هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هێزی مورتەزەقە و میلیشیایی بەو هێزانە دەوترێت کە نیشتیمانیی نین، ئەو هێزانەی بێ هیچ حسابکردنێک بۆ پرنسیپی ئەخلاقیاتی سوپایی و نیشتیمانپەروەریی و مرۆڤۆدۆستییەک دروستدەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا بە ناوی نیشتیمانپەروەریی و پاراستنی سەروەریی نەتەوە و هەندێک جار بە ناوی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و هەندێک جاری تر بە ناوی پاراستنی دین و ئاینزاکانەوە دروستدەکرێن. واتە ئەم هێزانە هەندێک جار سەربە حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانن، هەندیک جاری دی سەربە دەوڵەتەکانن، بەکاریان دێنن بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت یان دین، یان پاراستنی ناوچەیەکی جوگرافیایی. لەگەڵ ئەوەی مورتەزەقە بەو تاک و میلیشییانە یان ئەو سوپایە دەوترێت کە بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پاشا یان حوکمڕانیەکی دەرەکی، یان بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوخۆ، بەڵام ئەوەی من تێبینی دەکەم لەم رۆژدەدا و لە ناوچەکەدا بە گشتی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆ نەماوە لە نێوان هێزی میلیشیایی و هێزی مورتەزەقەدا.

بۆ نموونە وەک هێزە میلیشییایەکەی حەسن نەسروڵا لە لوبناندا، کە چەند لە دژایەتیکردنی ئیسرئیل دروستبووە لەوە زیاتر بۆ برەودان و باڵادەستی هەژموونی دەوڵەتی ئیسلامیی شیعەگەرایی دروستبووە. هێزەکانی حەماس لە فەلەستیندا، هێزەکانی بەسیج و پاسدار لە سەردەمی شەڕی ئێران/عێراقدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئێستا لە عێراقدا، هێزی جاشە کوردەکان دژی پێشمەرگە و شۆڕشی گەلی کورد. ئێستا لە کوردستاندا لیوا تایبەتەکان، حەشدی شەعبی لە کورد، حەشدی وەتەنی کە پارتی و سوننەکان خەریکی دامەزراندنین، ئەو هێزەی کە لە ئەنەکەسە و هێزێکی پارتی بە سەرپەرشتی 21 ئەفسەری توریکی پەلاماری شنگاڵ و هێزی پەکەکەیان دا، هەروەها ئەو هێزانەی کە ئێستا وا بڕیارە لە کوردستاندا دروستبکرێت و سەرەتاکانی دەرکەوتوون. لە پێش هەموو ئەمانەشەوە هێزە تیڕۆرستییەکان کە بە دەیان گروپ و هێزن، لە هەموویان زیاتر و گەورەتر و ترسناکتر هێزەکانی داعش بوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک قارچک هەڵتۆقین بە بروسکە و هەورەتریشقەی ئەو هەورە ڕەشە چڵکنەی بیریی شەڕەنگیزی و شەڕخوازی کە سەرتاپای ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتی سوریایی گرتەوە. هەموو ئەم هێزانە خۆیان نەک بە بەکرێگیراو و میلیشیایی نازانن، بەڵکو خۆیان بە نیشتیمانیی و نیشتیمانپەروەر دەزانن، تەنانەت کاتی خۆی کە بە سەتان هەزار جاش بەکرێگیراوی ڕژێمی فاشی بەعسیەکان بوون بەناوی ئەوەوە ئەم کارەیان دەکرد کە گەنجانی کورد لە شەڕی عێراق/ ئێران بپارێزن، یەکێک لە سەرۆک جاشە گەورەکانی خێڵی جاف دەیگوت: “دەبێت گەلی کورد مەمنوونی من بێت کە توانیومە پێنج هەزار گەنجی خێڵەکەم بپارێزم لە تێوەگلانی شەڕی ئیران/عێراق”، هەندێکیش لە مەفرەزە تایبەتەکان دەیانگوت “ئێمە کوڕی بارزانین و بە ئەمری بارزانی بووین بە چەکداری حکومەت و دەمانەوێت ڕاوە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی بکەین، چونکە ئەمانە جاشی ئێرانن”.
مەرج نییە بەکرێگرتنی ئەم هێزانە بە پارە و پول و پێدانی موچەی چەور بێت، زۆر جار دەسەڵاتە سیاسییەکان و حومکڕانەکان بە سیاسەتی بەرپاکردنی بێکارییەکی زۆر، کە زۆر جار دەگاتە لەسەدا 20ی بێکاری خەڵک ناچار دەکەن لە پێناوی دابنیکردنی موچەکەی مەمرە و مەژیی پەنابەرن بۆ چەک هەڵگرتن و دەبن بە چەکدارای مورتەزەقە و میلیشیایی، هەندێک جاری تر بە بەرپاکردنی نەبونی ئاسایش و ترس و تۆقاندنی ئەوانەی کە سڤیلن و چەکدار نین، هەندێک جاری تر بەناوی هێزی نیشتیمانیی و بەرگریکردن لە نەتەوە و مافی نەتەوە، یان بەرگریکردن لە دین و ئاینزاکان، یان بەرگریکردن لە سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی یاسایی ئەم هێزگەلە دروستدەکرێت و بە دەیان و سەتان هەزار کەس چەکدار دەکرێن.
ئەم هێزانە هەموویان پێکەوە لەگەڵ سوپا دیسپلینکراوەکاندا، وەک سوپای جارانی عێراق و سوپای ئێران و سوپای ئێستای عێراق و هێزەکانی پێشەمەرگە، هەروەها سوپا زبەلاحەکی تورکیا و سوریا، لە پشتیانەوە سیاسەتێکی هێندە نامرۆڤانە و ناعەقڵانییانە ڕاوەستاوە و هەڵیان دەسوڕێنێت، کە دەیانەوێت زیاتر و زیاتر هەرچی عەقڵ و بیرکردنەوەیە لە لای گەلانی ناوچەکە بسڕنەوە و تووشی زیاتری نەعرەتەی نەتەوەپەرستیی و سیکتاریزمی دینیی و ئاینزاییان بکەن. ئەمەش لە پێناوی درێژەدان بە سیاسەتەکانی خۆیان، شەڕکردن و جەنگ درێژە پێدەری سیاسەتەکانییان و حومکڕانییەکانییانە. کە بە بڕوای من سیاسەتی هیچ لایەنێک لەم لایەن و دەوڵەتانە نەک هەر عەقڵانی نییە بەڵکو زۆر جار لە جیاتی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا شەڕدەکەن و ماڵی خەڵکی وێران دەکەن، واتە لێرەدا دەتوانین پێیان بڵێین (مورتەزەقە). پاساویشم ئەوەیە بۆ ئەم قسەیەم، کە هیچ کام لە گەلانی ئەم وڵاتانە، نە گەلی ئێران و نە گەلی عێراق و نەگەلی کورد و نەگەلانی تورکیا بە کورد و تورکەوە و نە گەلانی سوریا بە کورد و عەرەبەوە، سوودیان لە درێژە پێدانی جەنگ وەرنەگرتووە، بەڵكو ئەوەی سوودی وەرگرتووە تەنها دەتوانین بڵێین، حیزب و دەوڵەت و حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی جیهانە، کە بە هەزاران و دەیان هەزار ملیار دۆلاریان لەم شەڕو جەنگانەدا دەستکەوت بووە. کەواتە ئەم هێز و لەشکرانە هەم میلیشیایین بەو واتایەیی کە دیسپلینی سوپاییان نییە و نیشتیمانیی نین، هەم مورتەزەقەن بەو واتاییەی بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان چەکدار نەکراون. ئەمەش کارەساتە و کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت. گرنگیشە کە ناوی سوپای دیسپلینکراو بە ئەخلاقیات و تەکتیک و ستراتیژیی سوپایی دەبەین، ئەوە بزانین کە هیچ سوپایەک لەم سوپایانە نیشتیمانیی نین، بەڵکو لە پێناوی پاراستنی حوکمڕانە ستەمکارەکاندان. لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئەم سوپایانەدا دوو جار کاری وایان کردووە کە بۆنی نیشتیمانپەروەریی لێ بێت، جارێک لە شەری ئیسرائیلدا کە سەرکەوتنیان بە دەستنەهێنا، جاریکی تریش لە شەری ئیخوانەکان و حوکمی یەک ساڵەی ئیخوانەکاندا لە میسر، کە دڵنیام ئەگەر تیشکی سەوزی ئەمەریکا نەبوایە و ئەمەریکا نەیجوڵاندنایە ئەوەشیان نەدەکرد.
کارەساتی گەورەتریش ئەوەیە، کە هیچ هێزێکی سیاسیی عەقڵانی لە ئارادا نییە، بتوانێت بەرامبەر بەو هەموو هێزە داگیرکارییە بوەستێتەوە. ئەم ناعەقڵانیەتە، ئەم شەڕ و جەنگ و ماڵوێارنییە کە لە دەیان فۆرمدا خۆی دەبینێتەوە و بە دەیان ناوەوە چەخماخە لێدەدات و هەڵدەگیرسێت، وەک کەوتنەوەی ئاگرێک وایە کە تەڕ و وشک پێکەوە دەستوتێنێت، هەرچی زیندەورە و بونەوەرە لەگەڵ خۆیدا ڕایدەماڵێت و دەیسوتێنێت. کڵپەی ئەم ئاگرە دەمێکە بەربۆتە گیانی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە، هەر لەسەردەمی داگیرکاریی ئیسلام و(فتوحاتی)ئیسلامەوە زیاتر ئەم ئاگرە تینی سەندوە، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوبرا و زلهێزە داگیارکارییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا ئەم ناوچەنەیان داگیرکرد و دابەشیانکرد بە سەر خۆیاندا، کاتێکیش چونە دەرەوە، دەوڵەتگەلێکیان دروستکرد بە ناوی دەوڵەتانی نیشتیمانییەوە، بریسکەی ئەم ئاگرە نەک نەکوژایەوە بەڵکو کردیان بە ژیملەمۆیەکی گەرم و پڕ لە بریسکە و پشکۆ بۆ ئەوەی هەرچ کات ویستیان بە ئاسانی هەڵیگیرسێننەوە و شەڕ و ئاژاوەیەکی دیکەی پێ بەرپا بکەن. ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە، تین و کڵپەی ئەم ئاگەرە ناعەقڵانییە زیاتر و زیاتر دەبێت. تووندووتیژی و شەڕخوازی و دواکەوتوویی و کولتووری خێڵ و تایەفەگەرێتیی و سیکتاریزمیی بە جۆرێک بەربڵاو بووە کە دەتوانم بڵێم زۆر جار ئەو هێز و حیزبە عەقلانیانەشی گرتۆتەوە کە خاوەنی فەلسەفەیەکی ئینسانیبوون و بە فەلسەفە و جیهانبینییەکی ئینساندۆستی و چەپگەرایی و مارکسیەت ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان پەروەردەکردووە.

بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە
ئێوە تەماشاکەن!، هەموو ئەوانەی پێی دەگوترێت ڕەوایەتی و حەق، ڕەوا و حەقن و کەسیش ناتوانێت نوکڵی بکات لە ڕەوایەتی زۆرێک لەو مەسەلانە:
* وەک مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.
* وەک مافی تورکمانەکان و پێشێلنەکردنی مافیان، وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە کەرکوک و هەندێ ناوچەی دیکەدا و هەروەها بەشێک لە پێکهاتەی عێراق.
* وەک دوورخستنەوەی ستەم لەسەر شیعەکان و دژایەتیکردنی ستەمی سوننە.
* وەک دژایەتیکردنی سووننە بۆ هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و هەموو ئەو ناحەقی و ستەمەی لێیانکرا لە لاین ئێران وشیعەکانی عێراقەوە.
* وەک نەسڕینەوەی دین و ئاینزاکان و دژایەتینەرکردنییان بەو شێوەیەی کە قەدەغەیان بکات.
* وەک ئەو ئازادییەی کە لیبراڵەکان و چەپەکان خوازیارین.
* وەک مافی مرۆڤ و فەراهەمکردنی کولتوور و سیستمی دیمکوراتی و سیستمی عەلمانەیت و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە، کە هیچ دین و ئاینزایەک نەسڕێتەوە، هیچ جیاکارییەک نەکات بە ناوی جیاوازی توخم و ڕەگەز و پێست و زمانە جیاوازەکانەوە، چاکسازییەکی بنەڕەتی لە پرۆسەی پەروەدە و تەندروستییدا، نەهێشتی گەندەڵی و دزی و بە فیڕۆنەدانی سەروەت و سامانی نەتەوە و نیشتیمان، دەیان داواکاری لەم جۆرانە، هەموویان ڕەوان، هەموو ئەم داواکرایانە بوون بە دروشمی ئاڵاو و واڵای ئەم حیز و هێز و حوکمڕانانەی ناوچەکە، لە ژێر ناوی ئەم ڕەوایەتیانەوە دەیان شەڕ و پەلاماردان و هێرش و جەنگ دروستدەکرێت، کەواتە هەموو ئەم ڕەوایەتییانە بوون بە بریسکە و کڵپەی ئەو ئاگارە نا عەقڵانییەی کە ئاماژەمان پێدا. کەواتە ماف و حەق و ڕەوایەتییەکان کراون بە چەکێک بۆ برەودان بە سیکتاریمزیی و بەرژەوەندخوازی و شەڕ و تووندووتیژی. ڕەنگە باشترین گوتە لێرەدا ئەوە بێت کە دەگوترێت:”الحق یراد بها باطل” هەموو ئەمانە ڕەوان بەڵام دەکرێن بە خۆراک لە پێناوی ژیانێکی ناهەموار و پوچ و خاڵیی لە مرۆڤایەتیی و مرۆڤبوون.
لێرەوە دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە چۆن ئەم هێزە سیاسییانە جگە لەوەی متمانەیان بە یەکتری نەماوە و لە هەمان کاتدا هەموویان بەرژەوەندیان لە درێژە پێدانی ئەم ناعەقڵانیەت و بەردەوامبوونی کڵپەی ئاگاری ئەم جەنگ و شەرخوازییەدا هەیە، بانگهێشتکردنەکانیان بۆ ئەو ڕەوایەتی و حەقانە، دەکەن بە بیرێکی هێندە سیکتاریزمیانە کە دەبێت بە هێڵی سور و تەنها و تەنها خۆیان دەخوێننەوە و ماف و حەقەکانی خۆیان دەخنە سەروو ماف و حەقی بەرامبەرەکانییان. بۆ نموونە، بە ناوی مافی کورد و ئالای کوردستان و دەوڵەتی کوردی کە داوایەکی ڕەوا و حەقە، بەڵام ئەم داواکاریە ڕەواو حەقە، ناعەقڵانیەتییەکەی لەوەدایە، کە دەکرێت بە بازرگارنێتی و حیزبەکان بازرگانیی پێوە دەکەن، بۆیە وا هانی خەڵک دەدەن بۆ سەندنی ئەم حەقە، کە مافی تورکمان و عەرەب لە کەرکوکدا پێشلبکرێت و بیانسڕنەوە، لە جیاتی ئەوەی کە تورکمانەکان و عەرەبەکان دڵنیابکەنەوە کە لە حاڵەتی بە کوردستانی کردنی کەرکوکدا، یان لە حاڵەتی بە هەرێم کردنی ئەم شارەدا، بە هیچ جۆرێک زیان ناکەن لە ڕووی نەتەوەیی و مافی مرۆڤەوە.
لەولاشەوە تورکمانەکان، هێندە بە سیکتاریزمیانە و داگیرکەرانە خۆیان ڕاهێناوە بە ناوی بەرگریکردن لە مافی خۆیان وەک پێکهاتەیەکی کەرکوکی و عێراقی، نەعرەتەی ئەو نەتەوە پەرستییەیان هێندە ناعەقڵانییە کە دەڵێن نەک کەرکوک بەڵکو هەولێریش شارێکی تورکمانییە.
لە لای سێیەم و چوارەمیشەوە سوننە و شیعەی شۆڤێنیست بە پاڵپشت و هاندانی تورکیا بۆ سوونەکان و ئێران بۆ شیعەکان، لە جیاتی ئەوەی سنگیان فراون بێت بەرامبەر بە گەلی کوردی شەریکیان، کە پێکەوە لە عێراقدا دەستوریان نووسیوەوتە، پێکەوە عێراقیان پێکهیناوەتەوە، پێکەوە لە پەرلەماندان، پێکەوە لە حکومەتی عێراقدان، کەچی بە بێ ئەوەی مەسەلەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بکەن بە پرۆژەیەک بۆ دراسەکردن لە پەرلەماندا بە ناحەقی و بە هێزی زۆرینەی فراکسوێنی شیعە و سونە لەگەڵ تورکمانەکان بەسەر کەمینەی فراکسوێنەکانی کورد لە پەرلەماندا، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا ڕەتدەکەنەوە و دەیکەن بە بڕیار، کە دەبوو ئەم بڕیارە بخەنە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا داوایانکرد کە تێگەیشتن دروستبێت لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە عێراقدا، هەردوو لایەنی کوردی شیعە و سوننە و تورکمان هەرچ لایەک بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ ئەو پەیامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تورکمانەکان شایلۆغانیان بوو کە گوایە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی نین بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا و کوردیش کەوتبوونە هاتوهاور کە ئەوە ناحەقیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکات، بێ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هەڵکردنی ئەو ئاڵایەی کردبێت.
ئەردۆغان و تورکە ڕەگەزپەرستەکانیش، کە گرێبەستی ٥٠ساڵ نەوتفرۆشتنی کوردستانییان لەگەڵ پارتی واژۆ کردووە کە لە ڕێگەی بۆریە نەوتەکانی تورکیاوە بێت، لەگەڵ پارتیدا بوون بە گەورەترین دۆستی یەکتری، بەرژەوەندیەکی زۆریان لە کوردستاندا هەیە، کەچی بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە هەڕەشە لە کورد و کەرکوک دەکەن لەسەر هەڵکردنی ئەو ئاڵایە، بە ناوی ئەوەی کە کەرکوکی شارێکی تورکمانییە.
لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە، لە کاتێکدا نەعرەتەی پارتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گوێچکە کەڕ دەکات، کەچی لە دڵەوە پێیان ناخۆشە کە یەکێتی دەستپێشخەریکردووە بۆ هەڵکردنی ئەو ئالایە لە کەرکوکدا، واش پێدەچێت یەکێتی بۆ موزایدەکردن بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەم کارەی کردبێت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە