هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەر لە گواستەوەی پایتەخت، لە قەڵاچۆلانەوە بۆ سلێمانی، بابانەکان پێشتر بیریان لە دروستکردنی شار کردۆتەوەو پلانیان هەبوە. بۆیە لەشارەکانی دی کوردستانەوە کەسانی دەستڕەنگین و وەستای شارەزایان هێناوە. بە پلان بون بۆ شێوازی خانووەکان و شوێنی نیشتەجی بون و دروستکردنی کوچەو کۆڵان، قەیسەری و بازاڕ، قوتابخانەو حوجرەو مزگەوت، بۆحەمام و خان و سەرقەبران و چەندان و چەندانی دی.
لە دیاریترینیان مزگەوتی گەورە بوە کە شوێنی تەقواو تەکیەو مەڵبەندی زانستی ئەوکاتە بووە. کە لەلایەن ( شێخ مارفی نۆدێ ) ەوە بەڕێوە براوە. کاتێ شێخ کۆچی دوایی دەکات، وەک منەوەرێک و ڕابەرێکی ئایینی لە گردێکی بەرز لە نزیک شار بەخاکی دەسپێرن. کە ئیستا هەر بەناوی خۆیەوە ناو زەددەکری، کە بە شێکە لە گردی سەیوانی گەورەو مەزن.
ئێستاو ئەوسا بوە بە دیاردەو کلتورێکی باوە، چ لە کوردستاندا بێت بە گشتی و چ لە سلێمانی ناوچەکانی چواردەوریدا بێت بە تایبەتی، بۆ ڕێزلێنانی زیاتر لە مردوەکان و گەشمردەکان و نەوجەوانان و کەڵە پیاوان، بە خاکسپاردن لە گردەکان و شوێنە بەرزەکاندا بەڕێوە دەچێت. جا بۆیە لامان سەیر نەبی کە گردەکانی سلێمانی لە پێشەوە دەبنە ئارامگە و دوا مەزڵگەی منەوەران و پیر و شێخانی تەریقەت و شاعیران و هونەرمەندان و شۆڕشگێران و کەڵە پیاوانی سیاسی و ڕوناکبیرەکانمان.
دیارە ئەم کەڵە بەرزانە هەڵۆ ئاسا هەر لە لوتکەو دوندا نەبێ، ئارام ناگرن و ڕۆحیان ئۆقرە ناگرێ. دەبا سەیرکەین ئەوە گردی سەیوان، گردی شەهیدان، گردی گاوران ڕەمز و جێنزرگەی کەریمی عەلەکە، گردی شێخ محێدین، گردی جۆگە، گردی شیخ فەتاح و شێخ ئەحمەدی هندی و شێخ هەباس، گردی سەلیم بەگ و کانی شەکرا و گردی گوڵان ( گردی مامەیارە ) .
هەر بۆیە ڕۆحیانەتی مام جەلالیش، هەڵۆ ئاسا لە کەلکانی بناری کۆسرەتەوە دای لە شەقەی باڵ و سەری دابان و قەندیل و سەفین و هەیبەت سوڵتان و هەمو دوند و لوتکەی شاخەکانی کوردستانی تەی کردو گەڕاو گەڕا تا لە دامێنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژەدا، لەنگەری گرت و لە گردی دەباشان بەرامبەر پیرە مەگرو نی جێنزرگەی ( تۆفیق وەهبی ) و شاخی بەرانان هەڵکورما.
ئەم هەڵفڕین و هەڵکورمان و نێشتنەوانە، نامۆ نین بەم شارە. ئەی دوێنێ نەبو هەڵۆ یەکی دی سەرباڵ نیللی گەردن سەوز، ( کاکە نەوەکەی هاوڕێ و هاو خەباتی مام جەلال ) لە گردی زەرگەتەدا ئارامی گرت. ئەی نابینن پیرە پیاوە بیرمەندە ڕیش سپیەکە ( پیرەمێردی فەیلەسوف ) لە گردی گوڵانەوە لە تەنیشت مامەیارەوە هاوار دەکات، بۆ ئەوبەر خۆی لە گرد سەلیم بەگ دەڵێ هۆ کاکە ( بلە) ی ڕۆماننوس، خاوەنی شیرین بەهارە، بۆ جاری سەرێ ناکێشی بۆ نێو ئەم هەوارە، بۆ گردەکەی مامە یارە ، تا بزا نی چەند شیرین و چەند نازدارە.
هەر لەوبەرەوە لە گردی سەیوانەوە بێکەس و گۆران و مەستورە خان، دەست لە ناو دەست لەگەڵ گەشمردەکانی گردی شەهیدان، هاواردەکەن لەپارکی ئازادی و دەڵێن کاکە شێرکۆ تۆ بۆ بێدەبگی دەهەستەوە، دەهەستەوە، لاوکێ، حەیرانی بۆ ئەم کۆستە بهۆنەوە، و ڕوبکەرە قاپی مزگەوتی گەورەو لای کاک ئەحمدی شێخ نزایەک بکەو بەمەلیکی کوردستان بڵێ، شێخی نەمر، لە منارە بەرزەکەوە بانگی ئازادیمان بۆ بدە، با لەم خەوە بێدار بینەوە.
دەڵین کاتی خۆی مێجەر سۆن حاکمی عەسکەری ئینگللیز لەسلێمانی، جارێک چوە بۆ گردی سەیوان، لەو بەرزیەوە سەیری ناو شار دەکات. دیمەنێکی زۆر جوانی بوە، هەمو ماڵەکانی سلێمانی لێوە دیار بوە. وتویەتی ئێوە شوێنی مردوەکانتان لە شوێنی دانیشتنی خۆتان زۆر بەرزتر و خوشترە. دیارە ئێوە مردو پەرستی زیند و کوژن. پێیان وتوە، ئاخر قوربان ئیمە زۆر لە مردوەکانمان کاتی مردنیان نەبوەو بەلاوی شەهید بون و گەشمردەن، یان کەڵە پیاو و ڕۆشنبیرو بە نرخ بون، لەکاتی خۆی، خودی خۆیان لە ئێمە زۆر ڕێزدارتر بون. کەڵی سەردەمی خۆیان بون. ئاخر ئێمە حسابی مردو بۆ ئەوانە هەرگیز ناکەین. ئەوانە تەنها بەلاشە مردون بە بیر ماون، ڕیبازەکانیان لەگەڵ ئێمەدا بەردەوامن.
ئیمەی خەڵکی ئەم شارە نەوەی بابانین. نەوەی شێخ مارف و کاک ئەحمەدو نالی و سالم و کوردیین. ئیمە نەوەی پیرەمێردو بێکەس و گۆرانین. نەوەی زێوەرو شیخ نورری و شێرکۆو مستەفا پاشاو ئەمین زەکی و برایم ئەحمەدو مام جەلال و کاک نەوشیروانین. لای ئێمە ئەمانە پیر مانن، شێخمانن، گەورەمانن، موقەدەسمانن. دەست لە یەخەیان بەر نادەین و هەر هەمو کاتی لە یادمانن، لەگەڵمانن.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت