هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

تێبینی/ ئەم نوسینەم هیچ پەیوەندیەکی بە سێ بەشەکەی ترەوە نیە، بەڵام چونکە کاریگەرییان بۆ نوسینکەم هەیە و لێك تێگەیشتنێک لە نێوان من و تۆی خوێنەری بەڕێز بۆ بابەتەکەم وەک پردێک دەبێت کە تۆزێك زانیاریتان لەسەر بەندە هەبێت بۆ شرۆڤەی ڕووداوەکان و کۆنسێپتی هەنگاوەکان لە بارودۆدی نەخوازراو و خوازراودا بۆ ڕەچاو کردنی پێشهاتەکان لە ڕوانگەی منەوە.
بەشی پێنجەم پێکهاتەی دەرئەنجام بۆ پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردانی سیاسی دەبێت، بە مەرجێک.
1- پارێزگاری لە یەک ڕیزی و تەبای.
2- دورکەوتنەوە لە ناکۆکی.
3- پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردانی سیاسی. (دروستکردنی پلانی سیاسی)
4- نەخشە ڕێگای کارکردن بۆ سەرکەوتن. ( ئەمەیان کرۆکی باسەکەیە)

کورتە ڕونکردنەوەیەک بۆ مێژوو، یەکەکانی ئەمریکا وەک هێزی سەربازی و ڕاوێژکاری کولتوری هەر لە پرۆسەی جەنگی کەنداوی یەکەمەوە 1991 کەم تا زۆر ڕوویان لە کوردستانی باشوور کردووە هەروەک بنکەی هەماهەنگی سەربازی Military Coordination Center ، کە بنکەیان لە زاخۆ بوو بە هەماهنگی یەکەیەکی بریتانیا، بە دوایدا لە سەرەتای جەنگی کەنداوی دووەمەوە 2003 کە بەندە یەکێ بووە لە بەشداربووە سەرەتایەکانی پرۆسەی ڕزگارکردنی ئێراق Iraqi Freedom Liberation (IFL) یان جەنگی کەنداوی دووەم، من هەمیشە بنکەم لە کوردستاندا بووە (بە ئێستاشەوە کە کۆتایی ساڵی 2017 یە)، ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکی ڕوویان لە کوردستان کردوە، هیچ یەکێ لەو سەربازانە لە گوڵ کاڵتری پێنەوتراوە، بەڵکو گوڵبارانیش کراون، کوردستان ماڵی دووەمی ئەو سەربازانە بووە، بۆ هەرکاتێکیش کە ئەمریکایەکان گەڕاونەتەوە بۆ ئەمریکا، هەمیشە خۆیان بە پاڵپشتیەکی بێ ئەندازەی کورد و دۆزەکەی ئەژمار دەکرد، هەمیشە زۆربەیان دەیانووت ئێمە پێشمەرگەی کوردستانین، دەبوایە بۆ ئەو هەموو یادگاریی و دۆستایەتیەی نێوان کورد و ئەمریکایەکان چەندین پەڕتووک و بابەتی لەسەر بنوسرایە تاکو لێک تێگەیشتن و هەماهەنگی باشتری لە سەر دابڕێژرایە، زۆربەی دانیشنەکانی سەرانی کورد و ئەمریکایەکان بەندە وەک وەرگێر، ڕاوێژکار یان وەک شیکەرەوە بەشداربووم بۆ گریمان و پێش هاتەکان، کەم تا زۆر بە ئاگا بووم بۆ دانیشتنەکان، لە دڵسۆزیم بۆ دۆزی کورد زۆر ڕاوێژی بەسودم داوە بە گوێ لایەنی ئەمریکایەکان و سەرانی کوردا بە تایبەت یەکێتیەکان، وەک هەر دوو گەشمردە مام جەلال و کاک نەوشیروان، کاک کۆسرەت و کاک دکتۆر بەرهەم ساڵەح و… هتد، من وەک چاو ساخێک و شارەزایەک بەرامبەر کولتوری ئەمریکی و کورد دەستنیشان کرابوم، کەم تا زۆر بۆ پەیوەندیەکانی بەشی یەکێتی کارەکان بە من ئەنجام دارون و بەڕێز کاک (A. B.) ئەویش بۆ کارووبارەکانی پارتی دەستنیشان کرابوو.
بەڵام مخابن ئەو هەموو ڕاوێژ و کۆبونەوانە هێندەی یەک نوکی دەرزی سودی بۆ دۆزی کورد نەبووە و تەنها و تەنها کات کوشتن بووە و هیچی تر، یان بۆ پڕکردنی گیرفانەکان و ناودەرکردن بووە، بەو هیوایەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمان و نەوەکانی ئەوان واز لەم پاوەنخوازیەو نا تەبایە بهێن و خوێنی گەشمردەی شەهیدەکان و دایکان و باوکانی جەرگ سووتاو بە فیڕۆ نەدەن، ئەوەی ڕۆیشت تازە ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە، با لەوە زیاتر مێژووەکەمان ناشرینتر نەکەین، چونکە کۆمەڵگاش ئارامی هێندەی تاڵی مویەک ماوە، پێشینان دەڵێن: هەموو شتێک لە باریکیدا دەپچڕێت تەنها زۆرداریە کە لە ئەستوریدا دەپچڕێت، با هەر هەموو بە چەپ و ڕاست و بێلایەنەوە پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە بۆ ئەوەی چیتر لەوە زیاتر لاسارتر نەبین، یان ئەوەتا کۆمەڵگای کورد کۆمەڵگایەکی سەقەت و چەوتە ئەگەر لەمە زیاتر ئەم لکەداری و ڕووشاندنە پەسەندتر بکەن، دیارە کۆمەڵگای دەبەنگ شایەنی لەوە خراپترە کە لەم هەموو ماڵوێرانی، شکاندی شکۆی کەسایەتی، تێكشکاندن و برسێتی لەمە زیاتر پەسەندتر بکات، هیتلەری دیکتاتۆر دەڵێت: میللەت برسی بکە، بۆ ئەوەی تەنها بیری لای ورگی بێت، ئەمانە کارێکیان کردوە مامۆستا بڵێت: دەوڵەتم ناوێت، مووچەم دەوێت، یان مامۆستا لە بەربێ موچەیی پیشەکەی، کارەکەی ببێتە بۆیاخ کردنی پێڵاو لە سەر شەقامەکاندا، ئەم بیرۆکەیە ناشرین کردنی مامۆستا و چینی ڕۆشنبیری کوردە کە دەیانەوێت چینی ڕۆشنبیر داماڵن لە هەموو پیرۆزیی و جوانیەک، لە زۆربەی ووڵاتانی پێشکەوتو خوازەکاندا موچەی مامۆستا لە سەروی موچەی ئەندازیار و دکتۆرەوەیە چونکە مامۆستا ئەندازیا و دکتۆر دروستدەکات بۆ کۆمەڵگایەکی پڕ لە تەندروست.
نمونەیەک هەر وەک ئەم ڕاستی یە: بەهاری 2003 پاش شەڕی ئەنسار ئیسلام لە خورماڵ و هەورامان کە ئەنسار ئیسلام لەو ناوچانە زۆر باڵا دەسبوون و دووای زۆر بە خەستی تێکشکێن دران بە دەستی یەکێتی و هێزی تایبەتی یەکەی 10th Special Forces Group ی ئەمریکا، ئەمریکایەکان بۆ قوربانیانی ئەو جەنگە و زیان لێکەوتوانی ناوچەی هەورامان، پاڵپشتی و هاریکاری بۆ کورد و پێشمەرگە پێش کەش کرد، بڕیاریان دا کە بڕێک پارە بکەنە دیاری چ بۆ قوربانیەکان و پاڵپشتی یەکیش بۆ کورد، چونکە باری بژێوی کۆمەڵگا ئەو کاتە باش نەبوو، بە هۆی زرنگی چەند ئەندامێکی پارتیەوە لە بەغداد، ئەوان ئەو هەلەیان قۆستەوە و شیرینی سەرکەوتنی شەڕەکەیان پێش یەکێتی وەرگرد کە دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس یەکێک بوو لەوان ( زۆر کەس و لایەن وادەزانن کە کاک بروسک نوری شاویس برای کاک ڕۆژ بڕێک پارەی وەرگرتووە لە وەزارەتی بەرگری عێراق، من باسی دوو ڕووداوی جیاواز دەکەم کە ئەوان (پارتی) لە دوو کاتی جیاواز و لە دوو شوێنی جیاواز و بۆ دوو هۆکاری جیاواز ئەو پارەیەیان وەرگرتوە، نووسەر).
سەرەتای مانگی چواری 2003 بوو بە کارێك بۆ هاوڕیەکم، کە کێشەی خانووی داگیر کراوی هەبوو لە سلێمانی، ئێستا ئەو لە بلجیکا دەژی بە ناوی H. A ڕێم کەوتە ماڵی دکتۆر بەرهەم کە ئەو کاتە بەڕێزیان سەرۆکی حوکمەتی زۆنی سەوز بوون لە سلێمانی، پاش ڕێزێکی فرە پڕ لە ئامێزی خۆشەویستی و خانە خوێی، دەستمان کرد بە باسکردن لەسەر ڕووداوەکان و هەڵوێستی ئێمەی ئەمریکایەکان کە چۆن دەبن بۆ هەر تەوەرێک و پێشهاتەیەک، بە تایبەتی ئازایەتی پێشمەرگەکانی ی ن ک بەرامبەر شەڕی ئەنسار ئیسلام، منیش ووتم، دڵسۆزی و ئازایەتی پێشمەرگە لە پێناسەی تیف تیفەی من و تۆدا نیە، بۆیە ئەمریکا بڕێک پاداشتی داناوە بۆ قارەمانی و دڵسۆزی ئەو پێشمەرگانە و برادەرانی پارتیش ئەو بڕە پارەیەی بەشی خۆیان وەرگرتووە، کە دەوروبەری 700 بۆ 800 ملیۆن دۆلاری ئەو کاتە دەبوو، ئەی ئێوە؟
دکتۆر بەرهەم ووتی چی چییییییی پارەی چی، ووتم بەڵێ، کە ووتم بەڵی کاک بەرهەم تەواو ڕەنگی تێك چوو، ساکاندن بە ڕەنگیەوە نیشت، پاش چەند چرکەیەک ووتی؛ چۆن بۆم بەڵگە دەکەیت، ووتم چەند خولەکێکم پێ بدە و تەلەفۆنم کرد بۆ بەرپرسەکەمان مقدم H. S. کە بەرپرسی کاروباری شارستانی بوو، بنکەی سەرەکیشمان هەولێر بوو، بۆ دڵنیای باسەکەمان بەرپرسەکەم ووتی: بەڵێ ڕاستەو ئەوان (واتە یەکێتی) چۆن تا ئێستا بەشی خۆیان وەرنەگرتوە، ڕاستی رووداوەکەم بە کاک بەرهەم ووت، کاک بەرهەم دەتگوت کێچ کەوتۆتە کەوڵیە و جێگایی بە خۆ نەدەگرت، چەند تەلەفونێکی بەم لاو ئەو لادا کرد، زانیم وەزعەکە باش نیە، من و برادەرەکەم هەستاین خوا حافیزی بکەین و بڕۆین ووتی: نابێت بڕۆن و بانگی کەسێکی میوانی خۆیکرد بە ناوی كاک عبدول باست، بۆشم دەرکەوت کە یەکێک بووە لە باوەڕ پێکراوەکانی خۆی، ووتی؛ خەمی برادەرەکەت نەبێت بەیانی ئەم کارەکەی بۆ جێبەجێ دەکات ( کاک عبدول باست لەسەر لیستی سەوز ماوەیەک بوو بە وەزیری بازرگانی لە بەغداد، ماڵیان ئاوەدان بێت دووایی کارەکەیان بۆ برادەرەکەم جێبەجێ کرد) پاش کەمێک من و برادەرەکەم هەستاین و ڕۆیشتین ئەو منی گەیانەوە بۆ بنکەکەمان لە فەرماندەی گشتی سلێمانی کە هێزی سوپای ئەمریکای لێبوو، لە ڕێگادا چەندین تەلەفۆنی بۆ کردم و دەبێت بە زووترین کات کاروانی سەربازیم بۆ ڕێکبخەیت و بڕۆم بۆ بەغداد بە هەر شێوەیەک بێت، منیش کە گەڕامەوە بۆ بنکەکەمان لە گەڵ بەرپرسی یەکەکەمان ڕائید T. G. قسەم کرد بۆ بەیانیەکەی کاروانی سەربازیمان بۆ دروستکرد بەرەو بەغداد، ئێمە بە ئسکۆرتەوە واتە پاسەوانی تەیبەت بەڕێمان کردن تا خاڵص نزیک بەغداد لەوێشەوە فرقەی 4ی ئەمریکا وەریان گرد لە ئێمە و پاش دوو ڕۆژ کاک دکتۆر بەرهەم تەلەفۆنی بۆکردمەوە و کە بتوانین جارێكتر لە خاڵصەوە بیانهێنینەوە بۆ شارە حەیاتەکە، ئەوان لەوێ چاویان کەتبوو بە فەریق ثانی Lieutenant General Ricardo Sanchez کە چاوم بە کاک بەرهەم کەوتەوە پەنجەرەی سەیارەکەی کردەوە و پەنجەی ئۆکەی بۆ بەرزکردمەوە، هەموو دەموچاوی پێکەنین و شادی بوو، دووای بۆم دەرکەوت کە یەکێتی بە بڕێکی زیاتر لە پارتی ڕازیتر کراون.

نموونەی دووەم، کاک بافڵ و کاک لاهور تاڵەبانی لەبەردەم ڕێژنەی بارانی پایزدا.
ساڵی 2003 تیمێکی هێزی تایبەتی ئەمریکا مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد بە یەکەیەکی پێشمەرگە، ئەو کاتە شوێنی دانیشتن و یەکتربینینەکان ماڵێک بوو خوار گردەکە پشت یانەی ئەندازیارنی سلێمانی گەڕەکی ڕزگاری، ئەگەر هەڵە نەبم، بوو بە شوێنی لە دایک بوونی بیرۆکەی دژە تێرۆر، ئەو کاتە کاک بافڵ سەرپەرشتی دەکرد و کاک لاهوریش وەک جێگر، چەند جارێك دانیشتنم لە گەڵ بەڕێزیاندا هەبووە، پاش ماوەیەک من گوێزرامەوە بۆ بنکەی سەربازگەی FOB Warrior Kirkuk لە کەرکوک، من بە هۆی کارەکەمەوە زۆرجار لە سەربازگەکە دەهاتمەدەر کە چاوم بە میوانەکانمان بکەوێت، لەبەر دەرگاکەش جارێک چاوم کەوت بە تیمەکەی کاک بافڵ کە سێ مۆنیکا بوون (SUV)دەمەو عەسربوو بارانێکی زۆر بە خووڕ کە کوردەواری پێدەڵێن شەستە باران دەباری، هاتبوون چاویان بە بەرپرسی بنکەی فەوجی 173 ی پەڕەشوتی هێزی ئەمریکا بکەوێت، ئەو کاتە بنکەی 173ی پەڕەشوت بارەگایی سەرەکیان ئیتالیا بوو، ئەیان وویست چاویان بە عقید W. M. بکەوێت کە ئێستا ئەو لە پەنتەگان بەرپرسی ستافی کاروباری سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستە، بە ڕوتبەی فەریق ثانی LTG پاش چەند جارێك هاتوو چونم بۆ دەرێ ئەو برادەرانە هەر لەوێ مابوون و ووتم؛ کێشەتان چی یە بۆ ئەوەندە لە دەرێ ڕاوەستاون بەم لێزمەی بارانە کە هەموو گیانیان تەڕبو بوو، هەروەک لە ئاو هەڵکێشرابن وابوو، ووتیان دەمانەوێت چاوومان بە عقید W. M. بکەوێت، منیش کە بە کێشەکەم زانیی و چووم بۆ لای گاردی دەرگاکە کە هێزی ئاسمانی ئەمریکای سەرپەرشتی بنکەکەیان دەکرد، بە گاردەکەم ووت؛ بۆچی ڕێگایان پێنادەیت بچنە ژوورێ، ئەوانە بە کارێکی گرنگ هاتوون، گاردەکە پاش سەیرکردنی لیستی ناوەکان ووتی؛ ئەوان هیچ مەوعید و ناوێکیان لای من نیە و کەسیش نەهاتوە بە دوایانا، ئەی تۆ خۆ ئێمە دەت ناسین و هەویەی ئسکۆرتیشت پێیە بۆ نایەن بەیتە ژوورێ کە دەزانیت سەردانەکەیان گرنگە، منیش جهازم کرد بۆ بارەگای بنکەی فەوج و لە گەڵ ڕاوێژکارەکەی فرەماندەی فەوج قسەم کرد و ڕاستی ڕووداوەکەم بۆ باسکرد )ڕاوێژکارەکەی فەرماندە کوردی کوردستانی باکور بوو، خانەنشینکراوی مقدم ی سوپای سەربازی ئەمریکا بوو بە ناوی (H. K. ڕاوێژکارەکەی ووتی فەرماندە خەوتوە و تۆ خۆت وەرە بۆ ئێرە و تا دەگەیت خەبەری دەکەمەوە و کێشەکەی بۆ باسبکە، کە گەیشتمە بارەگای فەوج فەرماندە خەبەرکرابووە و ڕووداوەکەم بۆ باسکرد و ئەوانیش هێنرانە ژوورێ بێ ئەوەی هیچ مەوعیدێکیان هەبێت، کارئاسانیشمان بۆ کردن و ئەوانیش بە خۆش حاڵیەوە گەڕانەوە، ئەمەی باسمکردن چنگێکە لە خەرمانێک، گولێکە لە باخچەیەک، دیرۆکێکە لە ڕۆمانێک، باسێکە لە هەزاران ڕووداوی تری باسنەکراو کە لە پێناوی کوردبوندا بۆ دۆستەکانمان دەستەبەرکردوە، نەموویست خوێنەر و میللەتەکەم بێ ئاگاو بێبەش بێت لەم هەموو باس و سەرگوزشتانەی کە لاپەرەیەکە لە مێژووی تاڵمان، بۆ ئەم جۆرە پێناسانە کە هەمیشە سەربازەکان دەبنە قوربانی و بەرپرسە حەپەلوش خۆرەکانیش دەیخۆن، چونکە ئێمە وەک تاکی کۆمەڵگا لاشەی شەکەتمان بووە بە پرد و ئەوان پیادا پەڕیونەتەوە و هاتونتە سەر سفرەی ئامادەکراو.
هەر وەک ووتم ئازارەکان هێندە بە سوێن، وەک مۆتەکە شەو تا بەیان لە گەردنمان دەئاڵێت، وەک لە نووسینەکانی پێشوترمدا ئاماژەم پێداون، کورد میللەتێكە زۆر زوو رابوردوی خۆی لە بیر دەچێتەوە و هیچ وانە و پەندێکی لێ فێرنابێت، چونکە پەروەردەی کولتوریمان سەقەتە، ئەم سەقەت و ڕاڕایە ئێمەی خستۆتە بەردەم دووڕیانێکەوە کە نە دەتوانین وەک هەموو مللەتێکی ئەم سەرزەویە ڕووبەڕوی کێشەکانمان ببینەوە و نە دەشتوانین ڕاستیەکانی پێ لە بێژنگ بدەین، هەموو کۆمەڵگایەک کە سەرکردەکانیان، نەک خیانەت بەڵكو هەڵەش بکەن شاربەدەریان دەکەن، کەچی زۆربەی سەرکردەکانی کورد تا بینا قاقایان تاوان و هەڵەیە، هەڵەش دوای هەڵە دەیکەن و کەسیش لە گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت، بەڵکو وەک سەرکەوتوی پاڵەوانی چەنگ گوڵباران و چەپڵە ڕێزان دەکرێن، دیارە سەرکردەکانی کورد وەک شەراب وان، تا کۆنتربن بە نرختر و شکۆتر دەبن، کەواتە هەڵە و تاوانی ئەوان نیە، کۆمەڵگا تاوانباری سەرەکیە، کۆمەڵگا دەبێت باجی لەوە خراپتر و خراپتر بدات تا هوشیاری و شکۆی سەروەری بۆ دەگەڕێتەوە.
ئەو دوو سەرگوزەشتەیە کە بەشێکە لەسەدان سەرگوزەشتەی ترم بۆیە باسکرد، کە زۆربەی ئەو کوردانەی ئەمریکا وەک وەرگێڕ و ڕاوێژکاری کولتوری کە هاتوونەتەوە بۆ کوردستان، کەم تا زۆر خزمەتیان بە دۆزی کورد کردوە و خۆیان بە بەشێک لە برا پێشمەرگەکان و کوردبوون پێناسە کردوە، هەندێک لەوانەش تەنها و تەنها بۆ وورگ و ناوگەڵ کاریان کردوە، لە هەموو کۆمەڵگایەکیشدا جۆرە کەسانێکی مشەخۆر و هەڵپەرست دەردەکەون و دەبنە خاوەنی سەروەت و سامان، جۆرە کەسانێکیتریش هەن کە دڵسۆزی ئینتمای نیشتمانیان دەینکاتە سەفیری خۆبەخش و پڕدێک بۆ پەڕینەوەی دۆزەکەیان کە بانگەشەی ووڵاتپارێزی تیادا بەرجەستە بکەن، لەم کۆمەڵگا داخراوەی کوردستانی باشوریشدا جۆرە کەسانێکی تریش هەن کە دەبنە نوسەری دەربارو پێنوسەکانیان هەڕاج هەرزان دەکەن بە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری خۆ کوژ، کە هەمیشە لە ووڵاتانی دنیای جیهانی سێیەمدا دوو چین دەردەکەون، چینێک دەبەنگ و کەڵفەم، چینێکیش مفتە خۆر لەسەر سکی دەبەنگی برسی و کەڵفەم، یان دایم کەسانێکی ماندو نەناس و بەشخوراو پشت گوێ خراون و بوون بە پردێک بۆ پڕینەوەی گەندەڵ و مشەخۆر و ناوگەڵ پیسەکان، بۆیە دەبێت کۆمەڵگا هوشیارتربێت لە هەر یاریەک کە دەسەڵات پیان دەکات، ئەمریکایەکان ووتەی جوان و بەنرخیان هەیە کە دەڵێن؛ لە کوردستاندا کەسانی باش سزادەدرێن و کەسانی خراپیش خەڵات دەکرێن.
ڕاستیەک هەیە و با لەوە زیاتر دیزە بە دەرخونە نەکرێت، ئەویش ئەوەیە کەس وا نەزانن ئەمریکایەکان یان هێزی هاوپەیمان کە ئێستا لە کوردستاندان بێ ئاگان و هیچ نازانن و پرخەی خەویان دێت، کەم تا زۆر کەم و کوڕی و گەندەڵی و خاڵە نەرێنیەکانی سەرکردە و بنکردەی کوردی لێ بە ئاگان، بەڵام چی یە، فایلی گومبەزەکانیان هەڵگیراوە بۆ ئەو ڕۆژەی کە سەرانی کورد بیانەوێت گازندە و گلەیی بکەن و… هتد.
بەشی پێنجەمی کورد لە بەردەم هاژەی دەریادا، پوختەی باسی ئەو کرۆکەیە کە کارەکتەری تواناکانی کەسایەتی سیاسی کورد لە خۆ دەگرێت، ئایە ئەوانەی کە ڕەشمەی ئەو ئەسپە سم پۆڵاینەیان بە دەستەوەیە، دەتوانن جەستەی شەکەتی پاشە ڕۆژی کورد تاو بدەن بۆ گەیاندنی پەیامی کورد لەم گێژاوی دنیای ستراجیەت و تاکتیکی مۆنۆپۆڵیزمیەدا کە کارەکتەری سەرەکی ئەو جۆرە کەسانە دەبێت؛ خاوەنی بیردۆزی دەرون ناسی یان ڕۆڵ پلەیەرێکی سیاسی تۆکمە بن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر کڵاو نەکرێتە سەریان، یان و دەیان یانی تر هەر دەبێت فاڵ و نوشتە بگرنەوە بۆ بەختی کورد، کوردیش تاماوە وەک نەتەوە هەردەبێت لە فۆبیا و دڵەڕوکێدا بژی.
کورت و شیرین پێتان دەڵێم، یەک ڕیزی و تەبای نێو ماڵی خۆتان ماستەر کلیلی هەمووچارەسەرکانە بۆتان، کە تۆ وەفات بۆ دۆز و میللەتی خۆت نەبێت ئەی چۆن بۆ ئێمەت دەبێت، ناتوانی لە سیاسەتدا یاری چاوشێرکێی دوو فاقی بکەیت چونکە هەمیشە دەستەکەت کەشفە، بۆیە دڵسۆزی و نیاز پاکی و ووڵاتپارێزی خۆت ترۆپکی سەرکەوتنەکانتانە، سەرکەوتنێکیش کە دەرگای ماڵی ڕێز و خۆشەویستی بکاتەوە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا بێ جیاوازی ئایدەلۆژیەتی شەتەک دراوی پڕ لە گومڕا، بۆیە؟ ڕێزی جوانی میللەتەکەی خۆتان بە خۆتانەوە بەسراوە کە هەموو بە یەکەوە کاربکەن و جوانبن، کەواتە هەموو ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆم.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت