هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئەوانەى کەبازرگانى لەگەڵ داعش دەکەن و نەوت و سەروەت و سامانى ئەم هەرێمە دەدزن یان ئەوانەى کە لەگەڵ ریفراندۆمدانین؟
لەوەتەى کەدابەشبوونێک لەنێو شەقامى کوردى دروست بووە لەهەرێمى کوردستان سەبارەت بە پرسى ریفراندۆم کەمنین بەرپرسە سیاسیەکانى ئەم هەرێمە لەرێگەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە سیفەتى خیانەتکار دەدەنە پاڵ ئەوانەى کە لەگەڵ بەرەى ریفراندۆمدا نین کە ئەمەش دەرخەرى ئەو راستیەیە کە سەرکردایەتى کورد تواناى قبولکردنى بیروراى جیاوازى نییە و ئەوان تاوەکو ئێستا تێناگەن کە خیانەتکارى راستەقینە کێیە؟
لە راستیدا خستنە پاڵى سیفەتى خیانەت کار بۆ ئەوانەى کە دژ یان لەگەڵ ریفراندۆم نین لە لایەن هەندێک لە سەرکردە سیاسیەکان و بەناو رۆشنبیرى حیزبەکانەوە هەڵگرى ئەو پەیامە ترسناکەیە کە ئەگەر وەک ئەوان بیر نەکەینەوە ئەوە جێگەمان نابێتەوە لەم هەرێمە و ئەمەش سەرەتاى لێدانى زەنگێکى ترسناکە بۆ هەموو ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانەى کە وەک ئەم دەسەڵاتە بیرناکەنەوە.
ئەو سیستەمە تۆتالیتاریەنەى کە ترسیان لەمانەوەیان هەیە هەمیشە دەیانەوێت کە خەڵکى بەیەک جۆر بیر بکاتەوە بۆئەوەى بکەونە خزمەتى ئەوان، بۆیە شتێکى ئاساییە ئەو سەرکردانەى کە عەقڵییەتى دکتاتۆریەتیان هەیە بەهەر شێوەیەک بێت دەست بکەن بە تۆمەت بەخشینەوە بۆ ئەوکەسانەى کە وەک ئەوان بیرناکانەوە.
ئەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە یەکێک لە کێشە بنەرەتیەکانى ئەم هەرێمە بریتیە لەوەى کە سەرکردە سیاسیەکان خاوەنى فەرهەنگێکى سیاسیى دواکەوتوون کە ئەو فەرهەنگە هى ئەم سەردەمە نییەو ناگونجێت لەگەڵ بارودۆخى ئێستادا، ئەوان بیریان چۆتەوە کە ئێمە لە سەدەى 21 ئەژین، تا ئێستا لەوە تێناگەن مرڤ ئازادە لەوەى کە چۆن بیردەکاتەوە و شتێکى ئاساییە ئەگەر راى جیاوازمان سەبارەت بەپرسەسیاسەکان هەبێت.
کاتێک وەک ئەوان بیرناکەینەوە ئەمە واتاى ئەوە نیە کە ئەوان راستبن و ئێمەش خیانەتکار .
پێویستە ئەوانەى کە لە گەڵ سەر لەبەرى پرۆسەى ریفراندۆمدانین واتە بریاى بایکۆتى ئەم پرۆسەیان داوە لەگەڵ ئەوانەى کە بریاریان داوە بەنەخێر دەنگ بدەن و ئەوانەشى بە بەڵێ دەنگ دەدەن دەبێت رێز لەیەکترى بگرن چونکە دیموکراسیەتى راستەقینە بریتییە لەوەى کە ریز لە راى جیاواز بگرین و یەکترى قبولبکەین.
خیانەتکارى راستەقینەش بریتین لەو کەسانەى کە بازرگانى لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنى مرۆڤایەتى دەکەن کە مەبەستمان داعشە لەبەر ئەوەى خیانەت وەک چەمک پەیوەندى بە بەستنى ریکەوتن و مامەڵەوە هەیە لەگەڵ دوژمن لەکاتێکدا کەتۆ لەشەردا بیت لەگەڵى نەک بیرو راى جیاواز.
ئەکرێت بڵێین کە خیانەتکارى راستەقینە ئەوانەن کە کۆنترۆڵى سەروەت و سامانى ئەم هەرێمەیانکردوەو خستوویانەتە خزمەتى تایبەتى خۆیانەوەو ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەى زۆرى خەڵکى لەهەرێمى کوردستان لە بارودۆخێکى زۆر سەخت و ناهەمواردا دەژین.
ئەگەر دەسەڵاتى سیاسى کورد بەراستى مەبەستێتى ئەم هەرێمە لەخەڵکى خیانەتکار پاک بکاتەوەو بابفەرموون دەست بکەن بە دادگاى کردنى ئەوانەى کە مامەڵەى بازرگانیان لەگەڵ داعش کردوە لەگەڵ ئەوانەى کە کۆنترۆڵى داهاتى نەوتى ئەم هەرێمەیان کردوەو رۆژنە پارەکەى تەخشان و پەخشان.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە