هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

وەرگێرانی: عیماد گەنجی

  منداڵ لە ساواییەوە لە نێوان تەمەنی شەش مانگیی و هەژدە مانگیدا، دەست دەکات بە پەرەپێدانی توانای ناسینەوەی وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا، کە یەکەیەکی جەستەیی تەواو بۆ خۆی پێکدەهێنێت و بۆ خۆی هەڵدەگرێتەوەو هەستکردن بە کامڵ بوون و تەنیایی پێدەبەخشێت، هەروەک وشیاریی جیاوازیی و دابڕانیشی لەوانیتر پێدەبەخشێت. بەڵام ئەم کامڵبوونە تەنها وەهمێکەو لەگەڵ ژیانکردنی منداڵەکەدا ناکۆک دەوەستێتەوە. منداڵ وشیارییەک بە ” بەستەر/ رابط” ی نێوان جوڵەو ڕەفتاری خۆی و هاوشێوە کاردەرەوەکەی ناو ئاوێنەکە لای خۆی جێگیر دەکات. هەروەک دواتر بۆی دەردەکەوێت وێنە کاردەرەوەکە وێنەیەکی تەواو هاوڕێکی خۆی نییە، بەڵکو وێنەیەکی جەستەیی و یەکگرتووی نمونەییە، منداڵەکە هەوڵ دەدات ببێت بەو و دەبێتە زەمینەیەک بۆ ژینگەسازیی هۆکاری ” من” پێش ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دیاری بکرێت، ڕەنگە ئەم دۆخە بناغەی نارسیس و ناسنامەو مەسەلەی ” بوون بەو/ التماهي” دەربخات، بەڵام پێوەلکانی منداڵەکە بە وێنەکەوە، وەک ناوەڕۆک ( لادانی ئەبستیمی/ meconnaissance) دادەمەزرێنێت.

  گرنگترین ئەوەی کە ئەم قۆناغە ئەیگرێتە خۆی تۆوی نامۆبوونی ڕاستەقینەیە، واتە کرانەوەی هەڵدێرێکی سەخت کە ناهێڵێت منداڵەکەو ئەوی لە وێنەی خوددایە بەیەک بگەن و ئەم دابڕانە لەگەڵ هەموو پەیوەندییەکانی ئایندەدا هاوشان دەبێت. لەم ساتە بەدواوە منداڵ ناسنامەی خۆی هەست پێ ناکات لە میانەی دیدگەیەکی وەهمییەوە نەبێت، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی زەمینەی نامۆبوون خۆش دەکات، کە لەگەڵ وەرگرتنی زمان و پەڕینەوەی منداڵ بۆ سیستمی سیمبۆلیی بەدیدێت. ئیگۆ یان خود لە تەختاییەکی وەهمیدا چێنراوە بەردەوام هەوڵ دەدات دژی ئەو هێرشانەی کە پێی دەوترێت ” ڕیاڵی ڕاستەقینە” بەرگری بکات.

  مرۆ وەک تاک پێک نایەت بە بێ ئەوەی پەیوەندییەک بیبەستێتەوە بە کەسێکیترەوە، کاتێ منداڵ وێنەکان دەبینێت، تا ئەوکاتەش وێنەی ئەویتر بە جۆرێک لە ئیگۆ دەگۆڕێت، بەڵام بەرەبەرە هەست بەوە دەکات کە وێنەکە تەنها وێنەیەکی دەرەکییە بە لایەن خودەوە، لێرەوە هاوکات دەبێتە کەسێکی درککارو ماددەیەکە درکی دەکات، وێنەش دەگۆڕێت بۆ نیشانەی ئیگۆو ئەمەش قۆناغی سیستمی سیمبۆلەکانە، ئەوکات هەرگیز ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی پێکگەیشتنی تەواو، واتا بە ئیگۆی کامڵ، کاتێ سیمبۆلێکی دابڕاو نە ئیگۆ نەبێت. باسکردنی یادەوەریی ئەو بارەی پێش گۆڕانەکە بۆ تاکی درککار کاتێ منداڵ و وێنەکە یەک یەکەن، واتە ئەویتر بوونی نییە، ئەو بارەیە کە بەردەوام هەوڵی بەدیهاتنی دەدەین، ئەویش بە پڕکردنەوەی ئەو هەڵدێرەی کە هەر لە بنەڕەتەوە ئیگۆ دادەبڕێت. هەروەک تێگەیشتنیشمان لە ئیگۆ پشت بەو وێنەیە دەبەستێت کە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەموکورتییە بەکاری دەهێنین.

  ئیگۆ لە دامەزراندنییەوە ڕۆدەچێتە ناو تیاڕاماوەوە، بۆ ئەوەی وابزانێت گشتێکی تەواوە؛ سەرچاوەی ئەم وەهمەش شتێکیتر نییە جگە ڕەگ داکوتانی لادانی ئەبستیمیی و ڕوانین بەرەو دەست بەسەرداگرتنی تەواو نەبێت بەسەر جەستەدا.

چەند پەرەگرافێک لە کتێبی: قۆناغی ئاوێنە بەوپێیەی پێکهێنەری وەزیفەی ئیگۆیە، وەک لە ئەزمونی دەروونشیکاریدا دەردەکەوێت” جاک لاکان/ کۆنگرەی شەشەمی دەروونزانیی- زیورخ/ ” لێکۆڵینەوە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکان” لۆنگمان پێرس/ ١٩٩٤.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ” جسد الثقافة” ٢٠/ ١١/ ٢٠٠٤

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت