هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌گه‌ر شاعیر

سه‌رۆکی ئه‌م هه‌واره‌ بێ

قه‌سیده‌یه‌ک

ده‌کات به‌دستووری ووڵات

عیشق ، به‌مه‌نهه‌جی خوێندن

جوانییش ، به‌نوێنه‌ری میلله‌ت

له‌کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا

ئه‌گه‌ر شێوه‌کارێ ببێ

به‌سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی ئه‌م هه‌واره‌

هۆڵی په‌رله‌مان ئه‌کاته‌ گه‌له‌ریی ره‌نگ

بۆ هه‌ر کوێیه‌ک سه‌فه‌ری کرد

تابلۆیه‌ک به‌دیاری ده‌بات

په‌ڵه‌ چڵکنه‌کانی سه‌ر

دیواری جه‌نجاڵی مێژووش

به‌فڵچه‌ی نه‌رمی داهێنان ده‌سڕێته‌وه‌

ئه‌گه‌ر میوزیک ژه‌نێ ببێ

به‌سه‌رۆکی ئه‌م حوکمه‌ته‌ش

شمشاڵ ده‌کات به‌وه‌زیری کشتوکاڵ و

سه‌نتوور به‌سه‌رۆکی دادو

ساز به‌وه‌زیری عیشق و ڕاز

گۆرانی بێژێکی ڕه‌سه‌ن

ده‌کات به‌فه‌رمانده‌ی هه‌موو

سوپای وه‌ته‌ن

باوه‌جو پێم بڵێن ، یاران

ئه‌میان به‌هتره‌ .. یا ئه‌ویان

،،،،،،،،،،،،،،،،،،

ئای ، چ سوخریه‌تێکه‌ گوڵم

قه‌سابه‌کان

چه‌قۆکانیان به‌ددانه‌ وورده‌کانی

به‌رخه‌کان ده‌م زه‌رد ئه‌که‌ن و به‌رخه‌کانیش

بزه‌ی عیشقیان بۆ ده‌نێرن

ئای ، چ سوخرییه‌تێکه‌ گوڵم

ڕاوچیه‌کان

چاوی چه‌پیان نوقاندووه‌و

چاوی راستی زه‌قیان له‌سه‌ر

قه‌ره‌وڵی تفه‌نگانه‌

کۆتره‌ خۆش خه‌یاڵه‌کانیش

غه‌مزه‌ی غه‌زه‌ل

چاوی عیشقیان لێدائه‌گرن

،،،،،،،،،،،

به‌خه‌و بڵێن ، بێ خه‌م وه‌ره‌

هه‌وار کش و بێ ئاگایه‌

به‌شه‌و بڵێن شاگه‌شکه‌بێ

ئیتر لێره‌ .. خۆر هه‌ڵنایه‌

به‌خه‌م بڵێن ، لێی ڕاکشێ

جێی نه‌رم و نۆڵ ئاماده‌یه‌

سامی شان و شکۆت نه‌بێ

والی پیاوێکی ساده‌یه‌

باتووتیه‌کان قڕو قه‌پ که‌ن

چیانه‌ ئه‌م هاتوو هووته‌

بۆنازانن که‌ته‌یری گول

عیشقی داری ژه‌قنه‌بووته‌؟

به‌ (با) ڵێن ، جوڵه‌ نه‌کات

خۆریش باچاو بنوقێنێ

به‌رووباریش بڵێن بێده‌نگ

والی سه‌رخه‌وێک ئه‌شکێنێ

،،،،،،،،،،،،،،

به‌ر له‌ده‌نگدان ، به‌ڵێنه‌کان

ماچی ته‌ڕو گه‌رم و نه‌رمن

فه‌رهاده‌کان ، به‌هه‌وادا

یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک

بۆمانی هه‌ڵئه‌ده‌ن ، به‌کۆ

به‌ڵام ئه‌ی گوڵ

چونکه‌ هه‌واری ئێمه‌ ڕووی

له‌ده‌ربه‌ندی ڕه‌شه‌بایه‌

پاشی ده‌نگدان

تاقه‌ ماچێک .. ناگات به‌تۆ

به‌ر له‌ده‌نگدان ، به‌ڵێنه‌کان

په‌شمه‌کی نه‌رم و شیرینن

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که‌وتنه‌ سه‌رزار

ئه‌بنه‌ لیقاوی ناو ده‌م و

دوای ده‌نگدانیش .. به‌ژه‌هری مار

،،،،،،،،،،،،،،،،

پرسه‌ نامه‌

پاش ململانێیه‌کی زۆر

له‌گه‌ڵ ده‌رده‌ پیسه‌که‌یا

که‌هه‌ر له‌دایک بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیا بوو

ئه‌مڕۆ کوڕه‌ ئیفلیجه‌که‌ی نیشتمانم

چاوی لێکناو .. پرسه‌که‌شی

هه‌ر له‌هۆڵی ئاهه‌نگه‌کانی په‌رله‌مان

بۆ ئه‌گێڕین

هه‌زار ره‌حمه‌ت .. له‌گۆڕه‌که‌ت

دیموکراسی .. ئاگاداری

هاتن بۆ هه‌مووانه‌ ، به‌ڵام

به‌ ئیجباری

،،،،،،،،،،،،،

 

 2013

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە