حەمەسەعید حەسەن : گۆڕان وەک یەکگرتوو حزبێکی ئیخوانییە بەڵام بوێریی نییە ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکا .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

بزووتنەوەی گۆڕان بووە بە حزبێکی ئیسلامی

د . خالید محەمەد : گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو سێ حزبی ئیسلامین و هیچ جیاوازییەکی ئایدۆلۆجیان نییە

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی

* حەمەسەعید حەسەن : گۆڕان وەک یەکگرتوو حزبێکی ئیخوانییە بەڵام بوێریی نییە ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکا

* ئومێد قەرەداغی : هیچ کات یەکگرتووی ئیسلامی داوای شتێکی زیاتر لەوەی نەکردووە گۆڕان داوای دەکا

* سیروان عەبدول : لە ئێستادا گۆڕان ئیغرا بووە بە بەهاری عەرەبی و بووە بە حزبێکی ئیسلامی سیاسیی

نەوشیروان مستەفا ، لە چەندین مناسەبەدا بەهۆ و بێ هۆ ، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە ، بزووتنەوەکەیان هیچ کات دژی “سەوابیتی ئاینی ئیسلام ” ناوەستێتەوە ، جگە لەمەش زمان و ئەدەبیاتی قسەکردنی خۆی گۆڕیوە بۆ زمان و ئەدەبیاتی مەلاکانی ئیسلامی سیاسیی . لەم دواییانەشدا سەرەتا “عەلی حەمەساڵح ” پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لیستی گۆڕان ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ، کە کار دەکات بۆ ئەوەیی لە پەرلەماندا شەریعەت ببێتە سەرچاوەی یاساکان، بە دوایدا ” ئیڤار ئیبراهیم” پەرلەمانتاری گۆڕان هەمان بۆچوونی دووبارە کردەوە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری چالاکوانانی مەدەنی و چەپ و عەلمانییەکانی لێکەوتەوە، کە لە بری گفتوگۆ ، ” رابوون مەعروف ” ی پەرلەمانتاری گۆڕان هێرشی توندی کردە سەر نەیارەکانیان و جەختی چەند بارەی کردەوە لەسەر پابەندبوون بە ” سەوابیتی ئیسلامی “.

چاودێرانی سیاسیی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، لە ئێستادا گۆڕان بووە بە حزبێکی ئیسلامی سیاسیی ، هەر بۆیە تەنیا ” سێ ” کاندیدی ئیسلامی ناو گۆڕان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ، دەتوانن لە سەرووی 200 هەزارە دەنگی لایەنگرانی گۆڕان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن ، ئەم رێژەیەش دەکاتە نزیکەی 50% هەموو دەنگەکانی گۆڕان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان . هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا گۆڕان بووەتە جێگەی ئومێدی بەشێک لەو ئیسلامییانەی بێئومێد بوون لە حزبە ئیسلامییەکانی تر ، لەبەرئەوە چاودێرانی سیاسیی هۆشداریی دەدەن کە گۆڕان مەترسی ئەوەی لێدەکرێت بە تەواوەتی ببێتە حزبێکی ئیسلامی گرێدراو بە دەوڵەتانی هەرێمی .

گۆڕان و سەوابیتە ئاینییەکان

چەندین جار ، لەلایەن خودی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و سەرکردە و پەرلەمانتارانی گۆڕان جەخت لەسەر پابەندبوونی گۆڕان بە ” سەوابیتە ئاینییەکان ” کراوەتەوە. ئەمەش بەو مانایەی وەک هێزێکی ئیسلامی ئسوڵی مامەڵە لەگەڵ ئیسلام و سەوابیتی ئاینی دەکەن، نەک وەک موسڵمانی سادە. ئەگەرچی وا دەبینرێت ئەم جۆرە بانگەشانە جۆرێکە لە مزایەدەی سیاسیی و راکێشانی سۆزی خەڵکە ، بەڵام چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن ئەمە سەرەتایەکی مەترسیداریشە بۆ وەرچەرخانی گۆڕان بۆ هێز و بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سیاسیی .

حەمەسەعید حەسەن ، نووسەر و رووناکبیر ، پێیوایە دروشمەکانی گۆڕان لە دادپەروەریی و گۆڕینی سیستمی سیاسیی لەگەڵ سەوابیتی ئاینی ناکۆکن و دەڵێت ” ئایا دادپەروەریی بەوە دەچەسپێت ، بە چاوێکی سووکەوە سەرنجی نیوەی کۆمەڵ بدەین و پێمان وابێت، ژن ئینسانێکی پلە دووە ؟ ئایا کەسانێک بە پارەی لە پارووی خەڵک دزراو ، حزب پێکەوە بنێن و ژن بە کۆیلەی پیاو بزانن ، ئەوە لووتکەی گەوجاندنی خەڵک نییە ، باس لە دژایەتیکرنی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەریی بکەن ؟ ئایا گۆڕان ، بە بزووتنەوەیەک دەکرێت وابەستەی سەوابتێک بێت ، هەزار و چوارسەد و سی و چوار ساڵ لەمەوبەر ، لە نیمچە دوورگەی عەرەب سەریان هەڵدابێت ؟ ئایا لە هیچ بوارێکدا گۆڕان و سەوابیت ، دانوویان پێکەوە دەکوڵێت ؟ ئەگەرنا ، کەواتە زۆربەی ئەوانەی دەنگیان بە گۆڕان داوە ، عەوامن و بازرگانان فریویان داون “.

حەمەسەعید حەسەن، ئاماژەش بەوە دەدات “سەروەختێک سادات خۆی بە ئیخوانەوە هەڵدەکێشا و بە پشتبەستن بەوان ، بە گژ چەپەکاندا دەچووەوە، زۆری نەبرد ، نەک هەر لێی هەڵگەڕانەوە ، بەڵکوو تیرۆریشیان کرد . پێموایە چارەنووسی نەوشیروان مستەفای کۆنە چەپ کە بە کۆمەکی ئیخوان ، سەنگەری لە پدک و ینک گرتووە ، لە هی سادات رۆشنتر نابێت . بەوەدا خەباتی گۆڕان لە پێناوی سەرخستنی پرەنسیپە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئیسلامدایە ، بەوەدا لای گۆڕانیش هەر ئیسلام چارەسەرە ، بەوەدا سەرۆکی لیستی گۆڕان ، کۆنە ئیخوان بوو ، بەوەدا کۆنە ئیخوانەکانی نێو لیستی گۆڕان زۆرترین دەنگیان هێنا ، کەواتە گۆڕانیش وەک یەکگرتوو ، حزبێکی ئیخوانییە ، بەڵام ئەو بوێرییە شک نابات ، ناسنامەی خۆی ئاشکراتر بکات و پاشگری ( ئیسلامی ) یش بە ناوی خۆیەوە بلکێنێت “.

ئومێد قەرەداغی ، پێیوایە ئەوەی پەرلەمانتارێکی وەک ” عەلی حەمەساڵح ” داوای دەکات تائێستا یەکگرتووی ئیسلامی داوایی نەکردووە . قەرەداغی دەڵێت ” بزووتنەوەی گۆران خوازیاری دەسەڵاتی لایەنداری ئاینییە نەک دەسەڵاتێک بێلایەن بێت بەرانبەر بە هەموو ئاین و تایفە و نەتەوەیەک ( دەسەڵاتی عەلمانی بێت ) ، بەم پێیە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت یان باشتر وایە بڵێین دەوڵەتی بێلایەن بەرانبەر بە ئاین و تایفە و گروپ ( عەلمانیەت ) پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئیسلامە و بزووتنەوەی گۆڕان رەتی دەکاتەوە، بێگومان بەدیلی ئەمە هەر دەسەڵاتی لایەنداری ئاینییە ، دەسەڵاتێک کە خۆی بە بەرگریکار دەزانێت لە ئاین و شەریعەتێکی دیاریکراو ، ئەمەش لە راستیدا بزووتنەوەی گۆڕان دەکات بە بزووتنەوەیەکی ئاینی ، هیچ کاتێک یەکگرتووی ئیسلامی داوای شتێکی زیاتر لەوەی نەکردووە کە بزووتنەوەی گۆڕان داوای کردووە “.

ئومێد قەرەداغی ، لە رەخنەگرتن لەو سیاسەتەی گۆڕان ، وتیشی ” ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان راشکاوانە باوەڕی بە دەسەڵاتێکی بێلایەن بەرانبەر بە ئاین و نەتەوە و خێڵ ( دەسەڵاتی عەلمانی ) نەبێت ئەوا پێویستە بە جیددی هەڵوێستی لە بەرانبەر وەربگیرێت بە تایبەت پێش هەموو کەس پێویستە رۆشنبیران و ئازادیخوازەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بێدەنگ نەبن و رەخنەی لێبگرن، بزووتنەوەی گۆڕان تەنانەت ناتوانێت وەک پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتێکی پاشخان ئیسلامییە راشکاو و بە جورئەت بێت، داد و گەشەپێدان راشکاوانە دەڵێت لەگەڵ حوکمڕانییەکی عەلمانیدایە و حوکمڕانی عەلمانیش پێچەوانە نییە بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام ، بەڵکو زەمینە بۆ ئیسلام و هەموو ئاینەکانی تریش دەڕەخسێنێت بە ئازادانە مومارەسەی بیر و کاری خۆیان بکەن “.

نورەدین سەعید وەیسی ، نووسەر و چاودێری سیاسیی پێیوایە ” نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای پێکهێنانی گۆڕانەوە ، کۆمەڵێک پەیامی بۆ ناوەندە کۆنەپارێزەکان نارد کە ئەو نەک هەر دژیان نییە ، بەڵکو رێزیان دەگرێ و باوەشیشیان بۆ دەکاتەوە . بۆ نموونە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی 2009 لە کاتی پێشوازیکردنی لە چەند مەلا و شێخێک ، بەرماڵ و قورئانی ماچ کرد . هەروەها سەردانی مزگەوتی گەورەی سلێمانی کرد و ئایەتێکی قورئانیشی وەکو تابلۆیەک لە پشتی سەری خۆی هەڵواسی . ئەوکاتەی هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان دانا ئەحمەد مەجید ( ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگە داواکراوە بەڵام خۆی لە دەرەوەی کوردستانە ) پارێزگاری سلێمانی بوو، لە رەمەزانان رێوشێوینی زۆر تووندی بەرامبەر رێستورانت و مەیخانەکان گرتەبەر “.

وەیسی دەڵێت ” ئەم سیاسەتەی گۆڕان وایکرد خەڵکێکی زۆری ئیسلامی و کۆنەپارێز روو لەو بزووتنەوەیە بکەن و لێی کۆببنەوە و بەچاوی ئومێدەوە لێی بڕوانن ، تەنانەت لە کاتی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی لە ساڵی 2011 هەندێک جار هەڵسوڕاوە دیارەکانی گۆڕان و رۆشنبیر و تیۆریستەکانی لە وێنەی بەڕێزان رێبین هەردی و مەریوان قانیع هاوبۆچوونی مەلا ئیسلامییەکان بوون و پاساوی سەیر و سەمەرەیان بۆ ئەو هاوپەیمانێتییەیان دەدۆزیەوە و بەلایانەوە زۆر ئاسایی بوو ، ئەوەی خۆیان ناویان نابوو ( مەیدانی ئازادیی ) ببێتە مەیدانی نوێژی هەینی و خوتبە و وەعزدان . مەگەر هەر ئەو بەڕێزانە نەبوون دەیانگووت و ئێستاش دەیڵێنەوە کە ئیسلامی سیاسیی هیچ هەڕەشە نییە بۆ سەر ئازادیی لە کوردستان !”.

گۆڕان بووە بە حزبێکی ئیسلامی

چاودێرانی سیاسیی و رۆشنبیران و تەنانەت خەڵکی سادەش تێبینی ئەوەیان کردووە گووتاری بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو گووتارێکی ئیسلامی رۆیشتووە و لە ئێستادا ئەوەی گۆڕان پیادەی دەکات هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی پیادەی دەکەن، بۆیە مەترسی ئەوە لە ئارادایە بە تەواوەتی گۆڕان بەرەو حزبێکی ئیسلامی وەرچەرخێ ، ئەمەش بۆ سەر پرۆسەی دیموکراتی و سیاسیی هەرێمی کوردستان کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت .

سیروان عەبدول ، نووسەر و رووناکبیر ، پێیوایە کە ” ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان حزبێکی ئیسلامی سیاسییە و ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەیکا ، ئیغرابوونە بەو شەرعیەتەی ئیسلامی سیاسیی لە بەهاری عەرەبی وەریگرت “.

سیروان عەبدول ، رەخنە لەو سیاسەتەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەگرێت و دەڵێت ” گرنگە کاک نەوشیروان ئاگادار بێت راستگۆیی لە دەست دەدات ، کاتێک بە ئاشکرا دیارە بڕوای بە ئەرگۆمێنت و قسەکەی خۆی نییە ، دێت بە بیسمیلا دەستپێدەکات و نوێژ دەکات و وێنەکەی بڵاو دەکاتەوە ، لە تەلەفزیۆنەوە پەنجە بەرز دەکاتەوە و داکۆکی لە سەوابیتەکانی ئیسلام دەکات . کاک نەوشیروان موستەفا ، ئەوەندە قودەرتی نەبووە خۆی نەکات بە موهەڕجێک ، لەبەردەم کامێرای تەلەفۆزیۆندا بڵێ ، رایدەگەیەنم ئیتر ئیشی ئێمە لە پەرلەمان ، ئەوە دەبێ داکۆکی لە سەوابیتەکانی ئیسلام دەکەین ، لای من زۆر ناشیرن دەهاتە بەرچاو ، زۆر زیاتر لەوە دەچوو بەسەر مەسرەحی سێرکەوە بێت و لە موهەڕجێک بچیت تا سیاسەتمەدارێک “.

لەلایەکی ترەوە ، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نووسینێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باسی لەوە کردووە ” ماوەیەکە سەرکردە و پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە لێدوان ‌و چاوپێکەوتنەکانیان جەخت لەسەر پابەندبوونیان بە بنەماکانی ئیسلام‌ و شەریعەتی ئیسلام دەکەنەوە و لەگەڵ هیچ پڕۆژە یاسایەکدا نابن کە پێچەوانەی سەوابیتی ئیسلام بێت‌ و لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامداین “.

رایگەیاندووە ” من دەپرسم کێ لە حزبەکانی تر دژی ئیسلام یا هەر ئاینێکی ترە، سەوابیتی ئیسلام مانای چییە ؟ ئایا ئەم بەڕێزانە دەیانەوێت نموونەی میسر دووبارە بکەنەوە ؟ ئایا ئەمە تەئسیری حزبە ئیسلامییەکانە لەسەر گۆڕان ؟ ئایا گۆڕان نەبووەتە پاشکۆی حیزبە ئیسلامییەکان ؟”. بڵێسە جەبار فەرمان روونیشیکردووەتەوە ” هیوادارم لە پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتانە بڕیار بدەن رەهەندی نیشتیمانییان هەیە و ئێمەی کوردستانیان لە یەک نزیک دەکاتە نەک پەرتەوازەمان دەکات “.

د . خالید محەمەد ، پسپۆری زانستە سیاسییەکان ، پێیوایە بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە هێزێکی دواکەوتوو و مۆدیلی حزبێکی ئیسلامی سەلەفی ، ئەمەش گەورەترین شکستە لە رووی فکریی و سیاسییەوە کە دەشێ لە دواجاردا ببێتە شکستی جەماوەریش . وتیشی ” گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بوون بە سێ حزبی ئیسلامی نزیک لە یەکتر ، هیچ جیاوازییەکی ئایدۆلۆجیان نییە ، هەرسێکیان کار بۆ گەڕانەوەی شەریعەت دەکەن وەک بنەمای حکومڕانی کە ئەمە لە سیستمی دیموکراتیدا جێی نابێتەوە، پاشان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە یەک دەست پارتی بە پلەی یەکەم و یەکێتی کە ئێستا خۆی لاواز بووە ، بێهێز و لاواز بکەن “.

ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان، وتیشی ” چەندین حزبی ئیسلامی هەیە لە دنیادا پاشگری ئیسلامی پێوە نییە ، وەک پارتی داد و گەشەپێدان، یان چەندین حزبی تر ، بەڵام لە ناوەڕۆکدا حزبی ئیسلامین و ئامانجیان هەر ئەو ئامانجانەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان داوای دەکات ، بۆیە دەکرێت گۆڕان لە ریزی ئەم حزبە ئیسلامیانەدا پۆڵێن بکەین کە ناوەکانیان هیچ پاشگرێکی ئیسلامی پێوە نییە . چوونکە لە ئێستا ناتوانم جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەجیندای گۆڕان و یەکگرتوودا ببینم ، یان ئەوەتا یەکگرتوو بووە بە عەلمانی یان گۆڕان بووە بە ئیسلامی ؟! کە بێگوومان دووەمیان راستە “.

لێکدژیی بۆچوونەکانی گۆڕان

تێبینی ئەوە دەکرێت ، بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆیدا چەندین هەڵوێستی پێچەوانە و دژ بە یەکتری هەبووە، لەلایەک بانگەشە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسیی نوێی مەدەنی و دیموکراتی دەکات ، لەلاکەی تر دژی هەر یاسایەک دەوەستێتەوە ناکۆکی لەگەڵ سەوابیتی ئاینی ئیسلام هەبێت ، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرنج ، ئایا دەتوانین بەپابەندبوون بە سەوابیتە ئاینییەکان سیستمێکی مودێرن و دیموکراسی دابمەزرێنین ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەمیشە نەخێرە، چوونکە لە بناغەوە سیستمی دیموکراتی دژی سەوابیت و بنەما دۆگما و رەق راوەستاوەکانە .

ڤینۆس فایەق ، نووسەر و رووناکبیر ، پێیوایە “دووفاقییەکی زۆر زەقە کە باس لە ئازادیی و مافە زەوتکراوەکانی تاکەکانی مرۆڤ دەکەین پشت بە سەوابیتەکانی دین ببەستین ، چوونکە دینی ئیسلام ئەو دینەیە کە هێند لەسەر سەوابیت بینابووە هێند لەناو پرنسیپە لاستیکییە شارستانییەکاندا نایبینیتەوە و لەناو سەوابیتەکانی دیندا سیمبولی پیرۆزییەکان لەسەروو هەموو پرنسیپە ئینسانییەکانەوەیە “.

ڤینۆس فایەق وتیشی ” هەرگیز ئەو دروشمانەی بانگەشە بۆ دیموکراسیەت دەکەن لەگەڵ دەقەکانی قورئاندا هاوتەریب نابن و یەکناگرنەوە ، چوونکە لە بەرگەوە بۆ بەرگی کتێبی قورئان تەنیا یەک ئاماژەی بچووکی تیا نییە بۆ هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی سیستمی دیموکراسی ، بەم مانایەش کە دیموکراسی غائیب بوو گەمژەییە ئەگەر باس لە هیچ جۆرێک لەجۆرەکانی ئازادییەکانی مرۆڤ بکەین ، بەو پێیەش زۆربەی بانگەشەکانمان بۆ ئازادییەکان و کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی بەتاڵ دەبنەوە. خۆ ئەگەر لە پێناسە و وردەکاریی و خاڵەکانی پەیامەکانی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ورد بینەوە یەک ئاماژەی تیا نابینینەوە بۆ سەوابتەکانی ئیسلام ، بەم پێیەش خیتابێکی لەو جۆرە هیچ بەهایەکی سیاسیی نابێت “.

هانا عەلی ، چالاکوانی بواری یەکسانی ژن و پیاو ، پێیوایە نەک لە رووی فکری و سیاسییەوە ، بەڵکو لە رووی مومارەسەی ژیانی رۆژانەشەوە ، ناکۆکی توند هەیە لە نێوان ئەوەی سەرکردەکانی گۆڕان پیادەی دەکەن لەگەڵ سەوابیتی ئاینی ئیسلام . لەم رووە ” هانا عەلی ” چەند خاڵێک دەورووژێنێت :

یەک : بزووتنەوەی گۆڕان هێزێکی ئیسلامی نییە ، بەڵکوو مونافیق و درۆزنە وەک هەردوو حزبە پیرەکەی پێش خۆی . واتا نەوشیروان موستەفا دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە ، ئەگەر نا یەکەم کەس با لە خێزانی خۆیەوە دەست پێ بکات و سەوابیتی ئیسلام جێ بە جێ بکات ، ئەویش بە حیجابکردنی ژنەکەی .

دوو : پەرلەمانتارە فرێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان هەر یەک لە ئاوازێک دەخوێنن و راستگۆترینیان عەلی حەمە ساڵحە و لە راستیدا بۆ حاسیبەبوون عەیبی نییە ، بەڵام هێشتا کاڵە و نەکوڵاوە، هەر ناشزانێت دین و بە دینیکردنی کۆمەڵگا چییە و مانای چییە ؟ بۆیە هاوار هاوارەکانی زۆر لێی ناگیرێت .

سێ : ئێڤار ئیبراهیم وێنەیەکی سێکسیی داناوە و دەڵێ هەر بڕیارێک لە دژی ئاینی ئیسلام بێت لە دژی دەوەستمەوە .. ئێ تۆ حوکمی رەجمکردنت هەیە هەر بەو وێنەیەی داتناوە ، من گوومانم لەوە نییە قورئانیشت نەخوێندووتەوە ، ئیتر بۆ خۆت کردووە با واعیز و سەر لە خۆت و لە خەڵکیش تێک دەدەی ؟.

چوار : رابوون مەعروف خۆی دوای زیاتر لە دە ساڵ لە بەریتانیا و وەرگرتنی چەند ساڵێک سۆشیال هاتووە خەڵکی تر بە سۆشیال وەرگرتن رەجم دەکات وەک ئەوەی هەموو ئەوانەی هاتوونەتە دەرەوە بە کاک رابوون خۆشییەوە بە فەردە پارەمان لە گەڵ خۆمان هێنابێت ، ئێ خۆ ئەوانەشی هێناویانە هەر بۆ خۆشی چەند ساڵێک لەسەر سۆشیال بوون . من بۆ خۆم دوو ساڵە لە کەنەدام و سۆشیال نەبێ یەک سەنتی ترم نییە و تا ساڵێکی تریش هەر لە سۆشیال دەبم ، کاک رابوون من بۆم نییە قسە بکەم ؟ ئینجا ئەم ” عەلی شەریعەت ی” یە هەموو ژنانی فێمینست و خەڵکی سکۆلار بە نەخوێندەوار و ناشارەزا لە بواری دین و دینداریی پێناسە دەکات و خۆشی وەک مامۆستا و موفەکیری دینی ، دەی کاکی برا ئێمە هیج هیج لەسەر دین نازانین و نەفامین تۆ تێمانبگەیەنە و پێمان بڵێ سەوابیتی دینی یانی چی ؟.

د.خالید محەمەد ، پسپۆری زانستە سیاسییەکان، ئاماژە بەوە دەدات ” گۆڕان یان ئەوەتا پەشیمان بووەتەوە لە بانگەشەکانی پێشووی لە بارەی دیموکراتییەت و مافی تاک و ئازادیی بیروڕا و ئازادیی سیاسیی، یان ئەوەتا تووشی سەرلێشێواویی سیاسیی بووە ، چوونکە ئەو دروشمانەی پێشەوە لەگەڵ سەوابیتی ئاینیی ئیسلامی نەک هەر یەکناگرنەوە ، بەڵکو بەهەموو شێوەیەک دژ و پێچەوانەی یەکترن ، بۆیە لەم دۆخەدا گۆڕان پێویستە خۆی لەم سەرلێشێواییە دەرباز بکات ، ئەگەرنا دەکەوێتە قەیرانێکی سەختەوە کە ئاسان نییە لێی دەرباز بێت “.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
ستیڤان شەمزینیی

About ستیڤان شەمزینیی