هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەڵبژاردنەکانی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکەوتوانە کۆتاییان هات، بە شێوازێکی دیموکراسیانەی شەفاف. لە بەردەم دادوەر و کامێرای میدیاکاران و بە پەخشی ڕاستەوخۆ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بو هیچکام لەو بەڕێزانە، دەنگی ڕەهای جڤاتی نیشتمانی نەهێنا. وە وەک دەوترێ بێجگە لەم بەڕێزانە چەندان هەڵسوڕاوی دی بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆیان کاندیدکردبو دواتر کشاونەتەوە. بەسەرنجی ئێمەش کارتە سپییەکان دەنگی کشاوەکان بون.
ئیتر ئەمەیە پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن و دیموکراسیە. بەشداردەبیت، بەردەوام دەبیت، دەکشێیتەوە، دەنگی زۆر یان کەم دەهێنی، پڕۆسەکەشت بەدڵ دەبێ یان نا و لەوانەیە ڕەخنەشی لێبگری. ئەمانە هەرهەموی ڕوداوە ئاساییەکانی ناو هەر هەڵبژاردنێکن. بەڵام ئەوەی کە نا ئاساییە و نامۆیە ئەوەیە کە بزانی دەرناچیت خۆت یان کەسانی دی هانبدەی تانەی نابەجی لە پاکی پرۆسەکە بدەیت. وەک ئەوەی تەزویرکراوە، ‌غەدرکراوە، کاندید بەزۆر داوای کشانەوەی لێکراوەو ترسێنراوەوپڕۆسەکە نا یاساییە. گەنج بۆ دەرنەچوەو ژنی بۆ تیانیە. بەمەرجێ چەند ڕۆژێکیش بوار واڵا بوە لەبەردەم هەمواندا بەگەنج و پیر و ژن و پیاوەوە بۆ خۆ کاندیدکردن.
لەناو هەمو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنیشدا چ نیشتمانی، سیاسی، یان لەناو ڕێکخراوە مەدەنیەکانشدا بێت، کەسانی چالاک ناچالاک، گەنج بەتەمەن، دەوڵەمەند هەژار، لاو بەساڵاچو، ژن پیاو، لەسەرخۆ هەڵەشە، بەئەزمون کەم ئەزمون، چەندی و چەندانی دی دەبینرێن. گەر بوار لەبەردەم هەرهەمواندا وەک یەک یەکسان بو، ئەوە دەبێ ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت، بە سنگێکی فراوانەوە قبوڵبکرێ و هەموان پشتگیری لە دەرچوان بکەن و پیروزباییان لێبکەن و ببنە پەناو پشتیان.
ئەوە جێگەی زیاتر هەڵوێستەیە مەسەلەی (تەمەنە)کەیە. ( جا نازانم تۆ بڵیی تەمەن لە ناو گۆڕاندا تاوان بێت ! ). چونکە ڕەخنەکان بەزەقی زیاتر ڕو لەتەمەنەکەیە نەک بوارەکانی دی. لەوانە لەتواناو هەڵسوکەوت، خەبات و هەڵوێست و بیروباوەڕیان. بە ئاشکرا یەکێ لە ڕەخنەگرەکان کە بەڕێزی خۆیشی گۆڕانخوازێکی ناسراو وچالاک و بەتوانایشە. زۆر بەزەقی و بەئاشکرا دەبێژێ ( سیاسیەکانی دوای ناوەڕاستی حەفتاکان دەبێ ڕۆڵیان نەمێنی ). خۆ ئەم دەستەواژەیە بەگوێرەی هەندێ لەوانەی کەلەهێڵی ڕاست لایان داوە تەواوە. ئەی ئەوانی دی تۆ دەبێ تەڕو وشک پێکەوە بسوتێنی ! ئەی بیرو ڕاو هەڵوێستی سیاسیان، ئەی تواناو هەڵسوکەوت. هەردەبێ تەمەنەکە پێوەربێت. ئەی خەباتی ڕاستەقینەی چەند ساڵە، هزرو دەم و دەست و داوێن پاکی ئەی هەستو خوێنی تازەگەری و گەنجانە ڕۆیشتن بەناو دەماری خوێنەکاندا.
گەنجێتی و پیری بە بیرە بەباوەڕە، بەپلانی نوێ و گەنجانەیە لە پێناوی دواڕۆژی گەنج و لاو و پیری وڵاتەکەمان. گەنجێتی: گەنجانە بیرکردنەوەیە بڕوابونە بەدواڕۆژێکی پرشنگدار و پێشکەوتوتر و هەوڵدانە بۆی. گۆڕانکاریە لە باوە سواوە نەگۆرەکان بەرەو باوێکی گۆڕاوی نوێ. گۆڕانیش خۆی لە خۆیدا باوەگۆراوەکانەو، تەمەنیشی تەنها هەر هەشت ساڵە. بەواتایەکی دی ئەوی لەناو گۆڕاندا کاردەکات تەمەنی خەباتی لە هەشت ساڵ کەمترە، ئیتر بە چ پێوەرێک هەڵسوڕاوەکانی پیر دەکرێن. وەئەو بەڕێزانەی کە ئێستا گۆڕانخوازن گەر خەباتی کۆنیان هەبێ و لە هەر پارتو لایەنێکی دیەوە هاتبن وازیان لەساڵانی خزمەت و هەمو دەسکەوت وبەرهەمی چەندان ساڵەی خەباتی خۆیان هێناوە و گێچیان سفرکردۆتەوە و ئامادەن کەلە 25-07-2009 ـه وە خەباتی نوێیان بۆ هەژماربکرێ. وەلەو باوەڕەشدام کەسیان کیسەیان بۆ خەباتە کۆنەکەیان هەڵنەدوریوە تا کیسەی نوێ بەدورین بەن.
چۆن چونە قوتابخانەو فێربونی زانست هەر لەقۆناغی منداڵیەوە تا چونە ناو زانکۆ، پلە دوای پلە خوێندکار ئاستی زیاتر بەرزدەبێتەوە تا تەواوکردن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی. ئاوا لەم سۆنگەیەوە دەتوانم ڕێگە بەخۆم بدەم کە بڵیم: کە تەمەن و مومارەسەی کار باڵاترین بڕوانامەی تاقیکردنەوەی ژیانە کە مرۆڤ وەریدەگرێ.
وڵاتێکی گەورە و گرانی وەک ئەمریکا بەو هەمو تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنەوە، ( ئەنجومەنی پیرانی ) هەیە. ئیتر نازانم بۆ لای ئێمە هەڵکشان لەتەمەندا شورەیی بێت و کارکردن لە بوارەکانی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتدا نەنگی بێت.
ئەوی ڕاستی و گومان هەڵنەگرە لە هەندێ بوارو شوێنکاردا، تەمەن و توانای بەدەنی ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە هەڵبژاردنی کاراکتەرەکان. هەر بۆ نمونە بواری وەرزش. لەگەڵ تێبینی ئەوەشدا ڕێنموییکەر و ڕا‌هێنەرەکانیان هەر کەسانی بە ئەزمون و بەتەمەنن. بۆیە دەبێ زۆر بە بەرچاوڕونانە بواری وەرزش و یانەی وەرزشی لە کایەی سیاسی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی وڵاتدا جیابکەینەوە. لەکەم یانەی وەرزشیدا تەمەنی یاریزانەکان لە ( 35 ساڵ ) بەرەوژورتر بێت . بۆیە لەم ڕوانگەیەشەوە دەتوانین بڵێین: ( نەکاک عومەر دەبێتە میسی و نە گۆڕانیش دەبێتە یانەیەکی وەرزشی وەک بەرشلۆنە ) تاکو ئەوی تەمەنی بگاتە سەرو ( 35ساڵ ) کۆتایی بەگرێبەستەکەی بهێنرێت و ڕەوانەی ماڵەوە بکرێ.
دەبێ گەنج ڕێگەی لێنەگیرێ و بێتە کایەو بواری زۆربەی کارەکانەوە و لە بواری کارەکەیدا مومارەسەبکات و پسپۆری بەدەست بهێنێ. وەوەک رایەکی تایبەتی خۆم گەر پێم بوترێ کێ بە شیاو و کێ هەڵدەبژێری بۆپلەیەکی ئیداری وەک وەزیر ئەوسا بێ دودڵی و دڕدۆنگی یەکسەر دەبێژم: دەرچوی زانکۆ بێت ، لەیەکێ لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی ئەو وەزارەتە یان نزیک لە بوارو پسپۆڕییەکەی کاری کردبێ و قاڵبوو و شارەزای یاساو ڕێساکانی ئەو وەزارەتە بێ و لایەنی کەم (10 ساڵ ) خزمەتو کاری کردبێ ئەوسا شایانی ئەو پۆستەیە. ئەمە ماکی سەرەکی تاکی سەرکەوتوی ئیدارییە و بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە.
وە ناشبێ بەراوردێک هەیە بکرێ و تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنرێ. ئەویش لە بەراوردکردنی هەندێ لەشۆڕشگێرەکانی دوێنێ و بازرگانە چاوچنۆکەکانی ئەمڕۆ. وە ناشبێ شۆڕشگێڕەکانی هەر هەمو حزبەکانی دوێنێ بە هەمان تەرازو وپێوەر بپێوین، کە کارو چالاکی و فایلی زۆربەشیان ڕون و ئاشکراو دیارن.
تۆ بڵێی لەم گێژاوی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەی ئێستادا کە وڵاتەکەمان و ناوچەکەو تەنانەت جیهانیشی پیا تێپەڕ دەبێ، جەخت لە گەنجێتی خۆمان و گەنجی کەم ئەزمون و سەرکێش و کاری سەرەڕۆیی و سەری خۆ هەڵگرتن بکەینەوە و پێویستمان بە ڕێنیشاندەرو ڕێنماکەرو خاوەن ئەزمون و ڕێڕونکەرێکی دڵسۆز نەبێ . پێویستمان بە هاوبیرو هاوڕێکانی کاک نەوشێروان و تەنانەت دەقی ئامۆژگاریەکانی خودی خۆیشی نەبێ.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت