هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دام پۆشه‌ ئه‌ی شه‌و

له‌م ڕۆژگاره‌ .. بێزارم

( گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌کی پیر )

 

بمفڕێنه‌ ئه‌ی با

هێزی ڕاکێشانی زه‌وی

په‌ستم ئه‌کا

( گه‌ڵایه‌کی وه‌ریو )

 

خامۆش به‌ ئه‌ی گڕ

چیتر باوه‌ڕت پێناکه‌م

( په‌پوله‌یه‌کی به‌ئه‌زمون )

 

مه‌بارێ .. باران

خۆم ته‌ڕترم له‌ده‌ریا

( دڵێکی زامدار )

 

لاکه‌وه‌ ئه‌ی خار

کاتی وه‌م نیه‌

شه‌ڕت له‌گه‌ڵ که‌م

( هه‌نگێکی موسافیر )

 

ڕاوه‌سته‌ ، فرمێسک

ئاشتی به‌نیازه‌

نمایشێکی جلوبه‌رگ بکا

( کۆترێکی خه‌واڵو )

 

هه‌ڵکوڕمێ ئه‌ی کێو

ده‌رهه‌قی لوتبه‌رزی تۆ نایه‌م

( مێرووله‌یه‌کی ماندوو )

 

بێده‌نگ به‌ ، ئه‌ی چه‌م

خه‌ریکم له‌گه‌ڵ مانگه‌شه‌و ئه‌دوێم

( شاعیرێکی مه‌ست )

 

چاو داخه‌ ، ده‌ریا

ئه‌مشه‌و به‌ڕووتی

ئه‌چمه‌ ژوانی یاری نازه‌نین

( ماسییه‌کی نێر )

 

کڕکه‌وه‌و .. که‌مێ

میهرت بێ ، تفه‌نگ

فه‌سڵی به‌هاره‌

( که‌وێکی کێوی )

 

لێمگه‌ڕێ ئه‌ی خه‌م

که‌ڵکم نه‌ماوه بۆ حه‌سحه‌سێتی

( چاوێکی بێدار )

ووشک به‌ ئه‌ی مه‌ی

ئیتر گۆناکه‌م

( لێوی په‌رداخێک )

پشوو به‌ ، خامه‌

نۆبه‌ی شێلانی دوو به‌هێی کاڵه‌

له‌باخی خه‌ودا

( ده‌ستی بێ عارم )

2012

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت