هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

1- خاڵه‌ قازی: میلله‌تی زیندو كوژی مردوو په‌ره‌ست.

میلله‌تی زیندو كوژی مردوو په‌ره‌ست
قه‌دری كه‌س ناگرێ، هه‌تا نه‌یدا له‌ده‌ست
ڕه‌وتی مێژۆكه‌ی، وه‌ها هاتۆ و ده‌ڕوا
جا غه‌ریزه‌ و خوو بێ، یا خود هه‌ر له‌ قه‌ست
پیاوی پیاو ، جێگای نییه‌، له‌وشوێنه‌دا
شوێنی ڕێوی خوێڕییه‌ و كه‌متیاری په‌ست
هه‌رچی ئیستعداده‌، وا ڕاوی ده‌نێن
گشتی تێی ڕۆ دێن هه‌موو، ئه‌غیار و مه‌ست
پاشی مه‌رگی، ده‌یكه‌نه‌ ئه‌فسانه‌، یا
كفنی بۆ ده‌بڕن، به‌ سه‌د جۆره‌ مقه‌ست
گه‌ر كه‌ بمرێ، چۆڕێ ئاوی ناده‌نێ
جا به‌ یادی وی ده‌خۆن مه‌شڕوبی خه‌ست
ڕۆژێ داده‌ی لاپه‌ڕه‌ی مێژوو، پڕی
خوێنی قه‌لبی ئه‌و بریندارانی هه‌ست
خاڵه‌ وریابە كە ئەو، گەردوونی پەست
قاچی زیندوو و قاچی مردووشی دەگەست

ئەوە واقعیەتی ژیانی هێمن و هێمنەكان بووە لە ناو ئێمە دا، نەك ئەوەی كە ئێمە دوای مەرگیان لێیان دروست دەكەین بۆ هۆویەت سازی خۆمان.
هێمن و هێمنەكان تا مابوون نە تەنها قەدریان نەگرتن ، بەڵكوو نیهایەتی بێڕێزی و بێ حورمەتیان پێكردن، ناو و نیتكەیان لێ نان و خستیاننە زیندان و ماڵیان لێ خواردن و جاشە جاش و گروهی حەوت كەسی و خەیانەتكاریان خستنە دوا و كەس نەبوو پشتیان بگرێ و لەسەریان وەجواب بێ، كەچی دوای مردنیان منداڵیان بە ناو كرد و پەیكەریان لێ ساز كردن و شەقامیان بۆ كردنەوە و لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان دا مەقالە و شيعریان بۆ نووسین و خۆیان پێوە ڕانا و هۆوییەتی كازبیان بۆ خۆیان دروست كرد
ڕاكردن و خۆ شاردنەوە لە واقعی ژیان و مەرگی گەنجینەكانی كورد، سەلمێنەری نەبوونی شەهامەتێك بۆ پێداچوونە وە بە بیركردنەوە و ئاكارەكانی خۆمان دایە، ئێستاش كەسانێك هەن دەیانيەوێ لە مردۆكان ئوستورە ساز كەن و لە ئوستورە زیندۆكان مردوو دروست كەن.
ڕۆژانە عەكس و فیلمی دەیان شەهید لە گەنجانی وڵاتەكەمان بڵاو دەبنەوە كە لەوانەیە لە بواری ئیستعداد و ئيحساس و عاتیفەدا هیچ كەمیان نەبێ لە هێمن و هێمنەكان، كەچی كەس متەقی لێوە نەهات.
من خەڵكانێكم دیوە كە لە كاتی زیندوو بوونی هێمن و هێمنەكاندا شيعریان لێ دزیون و لێیان شاردونەتەوە و تا دوای مەرگیان دەریان نەخستوە ، ئینجا وەك ئارشیوی شەخسی و وەك خۆ هەڵمساندن بڵاویان كردۆتەوە.
من ژنانێكم بینیوە كە بە زیندوویی ماچێكیان نەدا بە هێمن و دوای مەرگی خۆیان لێ كردە مەعشوقە ئەبەدیەكەی ناو شيعرەكانی.
من خەڵكانێكم دیوە كە بە زیندوویی هێمن و هێمنەكانیان چەوساندۆتەوە، كاریان لێ كێشاون و ئازاریان داون و دڵیان ئێشاندوون و دوای مەرگیان خۆیان پێوە هەڵاوەسیون.

ئەگەر دەتانەوێ ڕوحی هێمن و هێمنەكان شاد بێ
دەست لە مردوو پەرستی و زیندوو كوژی هەڵگرن
دڵم پڕە لە ئایەتی درۆ
لە سووڕەتی مرۆ
دڵم پڕە لە خەم، لە ژان
عەقڵ دەڵێ، بڕۆ بڕۆ….
دڵم ئەگەرچی پڕە لەخەم
دەڵێ مەڕۆ مەڕۆ.

2- فەرەيدونی حسێن ئەفەندی: میلله‌تی زیندو كوژی مردوو په‌ره‌ست.

يادگارێكی دڵتەزين
ئەو شيعرە جوان هۆنراوە و پێزانە بە ڕۆحی فريشتەيی مامۆستا هێمنی هێمن ئارمگتروو لە گڵكۆی بێنازی بە جەشن و رەزمێكی جوان بۆی هۆنيوەتەوە. هەست و نەستی زۆر بزواندم چ وەك يادكردنەوەی و چ وەك دەرخستنی تروسكاييەك لە مەزنی ئەم هێمنە بۆ كوردسووتاوە.
بەندەيش وەك مافێكی خۆم، تروسكاييەك دەخمە سەر كەشتييەك “بەناوی كەشتی نووح” لە شاری سلێمانی كە ساڵەهای ساڵێك لە جەرگەی ئەو شارە زيندووەدا، لەكەناری سابوونكەراندا لەنگەری گرتبوو. هەروەك نووح ئاسايەك سەروانی كەشتييەكە بوو، سەوڵی كردبووە قەڵەمێكی تيژ وزە و تێر پيت و واژ و پەند، كەشتييەكەيشی پڕ باربۆكردبوو لە علم و مەعريفەت و دەيپرژان و دەيوەشاند بەسەر مێشك و هۆشی منداڵان و گەنج و لاواندا. لە ناو ئەو كەشتييەدا چەندين و چەندين ڕۆڵەی ئەم شارە بەهرەمەند بوون و بوونە ڕۆشنبيران و هونەرمەند و خوێنەواری بەزر. دەيان و سەدان و سەدان كەسان ئەم شارە گوشكران بە خوێندن و نووسێنی زوانی شيرينی كورديمان. سەروانی ئەو كەشتييەيش كەسايەتييەكی تابڵێيت زانا و ڕۆشنبير، قەلەندەر و گۆشەگير، زوانزان و زمان شيرين، جگە لە زوانی زوانی كوردی، زوانی عارەبی، فارسی و توركی زۆر بە ڕەوانی شارەزابوو. چەندين كەسايەتی ئەم شارە جگە لە زوانی كوردی، لێوەی فێری بنەڕەتەكانی ئەم زوانانەی ديكە بوون.
بە هەرحاڵ، ڕەوانشادی هەميشە زيندوو، مامۆستای نەمر “مامۆستا نەجمەدين مەلا”، يەكێك بوو لەو كەسايەتييە ماندوونەناسانەی كە لايەكی زۆر ئەم شارە قەرزاربارين.
بەندە يەكێك بووم لەو شاگردە بەردەستانی ئەم زاتە هەرە لەخۆبوردە دڵسۆزە. هەموو كاتێك كەشتييەكەی كراوەبوو بۆ پێشوازی قوتابيان، بەتايبەتی كاتێك لە كۆتايی بە خوێندنی ساڵ دەهات و خوێندگەكان دادەخران و پشووی هاوين دەستيپێدەكرد. ئەو قوتابييانەی كە پێويستييان بە يارمەتی هەبوو لە وانەكاندا بەتايبەتی وانەی خوێندنەوە، كەسوكاريان. ناونووسياندەكردن لای مامۆستا بۆ ئەو مەبەستە. ئيتر پۆل پۆل ڕۆژانە دەهاتنە خزمەتی بۆ فێربوون و وانە وەرگرتن.
بۆ زياتر ڕوونكردنەوە، مامۆستای نەمر لە دوكانێكی دەڕابەداردا بوو لەسەر جادەی سابونكەران، بەرابەر بە دوكانێك بوو بەناوی شێخەنوقڵە، جاروبار بولبولی قوڕی بۆ منداڵان دروستدەكرد كە فووی پيادەكرا فيكەی لێوەداهات. تابلۆيەكی گەورەی ڕەنگينی بە دوكانەكەيدا هەڵواسی بوو، كەشتييەكی بە نيگارێكی زۆر جوان و ڕەنگين وێنەكردبوو و ناوينابوو كەشتی نووح. ئەو دوكانەی چواندبوو بە كەشتی نووح و پڕی كردبوو لە پێداويستييەكانی خوێند و پێشوازی لەو قوتابيانە دەكرد كە پێويستييان بە يارمەتی هەبوو، پێشوازی لەو قوتابيانە دەكرد كە لاوازبوون لە وانەكانی قوتابخانەياندا، هەروەها لەوانەی نەخوێندەواران بوون و بۆ فيربوونی خوێندن و نووسين. ئەم كارە و پيشە پيرۆزە تاكە پەيامێكی ئەو زاتە ڕەوانشادە بوو و بەس. پشيلەيەكی لای خۆی بەخێوكردبوو و ئيتر بووبووە تاكە دۆست و هاونشينی ناو كەشتييەكەی. وەك پيشە ڕۆژانەی، بۆ تاوێك سەردانی ڕۆژنامەی ژێن/ی دەكرد و نووسين فرە جۆرەكانی لەوێدا بڵاودەكردەوە.
ئەو دەمە، تەمەنم لە هەشت بۆ سيازدە ساڵان بوو، باوكی ڕەحمەتيم پێشی خۆيمی خست و برميە خزمەت مامۆستا بۆ زياتر تێگەيشتنم لەو وانانەی پێويستم پێيان هەبوو.
بەدەم ئەو وانە وتنەوانەيدا، چەندين پەند و قسەی نەستەق پەندی پێشينان و كورتە چيرۆكی مانابەخشی بە وانەكانەوە دەئاوێزان تاكو كەشو هەوايەكی وا سازبكات بێزار نەبين لە وانەكان.
ڕۆژێك لە رۆژان كە ئەگەر بڵیم زۆۆۆر بەداخەوە ڕۆژانەيش ڕوويدەدا. ديمەنێكی زۆر ناشرين كە كاتێك گەورەتر بووم بە ئێستايشەوە و ئەو ديمەنەم دەهاتەوە ياد، زۆر هەستم بەئازار دەكر و بگرە تاكو ئێستايش ئەو ئازارە گرێيەكە لە دڵودەروونما كە هەرگيز بۆم نايەتە دەر.
ئەم زاتە بەسەبر و ئارامە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕەفتار و ڕەوشتی ناشيرين و قيزەون دەبووەوە لەلايەن هەندێك كەسانی خوێڕی كە لە دەوروبەری گوزەرەكەدا بێــئيشوکار دەسووڕانەوە، كە ئێمەی منداڵ دەهاتين و دەچووينە ژوورەوە نيوە دەڕابەی دوكانەكەی دەهێنايە خوارەوە. لەگەرمەی وانە وتنەوەكەيدا، لەپڕ دەڕابەكە بەردباران دەكرا و فيكە و هەراوهوريا بەرزدەبووەوە بەڕادەيەك كە زۆر جار مامۆستا وانەكەی ڕادەگرت و دەچووە دەرەوە و ئامۆژگاری دەكردن كە كاری وا چەپەڵ و گێرەشێوينی نەكەن، تا دەگەيشتە ئەوەی كە زۆر توورەدەبوو و زۆر بە توندی سەرزەنشتی دەكردن.
ڕۆژێك لەو ڕۆژانە، لە گەرمەی وانە وتنەوەی پێمان. دێتە دەرەوە، يەجگار تووڕەدەبیت و بە دەنگێكی زوڵاڵ هاواری دەكرد لێيان كە تاكەی ئەقڵ ناگرن و هۆشتان نايەتەوە بۆ خۆتاندا، بۆ ئەوەندە دواكەوتوون و نەزانن، لە گەرمەی ئەو سەرزەنشت و توورەبوونەويدا، هەناسەيەكی ساردی هەڵكێشا و ڕووكردە دراوسێكانی دەوروبەری و ئەوانەی ڕاوەستابوون ئەم گوزارە زۆر گرنگ و بەپێزەی چەند جار دەوتەوە:

میللەتی زیندوو كوژی مردوو پەرستين
من زانست و علم و ئەدەبتان فێردەكە م
لە نەزانین و جەهل ڕزگارتان دەكە م و بە ئاگاتان دێنمەوە
كەچی ئێوە بەردم تێدەگرن!

ئەهاتەوە ژوورەوە، جاری وا بوو ( یادی مناداڵیم زۆر تیژە و لە بیرمە بەبێئەوەی بزانين چييە، لەداخدا پێكێ پەرداخۆكەيەكی هەڵدەدا و لەبەر خۆيشيەوە ئەم گوزارەی” زیندوو كوژی مردوو پە رست” دەوتەوە.
ئەم زاتە دڵسۆزە و نەوە پەروەرە هەميشە لەخۆبوردە، ئەم شاعيرە و ڕۆشبنيرە و خۆبەخشە بۆ خزمەتكردنی گەل و نيشتمان. زۆر بەبێ ناز و بێكەسی، بەبێ ئەوەی كەس بزانێت،. هەروەكو پيشەی ڕۆژانەی سەردانی چاپخانەی ڕۆژنامەی ژێن/ی دەكرد. لەدوای ڕۆژی دووشەمەی 1962/4/23ا، بۆ چەند ڕۆژێك ديارنابێت، دەڕابەی دوكانەكەی داخراوە و سەردانی ژێن/يشی نەكردووە. پاش سوراخكردنی و شكاندنی دوكانەكەی، دەبينن لەو ڕۆژی ديارنەبوونەیەوە ڕۆحی فريشتەی داويە شەقەی باڵ و جەستەی بە پشيلە بەوەفاكەی سپاردووە. بەڵام بەر لە دنيا بەجێــهێشتنی، لای هەندێك دۆستی نزيكی دويوت كە مردم لە لوتكەيەكی شاخی ئەزمڕ بمنێژن تاكو بە ئاسوودە بڕوانمە ئەم شاری سلێمانی/يە كە ناتوانم ڕۆژانە لەبەرچاوم نەبێت ئەگەر مردوويش بم.
لەسەر ڕاسپارتنامەكەی، لە ڕۆژی يانزەی ئازاری 1970، بە سەرپەرشتی كۆمەڵی هونەر و وێژەی كوردی، تەرمەكەی لە گردی سەيوانەوە بە ڕێوڕەزمێكی شكۆدار و ئاپۆرەی زۆرينەی دانيشتوانی شاری سلێمانی، بە سروتی ئەيڕەقيب و دەهۆڵ و زڕنا بەرەو ئەزمڕی ترۆپك سەركەش بەڕێدەكریت و دەنێژرێت.
ئەوەی لای بەندە زۆر گرنگە و ديارە. ئەو گوزارەيەتی” میللەتی زیندوو كوژی مردوو پەرستين” كە زۆر جار لەسەر زاری بوو و بەڕادەيەك ئێمەی قوتابيان كە لە خزمەتيدا لەبەرمانكردبوو بەبێ ئەوەی لێكدانەوەمان بۆی هەبێت.
دڵنيام كە ئەمەی فەرموو بوو، زۆر دڵی بە ميللەتەكەی دەسووتا و زۆر باش لێــی تێگەيشت بوو، جووتمانی ئەميش زوانزانی بێ وێنە هێمن/ی بۆ كورد و كوردستان سووتاو بوو كە لەوەيدەكرد هەردووكيان(نەجمەدين مەلا و هێمن) دوو جەستەی جياوازبوون لە يەك ڕۆحدا، هەمان ئيلهاميان بۆ دەهات و هەندێك جار هەمان گوزارەيان لە زار دەردەچوو. بۆيە خاڵە قازی ئەو شيعرە جوانەی كە بۆ هێمن/ی مەزنيش هۆنيوەتەوە هەمان ئەو گوزارەی دوبارەكردۆتەوە و كردويەتە سەرگولی ستايشەكەی.
هيوادارم ڕۆژێك بێت ئێمەی كورد هۆشمان بەخۆماندا بێتەوە و سوودلەم پەندەی پڕ بەهايە وەربگرين و ڕۆحی ئەو كەسايەتييانەی بەجييان هێشتووەن هەميشە زيندوو بن لامان و سوود لە بير و پەند و گوزارەكانەان وەربگرين. كەسايەتی زيندوومان لە تێكۆشەرانی دڵسۆز و لەخۆبورد، لە نيشتمانپەروەر و بيرڕۆشنان، لە شاعيران و هونەرمەندان، لە خومخۆران بۆ ئايندەی كورد و كوردستان بنرخێنەن. كردەوە و گوزارە و هزروبيرەكانيان و بكەينە بناخەيەكی توند و مەتين بۆ ئەو ڕۆژەی ئاواتەكانمان دێنەدی لە چێوەی ” كوردستانێكی ئازاد و نيشتمانێكی سەربەخۆ”.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە