هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لە ڕووی سەربازییەوە، ناتۆ لە دڵە ڕاوکێ و ڕاڕاییدایە، لە ڕووی سیاسیشەوە یەکێتی ئەوروپا هەر لە پاشەکشەدایە؟.

یەک؛ بەهۆی سێبەری ڕووسیا بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپاوە، وەک بینرا لە دوای بەهاری عەرەبیەوە، پریشکی ئاگر گەیشتە ئۆکراین و دوورگەی کریماو، ئۆراسیاو قەوقاز کەوتنە بەر مەترسی و بەیەکداکێشان، ئەمەش بەلای سیستەمی ئاسایشی جیهانییەوە یەکێکە لەو تۆپیکانەی کە زیاتر لە تیرۆر مەترسی بۆ سەر ئارامی جیهانی دروست ئەکات.
دوو؛ جیابونەوەو نە بونەوەی بەریتانیا، پاشان سکۆتیەکان، ئەوجا وەرگرتن و نەگرتنی هەندێ وڵات لە یەکێتی ئەوروپا، هەڕەشەیە لەسەر ئەو پرەنسیپانەی کە یەکێتی ئەوروپای لەسەر بیناکراوە، لەوەش زیاتر بوونەتە هۆکاریی سەرهەڵدانەوەو گەشکردنەوەی ئاسکڵی نێو ئاگردانەکەی ناسێۆنالیزم و ڕاسیزم و نەتەوەگەرێتی. هەروەها ئێستا باشوری ئەوروپا بۆتە مەڵبەندی گەشەکردنی شیوعیەت و هاتنەوەی کۆمۆنیزم، لە یۆنان سیریزا ی چەپڕەو لەسەردەستەڵاتە، لە پرتوگال و ئیسپانیاو ئیتاڵیاش پۆدیمۆس و چەپەکان لە برەودان، ئێستا یۆنان کە وڵاتێکی ڕەسەنی ئەوروپیە و ئەندامە لە ناتۆ ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ڕووسیا هەیە!. سەرباری هەموو ئەمانەش بە هۆی هێڵەکانی ووزەوە، ئەوروپا هەست بە شوێنکەوتوویی خۆی بۆ وڵاتانی ئاسیا ئەکات.
سێهەم؛ ناوچەی یۆرۆ هەڕەشەکان تێ ناپەڕێنێ، لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ئەوروپا وەک جوگرافیا، لە دوای جەنگی ساردیشەوە، ئەوروپا وەک سیستەمێکی سیاسیی نەیانتوانیوە بەر بە بازاڕی دۆلار ($) بگرن؟. تا ئێستا نەوت و خۆراک، نەوت و دۆلار، دۆلار و کاڵا، بەگشتی نەوەت لەسەتی بازاڕەکانی جیهانن لە مامەڵەدا، یەکجار سەدام حوسەینی سەرۆکی پێشوی عێراق، لەگەڵ جاک شیراکی سەرۆکی فەڕەنسا توانییان هەڕەشە لە بەهای دۆلار بکەن، ساڵی 2000 ڕێککەوتن کە نەوت بە یۆرۆ بفرۆشن، دەرەنجامەکەشی کەوتنی سەددام حوسەین و داگیرکردنی عێراق بو.
چوارەم؛ یەکێتی ئەوروپا، بە مانا تیۆرییەکەی یانی نیۆلیبراڵەکان، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش یانی نیۆ ڕیالیستەکان (الواقعية جديدة)، ئەوروپاو ئەمریکاش ئیشیان بە بەرجەستەکردنی تێورییەکە (النظرية الٲستقرار الهيمنة- Hegemonic Stability Theory)
هەریەکەیان بۆ شتێک ئیش لەسەر تێۆریی باڵادەستکردنی ئارامی ئەکەن، ئەوروپا بۆ ئەوەی باشتر جەخت لە خستنە ڕووی کاڵاو بازاڕ و بازرگانی ئازاد بکاتەوە، ئەمریکاش بۆ ئەوەی ئەم تێۆرە بکاتە بیانویەک تا ئیش لەسەر پاراستن و پاسەوانی کردنی سیاسەتەکانی بکاتەوە.
کەواتە، بە هیچ شێوەیەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیەکی ئەوتۆی نییە بۆ یەکێتی ئەوروپاو جێی بایەخیشی نییە، ئەوە نەبێت لەگەڵ تورکیا ململانێ یان ڕێککەوتن بکەن بۆ ئەوەی لە هێڵی پێشەوە ڕێگر بێت لە گەشە نەکردن و پەڕینەوەی تیرۆر و پرسی کۆچبەران، یان کاڵا بازرگانیەکان.
ئەم خاڵانەی سەرەوە، ئەکرێت ئەوەی تیا بدۆزینەوە، کە یەکێتی ئەوروپا بە گشتی و پەرلەمانەکەی بە تایبەتی، گرنگیەکی ئەوتۆیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان، بێ ئەوەی لە قووڵایی سیاسەت گەیشت بن، بێ باکگراوەندێکی فیکریی سیاسیی، بێ ئەوەی نوێنەری تەنانەت فراکسێۆن و حزبەکانی خۆشیان بن، ڕێیان دابو لەبەر بۆ پەرلەمانی ئەوروپاو پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا، ئەگەر ئاخاوتنە گشتیەکە بەکاربهێنین، هەرچی پەرلەمان هەیە لە ئەوروپا ئەوەنەی جوتیارێکی کورد نە لەقەزیەی کورد حاڵین، نە گەورەو بچوکیان کاریگەرییان هەیە لەسەر وێناکردنی سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەوەو بڕیاردان لێی. بە مانایەکی تر، پەرلەمانتارە کوردەکان شوێنێکی هەڵەیان هەڵبژارد تا گفتۆگۆی لەگەڵ بکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی نامەیەکی شەرمهێنەری پڕ لە هەڵەی زمان و نەنگی دیبلۆماسییان پێشکەشکرد، ئەم پەرلەمانتارانه زۆر باش ئەزانن چارەسەریی کێشەکە لە ناوخۆدایە، زۆرباش ئەزانن ئەو ڕێ دوورەی ئەیبڕن، ئەو هەموو موزایەدەو دەنگە دەنگەی لە تەلەفزێۆنەکان ئەیکەن، ئەگەر هەریەکەیان بوێر بێ و لە حزبەکەی خۆیدا فشار لە سکرتێر و سەرۆکی حزبەکەی بکا، ئەوە نەک پەرلەمان بەڵکو زۆر شتی تر کارا ئەبێتەوە. حزبی کوردیی بەم تایپەی ئەم سەردەمەیەوە ئەگەر هەمویان لەناو دەفرێکدا بن، ئەوا بۆ فڕێدان باشن، بەڵام دواجار کەسی یەکەمی ئەم حزبانە ئەتوانن بەیەک دانیشتن پەرلەمان کارا بکەنەوە، بۆ نایکەن؟.!.
ماوەتەوە، بڵێین، ئەوە بۆ لەناو کوردو شەقامی کوردیدا کەلتورێک هەیە، کێ درۆ و موزایەدەو هاژو هوژ بکا ئەو ڕاسته و لەسەر حەقە!. ئەوە بۆ ئەوانەی پارەی میللەت هەڵئەلوووشن و بە کوتەکیش پەلاماری تاکەکان ئەدەن پیرۆزن، ئەوانەشی جەوهەری شتەکان ئەخەنە ڕوو پەلامار ئەدرێن و سەت و یەک شتیان بۆ دروست ئەکرێ، خودایە من و تۆ باش ئەزانین ئەم شەقامە پڕە لەو جاحێلانەی کە ڕۆژە بێتەوە ڕەخنەی توندی دەستەڵات ئەکەن، لەولاشەوە هەریەکەیان لە شوێنێکەوە دێنەوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە