییە گوتی پێکەوە دژی هەر دەستدرێژییەک ئەوەستینەوە.
سێهەم: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شوێنی سەرهەڵدانی پێغەمبەرەکانە، لانکەی دەرپەڕینی شارستانیەتی بەشەرییەو، توخمەکانی ئاوەانی زەوی لێرەوە بوون، ئەمە لە کۆندا، کە بۆتە فەزڵ بەسەر خۆرئاواو ئۆقیانوسەکانی ترەوە، لەسەردەمی نوێ و هاوچەرخیشدا، شوێنی بڵاوبونەوەی سەدان خورافیات و ئایدۆلۆژیاو دیدی جۆراوجۆرە، کەبەشێک لەمانە ڕاستەوخۆ هێرشن بۆ سەر هەموو شتێکی ئەوروپاو ئەمریکا، وەکو ” ئیشتراکیەت و نفوسی سۆڤیەتی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە تا ئێستا” وەکو ” جۆرەها گروپ و ئەفکاری ئیسلامیی جۆراوجۆر” وەکو ” ئەفکاری قەومی عەرەبی ئیشتراکی” هەروەها وەکو ” بڵاوبونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و گەیشتنی پریشکی ئاگرەکە بە خۆرئاوا”.

کەرەستەی دووەم: پۆلێن کردنی دۆستەکانی ئەمریکا
ئەمریکا، له دەریای ناوەڕاستەوە لەگەڵ ” ئیسرائیل و تورکیا” هاوپەیمانە، لە کەنداوی عەرەبیش لەگەڵ “سعودیەو قەتەر” لە بن دەستی ئێرانیشەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق هاوپەیمانە. هەڵبژاردنی هاوپەیمانێتیەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە، ڕەهەندی ئەمنی و ئابوریی هەیە.

کەرەستەی سێهەم؛ پاراستنی هاوسەنگی هێز
بیرۆکەی پاراستنی هاوسەنگی هێز- توازن قوی- Balance of Power یەکێکە لەتیۆرە باوەکانی کە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان پشتی پێ ئەبەستێت، تا ئەندازەیەکی زۆر دوورە لە ئایدیاڵەوە، پتر لەگەڵ واقیع دا ئەگونجێ و ئەشێت جێبەجێ بکرێت. باڵانسی هێز لە نێوان کێ و کێ؟. پەرتکەو زاڵبە بەرانبەر کێ؟. سیاسەتی دەوردان “ئیحتیواکردن” ی کێ؟
ویلایەتە یەکگرتوەکان، لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانە، کەچی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنی لەسەر پرسی چەکە ئەتۆمییەکان کرد، لەگەڵ تورکیا هوپەیمانن و کاری ستراتیژیان بەیەکەوە هەیە، کەچی لە گرژییەکاندا پاڵپشتی ئیسرائیلی کرد لە ساڵی 2010، لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانە بەڵام لەگەڵ یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەجەنگێ دژ بە تیرۆریستان و هەوڵی پڕچەککردنی کورد ئەدات، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانە لە عێراق کەچی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی ئیش بۆ عێراقێکی یەکگرتو ئەکا…و… زۆر نمونەی تر، کە ئاماژەن بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز، تا هەژمونی ئەمریکاو ئامانجە ستراتیژییەکانی وون نەبن لەو ناوچانە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت