هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

سپۆنسەر وشەیەکی بیانی ئینگلیزییە. بەواتای پەیداکەری بودجە، پەیداکەری سەرمایە، یان بەخێوکەر دێت. بەکارهینانی ئەم وشەیە زیاتر دوای ڕاپەرین ساڵی 1991 هاتە کایەوە. کاتی خۆی حکومەتی عێراق سەرچاوەو دابینکەری هەمو بودجەیەک بو لەناو وڵاتدا. دوای دەرپەڕاندنی و کشاندنەوەی دەزگاکانی، وەک هاوکارییەک ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییە بیانییەکان، هاتنە ناو کودستان و پڕۆژەی جۆراوجۆرو گەورەو بچوکیان جێبەجێدەکرد.
زۆر لەو ڕیکخراوانە ئامادە نەبون ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بکەن. بۆیە دەستکرا بە دامەزراندنی چەندەها ڕێکخراوی ناوخۆیی، ناحکومی، کوردی. ئەمانە پارە ( بودجە، فەند )یان لە ڕێکخراوە بیانیەکان وەردەگرت، ئەوانیش سەرچاوەکانیان یان حکومەتەکانیان بون. یان خۆیان لە کۆمپانیاو ڕێکخراوی ترەوە وەریان گرتبون.
جاری واهەبو کەڕێکخراوە کوریەکان دەچونە لای بیانییەکان، پێیان دەوتن بڕۆن بەدوای ( سپۆنسەرێکدا ) بگەڕێن کە فەندتان بکات. واتە پارەتان بداتێ، واتە بڕۆن بەدوای بەخێوکەرێکی دیکەدا بگەڕێن.
جا پارتی ئێستا و لە کۆنیشدا باڵی بەرزانییەکەی هەروا بون. هەمو کات لەپاڵ شۆڕشەکەدا ( کە خۆیان هیچ کاتێ ئامادەنەبون لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدەرەکاندا بن )، هەمیشە بەدوای سپۆنسەردا گەراون و ویستویانە پارەیەکی باش بۆ خۆیان مۆڵ بدەن. بەبەردەوامی بەدوای فەند و عەربون وەرگرتنی خۆیانەوە بون. لە پارە وەرگرتنیشدا کورد واتەنی فویان لەدۆ نەکردووەو یەکسەر هەڵیانقوڕاندوە. وە هەرکەسێکیش دەستی بۆ کیسە و تورەکەکەیشیان بردبێ ئەوا بە دەردی شێخ محەمەدی هەرسینیان بردوە.
لە سەرەتای دروستبونیانەوە مەڵاشویان بە دراوی شورەوی جاراندا هەڵاتوە. بەڵام کەزانیویانە ڕۆڵیان لە ناوچەکەدا ڕوولەکزی دەکات، ڕوویان کردۆتە ئێرانی ساواک و ئیسرائیل و فەندیان لێوەرگرتون. وە هەرکاتێ کەوتبێتنە مفاوەزات لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیشدا ( هەر لە عبدالکریم، عبدالسلام، عبدالرحمان و دواهەمیشیان سەدام حسێن )، بەڵێندەر ئاسا هەردەم بەدوای فەندی خۆیاندا گەڕاون. تەنانەت یەکێ لەو ڕێکەوتننانە کەلە ساڵی 1963 دا بوە، لە نێوان عبدالسلام عارف و پارتی باڵی بارزانیدا ڕوویدا بە ( ڕێکەوتنی سێو و پرتەقال ) ناوزەندکراوە. کەهەر ئەمەش سەرچاوەی جیابونەوەی هەردو باڵەکەی ناو پارتی بو.
لەدوای جیابونەوەش سپۆنسەری سەرەکیان هەر ساواکی ئێران و ئیسرائیل بوە. کە فەندیشیان لێبڕی یەکسەر خۆبەخۆ ئاشبەتاڵی ڕاگەیاندو فەرموی ( کاری من تەمام شود ). تەنانەت لەیەکێ لە شەڕەکاندا دژی حکومەتی عێراق کە ئەفسەرە ئیسرائیلیەکان سەرپەرشتیان کردوەو کاتی خۆی وەک بەڵگە بڵاوکراوەکانی موسادی ئیسرائیلی بڵاوکراوەتەوە. یەکێ لە ئەفسەرەکان لە یادەوەری خۆیدا دەگێڕیتەوە؛ پیویستیان بە چەند هێسترێک دەبێ بەکرێ بۆیان دەهێنن، وتویانە ئەوە هەشت هێسترەکە، کابرای ئەفسەر کە سەیردەکات چوار دانەیە دەڵێ ئەی ئەوانی دی، دەڵێن لە دۆڵەکەی ئەودیون، کابرای ئەفسەر لێی دەبی بەمەراق و دەیەوێ قسەی فەماندەکەی پارتی تاقیبکاتەوە، دەڵێ بابچین بیان بینن. کە دەچن سەیردەکات چوار کورتانی لێیە، دەڵێ کوا ئێسترەکان دەڵێن چون بۆ لەوەڕ، ئەوسا کابرا تێدەگات کە چۆن ئەمانە پەروەردە کراون.
لەدوای ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردو و سپۆنسەریان ئیتڵاعاتی ئێرانی ئیسلامی و میتی تورکی بوە. کارەساتی هەکاریش باشترین بەڵگەیە، کەتورکیا چ کار ئاسانیەکی بۆ کردن.
هەروەها ئێرانیش چەکدارەکانی بارزانیان بەناوی ( ڕازمەندەگانی موسڵمانی ئێراق ) تۆمار کردبون و پێناسی بۆ کردبون و موچەی بۆ بڕیبونەوە و، دەیکردن بە گژ پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵەدا. لە کاتی بەدیلگرتنی هەندێ لەوانەدا ئەم پێناسانانەیان لە باخەڵدا گرتبون و کاتی خۆیشی لە بڵاوکراوەکانی دیموکرات کۆمەڵەدا بڵاوکرانەوە.
لەدوای دروستبونی حکومەتی هەرێمیش، سەرەرای خیانەتی 31 ئاب و دەستبەسەراگرتنی سەرچاوە سەرەکیەکانی داهاتی ناوخۆ، فەندی سەرەکی پارتی (نەک حکومەتی هەرێم ) گومرگی ئیبراهیم خەلیل بو، سەرەرای فەندی تورکیا. هەرچەندە ئێستا فەندەکەی تورکیا وا دەخەمڵێنرێت کە بە(ماینەس) بێ و پێچەوانە بوبێتەوە. واتە پارتی ئەجندای تورکیا جێبەجیدەکات و پارەش دەدات. بەتایبەتی دوای دەرهێنانی سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان ( نەوت و گاز ) و کوردستان کردن بەبازاڕ بۆ کاڵاکانی تورکیا.
وەک باسدەکرێ و پارتیش هەر دەیشارێتەوە، تاکو ئێستاش سەرچاوەی داهاتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەر بە ناشەفافی ماوەتەوە. یەکێ لە بڕگە نادیارو نەبینراوەکان بریتیە لەو پشکە زۆرانەی نەوت کە هەر بە کەڵەگایی حکومەتی تورکیا لە لایەک و میت و کەسانی باڵا دەست و کۆمپانیا تایبەتەکانی تورکیا لەلایەکی تر دەیبەن بۆ خۆیان.
ئێستاش لەوە دەچێ و دیاریشە ڕۆژ بە ڕۆژ پارتی بەرەی ناوخۆیی و ئیقلیمی لەدەست دەردەچێ. بۆیە بەدوای سپۆنسەرێکی گەورەو قەبەی دیکەدا دەگەڕی کە تێری بکات. بێجگە لە ئێران و عێراق و تورکیا، ئەویش لە ڕوسیاو سعودیەدا خۆی دەبینێتەوە بەتایبەتی ڕوسیا. دەیەوێ درێژە بە خەباتی سپۆنسەری خۆی بدات. چونکە عێراق و ئێران چاکی لێتێگەیشتون و لەوە دەچێ پارتی و بەڵێندەرەکانی بنەماڵەی بارزانی لە سپۆنسەرییە کەڵەگاییەکەی تورکیادا زۆریان بۆ نەمێنێتەوە. ( چونکە ئەم کوڕی باشە واتە تورکیا زاڵمانە داوێتی لە وارەکەو هەموی لوشداوە ). جا پیاو ئەگەر قسەیەکیس بۆ دز بکات، لەوە دەچێ پارتی کەمێ لەتورکیا بێزار بوبێ، چونکە ئەوە نەبو کە ئەمان چاوەڕوانیان لێدەکرد.
تورکیا هەم پارەو پشکی گەرەکە و هەم دەیەوێ زەوی زیاتر داگیر بکات و بنکەی زۆرتری سەربازیشی دەوێ لە هەرێمی کۆردستان و ئامادەش نییە بەرگری لە پارتی بکات دوای ڕیفراندۆم.
جا ئێستا پارتی بۆیە بەسپۆنسەرە نوێیەکان ڕازییە، دەیەوێ بەبەردێ چەندان چۆلەکە بکوژێ. بەڵکو سپۆنسەرێ هەبێ هەم پارەی بداتێ، هەم بیشیپارێزێ ( لەکێ بی پارێزن لەو دوژمنە وەهمیە ناوخۆییەی کە پارتی بۆ خۆی دروستی کردوە ئەویش میللەتەکەی خۆی و حزبەکوردستانیەکانن ) و، فەندێکی قەبەش وەربگرێ، گەر بە قەرزیش بێ. ( خۆ ئەمانە قەرزکوێریشن چەند ئامادەن موچەی خوراوی پاشەکەوتەکانی فەرمانبەران بدەنەوە ئەوەندەش ئامادەن ئەم قەرزانە بدەنەوە ). ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دی پارتی لەوە دەچێ بیەوێ گەر بواری بۆ بڕەخسێ لە باوەشی تورکیادا تۆزێ خۆی ڕاپسکێنێ وهەناسەیەکی قوڵ هەڵمژێ، لەدەستی بینەقاقا نانەی تورکیاش ڕزگاری ببێ و ، بەناوی ڕیفراندۆمەوە خۆیان دەربازبکەن و بەشۆڕشێکی گەورەی لەقەڵەم بدەن، بێگومان پاڵەوانی شۆڕشەکەش هەر بارزانییە. ئەو پارەو دەسکەوتانەی کەتائێستا بەدەستیان هیناوەو بۆ خۆیانیان بردوە و خواردویانە، کەس باسی نەکاو لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە بۆ ئەوەی خۆیان ئامادەکەن بۆ گەڕێکی دی سوار کۆڵی کۆمەڵگای کوردی بون و بەشیوازێکی مۆدرێن و پێشکەوتو خوازانە و لەکەشوهەوایەکی ساف و بێگەردی سەربەخۆییدا.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت