هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

شارچێتی و ناوچەگەریی نە پڕۆژەیە و نە سەرکەوتوو دەبێت

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* نزیکبوونەوەی ئیسلامی سیاسیی لە بزووتنەوەی گۆڕان تاکتیکە نەک ستراتیژ

* دانیشتنی گۆڕان لەگەڵ دەسەڵات ئابڕومەندترە لەوەی بئاڵێ لە داوی ئیسلامییەکانەوە

* گۆڕان هەرچەند باسی گۆڕین بکات بەڵام لەم راوە بەرژەوەندییەدا دەبێتە پۆڕێکی خوراو

” حەمەڕەشید هەرەس” ی نووسەر و رووناکبیری نەتەوەیی و دیاری کوردستان لە رێی ئەم دیمانەیەوە مەترسیی و نیگەرانییەکانی خۆی لە هەستی ناوچەگەرێتی گۆڕان دەخاتە روو ، هاوکات لە بەشێکی تری دیمانەکەدا باس لە ئەجیندای حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان دەکات کە ئەجیندایەکە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستانە .

ستیڤان : هەست بەوە دەکرێت گووتارێکی ناوچەگەریی لە هەرێمی کوردستان لە بەهێزبووندایە ، تا ئەو ئەندازەیەی خەریکە ئەو گووتارە دەبێتە پڕۆژەی سیاسیی ، ئێوە وەکوو خۆتان مەترسییەکانی بەهێزبوونی هەست و ئینتیمای ناوچەگەریی لە چیدا دەبیننەوە؟. ئایا ناوچەگەریی خۆی لە خۆیدا فاکتۆرێکی بەهێز نییە بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەیی؟.

حەمەڕەشید هەرەس: کوردستان دەڤەرێکە هەر لە مێژەوە بۆتە تەختەی شەترنجی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان و پاش ئەوانیش ئینگلیز، هەر لایەنە و بە شێوازی خۆی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی بەسەر نەتەوەکەیدا سەپاندووە، گیانی لەیەکتر وەرگرتنە و یەکێتی تێدا مراندوون، ئەم کارەشی هەر بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە، بۆ راستی وتنی ئێمە و سەلماندنی بۆچوونەکەمان، ئەگەر چاوێک بە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستانی پێش شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١دا بخشێنین تەمتومانی ئەمڕۆمان لا دەڕەوێتەوە، ئاشکرا دەبێت کە هەرچی شۆڕشی کورد هەیە ناوچەیی بوون، بە مانای لە شارێک یان دەڤەرێکی بچووک و عەشیرەتیکی تێنەپەڕاندووە و لەو سنوورە بچووکەوە سیرایەتی نەکردووە، ئەوە شۆڕشی دەرسیم، ئاگری، شۆڕشەکەی شێخ سەعید، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، برایمخانی دەلۆ، سمکۆی شکاک، شۆڕشەکانی بارزان، شێخ مەحموودی حەفید ، هەمەوەندەکان ، ئەردەڵانییەکان ، کۆماری کوردستان (مەهاباد) …. هتد .

ئەم شۆڕشانە هەر هەموویان ناوچەیی بوون، دەڤەرەکانی تری کوردستان یان هەر سەیرکەر بوون یان بە دەگمەن چەند کەسێکی لاوەکی وەک تاک یان گروپی بچووک وەک لە کۆماری کوردستان بەشداریان تێدا کردووە، ئەمە ئەگەر دوژمناتەتیشیان نەکردبێت، بۆ نموونە شێخ مەحموودی حەفید کە دەوڵەتی دروست کرد، تەنیا دەوروپشتی سلێمانی تا کۆیەی بە دەستەوە بوو، بەگزادەکانی هەڵەبجە و شێخەکانی دۆڵی جافایەتیشی لەگەڵ نەبوو، ئیتر ئەمە بە هۆی هەر هۆکارێکەوە بووبێت .

ئەم رەوشەی ئێستای باشووری کوردستانیش بەلای منەوە هەر درێژەپێدانی ئەو سیاسەتەیە، ئەگەر شۆڕشەکانی زوو، مەسەلە دەمارگیریی ناوچەیی و هۆزگەرایی بوو، ئێستا لەوە بڤەترە چوونکە بە ناڕەوا بەرگی ئایدۆلۆجیای کراوەتە بەر، ئایدۆلۆجیایەک تائێستا رووی جاڕدانیشی نییە، ئایدۆلۆجیایەکی داتاشراو، بەرژەوەندیی سواغی داوە. ئەی بۆ ئەو هەستە بەهێزەی نەتەوەییبوون لە سەرانسەری کوردستاندا، ناچێتە ژێر سەیوانەی بیری نەتەوەییەوە؟! بە ناوەوە و دەرەوە ئەم کوردەیان وا چەواشە کردووە هەر لە دروستبوونی هەبوونێک نزیک ببنەوە، کاتێکی زانی دەیانخەنە سەر وڕکگرتن بۆ شتی لاوەکی و هەزار بیانووی رەوایان نیشان دەدەن بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیی و مەبەستی ناڕەوا. بۆ شانسی دوژمنیش دەسەڵات ئەمەندە وێرانە، هیچ سەنگەرێکی بۆ رۆشنبیر نەهێشتۆتەوە لێیەوە بەرگریی لەو دەسکەوتۆکەیەی بکات .

ستیڤان: بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بانگەشە و کار بۆ دروستکردنەوەی ئەمارەتی بابان یان کەنتۆنێکی ئیداریی سەربەخۆ دەکات لە شاری سلێمانی، بەمەش پارێزگای سلێمانی دەبێتە یەکەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان، بەمەش باشووری کوردستان دەبێتە سێ لەت. تۆ فاکتۆرەکانی ئەم هەنگاوەی گۆڕان بۆچی دەگێڕننەوە؟. لەلایەکی ترەوە مەترسییەکانی سەرکەوتنی ئەجیندایەکی وەها چین؟.

حەمەڕەشید هەرەس: ئەمارەتی بابان؟! بۆ ئەگەر واش بێت ئەمارەتی بابان چ پیتوفەڕێکی بۆ کورد تۆمار کردووە، لە خۆخۆریی و خزمەتکردنی دوژمن، بۆ فڕانفڕانی دەسەڵات و پلە و پایە و میرێتی لەناو خۆیاندا زیاتر؟ کە مێژووی ئەمارەتی بابان چاولێدەکەم خوێن لە دڵم دەتکێت، ئەو هەموو هێز و توانایەی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە بادا، با واز لە بابان و مابان بهێنین، گۆڕان ئەگەر خوانەخواستە وا بکات، ئەوە هەڵەیەکی پشتشکێنە، خۆ پلانەکە دیارە هەر کە گۆڕان دەستی پێکرد، ئیسلامی سیاسیی بۆی ماشییەوە .

ئێستاش لەم سنوورەدا نەیوەستێنن، ئەم حزبە ئیسلامیانە چۆن لە توێی ململانێی یەکێتی و پارتی و شەڕی ناوخۆوە دروست بوون، ئاواش لە توێی ئەم ململانێیەی گۆڕان و پارتی و یەکێتیدا تەشەنە دەکەن، ئەوکاتە نەک سلێمانی سەربەخۆ نابێت، بەڵکو سەر بە فارس، تورک، عەرەب دەبێت لە رێی ئەو ئیسلامیانەی سڵ لە هیچ رێسا و یاسایەکی کوردستان ناکەنەوە، بە ئاشکرا جرتوفرتیانە لە نێوان ئێران و تورکیا و سعوودیەدا. زۆر دەمێکە سعوودیە و تورک ئەجندا و پیلانی ئاشکرایان هەیە بۆ لە ناوبردنی ئەم ئەزموونە، من سێ ساڵ پێش ئێستا لە بابەتی (گورگە بۆرەکانی تورک و گورگە رەشەکانی سعوودیە) بە بەڵگەوە ئەوەم نووسیوە .

گۆڕان هەرچەند بانگەشەی گۆڕین و چاکسازیی بکات و بیانووی زەبەللاح پیادە بکات دژی ئەم دەسەڵاتە، گومانم نییە ئەنجامەکەی پۆڕێکی خوراوە لەم راوە بەرژەوەندییەدا، ئەگەر بیەوێت ئەمارەتی بابان دروست بکات، با سەیری نەوەی بابانەکان بکەن، ئەگەر ئەوان بە ناوی بابانەوە شانازیی دەکەن، ئەمان بە چییەوە؟ ئەگەر ئەوان بە سلێمانی و کفری و هەڵەبجە و سنە و کوێ و کوێدا بڵاوبوونەوە و لەسەر حسابی شانازیی بە هەندۆکەیەک رووی گەشیانەوە ژیان و دەژین، ئەمان بە چییەوە؟ ئاخر لە چ مێژوویەکدا لایەنێکی عەلمانی لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە دانی پیادا نراوە ئەگەر ئەمە نەگبەتی کورد نەبێت ؟.

بەهەر جۆرێک سلێمانی لە کوردستان دابڕ بکەن، دیسانەوە گومانم نییە گۆڕان دەبێتە بەشدارێکی لاوەکی لاواز. پێموایە لەگەڵ دەسەڵات دانیشن و هەوڵی راستکردنەوەیان بدەن، زۆر ئابڕومەندترە لەوەی بئاڵێن لە داوی ئیسلامی سیاسییەوە، کە هەزار چوارسەد ساڵە نەگۆڕاون و ئەگەر داوای گۆڕانیشیان لێبکەن، هەر ئەو بەردەرکی سەرایەی کە ئیسلام پیشنوێژی دەکرد و ئەوانیش پاشنوێژی، ئەو کاتە ئەوان دەگۆڕێن بۆ جەلاد و گۆڕانیش قوربانی، ئیتر ئەوە مێژووەکەیان و ئەوەش ئێستایان، فەرموو بە درۆم بخەنەوە .

ستیڤان: ئەگەر کەمێک دیقەت بدەین، هەست بەوە دەکەین کار بۆ جۆرێک لە دابڕاندنی شارەکانی کوردستان لە یەکتر دەدرێت و بۆ ئەمەش ماکینەیەکی میدیایی بەهێز خراوەتە گەڕ. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا دۆخی ئێستای کوردستان پێویستی بە فیدراڵی پارێزگاکان هەیە یان بەرەو یەکگرتوویی لە پێناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستاندا؟. پاشان دەپرسم ئەم هەوڵانە چەندە رێگر دەبێت لە راستای دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان ؟.

حەمەڕەشید هەرەس: فیدراڵی پارێزگاکانی کوردستان هەمان سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەیە، ئەم پیلانانە هەمووی لەلایەن دوژمنەکانی کوردەوە رەنگڕێژیی دەکرێت و بە کوردەکە خۆی پیادەی دەکەن، ئەوەتا سەیری هەموو مێژووی کورد بکە بە دەگمەن دوژمن راستەوخۆ کوردی لاواز کردووە، ئەگینا هەمووی بە کورد کردووە، ئەو کوردەی دەنگ بۆ فیدڕاڵی و دابڕبوونی شارەکانی کوردستان دەدات، قەباڵەی لەناوچوونی کورد و کوردستان مۆر دەکات، قەباڵەی ئەوەندەی تر کۆیلەبوونی خۆی بە دەستی خۆی واژوو دەکات، ئەمە قینێکی شاراوەیە خۆی خزاندۆتە ئاوەزی کوردەوە، هەر ئەم قینەیە بە درێژایی مێژوو کوردی کردووە بە داردەستی دوژمن بۆ لە باربردنی هەرچی هەلی رزگاریی و سەرفرازیی هەیە.

هەر تۆزێک بیر بکەینەوە و لە دیاردەکان و وردبینەوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ئەم هەلومەرجە گەندەڵەی کوردستان ئەمڕۆ سبەی هەر چارەسەر دەکرێت و بەم جۆرە نامێنێتەوە، بەڵام ئەوەی لە دواڕۆژدا چارەسەر ناکرێت لاوازیی نەتەوەیەکە بەرامبەر دوژمنگەلێکی دڕندەی بێ مۆراڵ، ئەوەی لە دواڕۆژدا چارەسەر ناکرێت قوونداکوتانی ئەو رژێمە تۆتالیتاریانەیە هەرچی ئاوەز و بیری پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەکەیە دەیکەنە خۆراکی قەنارە و سێدارەکانیان، لاشەی هەزارەها کورد دەبێتەوە میوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دوژمن. ئەوەتانی هەر ئێستا بە ئاشکرا دادوبێدادیان بە زیادەڕۆییەوە دەبەنەوە بەردەم عەرشی عێراقی و دەیانەوێت هەر بە زۆر بە کوردستانیان ئاشنا بکەنەوە، ئێمە گەر بۆ هەموو هەنگاوەکانیشیان دەستخۆشی بکەین، بەڵام ئەم هەنگاوانەیان زۆر بڤەیە و موچوڕکە دەهێنێت بە گیانی ئەوانەی بەگومانەوە تەماشای دیاردەکان دەکەن، ئەم هەنگاوە ترسناکانە گومانبڕە کە دەستەمۆکراون بۆ کنەی دوژمن.

دابڕکردنی شارەکانی کوردستان لە یەکتری، ئەو فاکتە دەسەلمێنێت دەسەڵات بەو هەموو گەندەڵییەوە هێشتا هەر لەسەر رێگەی درووستکردنی هەبوونێکی کوردییە، ئەی دابڕکاران چ ناوێکیان لێبنێین؟ ئەمڕۆ ئەگەر هەر لایەنێک بیەوێت روونیش نەبێتەوە، ئەوا پیادەکردنی هەنگاوەکانی روونی دەکاتەوە، ئێمە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین هەموو هەلومەرجێکی ئەم دەڤەرەمان ئەزبەر کردووە، دیارە دەزانین ئەم هێرشکردن و راگەیاندنە توندوتیژە دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە، گومانیشمان نییە ئەو دەستە دەرەکییە لە دڵسۆژییەوە نییە بۆ نەتەوەی کورد، ئەمە سووکایەتیکردنە بە هەبوونی خۆمان، سوکایەتیکردنە بەو یاسایایەی هەرچییەکی ناو بنێن ئیتر ئەوە یاسایە .

سۆکراتی فەیلەسووفی گریک، کە فەرمانی کوشتنی درا، پێش جێبەجێکردنی فەرمانەکە وتی: دەزانم بە یاسایەکی دڕندەی ناڕەوا دادی مردنم بەسەردا دراوە، بەڵام من شادمانم بەو مردنە چوونکە بڕیاری یاسای وڵاتەکەمە. ئەمەش بۆ ئەوە ناڵێم ببێتە پاساو بۆ ئەو هەموو بێدادییەی ئەمڕۆ کوردستانی وێران کردووە، بەڵام مەبەستم تەنیا ئەوەیە بڵێم کەڵچەری خێڵەکی کورد بە تاک و کۆوە، ئەمبەر بێت یان ئەوبەر، بواری ئەوە نادات بەرامبەرەکەی ئاوا بە ئاشکرا سووکایەتی پێ بکات، بە بیستوچوار سەعات دەیبات بە عاسماندا ئەگەر پشتی نەبێت، پشتی هەر کەسێکیش دژی دەسەڵاتێکی کوردیی، بە هەموو گریمانەیەک دوژمنی کوردە. جا ئیتر پێویست ناکات بڵێین ئەم هەوڵانە چەند رێگر دەبێت لە رێگەی دەوڵەتی کوردستان. من پێموایە ئەم هەوڵانە نەبوایە، ئێستا کوردستان دەوڵەت بوو، ئەو هەوڵانەیە کە کردی بە خەونی شاعیران .

ستیڤان: ئیسلامی سیاسیی کە هێزێکی کۆسمۆپۆلیستین و جیهانی ئیسلامی بە نیشتمانی خۆیان دەزانن، کەچی لە واقیعی سیاسیی باشووری کوردستاندا، ئیسلامی سیاسیی پاڵپشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات لە زۆربەی بڕیار و ئەجینداکاندا، بە پڕۆژەی ئەمارەتی بابانیشەوە، تۆ ئەم هاوهەڵوێستییەی گۆڕان و ئیسلامییەکان بۆچی دەگێڕیتەوە ؟.

حەمەڕەشید هەرەس: بێ گومان ئەم نزیکبوونەوەی ئیسلامی سیاسیی لە گۆڕان تاکتیکە ، ئەگەر بە رای گۆڕانیش تاکتیک بێت یان ستراتیژ، بە هەردوو بارەکەدا هەڵەن، ئەگەر گۆڕان نەبوایە هەرگیز ئیسلامی سیاسیی پڕکێشی ئەوەی نەدەکرد بە تەنیا خۆپیشاندان بکات، گۆڕان کە ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسیی راست کردۆتەوە، چەندە بۆ دژی دەسەڵات بێت لە ئێستادا، دواڕۆژ دژی خۆیەتی ، لەوەش واوەتر، کە ئەمڕۆ گۆڕان ئاوا دژایەتی دەسەڵات دەکات سبەینێ ناتوانێت بەو شێوەیە دژایەتی ئەمان بکات، چوونکە ئەگەر ئیسلامی سیاسیی ببنە دەسەڵات لە کوردستان کاریان هەر لەنگەر گرتن دەبێت، ئەگینا دەسەڵات دەچێتەوە ژێر دەستی دوژمنانی کورد و سیاسەتی ئەوان دەبەن بەڕێوە، ئەوکاتە جەماوەرەکەش روو لەمان دەکەن. مەسەلە لێرەدا هێزە، کە کورد ئەم هێزەی ئێستای لە دەست چوو، کۆمەڵگا لەبەر یەک دەپچڕێت و لە گرێژەنە دەردەچێت، هەر لەگەڵ باسی گۆڕان بکەن بە یەک فتوای حازربەدەست لە دەمیان دەدەنەوە و وەک چۆن خومەینی هەرچی نەیاری هەبوو لاڵوپاڵی خستن، ئەمانیش هەمان چارەنووس چاوەڕوانیان دەکات .

ئەمە ئەگەر ئەم رێککەوتنەیان ویستی هەر سێ لایان بێت بێ راوێژ و فەرمانی دەرەکی . خۆ ئەگەر ئەم رێکەوتنە لایەنی دەرەکی کۆکی کردبن ئەوە هەر لە ئێستاوە دەبێت فاتیحا بۆ گۆڕان دابدەن، چوونکە هەر گۆڕان خۆی ئەوە چاک دەزانێت نە ئێران نە تورکیا نە دەوڵەتە عەرەبەکان بۆ هیچ پلانێکیان ئەمان ئەژمار ناکەن و ئەو کاتە بە بەر چاوی ئەمانەوە، لە نێوان هەموو دوژمنەکانی کوردا کۆمەڵێک دێت کۆمەڵێک دەڕوات و ئەوان ئاغا و حزبە ئیسلامییەکانیش سەرکار، بۆ لەباربردنی ئەم پێگەیەی کورد و گەڕاندنەوەی بۆ خاڵێ فت، بە پێی ماروپەیژەی مێژووی پڕ چەرمەسەریی کورد .

ئەمەی سەرەوە بە گریمانەی ئەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە نەبێت، بۆیە هەر لە ئێستاوە موقتەدا سەدر هەڕەشەی لێدانی ئەمەریکا دەکات ئەگەر نیازی مانەوەیان لە ناوچەکەدا هەبێت، خۆ ئەگەر ئەمەریکا ناوچەکە بە جێبهێڵێت ئەو کاریگەریی و چاوسوورکردنەوەیەی نەمێنێت، ئەو کاتە شەڕی خۆکوژیی خۆت بگرە و هاتم، هەموو گریمانەکان وەک رایەڵی پچڕاو لێک هەڵدەوەشێن، دیسانەوە خۆمەکە بۆ کەسانی نەتەوەیی دەشێوێت و هاوار و دەنگیان لەناو هەورەگرمەی کوردکوژیدا نابیسترێت و خوێنی کورد لە مەزاتخانەی دوژمناندا هەر بەرمیلێکی قاپێک نەوت ناکات .

ستیڤان: بەبۆچوونی ئێوە تا چەندە بانگەشەی ناوچەگەریی و شارچێتی بە تایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستاندا دەتوانێت پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو بێت؟. یان بە مانایەکی تر ئایا بارودۆخی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە بەرەو لێکترازانی سیاسیی و ئیداریی بڕوات؟. ئایا هەلومەرجەکە خەمڵیوە بۆ سەرکەوتنی ئەجیندای ئەو هێزانەی دەیانەوێت باشووری کوردستان بکەنە چەند یەکەیەکی ئیداریی سەربەخۆ؟.

حەمەڕەشید هەرەس : شارچێتی و ناوچەگەرێتی، نە پڕۆژەیە و نە سەرکەوتووش بووە و نە دەشبێت، ئەجندای دابڕکردنی ناوچە و شارەکانیش لە لایەن ئەم هێزانەشەوە، تەنیا لە راژەی یەک لایەندایە ئەو لایەنەش دوژمنە، ئیتر هیچ پاساوێکی تری نییە، با ئێمە واز لە پرسیارەکە بهێنین و لایەک لەم رەوشەی کوردستان بکەینەوە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا کە رابوورد، ئەمەیان هەم وەڵامە و هەم پەند و وانەیە بۆ ئەو لایەنانەی کە بە راستی کوردستانیان مەبەستە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە با خوێنەر خۆی لێکدانەوەی هەبێت بۆ تان و پۆی هەموو پرسیارەکان و وەڵامەکانیش. ئەم فرە تۆپەڵبوونەی کورد کارێکی وای کرد شەڕی خۆکوژیی هەڵگیرسێت، بۆ زاڵبوونی تۆپەڵەکان دژی یەکتر پەنا بۆ دوژمن برا، دوژمن سازشی بەم لا کرد و سازشی بەولا کرد، هەتا شەڕ گەرمتر بوایە سازش زەبوونتر دەبوو تا وای لێهات بە ئاشکرا ئۆردووی بێگانە بۆ قڕانی کورد هاتنە کوردستانەوە .

خاکی کوردستان بە تاڵان لە نێوان دوژمناندا هەڕاج کرا، فرە سەرکردەیی کارێکی وای کرد هەر یەکە و دوژمنێک بە کوردستان فێرکاتەوە، شارەکانی کوردستان بوون بە هەوارگە و لانەی جۆرەها دەزگای سیخوڕیی ، ئاسایشی نەتەوەیی شڕووڕ کرا، کورد کرا بە دوژمنی کورد، برا بە دوژمنی برا، کەسایەتی و پەیوەندیی و کەڵچەری رەسەنی کوردیی بە تەواوی کاڵ بوونەوە، لە ترسی سەنگەر گواستنەوە هەموو ناپاکییەک لە گەندەڵکاران چاوپۆشی لێکرا، جاش و خۆفرۆش تێکەڵاوی هەموو لایەنەکان بوون و لای سەرەوەی دیوەخانەکانیان گرت ( بە ئێستاشەوە) ، چەقبەستن ( مەرکەزییەت) لە هیچ شوێنێکدا رۆڵی نەما، دزیی و گزیوفزی لە دیاردەوە بوو باو، لە شوورەییەوە بوو بە سەربەرزیی و کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر رۆ چوو .

بە سەد هەزارەها نەک بە( هەزارەها ) گەنج و لاوی کوردیان لە کوردستان تۆران و ئاوارەی هەندەران بوون، رێژەی مێینە بۆ بە زیاد لە دوو ئەوەندەی نێرینە، وای لێ هاتووە کەس ناوێرێت خێزان دروستکات، کچان ناچارن شوو بە سەر دوو ژنیشدا بکەن، شیرازەی کۆمەڵگا لەچاو جاراندا بە دڵی دوژمنە، پەروەردە و زانین گەڕایەوە بۆ زەمانی حوجرە و تەکییەکان، گەنج و لاوی کورد پشتیان لە زانست کرد و روویان کردە خەیاڵ و خەرافیات، هەر کەسێک بگریت ناتوانێت بە رێک و پێکی پرسیارێکی ماتماتیک، فیزیک، جەبر، ئەندازیاریی و هیچ لایەنێکی زانست وەڵام بداتەوە، بەڵام بڵێ شیعر، چیرۆک، پەخشان هەر ئەوەندە نازانیت بۆت دەهۆنێتەوە، ئەمە بردنی نەوەیەکە بەرەو وەهم و خەیاڵ دوورخستنەوەیەتی لە فەرهەنگ و پێشکەوتن، بارستایی قوتابیانی زانکۆکان ناگاتە بارستایی پۆلی شەشی سەرەتایی شەست و حەفتاکانە ، هەموو ئەمانە و زۆر زیاتریش ئەنجامی شەڕی خۆکوژیی و یەکتر نەویستن بوو .

ئێستاش درەختی کورد وا خەریکە وردە وردە لە کۆتەرەوە چرۆ دەردەکاتەوە، بۆ واز ناهێنن ، بۆ دەتانەوێت ئەم کەلاوەیەشمان بە سەرا بروخێنن ؟، تا ئێستا ناوێرن بڵێن پاش رووخاندنی چی دەکەن و چیتان لە هەگبەدایە، لە جیاتی خاڵریزکردن و دانانانی مەرجی رووخاندن ، ئەو خاڵانە ریزکەن کە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا دەتانەوێت بیکەن ، کەرکووک دەگەڕێننەوە؟ کوردستان دەخەنە رەوت بۆ بوون بە دەوڵەت؟ ئاخر سبەینێ کە بارتەقای ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەشتان پێنەکرا بە چ روویەکەوە روو دەکەنەوە جەماوەر؟ ئێستا جاری جاران نییە بە قسەی لووس کۆمەڵانی خەڵک لاس بدەن، ئەو ئینتەرنێت و فەیسبووکەی ئەمڕۆ پشتی پێ دەبەستن، سبەینی پشتی خۆشتان دەشکێنێت. دەیڵێمەوە قەیرانی ژیرییە لە کوردستان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە لە بارستایی دیوەخانێکی ئاغاکانی جاران واوەتر هەڵنەکشاون، ئێستاش داواکانی ئێوە و وەڵامەکانی دەسەڵات لە وڕکگرتن تێنەپەڕیوە .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.